کام پیشه‌ بۆ ژن گونجاوتره ؟

 ڕووناک شوانی

                                                                 

که‌قوتابی قۆناغه‌کانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی بووم زۆربه‌ی هاوپۆله‌کانم به‌ خۆمیشه‌وه‌ خه‌می ئه‌وه‌ دایگرتبووین که‌ که‌س و کار بڕیاری ئه‌وه‌مان بۆ بده‌‌ن کام ڕشته‌ی خوێندن هه‌ڵبژێرین بۆ ئه‌وه‌ی له‌ پاشه‌ڕۆژدا ئه‌و پیشه‌یه‌مان ده‌ست که‌وێ که‌ بۆ ژن  گونجاوه‌ . ئه‌مه‌ پرسیارێکی گه‌وره‌ی لا دروست کردبووم ، هه‌تا ئه‌هات پرسیاره‌کان زۆرتر ئه‌بوون و وه‌ڵامه‌کانیش له‌و ئاسته‌دا نه‌بوون که‌ وه‌ڵامی ڕازه‌کانم بده‌نه‌وه وبێده‌نگم بکه‌ن. کێ به‌رپرسیاره‌ له‌ دابه‌شکردنی کاروپیشه‌ له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌گه‌زی ژن و پیاو؟ کێ ده‌ستنیشانی کردووه‌ که‌ نابێ ژن ببێ به‌ شوفێرو پۆلیس  ودادوه‌ر و سه‌رۆک  و... هتد؟؟  من پێم وابووئه‌م دابه‌شکردنه‌ ته‌نها له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا باوه‌ وه‌ک یه‌کێ له‌ کۆمه‌ڵگه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات که‌ ژن ته‌نها له‌ چه‌ند بوارێکی کارکردندا ئه‌توانێ پارێزه‌ری عورفه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان بێ و سنووری ئه‌و هێڵه‌ سووره‌ نه‌به‌زێنێ که‌ یاساکانی خێڵ و عه‌شیره‌ت بۆیان کێشاوه‌ که‌ ئه‌ویش له‌سه‌ر بناغه‌ی یاساگه‌لێکی پیاوسالاری موتڵه‌ق داڕێژراوه‌، دیاره‌ ڕۆڵی مه‌زهه‌بیش به‌ده‌ر نابینم‌ له‌م داڕشتنه‌دا ‌ . ئه‌و کارو پیشانه‌ش که‌ له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ بۆ ژن قۆرخ کراوه‌ بۆ نموونه‌ کاری بواره‌کانی په‌روه‌رده‌و فێرکردنه‌ به‌ پله‌ی یه‌که‌م ، پاشان بواره‌کانی تر به‌ ناچاری په‌سه‌ند ئه‌کرێن وه‌ک فه‌رمانبه‌ری و بواری ته‌ندروستی ، دیاره‌ من لێره‌ مه‌به‌ستم که‌مده‌ستگرتنی هیچ کاروپیشه‌یه‌ک نییه‌ چونکه‌ هه‌موو کاروپیشه‌یه‌ک پیرۆزی خۆی هه‌یه‌ و که‌سی شیاوی خۆی هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی مه‌به‌ست لێره‌ خودی دابه‌شکردنی پیشه‌ و کاره‌کانه‌‌ له سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه‌‌ و نێرینه . گه‌ر کاره‌کانی بواری په‌روه‌رده‌ بۆ ژن کارێکی په‌سه‌ندتره له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ کاتێکی زۆرتری ئه‌بێ بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و کارانه‌ی کۆمه‌ڵگه‌ به‌ ئه‌رکی سه‌ر شانی ژنی داناوه‌وبۆی دیاری کردووه‌‌ له‌ به‌خێوکردنی مناڵ وچێشت لێنان و به‌ڕێوه‌بردنی ماڵ و...هتد ، بێگومان گه‌ر ژنی ماڵ ته‌نها کاری ماڵه‌وه‌ ئه‌کا (که‌ ئه‌ویش ئه‌رکێکی ئاسان نییه‌وله‌زۆربه‌ی ووڵاتانی جیهان ژنی ماڵ هیچ بیمه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌ )‌ ئه‌وا ژنێک که‌ کرێکار و فه‌رمانبه‌ربێ ئه‌رکی دووبه‌رابه‌ری ئه‌که‌وێته‌ سه‌ر شان واتا هه‌ردوو ڕۆڵه‌که‌ ئه‌بینێ  . به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا که‌ قه‌یرانی ئابووری هه‌موو دنیای گرتۆته‌وه‌ ژیانی ساده‌ترین خێزان به‌ داهاتی کاری یه‌ک ئه‌ندام هه‌ڵناسوورێ به‌ تایبه‌ت له‌ ناو چینی کرێکارو فه‌رمانبه‌ردا .   بێگومان ژنی کورد هه‌روه‌ک ژنانی هه‌مووجیهان له‌زۆربواری تردا کار ئه‌که‌ن بۆ دابینکردنی گوزه‌ران و ژیانێکی باشتر بۆ خێزانه‌کانیان هه‌ر له‌ کرێکاری کارخانه‌کان و نانه‌وایی و به‌رگدروویی هه‌تا  فه‌رمانگه‌کان و نه‌خۆشخانه‌کان وشوێنه‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان . ئه‌مرۆ خۆشبه‌ختانه‌ ژن له‌ کوردستاندا له‌ زۆر بواری تری کارکردندا چالاکانه‌ ڕۆڵی خۆی ئه‌بینی وه‌ک له‌ بنکه‌کانی پۆلیس و پۆلیسی هات و چۆ و رۆژنامه‌گه‌ری وکاری سیاسی  که‌ روویه‌کی مۆدێرن و گه‌شی داوه‌ به‌ کۆمه‌لگه‌که‌مان و ئومێدی داهاتوویه‌کی باشتری لێ ئه‌کرێ .

ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستمه‌ له‌م باسه‌دا ئاماژه‌ی پێبکه‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ سنووردارکردنی کاری ژنان ته‌نها له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری وڕۆژهه‌ڵاتیدا نییه‌ به‌ڵکو له‌ ووڵاتانی ڕۆژئاوای پێشکه‌وتوو و مۆدێرنیشدا هه‌ربه‌ هه‌مان شێوه‌ کار له‌سه‌ر بناغه‌ی ڕه‌گه‌زی مێینه‌ ونیرینه‌ دابه‌ش کراوه‌ .  له‌ دواڕاپۆرتی سه‌نته‌ری سه‌رژمێری وزانیاری سوید که‌ له‌ 29/8/ 2006  بڵاوکرایه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ 90% کاره‌کانی ‌ بواری په‌روه‌رده‌ و فێرکردن ، چاودێری مناڵان له‌ باخچه‌ی ساوایان و دایانگه‌ ، فه‌رمانگه‌کان ، نه‌خۆشخانه کان و بواری کاره‌ خزمه‌تگوزارییه‌کان ژن پێی هه‌ڵئه‌ستێ . له‌کاتێکدا 90% کاره‌کانی بواری شوفێری ماشێنی بارهه‌ڵگر و دارتاشی و بیناسازی و کارگه‌کانی به‌رهه‌م هێنانی ئامێری قورس پیاوان ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن .  له‌ هه‌ندێ بواری تریشدا 40% کاره‌کان هه‌ردوو ڕه‌گه‌ز به‌ هاوبه‌شی کار ئه‌که‌ن وه‌ک بازرگانی ، ڕۆژنامه‌گه‌ری و بواره‌کانی تری ڕاگه‌یاندن و بواری ته‌ندروستی .

له‌ ووڵاتی سویددا هه‌ر وه‌ک هه‌موو ووڵاتانی تری جیهان که‌ ژنان له‌ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی ڕابردوودا ده‌ستیان دایه‌ خه‌باتی فێمێنیستی بۆ به‌ده‌ستهێنانی ماف و ئازادییه‌کانیان ، دیاره‌ له‌ ژێر کاریگه‌ری فێمێنیسته‌کانی ئه‌مریکا و ئینگلته‌رادا بوون به‌ڵام خه‌باتی فێمێنیستی له‌ سویددا به‌رهه‌م وئه‌نجامێکی باشتری هه‌بوو به‌هۆی کاریگه‌ری چه‌ندین فاکته‌ری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری که‌ زه‌مینه‌یه‌کی له‌ بارو گونجاوی بۆ ریفۆرمی‌ بنچینه‌یی  ناو کۆمه‌ڵگه‌‌ ڕه‌خساند ،  بۆیه‌ش ئه‌مرۆ سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئاسته‌نگه‌ ئابووری و سیاسییه‌کان ژن لێره‌دا پێگه‌یه‌کی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێزتری هه‌یه‌ له‌ چاو زۆربه‌ی ووڵاتانی تری جیهان  و ڕێژه‌ی ژن له‌ شوێنی بڕیار و په‌رله‌ماندا به‌ڕاده‌یه‌کی سه‌رنج ڕاکێش به‌رزه‌ هه‌روا ئه‌و‌ پێگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ژن هه‌یه‌تی لێره‌دا‌ ده‌ستی واڵاتر ئه‌کا بۆ خۆپێگه‌یاندن و باشتر کردنی ژیانی وه‌ک تاکێکی سه‌ربه‌خۆوچالاکی ناو کۆمه‌ڵ . به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ئه‌زموونه‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌ و خه‌باته‌ دوورودرێژه‌دا‌ که‌چی لێره‌شداڕێژه‌ی ژنان هه‌رله‌ هه‌مان ئه‌و کارو پیشانه‌دا زۆرترن که‌ له‌ کوردستان وڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و زۆربه‌ی ووڵاتانی تری جیهاندا هه‌یه ‌و بۆڕه‌گه‌زی مێینه‌ ده‌ستنیشان کراوه‌ ، ئه‌ی لێره کێ به‌رپرسیاره‌؟؟ ‌ ژن خۆی یان سیستمی ژیان؟؟یان سیستمی سیاسی کۆمه‌ڵایه‌تی ناو کۆمه‌ڵگه‌؟؟ که‌واته‌ پرسیاره‌که‌م ئه‌مرۆو له‌ سویدیشدا هه‌ر بێ وه‌ڵام مایه‌وه‌ !!! .  

 

           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca