پلانه‌ داڕێژکراوه‌که‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی نوێ

بارزان شوان

 

ده‌وڵه‌تی کوردوستانی گه‌وره‌... هه‌ر چوار پارچه‌ سنووره‌ داگیرکراوه‌کانی کوردوستان ده‌گرێته‌وه‌ و له‌ کوردوستانی عێراقه‌وه ‌ده‌ست پێ ده‌کات، شاری که‌رکوکی دێرینیش که‌ پڕه‌ له‌ کانیاوه‌ نه‌وته‌کان و به‌شێک له‌ شاری موسڵ وخانه‌قین و دیاله‌ ده‌که‌ونه‌ سه‌ر سنووری ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌وه‌، وه‌ هه‌روه‌ها به‌شێک له‌ تورکیاو ئێران و ڕوسیا و سوریا و ئه‌رمینیا و ئازه‌ربایجانیش هه‌ر ده‌خرێته‌ سه‌ر سنووری ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌وه‌. ئه‌و ناوچانه‌ی که‌ کوردنشینن و داگیرکراون له‌ لایه‌ن ئه‌و ووڵاتانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسیان کران، هه‌ر هه‌موویان پێکه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی کوردوستانی گه‌وره‌ پێک دێنن.

 

 به‌ پێی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی که‌ گه‌شتۆته‌ ده‌ست ماسمێدیاکانه‌وه‌، ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی به‌ نیازی درووست کردنی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ن که‌ له‌ پاشه‌ڕۆژدا ده‌بێته پاڵپشتی ئه‌مریکاو ووڵاته‌ هاوپه‌یمانه‌کان.‌  ده‌وڵه‌ته‌که‌ی دووه‌میش که‌ درووست ده‌کرێت به‌ شیعستان ناوی براوه‌ ، که‌ باشووری عێراق و پارچه‌یه‌ک له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی سعودیه‌و، ناوچه‌کانی ڕۆژئاوای باشوری ئێران که‌ به‌ ئاهواز ناسراوه ده‌گرێته‌وه‌‌. ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ش وه‌ک پشتێنێکی سه‌ر سنووری که‌نداوی عاره‌بی ده‌مێنێته‌وه‌.

 

ذه‌وڵه‌تی سێهه‌م به‌ ناوی سوننیستان درووست ده‌بێت که‌ پێک دێت له‌و پارچانه‌ی که‌ له‌ عێراق ماوه‌ته‌وه‌و به‌شێک له‌ ناوچه‌کانی سوریاشی پێکه‌وه‌ ده‌لکێنن یاخود هه‌ر هه‌موو سووریا ده‌لکێنرێت به‌م ده‌وڵه‌ته‌ سونیه‌وه‌، ووڵاتێکی دیکه‌ش هه‌ر درووست ده‌بێت به‌ ناوی ده‌وڵه‌تی بلوجستان که‌ باشووری ڕۆژئاوای پاکستان و باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی ئێران ده‌گرێته‌وه‌، ئێرانی ئه‌وڕۆ دابه‌ش ده‌کرێت به‌وه‌ی که‌ باکووری ئه‌و ووڵاته‌ ده‌لکێنرێت به‌ ده‌وڵه‌تی کوردوستانی گه‌وره‌وه‌و باشووریشی ده‌لکێنرێت به‌ ده‌وڵه‌تی شیعه‌کانه‌وه‌، وه‌ پارچه‌یه‌کیشی هه‌ر ده‌خرێته‌ سه‌ر ووڵاتی ئازه‌ربایجانی یه‌کگرتوه‌وه‌.

 

 له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ چه‌ند ناوچه‌یه‌کی ئه‌فغانستانی ئه‌وڕۆ ده‌خرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی ئێرانی فارسه‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی ناوچه‌ی ڕۆژئاوای ئه‌فغانستان ده‌خرێته‌ سه‌ر ده‌وڵه‌تی فارسه‌وه‌، ئه‌فغانه‌کانیش هه‌ندێک له‌ ناوچه‌کانی قه‌بائیلی پاکستانی به‌رده‌که‌وێت، هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ سعودیه‌شه‌، نیاز وایه‌ که‌ بکرێت به‌ دوو ده‌وڵه‌ته‌وه‌ یه‌کێکیان  به‌ ده‌وڵه‌تی دینی ده‌ناسرێت و وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئیسلامی شێوه‌کاری ڤاتیکانی ڕۆما ده‌بێت. که‌ ناوچه‌ دینیه‌کانی مه‌ککه‌و مه‌دینه‌ی موقه‌ده‌سی ئیسلامیه‌کان‌ ده‌گرێته‌ خۆی، ده‌وڵه‌ته‌که‌ی تریش ناوچه‌ سیاسیه‌که‌ی سعودیه‌ی لێ پێک دێت که‌ ناوچه‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌که‌ی ئه‌وڕۆی سعودیه‌ ده‌گرێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش سعودیه‌ چه‌ند پارچه‌یه‌کی سنووری خۆی له‌ ده‌ست ده‌دات بۆ ئوردن و یه‌مه‌ن، وه‌ هه‌روه‌ها ده‌وڵه‌تێکی نوێی ئوردن پێک دێت که‌ له‌ به‌شێکی گه‌وره‌ی سعودیه‌و فه‌ڵه‌ستین پێک دێت و ناوی ده‌نرێت به‌ ئوردنی گه‌وره‌، به‌م شێوه‌یه‌ گه‌لێک له‌ فه‌ڵه‌ستینیه‌ ئاواره‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ناو سنووری ئوردنی گه‌وره‌وه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ئه‌م ووڵاته‌ ده‌بێت به‌ جێنشینی نه‌ته‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین، دوای ئه‌وه‌ یه‌مه‌نیش سنووره‌که‌ی گه‌وره‌ ده‌بێت  به‌ بۆنه‌ی پێکه‌وه‌ لکاندنی ناوچه‌یه‌کی گه‌وره‌ی سعودیه‌ی ئه‌وڕۆوه‌، هه‌رچی سه‌باره‌ت به‌ میسریشه‌ ئه‌وا غه‌زه‌ی ئه‌وڕۆ بۆ خۆی ده‌گرێته‌ باوه‌ش، ده‌وڵه‌ته‌کانی تریش هه‌ندێک گۆڕانکاری جودا جودا ده‌گرنه‌‌ خۆیان.

 

ئه‌و پلانه‌ی که‌ داڕێژراوه‌ بۆ درووست کردنی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تازه‌وه‌ له‌ پێگه‌ی گۆڤاری هه‌فتانه‌ی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریکاوه‌ له‌ مانگی حه‌وتی 2006 بڵاو کراوه‌ته‌وه‌، به‌ پێی ئه‌م بڵاوکراوه‌یه‌،‌ ئه‌مریکا ده‌مێکی زۆره‌ سه‌رقاڵی پێکهێنانی ئه‌م گۆڕانکاریانه‌یه‌ له‌م ناوچانه‌دا که‌ ئێستا وا ئه‌مریکا خه‌ریکی جێبه‌جێ کردنیه‌تی. ئه‌م پلانه‌ نه‌ک ته‌نها بۆ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانانی باشه‌ به‌ڵکو ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ ڕاستی پێویستی به‌م گۆڕانکاریانه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌ویش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ تا هه‌تایه‌ به‌ ئارامی و بێ شه‌ڕوشۆڕو پێگای تێرۆریستان بتوانێت به‌رده‌وام بمێنێته‌وه‌و هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌کیش له‌و ناوچانه‌ نه‌مێنێته‌وه‌ که‌ مافه‌کانی به‌رده‌وام پێشێل بکرێت و هه‌میشه‌ ژێرده‌سته‌ی چه‌ند ده‌وڵه‌تێکی ڕه‌گه‌ز په‌رسته‌وه‌ بناڵێنێت،‌ ئه‌م گۆڕان کاریانه‌ هێنده‌ پیرۆزن که‌ هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک بۆ خۆی ده‌وڵه‌تێک درووست ده‌کات و به‌ سه‌ربه‌ستی و ئازادی گشت میلله‌ته‌کان ده‌توانن پێکه‌وه‌ ژیانێکی به‌خته‌وه‌ر به‌سه‌ر به‌رن .

 

2006-09

سوید

uvnbas@hotmail.com

 
           

 

02/09/2015