بازه‌کانی ئازادی چیان پێیه‌ بۆ کوردستان...؟

                                

ماوه‌یه‌که‌ چالاکی توندوتیژی له‌ناو شاره‌کانی تورکیاو باکوری کوردستاندا په‌ره‌یان سه‌ندوه‌و که‌م ڕۆژ هه‌یه‌ چالاکییه‌ک یان پتر له‌که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنه‌وه‌ بڵاونه‌کرێنه‌وه‌و لا‌یه‌نی سه‌ره‌کیش که‌ئه‌م چالاکیانه‌ی وه‌ئه‌ستۆی خۆی گرتووه‌ گروپی ( بازه‌کانی ئازادی کوردستان)ه‌. که‌ئامانجی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری ئه‌و چالاکیانه‌ش خه‌ڵکی سڤیل و گه‌شتیارانی بیانین. و به‌مجۆره،‌ به‌بێ هیچ گومان و ئه‌ملاوئه‌ولایه‌ک، ئه‌و چالاکیانه‌ ده‌چنه‌ خانه‌ی تێرۆره‌وه‌.

په‌ره‌سه‌ندنی چالاکی تێرۆریستیانه‌ له‌لایه‌ن گروپێکی کوردییه‌وه‌ نه‌ک هه‌ر جێگای خۆشحاڵی و شانازی نییه‌، به‌ڵکو مه‌ترسیدارو شیاوی نه‌فره‌تیشه‌.

تۆبڵێی بازه‌کانی ئازادی کوردستان ئازادییه‌ک که‌ گروپه‌کانی تالیبان و ئه‌لقاعیده‌و حه‌ماس و جیهاد و حیزبوڵڵا... نه‌یانتوانیبێ له‌ڕێگای تێرۆره‌وه‌ بۆ وڵاتانی خۆیانی به‌ده‌ستبخه‌ن، ئه‌وان به‌م شێوازه‌ بۆکوردستانی بکه‌نه‌ دیاری...؟

ئه‌م چالاکیانه‌ له‌کاتێکدا په‌ره‌ده‌ستێنن که‌ له‌لایه‌که‌وه‌ جیهان خۆی له‌هه‌مبه‌ر تێرۆردا ده‌بینینێته‌وه‌و مرۆڤایه‌تی له‌ دوو هه‌ڵبژاردن، واتا یان لایه‌نگری و یانیش ڕه‌تکردنه‌وه‌و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تێڕۆر به‌ولاوه‌ چاره‌یه‌کی تری نییه. و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌و پ ک ک ڕێگای ئاشتیخوازانه‌ی وه‌ک هه‌ڵبژاردنێکی ستراتیژیانه‌ په‌سه‌ندکردووه‌و له‌م پێناوه‌دا ئاماده‌ی  ئاگربه‌س و دیالۆگه‌ له‌گه‌ڵ ڕژێمی تورکیادا. و تائێستاش به‌ئاشکرا ڕه‌تکردنه‌وه‌ی چالاکیه‌کانی ئه‌وگروپه‌ی ڕاگه‌یاندووه.‌

هیوادارین پ ک ک له‌م هه‌ڵوێسته‌ی ڕاستگۆبێت و گه‌مه‌یه‌ک له‌پشت ئه‌وکاره‌وه‌ نه‌بێت. چونکه‌ جیهانی ئه‌مڕۆ گه‌مه‌یه‌کی وای به‌سه‌ردا ده‌ربازنابێت و تێوه‌گلانی پ ک ک له‌وجۆره‌کارانه‌دا‌ نه‌ک هیچ ده‌ستکه‌وتێکی به‌دواوه‌ نابێت به‌ڵکو ‌پێشکه‌شکردنی باجێکی قورسیشی ده‌که‌وێته‌سه‌ر و سه‌رجه‌م کوردی تێدا زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت.

به‌هانه‌کانی ئه‌و چالاکیه‌ تێرۆریستانانه‌‌ ده‌کرێ هه‌زارویه‌کشت بن: ڕژێمی تورکیا مل نادات بۆ ئاشتی، ڕژێمی تورکیا تێرۆری ده‌وڵه‌ت په‌یڕه‌وده‌کات، جیهان له‌به‌رانبه‌ر تورکیادا بێده‌نگه‌، جیهان ته‌نیا کاتێک به‌ده‌نگ دێت که‌ خوێن بڕژێت، جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای بێ عه‌داله‌تی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، جیهان گوێی له‌ ئاست ناڵه‌وهاواری گه‌لاندا که‌ڕه‌، ڕۆژئاوا پێشوه‌خت بزووتنه‌وه‌ی کوردی باکوری کوردستانی خستۆته‌ لیستی تێرۆره‌وه‌... هتد. که‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو ڕاستن. به‌ڵام پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌مه‌یه‌:‌ کام له‌م حاڵه‌تانه‌ ده‌کرێ له‌ڕێگای تێرۆره‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت؟

تورکیا مل بۆ ئاشتی نادات، نه‌ک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌کورد ناترسێ و له‌به‌رانبه‌ر خه‌باته‌که‌یدا ته‌نگه‌تاو نه‌بووه‌. به‌ڵکو له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌قۆناغێکدایه‌ له‌ڕووی زهنیه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ییه‌کی وای تێدا نییه‌. گۆڕینی ئه‌و زهنیه‌ته‌ش به‌وه‌به‌رنانی ترس و تۆقاندن، په‌ره‌پێدانی ڕق و کینه‌ی زۆرتر، و زیانپێگه‌یاندنی گیانی و ماڵی نابێ... به‌ڵکو پێچه‌وانه‌که‌ی. و پشوودرێژی و ماندونه‌بوونه‌.

هه‌روا بۆ پێشگرتن له‌ تێرۆری ده‌وڵه‌تی تورکیا، ڕێگاچاره‌ په‌یڕيوکردنی تێرۆر نییه‌. به‌ڵكو په‌ره‌دان به‌خه‌باتی جه‌ماوه‌ری، به‌رزڕاگرتنی ئاسته‌کانی ڕێکخستن و هه‌ڤاڵبه‌ندی. ئه‌گه‌ریش به‌ناچاری په‌نا بۆچه‌ک ببردرێت ئه‌وه‌ دیاره‌ که‌ده‌بێ ڕووی ئه‌و چه‌کانه‌ له‌ کێ بکرێن.

ڕاسته‌ جیهان له‌سه‌ر بنه‌مای بێ عه‌داله‌تی به‌ڕێوه‌ده‌چێت و هه‌رکه‌س خاوه‌نی هێزنه‌بێت له‌بن ده‌ستوپێی زلهێزاندا ده‌پلیشێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و هێزه‌ی له‌ ئه‌نجامی په‌یڕيوکردنی تێرۆره‌وه‌ به‌ده‌ست دێت ساخته‌و کاتییه‌ و له‌لایه‌ن مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ ڕه‌تده‌کرێته‌وه‌.

 هێزی ڕاسته‌قینه‌ هێزی جه‌ماوه‌ری، ڕێکخستنی، زانست و مه‌عریفه‌، هۆشیاری سیاسی، پابه‌ندبوون به‌بنه‌ماکانی ئازادی و دیموکراسی، هه‌ڤاڵبه‌ندی، فیداکاری و پاکی و دڵسۆزییه...و له‌هه‌موو ئه‌مانه‌ش گرنگتر ڕاوایی کێشه‌که‌یه. که‌ده‌کرێ خه‌باتی چه‌کداریشی بێته‌سه‌ر، به‌مه‌رجێک به‌ڕێگایه‌کی ناجوامێرانه‌ به‌کارنه‌یه‌ت..!

ئه‌مڕۆ تێرۆر له‌ جیهاندا تروسکه‌یه‌ک ڕووناکایی له‌به‌رده‌مدا نییه‌و زوو یان دره‌نگ تێکده‌شکێ. جیهان له‌به‌رانبه‌ر مافی ڕه‌وای گه‌لاندا چه‌نده‌ کوێروکه‌ڕبێت، کۆسپ و ته‌گه‌ره‌کان له‌هه‌ر ئاستێکدابن، زوڵم و بێدادی له‌ڕاده‌به‌ده‌ربن... هه‌رگیز ئه‌وپاساوه‌مان نایه‌ته‌ده‌ست تا بچینه‌ ڕیزی تێرۆریستانه‌وه‌.

مرۆڤێک که‌ ئه‌وینداری ئازادی بێت، ده‌بێ پێشتر ئه‌وینداری مرۆڤایه‌تی و لایه‌نگری بێده‌سه‌ڵات و بێ تاوانان بێت. و هیچ کات کوێرانه‌ ژیان له‌ مرۆڤێک ناستێنێ که‌ نه‌دوژمنیه‌تی و نه‌مافی ئه‌ویشی زه‌وتکردووه‌.

ئازادی کوردستان له‌ڕێگای تێرۆره‌وه‌ به‌ده‌ست نایه‌ت. ئه‌گه‌ریش بڕیار بێت تێرۆرو ڕشتنی خوێنی بێ تاوانان تاکه‌ڕێگای ئازادی بێت، با نه‌فره‌ت له‌و ئازادییه‌ بێت.‌

 

 

www.daramahmud.blogspot.com 

 

6/9/2006 

     

           

 

02/09/2015