سیخوڕستان

کاوه‌ ئه‌مین

 

 

که‌ خه‌ڵکی جه‌زائیر، کۆلۆنیالیستی فه‌ره‌نسه‌یان وه‌ده‌رنا له‌ وڵاته‌که‌یان، زیاتر له‌ نیو ملیۆن، خائین و به‌کرێگیراو له‌و وڵاته‌دا هه‌بوو، نه‌ک هه‌ر لێیان خۆش نه‌بوون و پله‌و پایه‌یان نه‌درایه‌، به‌ڵکو هه‌موویان له‌ ترسان کۆچیان کرد بۆ فه‌ره‌نسا و وڵاتانی تر، ئێستا نه‌وه‌کانیشیان شه‌رم ده‌که‌ن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئه‌و وڵاته‌. له‌ باشووری کوردستان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ کرا. به‌ره‌ی کوردستانی که‌ هیچ شه‌رعییه‌تێکی یاسایی نه‌بوو و نوێنه‌ری گه‌لی کوردیش نه‌بوون، چوونکه‌ گه‌ل هه‌ڵینه‌بژاردبوون به‌ڵکو پارته‌ کوردییه‌کان به‌ چاودێری ئێران له‌ ساڵی ١٩٨٦ له‌ تاران دایانمه‌زراند، هه‌موومان ده‌زانین دوای چی! ئاخر خه‌ریک بوو ئێسقانه‌کان نه‌ک بشکێنرێن به‌ڵکو خه‌ریک بوو وردووخاش بکرێن و بکرۆژرێن، هاتن یه‌که‌م شت که‌ کردیان سیخوڕه‌کانیان شاباش کرد و به‌سه‌ر پارتی و یه‌کیه‌تیدا، دابه‌شیان کردن.

ئه‌وانه‌ی تاوانیان کردبوو، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن خه‌ڵک و به‌ره‌شه‌وه‌ ده‌ناسران، ته‌نها جێگۆڕکێیه‌کی شوێنه‌کانیان کرا، له‌ جیاتی موسته‌شار بوون به‌ ئامر به‌تالیۆن و سه‌رتیپ، جاران پێیان ده‌وترا، جاش، له‌کفنه‌یه‌کوونێکدا بوون‌ به‌ پێشمه‌رگه‌، له‌وێ به‌دژی هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌جه‌نگان، لێره‌ به‌دژی لایه‌نێکی دیاریی کراو، ئاخر هه‌ر لایه‌نه‌و حسه‌یی خۆی هه‌بوو هه‌روه‌ک بودجه‌که‌ی ئێستایان. ئه‌وسا، سه‌ددام، ده‌ستی ده‌دا به‌ پشتیاندا، ئێستا سه‌رۆکی حیزبه‌ کوردییه‌کان، له‌وێ ئه‌ندامی مه‌جلیسی ته‌شریعیی و ته‌نفیزیی ڕێژێم بوون لێره‌ کرانه‌ ئه‌ندام په‌ڕله‌مان، له‌وێ ده‌یانوت بابه‌ سه‌ددام لێره‌ ده‌ڵێن بابه‌...، له‌وێ سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری حوکمی زاتی بوون، لێره‌ هی حوکوومه‌تی هه‌رێم.

ئێستا که‌ ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی و ئاوێنه‌ ئه‌وه‌ی له‌ژێر به‌ڕه‌ بوو خستییانه‌‌ سه‌ر به‌ڕه‌، جا به ‌چ مه‌به‌ستێک بێت و بۆ ئێستا له‌م کاته‌دا؟ گرنگ نییه‌، چوونکه‌ هه‌ر ده‌بێت ئه‌و مووه‌ له‌و ماسته‌ ده‌ربکێشرێت، هه‌رچه‌نده‌ هیچ شتێک له‌ پارتی و یه‌کیه‌تی چاوه‌ڕوان ناکرێت، ئاخر ئه‌وانه‌ی که‌ سیخوڕ بوون هه‌موو ئه‌ندامی حیزبه‌کانن و پارتی و یه‌کیه‌تی مۆنۆپۆڵی ئه‌و خائینانه‌یان کردووه‌، له‌ جیاتی ده‌سته‌به‌جێ گرتنی ئه‌و خائینانه‌ تا کاتی لێکۆڵینه‌وه‌، چوونکه‌ ده‌کرێت خه‌ڵکانێک هه‌بن (خوابکات وابێت، من بۆخۆم پێم وانییه‌ مامۆستا عه‌لی پایر هه‌و بووبێت، چوونکه‌ ئه‌و برایه‌کی خۆی له‌سه‌ر به‌عسیی بوون کوشتووه‌) که‌ هه‌و نه‌بووبن و پاکێتی خۆیان بسه‌لمێنن، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ دێن له‌ بادینان ڕۆژنامه‌که‌ کۆ ده‌که‌نه‌وه‌، به‌ڕاستی ئه‌مه‌ ئیتر لاسایی کردنه‌وه‌ی نه‌عامه‌که‌یه‌، ئاخر ئه‌وانه‌ی ناویان وه‌ک سیخوڕ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌، ئێستا خۆیان خاوه‌نی حیزبن، خاوه‌ن په‌رله‌مانن، خاوه‌ن سوپا و خاوه‌ن زیندانن.

دیاره‌ ئه‌و ته‌کتول و گه‌نده‌ڵییه‌ی نێو یه‌کێتی و پارتی، ده‌بێته‌ هۆی ده‌رخستنی زۆر شت، هه‌موو ئه‌و گومانانه‌ی که‌ تا ئێستا ده‌کران ده‌بنه‌ ڕاستییه‌ک، هه‌ر بۆیه‌ ناتوانن، به‌ ئاسانی بڕیار بده‌ن که‌ چۆن و که‌ی کۆنگره‌ ببه‌ستن و کێ ده‌بێته‌ نوێنه‌ری ئه‌و کۆنگره‌یه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت بیبه‌ستن بۆ حیزبه‌کانیان؟

ئه‌وانه‌ی که‌ له‌ شاخ بوون و فایلیان هه‌بووه‌، زۆر له‌م سیخوڕانه‌ خه‌ته‌رتر بوون، چوونکه‌ ئه‌وان به‌ حساب شۆڕشیان ده‌کرد، بۆیه‌ به‌داخه‌وه‌ پێناچێت لابردنی ئه‌م ده‌مامکه‌ی سه‌ر ده‌موچاوی ئه‌نفالچیی، فایلدار و سیخوڕه‌کان، ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی رابکێشرێنه‌ به‌رده‌م دادگا، چوونکه‌ ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌کێتی ئه‌و کاره‌ بکه‌ن، مه‌گه‌ر بچنه‌وه‌ شاخ، ده‌نا ئێستا خه‌ڵکه‌ پاکه‌که‌ که‌مینه‌ن له‌ نێو پارتی و یه‌کێتیدا، دیاره‌ مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌یه‌ که‌ ده‌سته‌ڵادران نه‌ک خه‌ڵکه‌ ڕه‌ش و ڕووته‌که‌ی که‌ له‌ شه‌ڕ و ئاشتیدا، سووته‌مه‌نی بوون و ده‌بن، چوونکه‌ زۆرێک له‌وانه‌ی که‌ شۆڕشگێڕ بوون، ئێستا هێنده‌ گه‌نده‌ڵ بوون که‌ میلله‌ت له‌و سیخوڕانه‌ خراپتر چاویان لێ ده‌کات.

ئه‌وه‌ی که‌ ده‌ڵێت کوردستان شامی شه‌ریف و دوبه‌یی و کوێ و کوێیه‌، دیاره‌ به‌ بۆگه‌نی گه‌نده‌ڵی کاس بووه‌ یانیش سیخوڕ ده‌وره‌یان داوه‌ و ته‌نانه‌ت سێبه‌ره‌که‌ی خۆشی نابینێت، من له‌ دڵه‌وه‌ ده‌ترسم ڕۆژێک ئه‌و کۆشکه‌ خه‌یاڵییه دیموکراتییه‌ی که‌ ده‌سته‌ڵاتداران بانگاشه‌ی بۆ ده‌که‌ن، به‌سه‌ر هه‌مواندا بڕوخێت و ئه‌و چه‌ند لاپه‌ڕه‌ سپییه‌ی که‌ له‌ مێژووی ‌ ڕه‌شماندا هه‌یه‌، بسڕدرێنه‌وه‌ و فریای ئه‌وه‌ نه‌که‌وین دوو تف له‌وانه‌ بکه‌ین که‌ وایان له‌و میلله‌ته‌ کردووه‌.

 Kawe35@hotmail.com

 

تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (میدیا)ی ڕۆژی ١٩/٩/٢٠٠٦ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca