ئه‌وانه‌ی تورکیایان کردۆته‌ که‌ڵه‌گا به‌سه‌ر خۆیانه‌وه‌

کاوه‌ ئه‌مین

 

 

هه‌موو به‌هارێک، ده‌وڵه‌تی کۆڵۆنیالیستی تورکیا و سووپا بوده‌ڵه‌که‌ی خۆیان گیڤ ده‌که‌نه‌وه‌ و وه‌کو پاڵه‌وانی چیرۆکه‌کانی عه‌زیز نه‌سین، خۆیان و وڵاته‌که‌یان ده‌که‌نه‌ گاڵته‌ جاڕیی دنیا. ماوه‌یه‌کی زۆر خۆیان به‌وه‌ دڵخۆش ده‌که‌ن که‌ له‌م به‌هاره‌دا بۆ یه‌کجاری، پارتی کرێکارانی کوردستان، له‌ ڕه‌گو ڕیشه‌وه‌ ده‌رده‌هێنن و ئیتر تورکیا ده‌بێته‌ وڵاتی خه‌ونه‌کان وه‌کو چۆن گه‌ڕه‌کێک له‌ هه‌ولێر بووته‌ شاری خه‌ونه‌کان. ئه‌وه‌ بۆ بیستودوو به‌هار ده‌چێت، نه‌ک (پ.ک.ک) له‌ناو نه‌چووه‌ به‌ڵکو ساڵ به‌ ساڵ به‌هێزتر ده‌بێت له‌ هه‌موو بواره‌کاندا، ڕاگه‌یاندن، ئابووری، سه‌ربازی و کولتووری. دیاره‌ ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ گه‌لێکی تینوو به‌ ئازادی و سه‌رفرازیی‌ بڕیاری خۆی داوه‌، یان سه‌رکه‌وتن یان سه‌رکه‌وتن، ئه‌مه‌ش دروشمێکه نه‌ک له‌ شاخ به‌ڵکو له‌ دیاربه‌کر و ئه‌سته‌نبوڵ ڕۆژانه‌ ده‌وترێته‌وه‌، ئه‌وه‌ی که‌ دنیای که‌ڕو کاس نایبیستێ موشکیله‌ی خۆیانه‌، چش با هه‌ر بڵێن کورد تیرۆریسته‌، مه‌گه‌ر به‌ عه‌ره‌فاتیشیان نه‌ده‌وت تیرۆریست، لای ئه‌وان هه‌رکه‌س له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نه‌بێت و کۆیله‌یان نه‌بێت تیرۆریسته‌.

ئه‌وه‌ی که‌ جێگای تێڕوانین و بیرکردنه‌وه‌یه‌ و هه‌مانکات خه‌جاڵه‌تیشه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ندێک کوردی به‌کرێگیراو که‌ ده‌میان و ره‌نگه‌ شوێنی تریشیان له‌لایه‌ن داگیرکه‌رانه‌وه‌ چه‌ور کرابێت و تووتی ئاسا ده‌ڵێن (پ.ک.ک) تیرۆریسته‌. یه‌کێک له‌و که‌سانه‌ ئه‌فه‌ندییه‌کی دابه‌سته‌یه‌ به‌ناوی(سیامه‌ند به‌نا) که‌ کورده‌ و سه‌فیری ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری عێراقه‌ له‌ هۆڵه‌ندا، له‌ کاتێکدا ئه‌م شه‌کره‌ ده‌شکێنێت که‌ ده‌وڵه‌تی عێراق واته‌ مالیکی و پیاوه‌کانی به‌ کورد و شیعه‌ و سوونه‌وه‌، ده‌یانه‌وێت پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌کو ڕێکخراوێکی تیرۆریست له‌قه‌ڵه‌م بده‌ن و به‌ربه‌ست بخه‌نه‌ به‌رده‌م چالاکیه‌کانی، ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ مالکی پلانی ئاشته‌وانی عێراقی داڕشتووه‌ و ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که‌ ڕۆژانه‌ سه‌ریی عه‌لی و عومه‌ره‌کانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌بڕن ئاشتبێته‌وه‌ و به‌ناکانیش وه‌کو سه‌گی پێ سووتاو کلکه‌ سووته‌کێیان بۆ ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ وه‌فدێکی تورکی قه‌شمه‌ری به‌ نوێنه‌رێکی کورد ده‌کات له‌ که‌رکووک و پێی ده‌ڵێن ئه‌و (نه‌خشه‌ی کوردستانه‌ی)ی که‌ دروستان کردووه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و ئه‌گه‌ر بتانه‌وێت خۆمان نه‌خشه‌یه‌کتان بۆ دروست ده‌که‌ین! ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌ نوێنه‌ری سونه‌کان له‌ په‌ڕله‌مانی عێراقدا، سووکایه‌تی به‌ کورد ده‌که‌ن و کاک فوئاد مه‌عسوم ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر هه‌ر خاڵێکی ده‌ستووری کوردستان پێچه‌وانه‌ی ده‌ستووری عێراق بێت توڕیی ده‌ده‌ین و په‌رله‌مانتاره‌ کورده‌کانی تریش به‌بێ ده‌نگییان نیشانه‌ی ڕه‌زامه‌ندی بۆ ده‌رده‌بڕن. باشه‌ پیاوێک یان ژنێکی کورد نییه‌ له‌و په‌ڕله‌مانتارانه‌ ڕووی ده‌می بکاته‌ سوونه‌ و شیعه‌ و ئه‌و کوردانه‌ی که‌ ده‌میان بۆگه‌نی کردووه‌ و دوو قسه‌ ناکه‌ن پێیان بڵێت: سه‌رتان دای له‌به‌رد، که‌رکووک ده‌بێت به‌ دوا به‌ردییه‌وه‌ له‌ نێو نه‌خشه‌ی کوردستاندا بێت، ئێوه‌ سه‌دان ساڵه‌ به‌ ناوی ئیسلام و عرووبه‌وه‌ کوردستان ته‌عریب و ئه‌نفال ده‌که‌ن! ئه‌ی ئێوه‌ وه‌ڵامتان بۆ ئه‌و کورده‌ ساویلکانه‌ی که‌ ده‌نگیان به‌ ئێوه‌دا، چییه‌‌؟ ئه‌وه‌ نییه‌ کاک فه‌له‌که‌دین، په‌شیمانه‌، په‌شیمانه‌ له‌وه‌ی که‌ به‌ده‌ستی خۆی کاسه‌ ژه‌هره‌که‌ی نا به‌سه‌رییه‌وه‌و هه‌ڵی قوڕاند، به‌ڵام ئه‌و ده‌زانێت ئه‌و ژه‌هره‌ی به‌زانابوونه‌وه‌ هه‌ڵیقوراند‌وه‌، گوناهی خۆیه‌تی، بۆیه‌ هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌کو پیاو وتی: په‌شیمانم! ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ ته‌نها سووککردنی ئه‌و ئازاره‌ ده‌رونییه‌تی که‌ نایه‌ڵێت به‌شه‌ویش خه‌وی لێبکه‌وێت، ئاخر ئه‌و‌ دوا تاڵه‌کانی سمێل و ڕیشی خۆی له‌ پێشمه‌رگایه‌تیدا سپی کرد، به‌ڵام ئێستا کۆنه‌ به‌عسییه‌ک ڕاوێژکارییه‌تی و پلانی ڕۆشنبیریی بۆ داده‌نێت! ئه‌مه‌یا‌ن نه‌ک په‌شیمانی به‌ڵکو ته‌شتێک قوڕی سه‌ر گۆڕی شه‌هیدێکی ده‌وێت، من ده‌ڵێم با بچێته‌ سه‌ر گۆڕی شه‌هیدی نه‌مر (فه‌ریدوونی مامه‌ عه‌به‌) که‌ له‌ خواکوورک شه‌هید بوو، ئاخر نازانم چۆن ئه‌و دیمه‌نه‌ی له‌بیر ده‌چێته‌وه‌، شێرکۆ بێکه‌س ده‌توت ئه‌و شیعره‌ی بۆ فه‌ریدوون نووسیوه‌ " دوو ده‌ستی شۆڕ به‌ره‌و زه‌وی، هۆ بنچکی قژ خۆڵاوی، ده‌وریابه‌ لێی نه‌که‌وی"، ئه‌و کاته‌ کاک فه‌له‌که‌دین پێشمه‌رگه‌ بوو و ڕاوێشکاره‌که‌ی ئێستاشی به‌ پێشمه‌رگه‌ی ده‌وت: یاخی، عوسات، چه‌ته‌و به‌ سه‌ددامی ده‌وت: بابه‌ سه‌ددام، هه‌روه‌ک چۆن ئێستا به‌ گریلاکانی پکک ده‌ڵێن تیرۆریست. مه‌گه‌ر دونیا سۆفیگه‌راکه‌ی کاک فه‌له‌که‌دیین بتوانێت ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ حه‌ل کات.

تورکیا به‌ هیچ شتێکی کورد ڕازیی نابێت، ته‌نانه‌ت چاویان به‌ کتێبێکی کوردیی هه‌ڵنایه‌ت که‌ به‌ کوردی نووسرابێت، ئه‌واتا له‌ کاتێکدا که‌ پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی داوای شه‌ڕ ڕاگرتن له‌ (پ.ک.ک) ده‌کات، ڕۆژێک دوای ئه‌وه(١٢/٩)‌، هاتن چه‌ندین منداڵ و ژنی کوردیان له‌ دیاربه‌کرد تیرۆر کرد، ئه‌وه‌تا سه‌رۆکی په‌نجاوشه‌ش شاره‌وانی کوردستان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی وتویانه‌ با(ڕۆژ تیڤی) دانه‌خرێت، دادگایی ده‌کرێن و داوا ده‌کرێت پانزده‌ ساڵ حوکم بدرێن، تورکه‌کانی دانیشتووی وڵاتی سوێد، کچه‌ ڕۆژنامه‌نووسێکی کورد ده‌ده‌نه‌ دادگا ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ وتارێکی له‌سه‌ر کورد نووسیوه‌ و گوایه‌ سووکایه‌تی به‌ ئه‌تاتوورک کردووه‌، ئه‌گه‌ر تاوانه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکیا له‌یه‌ک مانگدا که‌ ده‌رهه‌ق به‌ کورد و زمان و کوتووری کوردیی ده‌کرێت، بنووسمه‌وه‌، دوو سه‌فیری عێراقی ده‌وێت که‌ هه‌فته‌یه‌ک کاتی خۆیانی بۆ ته‌رخان که‌ن تا بینووسنه‌وه‌.

گه‌لی کورد نابێت چیتر ڕێگا به‌وانه‌ بدات که‌ به‌ناوی کورده‌وه‌ سووکایه‌تی به‌ هه‌موو پیرۆزییه‌کی کورده‌وه‌ ده‌که‌ن، ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ هه‌ر ڕێکخراوێکی کوردیی یان هی نه‌ته‌وه‌کانی تر که‌ بۆ ئازادی تێده‌کۆشن، ده‌ڵێن تیرۆریست ده‌بێت ڕیسوا بکرێن، جا کێ ده‌بن با ببن، به‌ تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که‌ له ‌سه‌فاره‌ته‌کانی ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان به‌ عێراقیشه‌وه‌، کار ده‌که‌ن.

هه‌میشه‌ داگیرکه‌ر تیرۆریست بووه‌، نه‌ک گه‌لێکی داگیرکراو ئه‌نفال کراوی وه‌کو کورد. دڵنیام ڕۆژێک دێت، فایلی ئه‌وانه‌ی کاریان بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا کردووه‌ ببێته‌ مانشێتی ڕۆژنامه‌کان، تۆ بڵێی ئه‌و کاته‌ بڵێن به‌ ئاگاداری (پ.ک.ک) ئه‌و کاره‌مان کردووه‌، هه‌روه‌ک سیخوڕه‌کانی ئێستا، که‌ هه‌موویان به‌ ئاگادری کاک فلان و کاک فیسار، ئه‌و کاره‌یان کردووه‌ و نه‌ک په‌شیمان نین، به‌ڵکو هه‌یانه‌ شانازیشی پێوه‌ ده‌کات و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، هه‌مه‌ کاره‌یه‌؟

تێبینی: ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا، وته‌بێژی سه‌رۆکی کوردستان له‌ ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کد وتی: نابێت بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی باکوور به‌ تیرۆریست له‌ قه‌ڵه‌م بدرێت. ده‌بێت‌ ئه‌و به‌رپرسه‌ گومانلێکراوانه‌ی که‌ دژی ئه‌م بیروبۆچوونه‌ قسه‌ ده‌که‌ن، لێپرسیه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ، بکرێت، ئه‌مه‌‌ دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کورد و یه‌کیه‌تی نه‌ته‌وه‌یی کورده‌، چونکه‌ وه‌ک ده‌ڵێن: ماڵ خۆی له‌ خۆیدا نه‌بوو، میوانیش ڕووی تێکرد.

 

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca