یادت به‌خێر

• كه‌ژاڵ ئیسماعیل

 


پێشكه‌ش به ڕۆحی پاكی مه‌رزه‌خانم
 

پێت وانییه سه‌فه‌ر تاڵه ؟
سه‌فه‌ر بێ ئاوڕدانه‌وه گه‌لێ زه‌حمه‌ته‌و
سه‌فه‌ر بۆ ئه‌به‌د
چه‌ند به ‌سوێیه؟
ئێمه هه‌ر وابووین
هه‌میشه شیعر بۆ نامۆ بوون ئه‌نووسین و
ئه‌سرین بۆ دابڕان ئه‌ڕێژین و
نه‌خشه‌ی مه‌رگ ئه‌كێشین!
بمبه‌خشه‌خانم گیان
خه‌وم له ‌یادكرد
تا پێت بڵێم
ئه‌مه زه‌مه‌نی شه‌وی درێژی تۆیه‌و
بنوو..
چاوه‌كانت پڕ له ‌كلی ئه‌و خه‌وه‌بكه
بۆ ئه‌به‌د ده‌ست به‌رداریان نابێت
جه‌سته‌ت بسپێره به فریشته په‌مه‌ییه‌كانی به‌هه‌شت
ئه‌مه زه‌مه‌نی خه‌وی ئه‌زه‌لی تۆیه و
بنوو..
ده‌سته‌كانت بنێ بان ئه‌و سنگه‌ی
مه‌مله‌كه‌تێك بوو له‌ میهر
شارێك بوو بۆ ئه‌شقی نیشتمان
ئای چه‌ند سه‌خته
نووستن بۆ ئه‌به‌د!
دابڕان له‌رازی شه‌و و
دابران له ‌شیعری غه‌زه‌ل..
ئه‌ی خانمێك پڕ نوور
نورێ ڕووخسارتی گرتووه‌و
بۆ ئه‌به‌د كردوویتیه تابلۆیه
جوانتر.. شیرینتر له ‌مۆنالیزا
ئه‌مه زه‌مه‌نی دونیای خه‌وی تۆیه ‌و
ئازاره بۆ منی ژن
بێده‌نگییه بۆ سروودی نیستمانی تۆ و
سووتانه بۆ حه‌زی بیستنی من
قه‌سه‌م به‌و «شه‌ش په‌پووله»‌یه‌ی
هه‌موو به‌یانییه‌ك
سه‌ما به‌ده‌وری ئینجانه پڕ ل ه‌ئه‌سه‌فه‌كانی
عومری تۆدا ئه‌‌كه‌ن
هه‌موو نیوه‌ڕوانێك خوناوی گوڵی نازت
ئه‌خۆنه‌وه‌و
هه‌موو ئێوارانێك ڕۆحت ماچ ئه‌كه‌ن
خه‌وی ئه‌به‌دی تۆ
شكستی ئه‌ژنۆی گۆرانییه‌و
هه‌ڵچوونی ڕقی میلۆدیایه بۆ سۆزت
ئه‌مه‌وه‌رزی دابڕانی تۆ و ئاهه‌نگه
ئه‌مه وه‌رزی خه‌وی تۆ و وه‌رینی كۆنسێرته
پێت وانییه؟
سه‌فه‌ر غه‌مێكی سامناكه ‌و
نامۆ بوون هۆره‌یه‌كی حه‌زینه‌ و
مردن خه‌وێكی ئه‌به‌دی گۆرانییه ؟
ئێمه هه‌روابووین
هه‌میشه بۆ سه‌فه‌ر گریاین و

به‌ دوای خۆشه‌ویستییا گه‌ڕاین و
شیوه‌نمان بۆ فیراق گێڕا
ده‌سا..  بنوو خه‌وی خێر و
یادت به‌خێر
یادی ناوی به‌رز و
گوڵی هه‌میشه‌ ته‌ڕو بۆنخۆشت به‌‌خێر
یادی خه‌وی ئه‌به‌دیت به‌خێر..

هۆڵه‌ندا، 19-09-2006

• • •

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca