خه‌بات و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌عس  

بنار مسته‌فا

 

له‌ په‌راوێزی وه‌ڵامی چاودێردا 

     - به‌شی یه‌که‌م -

 

پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی وتاری سامان که‌ریم له‌ ژێر ناونیشانی ”ده‌رکردنی "عه‌ره‌به‌ هینراوه‌کان" نه‌ک کیشه‌ی که‌رکوک، چاره‌سه‌ر ناکات به‌لکو قوڵتری ده‌کاته‌وه‌!1، له‌ هه‌فته‌نامه‌ی چاودێره‌وه‌ به‌ڕێز ئازاد علی به‌ زنجیره‌ نووسینێک وه‌ڵامی سامان که‌ریمی داوه‌ته‌وه‌ و تا ئێستا حه‌وت به‌شی لێ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.2

    وه‌ڵامه‌کانی به‌ڕێز ئازاد علی قسه‌ زۆر هه‌ڵده‌گرن و پێویستی به‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ هه‌یه‌. تا ئێستا سامان که‌ریم له‌ بڵاوکراوه‌ی ئۆکتۆبه‌ره‌وه به‌ دوو به‌ش‌ وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه‌. له‌ وه‌ڵامه‌کانی نووسه‌ری چاودێردا دوو بابه‌ت سه‌رنجی منی ڕاکێشا و هانی نووسینی دام که‌ به‌ دوو به‌شی جیاواز وه‌ڵامی ده‌ده‌مه‌وه‌. یه‌که‌میان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ڕێزی له‌ به‌شی سێهه‌می وتاره‌که‌یدا له‌ ژێر مانشێتی ”یه‌کێتی و پارتی و به‌عس”دا ده‌ڵێت:

سه‌باره‌ت به‌ پارتی و یه‌کێتیش، سه‌ڕه‌ڕای هه‌ر کێشه‌و هه‌ڵه‌یه‌ک به‌ درێژای مێژوو هه‌یانبووبی، بگره‌ هه‌تا ئێستاش، به‌ دڵنیاییه‌وه ده‌ڵێین: ئه‌م دوو حیزبه‌، هه‌زاران جار زیاتر له‌ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری به‌رامبه‌ر‌ به‌عس وه‌ستاوون و خه‌باتیان کردووه‌ و قوربانیشیان داوه‌. هه‌موو ڕێگه‌یه‌کیشیان بۆ ڕوخاندنی به‌عس گرته‌به‌ر و دوای ڕوخاندنیشی، هه‌وڵێکی زۆریان دا، یاسای ڕیشه‌کێشکردنی به‌عس له‌ عێراقدا، ده‌ربکرێ... ” 

   هه‌روه‌ها له‌ به‌شی پێنجه‌مدا پێ له‌سه‌ر ئه‌مه‌ داده‌گرێته‌وه‌ و ده‌ڵێت:

مه‌عقوله ‌نوسه‌رێک له‌م سه‌رده‌مه‌دا ژیابێ، ئه‌وه‌ نه‌زانێ که‌ یه‌کێتی و پارتی له‌ (30) ساڵی ڕابوردودا چ جۆره‌ به‌رنه‌نگاریه‌کی به‌عس و ناسیۆنالیزمی شۆڤینیه‌تی به‌عسیان کردووه‌...

   ڕه‌نگه خوێنه‌ر‌ وای بۆ بچێت که‌ سه‌رنجم له‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو فاریزانه‌ هه‌یه‌ که‌ نووسه‌ر به‌کاری هێناوه‌، به‌ڵام سه‌رنجی من له‌و ناوه‌ڕۆکه‌یه‌ که‌ ده‌یدا به‌ ده‌سته‌وه‌، که‌ یه‌کێتی و پارتی به‌رامبه‌ر به‌عس ڕاوه‌ستاون. سه‌یریش له‌وه‌یه‌ که‌ به‌رواردی ده‌کات له‌گه‌ڵ حزبێکی که‌دا، به‌ ڕای من باشتربوو ئه‌گه‌ر‌ باسی له‌ هه‌ندێک له‌و ”خه‌بات” و ”وه‌ستانه‌وه‌”ی‌ بکردایه‌ که‌ به‌ به‌روارد له‌ گه‌ڵ حزبی کۆمۆنیستی کرێکارییدا هه‌زارانجار زیاتره‌. یاخود باسێکی بچوکی له‌و ڕێگه‌یانه‌ بکردایه‌، که‌ گرتویانه‌ته‌ به‌ر بۆ ڕوخاندنی به‌عس. باشه‌ ئه‌گه‌ر حکک هیچ خه‌باتی نه‌بوبێت به‌رامبه‌ر به‌عس، ئه‌وکات خه‌باتی ئێوه‌ هه‌زاران جار هیچ بووه‌.

   ده‌زانم که‌ یه‌کیتى و پارتى شه‌ریان له‌گه‌ل حکومه‌تى به‌عس کردووه‌، ره‌بایه‌ و باره‌گاى حکومه‌تى به‌عسیان گرتوه‌، سه‌ربازى عیراقیان کوشتوه، که‌س نکۆلى له‌م کارانه‌ ناکات، به‌لام خۆبه‌خۆ ئۆپۆزیسۆن بوون و چه‌کداربوون و ته‌قه‌کردن له لایه‌نی به‌رانبه‌ر هیچ هیماو سیمایه‌کى پێشکه‌وتنخوازى ناگه‌یه‌نێت، هیچ ئازادیخوازى و پاراستنى به‌رژوه‌ندى زۆربه‌ى زۆرى خه‌لکى کوردستان ناگه‌یه‌نێـت. یه‌کیتى و پارتى ئه‌وکارانه‌یان کردووه‌، به‌لام ته‌نها له‌پیناو ئه‌وه‌ى که‌ هاوبه‌ش بن له‌ده‌سه‌لاتى مه‌که‌زیدا، جا بۆ ئه‌وان گرنگ نه‌بوو له‌گه‌ل به‌عس بێت یان تیرۆریزمى ئیسلامى سیاسى وه‌کو ئێستا ده‌یکه‌ن. پێشتریش بۆماوه‌ى چوارسال له‌گه‌ل به‌عس هاوپه‌یمان بوون له‌سالى 1970 بۆ 1974، دواتر یه‌کیتى بۆ ماوه‌ى یه‌ک ساڵ سه‌رکوت و قه‌تل و عامى ئۆپۆزیسۆنى عیراقى کرد ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ى نیه‌تى دۆستایه‌تى خۆى نیشانی به‌عس بدات. له‌سالى 1983دا که‌ به‌مفاوه‌زیه‌کى شکست خواردوو کۆتایى هات... خه‌باتى ئه‌وان بۆ دابینکردنى مافه‌ سیاسى و مه‌ده‌نیه‌کانى خه‌لک نه‌ک نه‌بووه‌ به‌ڵکو له‌ لادیکانیشدا ئه‌و مافانه‌یان سه‌رکوت ده‌کرد، خه‌باتى ئه‌وان بۆ لابردنى سته‌مى نه‌ته‌وایه‌تى نه‌بووه‌، به‌لکو بۆ شه‌ریک بوونبووه‌ له‌ده‌سه‌لات. ئه‌وه‌ نییه‌ ئیستا شه‌ریکن له‌ده‌سه‌لات له‌به‌غدا، له‌سه‌ر بریارى جه‌عفه‌رى بۆ گرانکردنى به‌نزین ته‌قه‌ له‌ خه‌لکى که‌رکوک ده‌که‌ن، ئه‌وه‌نیه‌ ده‌ستوریکیان په‌سه‌ند کردووه ‌و خه‌لکیان بۆ راپیچکردوه‌ که‌ سه‌رتاپاى کۆنه‌په‌رستییه،‌ ئه‌وه‌ نییه‌ مافى ریفرانۆدمیان له‌خه‌لک سه‌نده‌وه‌، ئه‌وه ‌نییه‌ دژ به‌لابردنى سته‌مى نه‌ته‌وه‌ین و دژ به‌خواستى خه‌لکى کوردستانن بۆ جیابونه‌وه‌ى کوردستان و پیکهینانى ده‌وڵه‌تیکى سه‌ربه‌خۆێی عه‌لمانى و پیشکه‌وتنخواز...

   بۆیه‌ کاتێک نووسه‌ر باسی ”خه‌بات” و ”وه‌ستانه‌وه‌”ی ینک و پدک ده‌کات، ده‌کرێت ئه‌و پرسیاره‌ی لێ بکه‌ین، کام خه‌بات و کام وه‌ستانه‌وه‌؟ ئه‌وه‌ی من بینیومه‌ و بیستومه‌ و له‌ مێژوودا تۆمار کراوه جگه‌ له‌و کارانه‌ی له‌سه‌روه‌ باسم کردن، کارێک که‌ پارتی و یه‌کێتی له‌ به‌رانبه‌ر به‌عسدا کردویانه‌، ته‌نها چه‌مانده‌وه و گفتوگۆو سه‌ردانی نهێنی و ئاشکراو و ده‌ست ماچکردن ‌بووه‌. له‌ ته‌نگانه‌شدا په‌نایان بۆ بردووه‌ و ڕێگه‌ی به‌غدادیان گرتۆته‌ به‌ر.

   کاتێک که‌ ڕژێمی به‌عس له‌ کوردستاندا نه‌مابوو، هه‌ر یه‌کێتی و پارتی نه‌بوون که‌ به‌ ده‌ستووره‌ کۆنه‌په‌رسته‌که‌ی به‌عس کوردستانیان به‌ ڕێوه‌ ده‌برد؟ هه‌ر به‌ پێێ ئه‌و یاسا کۆنه‌په‌رستانه‌ چه‌ندین که‌س سزایان وه‌رنه‌گرت؟ ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر دژایه‌تی به‌عسیش؟ ده‌یان ئازادیخواز به‌پێی یاساکانی به‌عس زیندانی نه‌کران؟ ئایا به‌ ڕێوه‌بردنی یاساکانی به‌عس، به‌شێکه‌ له‌ خه‌بات به‌رامبه‌ری؟

     ئه‌دی هه‌ر سکرتێری گشتی یه‌کێتیه‌که‌ی نووسه‌ری چاودێر له‌ شاشه‌ی TVی لوبنانه‌وه (LBC)، به‌ چه‌ند مانگێک پێش ڕوخاندنی به‌عس‌ نه‌یفه‌رموو ”حه‌زناکه‌م سه‌دام له‌ قه‌فه‌ز‌ی تاواندا ببینم”؟3 ئه‌دی سه‌رۆکی پارتیه‌که‌ی  دۆستی نووسه‌ر نه‌بوو بۆ ڕۆژنامه‌ی حه‌یات ڕوونیکرده‌وه‌ که‌‌ ”حه‌ره‌که‌ی کوردی مردووه‌ و دان دانێن به‌وه‌ی سه‌دام سه‌رۆکی هه‌موو عێراقه‌”؟4 هه‌ر ئه‌م دوو حزبه‌ نه‌بوون به‌رگری سه‌رسه‌ختیان له‌ نزار خه‌زره‌جی و وه‌فیق سامه‌ڕای و چه‌ندین که‌سی تری تاوانباری سه‌ر به‌ به‌عسیان ده‌کرد؟ ئه‌مانه‌ش ده‌چنه‌ خانه‌ی‌ وه‌ستانه‌وه‌وه‌ به‌رامبه‌ر‌ به‌عس؟

   له‌ دیدار و گفتوگۆ و ساد و سه‌ودا و ماچوموچدا له‌گه‌ڵ به‌عسدا که‌م ته‌رخه‌میتان نه‌کردووه‌! لامل ماچکردنی سه‌رؤکی فه‌رمانده‌ی کۆن له‌ لایه‌ن سه‌رک فه‌رمانده‌ی نوێوه‌ له‌ 23ی ئه‌پریلی 1991دا له‌سه‌ر کاسێتی ڤیدێۆ تۆمار کراووه‌. 31ی ئاب و هێنانه‌وه‌ی ده‌بابه‌کانی به‌عس بۆ کوردستان مێژوویه‌کی کۆن نییه‌ و له‌ یادی خه‌ڵکیدا ماون‌. ئه‌و فایلی سه‌رکردانه‌ی هه‌ردوو حزبی ”شۆڕشگێر” له‌ ئارشیفی به‌عسدا که‌م نیین بۆ شاردنه‌وه‌ و په‌رده‌پۆشکردنیان. ئه‌مانه‌ له‌و ڕێگایانه‌ن‌ که‌ گیراونته‌ به‌ر بۆ ڕوخاندنی به‌عس؟

   ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م نمونانه‌ به‌رده‌وام بین، ئه‌وا لیستێکی زۆر درێژ ده‌کرێت ئاماده‌ بکرێت، به‌ڵام چه‌ند نمونه‌یه‌کی بچوکی تر ده‌کرێت باس بکرێت، وه‌ک: تا دوا هه‌ناسه‌ی به‌عس ڕێگه‌ نه‌درا وێنه‌کانی سه‌دام له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌تای په‌ڕتوکاکه‌نی قوتابخانه‌ وه‌لا بنرێن. ده‌یان و سه‌دان که‌س، که‌ ڕۆژگارێک له‌ ڕیزه‌کانی به‌عسدا تاوانیان ئه‌نجام داوه‌ ئێستا له‌ ڕیزه‌کانی ئه‌م دوو حزبه‌دا به‌رپرسن و چالاکی ده‌نوێنن. هه‌تا دوا ساته‌کانی به‌عس، بڵاوکراوه‌کانی ڕژێم به‌ ئازادی له‌ کوردستاندا بڵاوده‌کرانه‌وه‌، له‌ کاتێکدا که‌ چه‌ندین بڵاوکراوه‌ی مۆدێرن قه‌ده‌غه‌کران.

   ئه‌ی له‌ باری ئه‌ده‌بییه‌وه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ چه‌نێک به‌رامبه‌ر به‌عس دواون؟ له‌ ئه‌دبیاتی ئه‌م دوو حزبه‌دا چه‌ند جار باس له‌ ڕووخاندنی به‌عس کراوه‌؟ به‌ تایبه‌تی له‌ چه‌ند ساڵه‌کانی ڕابردوودا پێش ڕووخانی به‌عس؟ ئه‌وه‌ی‌ من سه‌رنجم دابوو شیعاره‌ تونده‌کانتان و وته‌کانتان له‌ په‌یوه‌ند به‌ به‌عسه‌وه‌ بریتیبوون له‌ ”سه‌دام ده‌بێت له‌سه‌ر حوکم لاچێت!، سه‌دام ده‌بێت ده‌ست له‌ دیکتاتۆری هه‌ڵگرێت!” ئه‌م دروشمانه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌و خه‌باتانه‌ن؟

   ئه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵی ئه‌و دوو حزبه‌ بۆ ڕیشه‌کێشکردنی به‌عس پاش ڕووخانی... ڕاستیه‌که‌ی ئه‌وه‌یه‌، له‌ دوای ڕوخاندنی به‌عسه‌وه‌ ئه‌م دوو حزبه‌ ده‌ستیان کرد به‌ خه‌بات دژی به‌عس، ئه‌ویش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ عێراق و کوردستاندا ئاو و کاره‌با و خزمه‌تگوزاری نه‌بووه‌ و نییه‌، بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایی خه‌ڵکی ده‌مکوت بکه‌ن و ڕێگه‌یان لێ بگرن، به‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌عس و ڕابردووی سه‌دام بڵاوکراوه‌کانیان پڕ ده‌کرده‌ووه‌، تا ئه‌وه‌ی خه‌ڵکی له‌ داخوازیه‌کانی پاشگه‌زبێته‌وه‌.   

   دوا پرسیارم بۆ نووسه‌ر: جگه‌ له‌ خه‌بات و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌عس، به‌رامبه‌ر هیچ ده‌وله‌تێکی که‌ هه‌مان کارتان کردووه‌؟ وردتر پرسیاره‌که‌م بکه‌م، ئایا به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران و حکومه‌تی تورکیای فاشست خه‌باتتان کردووه‌؟  

   دوا وته‌م بۆ نوسه‌ر ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ به‌ خه‌بات و وه‌ستانه‌وه‌ به‌رامبه‌ر به‌عس به‌ ئه‌نجام بگه‌ێنێت، ئه‌وا پیرۆزابی له‌و دوو حزبه‌ ده‌که‌م بۆ ئه‌و خه‌باته‌یان، وه‌لێ جێگه‌ی شانازی نییه‌. له‌ چه‌شنی ئه‌م جۆره‌ خه‌باتانه‌ هه‌ر له‌ ده‌ستی ئه‌و دوو حزبه‌ دێن. ئه‌گه‌ر نووسه‌ر له‌ منی قبوڵ بکات پێی ده‌ڵێم، هه‌تا بۆتان ده‌کرێت خۆتان بپارێزن له‌ باسی خه‌بات به‌رامبه‌ر به‌ به‌عس، ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هیچ شتێک نا، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لایه‌ک له‌ سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو لاتان خاوه‌نی فایلن و تا ئه‌م کاتانه‌ش به‌رپرسن له‌ ڕیزه‌کانتاندا.

 ----------------------------------------------- 

 

سه‌رچاوه‌کان:

  1. سامان که‌ریم، چاودێر، ژماره‌ 79 ل19، 29.5.2006

  2. ئازاد علی، چاودێر، ژماره‌ 80-87 (جگه‌ له‌ 84) ل3، 5.6-24.7.2006

  3. چاوپێکه‌وتنی جه‌لال تاڵه‌بانی له‌گه‌ڵ  LBC، 2.11.2002

  4. گۆڤاری ڕیفراندۆم، ژماره‌ 4 ل5، کانونی دووه‌می 2001

 

 
           

 

02/09/2015