شه‌ڕه‌ ئاڵای نێو ئێراق

 

نووسینی : محه‌ممه‌د عه‌لی عه‌سگه‌ری

وه‌رگێڕ بۆ کوردی: ڕێناس جاف

       

به‌رزبوونه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕاده‌ی توند و تیژییه‌کانی نێو ئێراق  له‌به‌ر هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵای ئێراق له‌ کوردستان و بانگه‌وازی 300 سه‌رۆک عه‌شیره‌تی عه‌ڕه‌ب بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌ددام بۆ سه‌ر ده‌ور، به‌ڕاده‌ی پێویست ئاڵۆزی و بشێوی ڕه‌وشه‌که‌ی ئێراقمان لا ده‌رده‌خات.

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م حه‌وته‌دا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا (پێنتاگۆن) له‌ ڕاپۆرێکدا ڕایگه‌یاند ڕاده‌ی توند و تیژی له‌ ئێراقدا بۆ نزیکه‌ی سه‌تی 51 به‌رز بۆته‌وه‌ و به‌ شێوه‌ی مام ناوه‌ندی له‌ خولێکی زه‌مه‌نی سێ مانگه‌دا هه‌موو ڕۆژێک 120 که‌س له‌و وڵاته‌دا قوربانی بوونه‌ . ئه‌و ڕاپۆره‌ مۆرکی ئه‌رێ به‌سه‌ر ئه‌و خاڵه‌دا ده‌نێ ئێراق که‌وتۆته‌ نێو شه‌ڕێکی نێوخۆییه‌وه‌ به‌ڵام هێشتا ئه‌مریکا بڕوای به‌وه‌ نییه‌. بڕیاره‌که‌ی مه‌سعود بارزانی،سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق بۆ هێنانه‌ خواره‌وه‌ی ئاڵای فه‌رمی ئێراق، ڕه‌هه‌ندێکی دی دژ به‌یه‌کبوون و بگره‌ و به‌رده‌ و کێشه‌کانی ئه‌تنی له‌ ئێراقمان لا خۆیا ده‌کات.  ئه‌م ڕووداوه‌ هه‌روا ده‌وری خۆ ده‌بینێ و ده‌توانێ قه‌یرانی نوێی له‌ دوو بێت.

 

                        شه‌ڕه‌ئاڵا

له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م حه‌وته‌دا مه‌سعود بارزانی له‌ بڕیارێکدا ڕایگه‌یاند له‌مه‌وبه‌دوا له‌ ته‌واوی ده‌زگه‌کانی ناوچه‌ی کوردستانی ئێراقدا ته‌نیا ‌ ئاڵای کوردستان هه‌ڵده‌کرێ و هه‌تا ڕوونبوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئاڵای فه‌رمی ئێراق ئه‌و ئاڵا که‌  سه‌مبولی سه‌رده‌می دیکتاتۆرێتی سه‌ددام حسێنه‌،  هه‌ڵناکرێ. ئه‌و بڕیاره‌ کاردانه‌وه‌ی توندی کاربه‌ده‌ستانی سوننه‌ی له‌ دوو بوو. ئه‌وان بڕیاره‌که‌ی مه‌سعود بارزانییان به‌ نیشانه‌یێکی دابڕان و  جیابوونه‌وه‌ی کوردستان لێک دایه‌وه‌. بارزانی وتبووی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی  ئاڵای ئێستای ئێراق چاره‌نووسی ڕوون نییه‌  و له‌ شوێنێکه‌وه‌ بێ‌ "الله اکبر" و له‌ شوێنی دی به‌و زاراوه‌ و به‌ خه‌تی سه‌ددام حسێن و له‌ جێی دیکه‌وه‌ به‌ خه‌تی نوێ هاتووه‌ بۆیه‌ ‌تا کاتی ڕوونبوونه‌وه‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ئاڵا، ئێمه‌ ئاڵای پێشووی ئێراق ئه‌ویش ته‌نیا له‌ بۆنه‌ فه‌رمییه‌کاندا هه‌ڵده‌که‌ین. مه‌به‌ستی بارزانی ئاڵاکه‌ی سه‌رده‌می شۆڕشی 14 ی ته‌مموزه‌ ، واته‌ ئه‌و ده‌مه‌ی هێشتا سه‌ددام حسێن نه‌نیشتبووه‌ سه‌ر ده‌ور و ده‌سته‌ڵاتی نه‌گرتبووه‌ ده‌س. له‌ هه‌مان حاڵدا بڕیاره‌که‌ی بارزانی کاردانه‌وه‌ی ‌ توندی ئه‌وتۆی له‌ شوێن بوو که‌ هه‌ندێ نووسه‌ری عه‌ڕه‌ب خوازیاری ئه‌وه‌ بوون جه‌لال تاڵه‌بانی له‌ به‌غا وه‌ده‌ر نرێ و پۆستی سه‌رۆک کۆمارێتی لێ بستێندرێته‌وه‌، نوێنه‌رانی سوننه‌ش به‌ مه‌حکوومکردنی ئه‌و بڕیاره‌ داوایان له‌  بارزانی کرد خێرا له‌ بڕیاره‌که‌ی پاشگه‌ز بێته‌وه‌. لیژنه‌ی مامۆستایانی ئایینی سوننه‌ی ئێراق به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یێک  ڕایگه‌یاند : ئه‌و بڕیاره‌ی بارزانی پاسا هه‌ڵنه‌گره‌ و به‌ هیچ بیانوویێک لێی وه‌رناگیرێ. "عه‌دنان دلێمی"، سه‌رۆکی به‌ره‌ی ته‌وافوقی ئێراقیش وتی : داوا له‌ برایانی کورد ده‌که‌ین له‌م دۆخه‌دا که‌ هه‌مووان له‌ دووی ئاشته‌وایی نیشتمانین، له‌سه‌ر پرسی ئاڵا هه‌را چێ نه‌که‌ن.  "صالح المطلک" ،سه‌رۆکی به‌ره‌ی "الواقیه" ش  بڕیاره‌که‌ی بارزانی به‌ توندڕه‌وییه‌کی ئاشکرا‌ دانا و داوای کرد نوێنه‌ران و وه‌زیرانی کوردیش له‌ نێو کۆڕی ده‌وڵه‌تی ئێراق وه‌ده‌ر نرێن.

 

                    هه‌ڵوێستی بارزانی

 

مه‌سعود بارزانی له‌ کاردانه‌وه‌ به‌و چه‌شنه‌ قسانه،‌ دیسان نه‌یارێتی کرد ده‌گه‌ڵ هه‌ڵکرانی ئاڵای ئێراق له‌ کوردستاندا و وتی: "سه‌رده‌می هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ به‌سه‌ر چووه‌." ئه‌و له‌ لێدوانێکدا له‌ په‌رله‌مانی کوردستان له‌ شاری هه‌ولێر وتی : ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێ ئاڵای  ئێراق له‌ کوردستاندا هه‌ڵکرێ تاقمێکی شۆڤێنی و ڕه‌گه‌ز په‌رستن و له‌ گیر و گرفته‌کانی نێوخۆیی هه‌ڵدێن. بارزانی هه‌روه‌ها وتی : ئه‌وانه‌ تاقمێکی شکست خواردوون و کاربه‌ده‌ستی حوکوومه‌تی نین و ناتوانن کۆنترۆڵی ناوچه‌ی خۆ بکه‌ن و ده‌یانه‌وێ کوردستانیش وه‌ک ناوچه‌کانی ئه‌وانی لێ بێت. سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستانی ئێراق پاشان وتی: که‌س ئه‌و مافه‌ی نییه‌ بڕیاری خۆ به‌سه‌ر گه‌لی کورددا بسه‌پێنێ. ته‌نانه‌ت کار هه‌تا به‌وێ چۆته‌ پێش بڕێک هه‌ڕه‌شه‌مان لێ ده‌که‌ن و ده‌ڵێن چارمان ناچاره‌ و ده‌ستمان شکاوه‌ و ناچارین ده‌سته‌ڵات بگرینه‌ ده‌س. ئێمه‌ پێیان ده‌ڵێین ئێمه‌ ده‌ستمان نه‌شکاوه‌ و ده‌یان ده‌ستی دیکه‌شمان له‌ پشته‌ به‌ڵام ئێوه‌ په‌ژیوان ده‌بنه‌وه‌ چونکه‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ سه‌رده‌می به‌سه‌ر چووه‌.

 

           کاردانه‌وه‌ی مالیکی و تاڵه‌بانی

 

دوابه‌دوای توندبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌، نووری مالیکی، سه‌رۆک وه‌زیری ئێراق له‌ کاردانه‌وه‌ به‌ بڕیاره‌که‌ی مه‌سعود بارزانی،  به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یێک خوازیاری ئه‌وه‌ بوو له‌ ته‌واوی ناوچه‌کانی ئێراقدا ئاڵای ئه‌و وڵاته‌ هه‌ڵکرێ. سه‌رۆک وه‌زیری ئێراق  جه‌ختی کرد: ئاڵای ئێراق ئێستا یه‌ک ئاڵایه‌ و ده‌بێ  له‌ بست به‌ بستی خاکی ئێراقدا هه‌ڵکرێ. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ جه‌لال تاڵه‌بانی ،سه‌رۆک کۆماری ئێراق به‌ ده‌رکردنی به‌یاننامه‌یێک وتی: بڕیاره‌که‌ی بارزانی هیچ پێوه‌ندی به‌ هێنانه‌خواره‌وه‌ی ئاڵای ئێراقه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵکو بۆ ناڕه‌زاێتی  له‌ ئاست ئاڵای سه‌ددامه‌ که‌ ده‌ستی تێکه‌ڵه‌ به‌ خوێنی سه‌دان هه‌زار ئێراقی. له‌و به‌یاننامه‌دا هه‌روه‌ها ئیشاره‌ت به‌وه‌ش دراوه‌ ئه‌و پرسه‌ ده‌بێ وه‌به‌ر نرخاندن و لێکدانه‌وه‌ بخرێ و بڕیاره‌  ئاڵایێکی نوێ دانرێ، کاتێ ئه‌و ئاڵا به‌ فه‌رمی له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ ده‌س نیشان بکرێ " ئاڵایێکی پیرۆزه‌ که‌ ده‌بێ هه‌مووان به‌ڕه‌سمییه‌تی بناسن و له‌ هه‌موو شوێنێکی ئێراق ته‌نانه‌ت له‌ چیاکانی کوردستانیش بۆ ڕاگه‌یاندنی ئێراقی دێمۆکراتیک هه‌ڵکرێ".

     دوا به‌دوای ڕووخانی ڕژێمی سه‌ددام و که‌وتنه‌وه‌ گه‌ڕی خولی  نوێی پێوه‌ندییه‌کان له‌ ئێراقدا کاربه‌ده‌ستانی نوێ هه‌وڵیان دا ئاڵایێکی نوێ دانێن به‌ڵام ئه‌و پرسه‌ ده‌گه‌ڵ نه‌یارێتی توندی ئێراقییه‌کان  به‌ره‌و ڕوو بووه‌وه‌ و ئه‌و ئاڵایه‌یان نێزیک له‌ ئاڵای ئیسراییل داده‌نا. ئاخرییه‌که‌ی بڕیار درا هه‌مان ئاڵای ڕژێمی پێشوو هه‌ڵکرێ و ته‌نیا زاراوی " الله اکبر" که‌ ‌ به‌ خه‌تی سه‌ددام له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی دژ به‌ ئێران له‌سه‌ری نووسرابوو به‌ خه‌تی کووفی بنووسرێته‌وه‌. وادیاره‌ پرسی ئاڵای ئێراق بیانوویێکه‌ بۆ ته‌شه‌نه‌‌ و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی هه‌ندێ ناکۆکی و کێشه‌ له‌و وڵاته‌دا که‌ هه‌تا ئێستا کپ ماونه‌ته‌وه‌. ده‌س نیشان کردنی شاری که‌رکووک بۆ پێته‌ختییه‌تی کوردستانیش له‌ هه‌مان پێوه‌ندی دا بوو که‌ له‌ڕێی ده‌س ڕۆیشتووانه‌وه‌ کپ کرا‌. گه‌لێ ڕوونه‌ پێویستی ئاشتی نیشتمانی له‌ ئێراقدا دنه‌ی ڕێبه‌رانی ئه‌تنییه‌کان ده‌دا ڕێی ته‌بایی بگرنه‌ پێش به‌ڵام گه‌ر ڕۆژێک کۆنترۆڵی دۆخه‌که‌ له‌ ده‌ستیان ده‌رچێ ئیدی نابێ په‌رۆشی شوێنهاته‌کانی نه‌بن.

 

      بانگه‌وازی سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌سه‌رده‌وری سه‌ددام

 

هێشتا پتر له‌ دوو حه‌وته‌ به‌سه‌ر  کۆڕ وجڤینه‌که‌ی نێوان نووری مالیکی و سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی ئێراقدا له‌ پێناوی گه‌ڵاڵه‌ و پلانی ئاشته‌وایی نیشتمانی  تێناپه‌ڕێ که‌ له‌ ئێراقه‌وه‌ هه‌واڵ ده‌گات 300 سه‌رۆک عه‌شیره‌ت داوای گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ده‌وری سه‌ددام ده‌که‌ن. ڕۆژنامه‌ی "واشینگتۆن پۆست"(چاپی ئه‌مریکا) و "القدس العربی" (چاپی له‌نده‌ن) به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ ده‌ڵێن : 300 سه‌رۆک عه‌شیره‌ت به‌ تایبه‌ت عه‌شیره‌تی "العبیدی" که‌ پتر له‌  یه‌ک ملوێن و نیو حه‌شیمه‌تیه‌تی له‌ به‌یاننامه‌یێکدا خوازیاری گه‌ڕانه‌وه‌ سه‌ر ده‌وری سه‌ددام و به‌رده‌وامی خۆڕاگری له‌ هه‌مبه‌ر داگیرکه‌راندان. ئه‌و عه‌شیره‌تانه‌ ده‌‌بێژن خۆپیشاندانی به‌ربڵاو  له‌ ناوچه‌کانی جۆربه‌جۆردا ده‌خه‌نه‌ ڕێ . ئه‌وان هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر ئازادکرانی سه‌ددام و سڕینه‌وه‌ی تۆمه‌ته‌کانی سه‌ر وی و ده‌سته‌ و دایه‌ره‌که‌ی (هاوده‌ستانی) له‌ پێوه‌ندی ده‌گه‌ڵ دۆسییه‌که‌ی دجێل و ئه‌نفال بوون. واشینگتۆن پۆست له‌ زمان "وه‌سفی ئه‌لعاسی" سه‌رۆکی عه‌شیره‌تی " العبیدی" یه‌وه‌ وتوویه‌: گه‌ر داخوازه‌که‌ی ئه‌وان نه‌یه‌ته‌ دی ، ئینتیفازه‌یێکی نیشتمانی له‌ ئێراقدا ده‌خه‌نه‌ ڕێ.   به‌ینێ له‌مه‌وبه‌ر سه‌ددامیش وتبووی ئه‌مریکییه‌کان دیسان سۆراخی ده‌گرن و په‌نای ده‌به‌نه‌وه‌ به‌ر چونکه‌ ته‌نێ ئه‌و ده‌توانێ ڕه‌وشی ئێراق به‌ره‌و هێوری ببات و  ئه‌و وڵاته‌دا به‌ره‌و سه‌قام به‌رێ. ئه‌و هه‌موو گۆڕانکارییه‌ له‌ ئێراقدا له‌ حاڵێکدا ڕوو ده‌دا هه‌موو ڕۆژێک ژماره‌یێک ده‌کوژرێن و ده‌وڵه‌تی نووری مالیکی توانای ئه‌وه‌ی نییه‌ ڕه‌وشه‌که‌ی ئێراق به‌ره‌و هێوری و ئه‌منیه‌ت ببات. دوێنێ له‌ هه‌واڵاندا هاتبوو چوار سه‌ر‌بازی ئه‌مریکی له‌ ستانی ئه‌لئه‌نباردا کوژراون. له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابوردوودا پێنج سه‌ربازی ئێراقی له‌ فه‌للوجه‌ و چواری ئێراقی دیکه‌ له‌ شارۆچکه‌ی خالیس کوژراو و زامدار بوونه‌. ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق ڕایگه‌یاند "حامید جومعه‌ فارس سه‌عیدی" ناسراو به‌ "ئه‌بو هومام" یان "ئه‌بو ڕه‌نا" که‌سی ژماره‌ دووی قاعیده‌ له‌ ئێراق گیراوه‌‌. ئه‌رچی به‌ هۆی چالاکی ئه‌منییه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی ئێراق توانی "ابو مصعب الزرقاوی" سه‌رکرده‌ و ڕێبه‌ری ئه‌و گرووپه‌ له‌ ئێراق بخاته‌ بۆسه‌وه‌ به‌ڵام توند و تیژییه‌کان هه‌روا له‌و وڵاته‌دا به‌رده‌وامه‌.

***********************************************************

سه‌رنجێک له‌ لایه‌ن وه‌رگێڕه‌وه‌:

 بێگومان نه‌ک ته‌واوی وڵاتانی عه‌ڕه‌بی  به‌ڵکو کۆماری ئیسلامیش قه‌ت چاویان به‌رایی هیچ ده‌سکه‌وتێکی کوردی نادات و هێشتا لایان گه‌لێ گرانه‌ ددان به‌ مافێکی به‌رحه‌قی کوردان دا بنێن. به‌ڵام به‌خته‌وه‌رانه‌ سه‌رده‌م سه‌رده‌می جاران نه‌ماوه‌‌ و ڕه‌وشی ناوچه‌ی خۆرهه‌ڵاتی ناڤینیش گه‌لێ گۆڕانی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و ئیدی پێم وایه‌ ئه‌م باردۆخه‌ش به‌ره‌و دوا ناگه‌ڕێته‌وه‌ . بۆیه‌ نه‌ک له‌ده‌س وڵاتانی شۆڤێنی عه‌ڕه‌ب بگره‌ له‌ ده‌س ده‌وڵه‌تانی ڕه‌گه‌ز په‌رستی وه‌ک تورک و کۆماری ئیسلامیش هیچ کارێک ساخته‌ نییه‌. به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ کورد له‌ باشووری کوردستان وا خه‌ریکه‌ به‌ره‌و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ده‌چێته‌ پێش و ئه‌مه‌  مژده‌یێکی پڕشیرین بۆ هه‌موو کوردێکی نیشتمانپه‌ره‌وه‌ره‌. کۆماری ئیسلامی و بگره‌ ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی ده‌سته‌ڵاتداری نێو ئێران به‌ درێژایی دیرۆک که‌ سه‌ر‌ده‌مێکی دوور و درێژه‌ دژ به‌ هه‌موو خواستێکی ڕه‌وای گه‌لی کورد وه‌ستاون ئه‌مڕۆ ئیدی وای لێهاتووه‌ ته‌نانه‌ت‌ ناچار‌ن له‌ ڕۆژنامه‌ و بڵاڤۆکی خۆدا وێنه‌ی ئاڵای کوردستان له‌ چاپ بده‌ن. لام وایه‌ ئه‌مه‌ ده‌ستکه‌وتێکی که‌م نییه‌ و کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانیش گه‌ره‌ک ئه‌و هه‌له‌ زێڕینه‌ بقۆزێته‌وه‌ و بۆ ڕزگاری ئه‌م به‌شه‌ی کوردستانی بنده‌ست خه‌باتی خۆ کاراتر بکات و  له‌م دۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی باشووری کوردستاندا هه‌ڵوێست بنوێنێ و له‌ حاند چوڵکه‌شکێنی و ئاژاوه‌گێڕی کۆماری ئیسلامی و وڵاتانی ڕه‌گه‌زپه‌رستی ناوچه‌ بێده‌نگ نه‌مێنێ.

***************************************************************

ژێده‌ری ئه‌م بابه‌ته‌: ڕۆژنامه‌ی شه‌رق، سێ شه‌ممه‌ 14 ی شه‌هریوه‌ری 1385 ی هه‌تاوی

 

 

 

                  تاران، 15 ی خه‌رمانانی 2706 ی کوردی

 
           

 

02/09/2015