په‌یامی به‌یانییه‌کی پڕ ئه‌وین !

 سارا عومه‌ر
 دانمارک

Xozga86@hotmail.com

22/9/2006

که‌ سبه‌ینان له‌گه‌ڵ تروسکه‌ی شنه‌ی به‌یاندا

 به‌ره‌و لای خۆت ڕاپێچم ده‌که‌یت

که‌ ده‌ستم ده‌‌گریت به‌ره‌و سه‌رابێک

 له‌ هه‌ناسه له‌ دایک نه‌بووه‌کانت و

به‌ نیگایه‌کی پڕ له‌ زه‌رده‌خه‌نه‌وه‌

 ده‌ست له‌ ملم ده‌که‌یت

به‌ره‌و جێژوانێکی هه‌رگیز هه‌رگیز نه‌بینراو 

له‌گه‌ڵ جریوه‌ی بولبووله‌ به‌ تاسه‌کانی به‌یانیاندا کۆم ده‌که‌یته‌وه‌

له‌و کاته‌دا به‌یانیت پڕ ئه‌وین، سۆزه‌که‌م!

 

هه‌ناسه‌ نامۆکه‌ی من... خۆزگه به‌یانییه‌ک‌ تێده‌گه‌یشتیت

 که تۆ شاکارێکیت له‌ خه‌ون ‌

داستانێکیت له‌ به‌رائه‌ت

وه‌رزێکیت له‌ نێرگز

بیابانێکیت له‌ ته‌نهایی

پایزێکیت له‌ جودا بوون و

زستانێکیت له‌ کلوی سپی ڕۆحت!

 

به‌یانیان تۆ ده‌‌خۆمه‌وه‌ له‌باتی زوخاوی غه‌ریبی

به‌کۆمه‌ڵێک حه‌سره‌تی جێماوه‌وه‌

تۆ هه‌ڵده‌مژم

له‌بری هه‌ناسه‌ بۆنت پێوه‌ ده‌که‌م

له‌بری گوڵاو

شوشه‌ی سۆزم پڕ له‌ بۆنوبه‌رامی په‌مه‌یی تۆ ده‌که‌م

تا بۆ هه‌تا هه‌تایه‌

 بۆنی تۆ له‌سنگ و مه‌مکه‌کانم بێت

تێهه‌ڵکێشی خۆمت ده‌که‌م!

تا دوا ساته‌کانی ژیانم

به‌ پێنوسی ئاسمانی چرپه‌کانت کلی چاوم ده‌ده‌م

ڕه‌ش ڕه‌شیان ده‌که‌م له‌ وێنه‌ی خه‌ڵوز

 خۆ گه‌ر هاتو کوێریش بووم

 هه‌رگیز ده‌ستت  لێبه‌رناده‌م!

ده‌سته‌ خه‌یاڵییه‌که‌ت به‌ سه‌رو سیما حه‌زینه‌که‌مدا ده‌هێنم و

خۆم توڕ ده‌ده‌مه‌ سه‌ر باڵه‌ کۆترینه‌ خه‌یاڵییه‌کانت

تا منیش وه‌ک تۆ بفڕم ..

 له‌سه‌ر پشته‌ ڕه‌نگ گه‌نمییه‌که‌ت

 خه‌ونه‌کانم ئاوێزانی ئاسانی جوانیت ده‌که‌م

ڕاپێچمکه‌ به‌ره‌و ده‌ڤه‌رێک دوور له‌ مرۆڤ

دوور له‌ درۆ... دوور له‌ خیانه‌ت!

بمبه‌ به‌ره‌و کوچه‌یه‌ک له‌ کۆڵانه‌کانی دڵت

تکا ده‌که‌م به‌م ناوه‌خته‌ ئۆغر مه‌که‌

جارێ زۆر زووه‌ بۆ ڕۆشتن

جارێ فرێسکی یه‌که‌مت وشک نه‌بۆته‌وه‌

ته‌ماشابکه‌

نازدار... نازدار

 به‌ کوڵمه‌ ئاڵه‌کانتدا جۆگه‌له‌یه‌کیان لێداوه‌

له‌ ڕه‌نگی من

جارێ زۆر زوووووه‌.....

 

بڕوانه‌ له‌م خه‌ونه‌ سا‌رد و سڕه‌‌

وه‌خته‌ له‌ سه‌رمانا ببمه‌ ته‌رزه‌و

 به‌سه‌ر پێخه‌فه‌ زێڕینه‌که‌تتدا ببارێم

ببمه‌  کچه‌ ده‌روێش و

له‌ قاپییه‌کانی خودادا سه‌مات بۆ بکه‌م

پرچم به‌رده‌مه‌وه‌ و بڵێم

 وه‌ره‌و به‌ ئاره‌زووی خۆت بۆنی بکه‌

بۆنی تازه‌ حه‌مامی لێدێت

بۆنی ئه‌و شامپۆیه‌یی که‌ خۆت حه‌زت لێی بوو

دڵنیام دڵم ناشکێنیت

دڵنیام به‌ دڵشکاوی جێم ناهێڵیت ئه‌مجاره‌یان!

 

شێته‌ گیان.. بیرت چوو؛

تۆ تا شێت نه‌بویت نه‌هاتیته‌ خه‌ونم

منیش... تا تۆی مه‌جنوونم نه‌دی

 ماچه‌کانم نه‌کرده‌ بریسکه‌ی شه‌وانت!

په‌نجه‌ نه‌رمه‌کانم

 نه‌نایه‌ سه‌ر لێوه‌ شه‌ق بردووه‌کانت و

به‌ شه‌رمه‌وه‌ ...

به‌ سه‌یرکردنی چاوه‌ پڕ له‌ نازه‌کانت

 نه‌مده‌کردیته‌ فه‌رهه‌نگی ژیانم!

له‌دیوانی هه‌سته‌کانمدا

به‌فرمێسک و هه‌نسکی ساوایه‌تیم

به‌ڵێنم نه‌ ده‌دا

شنه‌بایه‌کبم تا هه‌ناسه‌بده‌م

حه‌یزه‌رانێک بم تا بڵندتر ببم

له‌  ئامێزی شه‌وه‌ ئه‌فسوناوییه‌کانتدا

لێوێک بم تا بمژیت

مه‌مکێک بم تا هه‌ڵم گڵۆفیت و

جه‌سته‌یه‌ک بم

له‌ چوار وه‌رزی عه‌شقتدا

سه‌وز بم

 به‌ وێنه‌ی سبه‌ینانی لووتکه‌ی به‌خته‌وه‌ریت!

 

 له‌گه‌ڵ تۆمه‌ ...ئاوریشمی ئه‌وینم ؛

دڵنیابه‌... له‌گه‌ڵ به‌خه‌به‌ر هاتنت سبه‌ینێ

بۆت ڕونده‌بێته‌وه‌

 ئه‌مه‌ ته‌نها خه‌ونێکه‌ .. ته‌نها خه‌وننننننن

 نزاده‌که‌م بیرت نه‌چێت

 په‌پووله‌که‌ت گشت به‌یانیان

 به‌ر له‌ هه‌موو كچانی شار پێت ده‌ڵێت

به‌یانیت پڕ موحیبه‌ت خونچه‌ سووره‌‌ی خۆزگه‌کانم

به‌یانیت ڕۆشن ئه‌ی تاڵ تاڵی پرچی خه‌ونه‌کانم

به‌یانیت پڕ له‌ مه‌ل و په‌پووله‌ی داستانی شیعر

به‌یانیت پڕ له‌ گوڵی ته‌مه‌ن

.....

 

 
           

 

02/09/2015

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca