2006.06.09
له‌م وتاره‌دا به‌کورتی هه‌ندێ سه‌رنجی ڕه‌خنه‌گرانه
سه‌باره‌ت به وته‌که‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان که له‌مه‌ڕ
ئاڵا و کۆمه‌ڵی کێشه‌ی دی دابووی، ده‌خرێته‌ڕوو.
وه‌کو هه‌میشه تێبینی ده‌کرێت، وته و دوانه‌کانی سه‌رۆکه‌کان
و به‌رپرسه‌کان له‌زۆر لایه‌ن که‌موکوڕیان هه‌یه و ڕه‌خنه
هه‌ڵده‌گرن. گه‌لێجار گۆتنی وا هه‌یه ڕاست نییه یا
ناته‌بایه له‌گه‌ڵ کرده‌وه‌کاندا. دیاره هۆکاری سه‌ره‌کی
درێژه‌ی ئه‌و دیارده‌یه، نه‌بوونی سیسته‌مێکی دیموکراسییه،
که تیایدا ده‌زگا و میکانزمی دیموکراسیانه چاو‌دێر بن، سنور
دابنێن و لێپرسینه‌وه بکه‌ن. هه‌رچۆنیبێ پێویسته جار جاره
به چاوی ڕه‌خنه له وته‌ی ئه‌وان که سه‌رۆکن و گوایه
به‌رژه‌وه‌ندی کوردیان ده‌وێ، وردبینه‌وه و ڕاستی و فاکته‌کان
وه‌بیر بهێنینه‌وه.
من لێره‌دا سه‌باره‌ت به ئاڵا هێنده ناوه‌ستم چونکه پێشتر
به‌کورتی لێی دواوم، پێویست ناکات دوباره‌ی تێبینیه‌کان
لێره‌دا بکه‌مه‌وه[1].
ئه‌وه‌ی گرنگه له‌و باره‌یه‌وه بگوترێت ئه‌وه‌یه، نه‌ک
ته‌نها ئاڵای به‌عس، به‌ڵکو ڕه‌وا نییه هیچ ئاڵایه‌کی ئێراق
له‌سه‌ر خاکی کوردستاندا بشه‌کێته‌وه.
مه‌سعود بارزانی له سه‌ره‌تای وته‌که‌دا[2]
ده‌ڵێت،
"سه‌رده‌می
زمانی هه‌ڕه‌شه نه‌ماوه و گه‌لی كوردیش هه‌ڕه‌شه له كه‌س
قبووڵ ناكات و هه‌ر كاتێك په‌رله‌مانی كوردستان ومیلله‌تی كورد
رازی بوون له سه‌ر ئه‌وه‌ی كه به سه‌ربه‌خۆیی بژین، ئه‌وه
سه‌ربه‌خۆیی خۆمان راده‌گه‌یه‌نین".
گه‌لی کورد هه‌مووی سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێ و ئه‌وه‌ش له
ڕیفه‌رانده‌مه نافه‌رمیه‌که‌دا سه‌ڵمێندرا، که‌چی سه‌رۆک
ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر میلله‌تی کورد ڕازی بێت! ئه‌و هه‌ر خۆی جارێکیان
دانی به‌وه‌نا و گوتی ئێمه داخوازی گه‌لمان به‌لاوه ناوه.
گه‌لی کورد هیچ کاتێک پرسی جیابوونه‌وه و سه‌ربه‌خۆیی پێ
نه‌کراوه، هه‌روه‌ها پرسی به‌ئێراقیکردنی پێ نه‌کراوه. ئێوه
چۆنتان ویستووه و تێیگه‌یشتوون واتان کردووه، ئێستاش به‌پێی
کردار و فاکته‌کان بدوێن باشتره، گوایه گه‌ل له ئاست ئێوه
چی له‌ده‌ست دێ. پاشان تۆ چۆن سه‌ربه‌خۆیی ڕاده‌گه‌یه‌نی، که
تۆ و هاوه‌ڵه‌کانت نه‌تانتوانی مافی چاره‌نوس له ده‌ستوردا
بسه‌پێنن، نه‌تانتوانی ئه‌گه‌ری جیابوونه‌وه یاساییانه بکه‌ن
و بتوانن له داهاتوودا دیموکراسیانه به‌پێی بنچینه‌یاسای
ئێراقی به‌بێ شه‌ڕ جیا ببنه‌وه. گه‌لی کورد ئه‌و مافه‌ی له
بنچینه‌یاسادا پێ ڕه‌وا نه‌بیندراوه، که‌چی تۆ و هاوه‌ڵه‌کانت
به‌بێ پرسی خه‌ڵک مۆرتان کرد. بێگومان کورد مافی خۆیه‌تی وه‌کو
نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاوه‌ن خاک و به‌ها نه‌ته‌وایه‌تیه‌کان
جیاببێته‌وه، ئه‌وه‌ش شتێک نییه ئێوه داتانهێنابێت. ئه‌نگۆ
گوێتان له گه‌ل نه‌گرت و ڕێی به‌غداتان گرته‌به‌ر، که چوونه
ئه‌وێش له‌سه‌ر ئێوه بوو ئه‌و جیابوونه‌وه‌یه به‌یاسایی و
دیموکراسی بکه‌ن، نه‌ک له‌گه‌ڵ جیابوونه‌وه کاره‌سات و شه‌ڕ
یه‌خه‌ی خه‌ڵک بگرن. دیاره له‌به‌ر گه‌لێ هۆ زۆر دووره
جیابوونه‌وه به ئێوه بکرێت.
پاشان دێت و ده‌ڵێت،
"من وه‌كو سه‌ربازێك له خزمه‌ت په‌رله‌مان دامه و هه‌ر شتێك
كه داوام لێ بكردرێت و پێم بگوترێت ده‌ریغی لێ ناكه‌م و
پشتگیری په‌رله‌مان ده‌كه‌م".
كامه په‌رله‌مان جه‌نابی سه‌رۆک؟ ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی له
ئاست ئێوه و هاوه‌ڵه‌کانت، له ئاست پارتی ده‌سه‌ڵاتداری ئێوه
هیچ ده‌سه‌ڵاتی نییه. په‌رله‌مان وه‌کو ده‌زگای مۆری ئێوه
کار ده‌کات، پار‌له‌مان له‌گه‌ڵ شنه‌بای ئاره‌زووی ئێوه سه‌ما
ده‌کات، که‌چی تۆ ده‌ڵێی من سه‌ربازێکی پارله‌مانم! ئێوه بڵێن
ڕه‌ش په‌رله‌مان ده‌ڵی ڕه‌ش، بڵێن سپی په‌رله‌مان ده‌ڵی سپی.
ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌دا 80ی ده‌روێشی تۆ و مامه‌ن،
کامه‌یان زاتی ڕه‌خنه له ئێوه ده‌کات. تا ئێستا کامه‌یان
زاتی کردووه بڵێت، نه‌خێر جه‌نابی سه‌رۆک وانییه، مه‌گه‌ر
ئه‌و که‌سه له پاروی چه‌ور و دۆلاری سه‌وز بێزار بووبێت.
پاشان دێت و ده‌ڵێت،
"پێویسته جه‌ماوه‌ر بزانێ كه ئێمه ئینقلابچی نیین و
نامانه‌وێ به زۆری ده‌سه‌ڵات بگرینه ده‌ست، شۆڕشمان كردووه
له پێناو رزگاری خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌و خه‌ڵكه‌ش
ده‌نگیانداوه به‌و دوو حزبه و به حزبه‌كانی هاوپه‌یمانیش
كه ئه‌مڕۆ له‌و په‌رله‌مانه نوێنه‌ری خه‌ڵكی كوردستانن و
سبه‌ش ده‌توانن به‌و ده‌نگه‌ی كه ئێمه‌و بۆ ئه‌م شوێنه
هێناوه، ده‌رمان بكه‌ن".
واپێده‌چێ سه‌رۆک زۆر بڕوای به دیموکراسی هه‌یه، بۆیه وا
جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن ده‌کاته‌وه. نامه‌وێ له‌سه‌ر
چۆنیه‌تی شۆرشه‌که‌ی تۆ و ئه‌وانیتر بڕۆم، ئه‌وه خه‌لکی
کوردستان بڕێکی باشی لێده‌زانن. ناشمه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌وه بڕۆم،
ئێوه رزگاری به چی تێده‌گه‌ن و چۆن سه‌یری ده‌که‌ن. دیاره
گۆڕانی ڕامیاریی جیهانی، گه‌لڕه‌و، بڕیاری 688 و زۆنی نه‌فرینی
36 و ده‌ستێوه‌ردانی نێونه‌ته‌وه‌یی وایانکرد ئێوه بێنه‌وه
سه‌رشانۆ. خواهه‌رناگری ئه‌نگۆ له قۆرغکردنی ده‌سه‌ڵات و
پاوانکردن ئه‌زموونتان زۆره، بۆیه‌ش زیره‌کانه خۆتان به‌سه‌ر
ده‌سه‌ڵاتدا داسه‌پاند، به‌ڵام با واز له‌وه بێنین. پێویسته
ئه‌وه‌شتان وه‌بیربهێنینه‌وه هه‌ر ئێوه خه‌باتتان
نه‌کردووه، خه‌ڵک به‌گشتی به زۆر جۆر خه‌باتی کردووه.
هه‌روه‌ها ڕه‌نگه واتای خه‌بات لای ئێوه پێناسه‌ی جیاوازی بۆ
بکرێت. دیاره هیچ خه‌باتێکی پاک له‌گه‌ڵ جوداکاری،
ده‌ستبه‌سه‌رداگرتن، پاوانکردن، مۆنۆپۆلکردن، تاڵان‌کردنی
سه‌رچاوه و سامانی گه‌ل دا نییه.
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردن، ئه‌و خه‌ڵکه‌ی کوردستان ئازادانه و
له هه‌لومه‌رج و که‌شی ئازاد‌دا ده‌نگی نه‌داوه‌ته تۆ و
ئه‌وانیتر. که سه‌ردار ده‌نگی دا تۆ، بۆ ئه‌وه بوو له
کاره‌که‌ی ده‌ری نه‌که‌ن. که شلێر ده‌نگی دا تۆ، بۆ ئه‌وه
بوو شوێنی خۆی له فه‌رمانگه بکاته‌وه. که مام نادر ده‌نگی
دا تۆ، بۆ ئه‌وه بوو ئه‌یلولانه‌که‌ی بۆ ببڕنه‌وه، که پلکه
ئه‌ستی ده‌نگی دا تۆ، به ئه‌وه‌بوو چیتر وه‌کو لایه‌نی نه‌یار
سه‌یری نه‌که‌ن هتد. جه‌نابی سه‌رۆک له کوردستاندا خه‌ڵک
ئازاد نییه، هۆیه‌که‌شی ئیوه‌ن. تا له‌سه‌ر ئه‌و "ئازادیه‌ش"
که ئێوه بۆ خه‌ڵکتان داهێناوه بڕۆن، بێگومان هه‌ر خۆتان
ده‌رده‌چن.
دوای ئه‌وه سه‌باره‌ت به جاشه‌کان ده‌ڵێ،
"ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێش باسی كیانات مونحه‌له‌كان هاته‌وه گۆڕێ
كه گوایه هه‌ندێ له موسته‌شاره‌كان بۆ وه‌رگرتنی مووچه
په‌یوه‌ندیان به لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانه‌وه گرتووه. پاش
راپه‌ڕینی ساڵی 1991 سه‌ركردایه‌تی سیاسی به‌ره‌ی كوردستانی
بڕیاری لێخۆشبوونی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌كرد، چونكه
به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد له‌سه‌رووی هه‌موو شتێك بوو، به‌ڵام
به‌و مه‌رجه كه كه‌س نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر كاره
پێشووه‌كه‌ی".
به‌ره‌ی کوردستانی لێبوردنه‌که‌ی ده‌رکرد، ئه‌و به‌ره‌یه زۆر
له‌مێژه نه‌ماوه، که‌چی ئه‌و بڕیاری لێبوردنه هه‌ر
به‌کاره. به‌ره‌ی کوردستانی ئه‌گه‌ر ئه‌وسا له بارێکی ناکایی
ئه‌و بڕیاره‌ی ده‌رکرد، پاشان له‌به‌رچی بۆ گه‌ل
نه‌گه‌ڕایه‌وه و بپرسێ داخوا خه‌ڵک و قوربانیانی ئه‌نفال له‌و
جاشانه خۆش ده‌بن؟ په‌رله‌مان دروست بوو، به‌ڕێوه‌کار دروست
بوو، که‌چی که‌س ئه‌و پرسه‌ی به قوربانیان و خه‌ڵک هه‌ر
نه‌کرد. ئێستا له‌ترسی ڕۆیشتنیان، هاوارتان لێهه‌ستاوه و
توڕه‌ن. باشه بۆ تا ترسی ڕۆیشتنیان نه‌بوو پیاوی باش بوون؟ خۆ
ئه‌وانه له‌ناو ئێوه وه‌کو جاران به ئاره‌زووی خۆیان لێی
ده‌خۆن و تا به‌عسیش مابوو گه‌لێکیان په‌یوه‌ندی خۆی هه‌ر
هه‌بوو، به‌ڵام ئێوه له‌به‌ر گه‌لێ هۆ بێ ده‌نگ بوون. پاشان
ده‌ڵێی، "بۆیه لێیان بوردرا چونکه به‌رژه‌وه‌ندی کورد
له‌سه‌روی هه‌موو شتێک بوو". که‌وایه بۆ پێشبڕکێتان
له‌سه‌ر وه‌رگرتنی جاشه‌کان بوو؟ بۆچی پارتی دوژمنی یه‌کێتی و
یه‌کێتیش دوژمنی پارتی وه‌رده‌گرت؟! بۆچی داڵده‌تان دان،
قه‌ڵه‌وتانکردن و پله‌وپایه‌تان دانێ؟ بۆچی ڕزگارتان کردن؟
لێره‌ش هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندی کورد له‌سه‌روی هه‌موو شتێ بوو؟!
سه‌رۆکی کوردستان ده‌ڵێ،
"نابێ ئاڵای به‌عس هه‌ڵدرێت"،
زۆر باشه و لاموایه هه‌موو کوردستانیه‌ک ده‌ستخۆشی له
هه‌نگاوی ئه‌وها ده‌کات، به‌ڵام بۆ هه‌وڵی لابردنی یاساکانی
به‌عس ناده‌ن، بۆ به‌یاساکانی به‌عس کارده‌که‌ن؟ یاساکانی
به‌عس چوونه‌ته ناو قوڵایی هه‌موو کونوکه‌له‌به‌رێکی
کۆمه‌ڵگه له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه بگره تا ده‌گاته
ئازادیه‌کانی مرۆڤ. بۆ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه ئێستاش کاریان
پێده‌کرێت؟ له ته‌له‌ڤزیۆنه‌کانی خۆتان رۆژانه ئاماژه به
یاسا و ڕیساکانی ڕابردووی سه‌رده‌می به‌عس ده‌کرێن. بۆ پیاده‌ی
که‌لتوری به‌عس ده‌که‌ن؟ بۆ درێژه به سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی
پێشووی به‌عس ده‌ده‌ن؟ ئایا ئه‌وه تراژیدیا نییه؟!
سه‌باره‌ت به به‌شی کوردستان له داهاتی ئێراقدا ده‌ڵێ،
"ئه‌و میزانیه‌ی به هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌رێت 17% نییه و
زۆریش له 17% كه‌متره، به‌ڵام رێژه‌ی ئێمه له 17% كه‌متر
نییه".
باشه له‌به‌رچی ده‌بێ خۆتان له دزینی سامانی گه‌ل له‌لایه‌ن
عاره‌بانه‌وه بێده‌نگ بکه‌ن، ئه‌دی ئه‌نگۆ به‌ناو "شوانی"
گه‌لی باشوری کوردستان نین؟ که ده‌زانی ڕێژه‌ی تۆ له 17%
زیاتره، بۆ به‌وه ڕازی بوون؟ ئه‌وه‌یه یه‌کسانیتان له
ئێراقی ئاشتی و برایه‌تیه‌که‌تان؟ ئه‌ی تۆ ناڵێی کێشه‌مان
ڕژێم بووه و عاره‌ب باشن؟ ئه‌و برا عاره‌بانه‌ی تۆ، بۆ
ئه‌وها بێ‌ویژدانن و دان به به‌شی ڕه‌وای کورد له داهاتدا
نانێن؟! پاشان هه‌ر له‌و ڕسته‌یه‌دا ده‌ڵێت، "ته‌حه‌دا
ده‌كه‌ین با سه‌رژمێره‌یه‌كی كوردستان بكه‌ن، ئه‌گه‌ر رێژه‌ی
ئێمه له 25% كه‌متر بوو، ئه‌وا با هیچ به ئێمه نه‌ده‌ن".
تا ئێستا هیچ ئامارێک نییه ئاماژه به ڕیژه‌ی سه‌دا 25ی کورد
له ئێراقدا بکات. له هه‌ڵبژاردنه‌که‌ی دواییدا که سونه‌ش
به‌شداریان کرد، ڕێژه‌ی کورد خۆی له ده‌وروبه‌ری سه‌دا 20 دا.
باشه ئه‌گه‌ر ئامار کرا و ڕێژه‌ی کورد که‌متر ده‌رچوو، ئه‌وه
به گۆته‌که‌ی سه‌رۆک بێت، کورد دۆڕاندی و ته‌واو. دیاره
له‌سه‌ر ئه‌و گۆته‌یه‌ی ئه‌و ئاماره ناکرێت، به‌ڵام که
سه‌رۆک به‌ڵگه‌ی دڵنیای به‌ده‌سته‌وه نییه، ئه‌و گۆتنه
بازاڕیانه نه‌کات باشره. پاشان خۆ ئه‌وه کێشه‌یه‌کی که‌سی
نییه تا مه‌رج و قوماری له‌سه‌ر بکرێت، ئه‌وه مافی گه‌لێکه.
ئه‌نگۆ خۆتان وڵاتی داگیرکه‌رتان دروست کرده‌وه، خۆتان
عاره‌بتان هێنایه‌وه و ڕێکتانخستنه‌وه و پاشان چوون داوای
مافتان له‌وان کرده‌وه. ئه‌نگۆ خۆتان ئه‌و ڕێگایه‌تان
هه‌ڵبژارد، گه‌لتان له چاره‌نوس ئازاد نه‌کرد و پرستان پێی
نه‌کرد.
پاشان هه‌ر له‌سه‌ر پاره دێت و ده‌ڵێت، "هه‌روه‌ها
ئه‌گه‌ر بێته حیساب كردن، ئه‌وا ئه‌وان 80 ساڵه پاره‌ی ئێمه
ده‌به‌ن و ده‌یكه‌ن به تۆپ و فرۆكه و وڵاتی ئێمه‌ی پێ وێران
ده‌كه‌ن، بۆیه ئه‌وان قه‌رزاری ئێمه‌ن و هه‌قی خۆشمانه 17%
وه‌ربگرین و هیچ خێر نییه به ئێمه‌ی بكه‌ن".
ئه‌وانه کێن، هه‌ر ته‌نها ڕژێمه‌کان ده‌ڵێی؟ ئه‌وه
عه‌بدولکه‌ریم قاسمیش ده‌گرێته‌وه، که تۆ ئاڵاکه‌ی به‌رز
ده‌که‌یته‌وه! ئه‌و ئاڵایه‌ی له ژێریدا کوشتاری کورد
پیاده‌کرا، هه‌ڵسانی چه‌کداری ئه‌یلول ڕوویدا؟ که‌واته بۆ
له‌و تاوانانه‌ی پێشی سه‌رده‌می به‌عس ناپێچنه‌وه؟ ئه‌و
دادگایه‌ی که تۆ و هاوه‌ڵه‌کانت پشتگیری ده‌که‌ن و
نووسینه‌وه‌ی مێژووی گه‌لی قوربانی کوردتان داوه‌ته ده‌ست،
ئه‌وه له‌و خه‌ڵکه عاره‌به‌یه و ته‌نها له 35 ساڵ
ده‌کۆڵێته‌وه؟ ئه‌نگۆ ئه‌وه‌ی پێشی 68 به‌رامبه‌ر به کورد
کرا هه‌مووتان به قوربانی ئێراقی نوێ و به‌رژه‌وه‌ند و
ده‌سه‌ڵاتی خۆتان کرد.
له کۆتاییدا سه‌باره‌ت به کێشه‌ی که‌رکوک ده‌ڵێ، "
به نیازین
له دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان نووسینگه‌یه‌ك بۆ
چاودێری چۆنییه‌تی جێبه‌جێكردنی ئه‌و ماده‌یه دابمه‌زرێن".
ئه‌وه خه‌ریکه 2007 دێت و هیچ هه‌نگاوێکی ئه‌وتۆ
نه‌هاویشتراوه، ئێستا به‌ته‌مان نوسینگه‌یه‌ک بۆ چاودێری
چۆنیه‌تی جێبه‌جێکردنی دابنێن! له‌به‌رچی تا ئێستا هیچ
هه‌نگاوێکی به کرده‌وه بۆ جێبه‌جێکردنی ئه‌و بڕیاره
نه‌نراوه؟ له‌به‌رچی هه‌رچی پڕۆژه‌ی لابه‌لا هه‌یه، به
ملیاردی لێ خه‌رج ده‌کرێت، به‌ڵام بۆ ناو‌کی کێشه‌که له
هه‌نگاوی کیسه‌ڵی زیاتر شتێکی دیکه به‌دی ناکرێت؟ له‌به‌رچی
بۆ هاتنی عاره‌ب بۆ کوردستان هه‌ر زوو، له کوردستان و ئێراق
بڕیار بۆ ئاگاداری و مسۆگه‌ری بژێوی خێزانی عاره‌ب ده‌رده‌چێت،
کاریان بۆ ده‌دۆزرێته‌وه، زه‌ویان پێ ده‌فرۆشرێت، به‌ڵام بۆ
هه‌زاران ئاواره‌ی گه‌ڕاوه‌ی که‌رکوک پاره خه‌رج ناکرێت،
زه‌ویان به‌ناو ناکرێت، یارمه‌تیان نادرێت؟
جه‌نابی سه‌رۆک و ئه‌وانیتر که ده‌سه‌ڵاتتان به‌ده‌سته،
ئێستا خه‌ڵک باشتر ده‌تان ناسن، چیتر کرده‌وه‌کانتان له‌خه‌ڵک
شاراوه نییه. خێڵه‌کیزم، فه‌رمانڕه‌وایی پارت و پارتپه‌رستی،
نیپۆتیزم (خزمخزمێنه)، مۆنۆپۆلکردن و پاوانکاری و
گه‌نده‌ڵیتان له خه‌ڵک شاراوه نییه. له‌به‌ر گه‌لێ هۆ و
فاکته‌ر، ئێوه شیاوی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته هه‌رگیز نه‌بوون،
دیاره سه‌ڵماندیشتان له ئاستی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌ته‌دا نین.
ئه‌و شته که‌مه‌ی کراوه زۆر بچوکتره له‌وه‌ی گه‌لی کوردستان
خه‌وی پێوه ده‌بینێت، جگه‌له‌وه‌ی ئێوه گه‌لێ کێشه‌ی
دیکه‌تان له‌گه‌ڵ خۆتان هێنا و ئێستا گه‌ل ده‌بێ به ناچاری
خه‌میان لێ بخوات.
---------------------------------------------------------------
|