ئه‌وه ده سه‌عاته لێره‌م، ده‌سه‌عاتی ره‌به‌ق. هه‌تا رۆژبوو
به‌رده‌وام ئاره‌قه‌م ده‌رئه‌دا، هه‌رکه تاریکی دادێ له
سه‌رماندا هه‌ڵئه‌له‌رزم. به‌ڵام هه‌رچۆنێک هه‌ست بکه‌م نابێ
بجوڵێم. ئه‌بێ خۆم وه‌کوو مردوو لێبکه‌م. ئه‌بێ نقه‌م لێوه
نه‌یه‌ت. نابێ که‌س هه‌ست به‌بوونم بکات لێره. بیرمکردوه‌وه
بنووم؛ به‌ڵام هه‌رزوو بۆم ده‌رکه‌وت، نا ئه‌وه بیرێکی باش
نیه. نووستن بێئاگام ئه‌کات، ره‌نگه بجولێم، ره‌نگه پرخه پرخه
بکه‌م. ده‌بێ مردوویه‌کی به‌ئاگابم، زۆر به‌ئاگا. چاوه‌کانم
زه‌ق که‌مه‌وه، گوێم بۆ هه‌موو چرپه‌یه‌ک هه‌ڵخه‌م. ده‌بێ
که‌س هه‌ست نه‌کات من لێره‌م، نه‌ک هه‌رئه‌وه، من خه‌می پۆلیس
و شۆفێره‌کانم نیه، ئه‌وه‌ی خه‌ممه سه‌گه سه‌گ. سه‌گ ئه‌توانێ
بۆنی هه‌ناسه‌م بکات، ئه‌وه‌نده به‌سه بۆ ئه‌و بێبه‌زه‌ییه بۆ
ئه‌وه‌ی هه‌ناسه‌ی من بێت به لوته سوره‌وه‌بوه‌که‌یا، ئه‌و
لووته‌ی که له لوتی خه‌ڵكی ئه‌سکه‌نده‌نافیا ئه‌چێ. هه‌ر
ئه‌وه‌نده بۆنێک هات به لوتیا ئیتر ده‌ست ئه‌کاته حه‌پین،
وه‌ڕین. سه‌گ به ئاسانی ئه‌توانێ بۆنی ئاره‌قه‌که‌شم بکاته‌وه،
به تایبه‌ت که بۆنی ئاره‌قه‌م هه‌تا بڵێی ناخۆشه. من له گه‌ڵ
سه‌گوه‌ردا په‌یوه‌ندیه‌کی سه‌یرم هه‌یه؛ هه‌ندێ جار حه‌زم
لێیه؛ چونکه نیشانه‌ی ئاوه‌دانیه، به‌تایبه‌تی له شه‌ودا،
زۆرجاریش لێی بێزارم، چونکه ئه‌یانه‌وێت په‌لامارم بده‌ن.
کاتێک که له سنووری ئێران په‌رینه‌وه قاچاخچیه‌که پێی ووتین
ئه‌گه‌ر بێتوو سه‌گی ره‌بایه‌کان بۆنمان بکه‌ن ئه‌وا ده‌ست
ئه‌که‌نه وه‌ڕین و ئیتر ئه‌وه به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی جه‌ندرمه‌کان
شه‌لم کوێرم هیچ نابوێرم بمانده‌نه به‌ر فیشه‌ک. جه‌ندرمه؛ ئای
چه‌ندێ حیکایه‌تی سه‌یروسه‌مه‌ره‌م هه‌یه له گه‌ڵیاندا، رۆژێک
هه‌موویتان بۆئه‌گێرمه‌وه.
به‌ڵام ئێستا من نابێ زۆریش بیرکه‌مه‌وه نابادا خه‌یاڵ بمباو
ئاگام له‌خۆم نه‌مێنێ. ئه‌گه‌ریش هاتوو ئاگام له‌خۆم نه‌ما
ئیتر ئه‌وه به‌سه بۆئه‌وه‌ی یه‌ک دوو جوڵه‌ی بێئاگابکه‌م و
که‌شف بم. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ لێره برۆم، له‌م به‌نده‌ره، ئه‌بێ
خۆم وه‌کو مردوو لێبکه‌م. من زۆر له‌وه باش ئاگادارم، که من
وه‌ک که‌سێکی زیندوو، وه‌ک مرۆڤێک، وه‌ک یه‌کێک له‌و
گه‌شتیارانه‌ی که جانتایی تا بڵێی گه‌وره و گرانیان
به‌کۆڵه‌وه‌یه، رێگه‌م پێنادرێ لێره برۆم. ته‌نانه‌ت له‌رووی
یاساییشه‌وه من بۆم نیه. به‌ڵام من ئه‌مه‌وێ برۆم؛ بۆیه ئه‌بێ
مرۆڤ بوونی خۆم بخه‌مه ئه‌ولاوه؛ ئێستا کاتێ ئه‌وه نیه، بیر
له‌خۆم بکه‌مه‌وه وه‌ک مرۆڤ. ره‌نگه له ژیانما هه‌رگیز کاتی
ئه‌وه‌نه‌یه‌ت. زۆر به ئاسانی من کوردم؛ کوردیش له سه‌ر
نه‌خشه‌ی جیهان بوونی نیه؛ بۆیه ده‌بێ منیش بوونم نه‌بێ.
ئه‌گه‌ر داوای بوونی خۆم بکه‌م ئه‌وا یاسا پێشێل ئه‌که‌م.
به‌ڵام له راستیا من ئه‌وه‌نده گوێ به یاساناده‌م. له
حه‌مورابیه‌وه تا ئێستا ته‌نانه‌ت یاساکانی خواش یاسای
مرۆڤانه‌نین. ده‌ڵێن مرۆڤ بوون به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی مافت هه‌بێت،
به‌ڵام له‌راستیا ئه‌وه له درۆیه‌ک زیاتر هیچی ترنیه، به‌لای
که‌مه‌وه بۆ من.
ئیڕه به‌نده‌رێکه له سه‌ر ده‌ریای سپی یان ده‌ریایی ناوه‌راست.
شارێکه له دامێنی شاخێکا. نیشته‌جێبوون له نێوان شاخ و
ده‌ریادا دڵگیره. ئه‌م شاره ناوی پاترایه؛ سێهه‌مین شاری
گه‌وره‌ی ئه‌م ووڵاته‌یه، ئه‌سینا و ثیوسالۆنیکی، شاری یه‌که‌م
و دووه‌من. له به‌شی رۆژهه‌ڵاتی ئه‌م ووڵاته که ناوی یونانه،
شارێکی تری وه‌ها هه‌بوو؛ شارێک ناوی که‌ڤاڵه بوو. زۆربه‌ی
ماڵه‌کان ره‌نگیان سپی بوو؛ سپی وه‌ک جلی بوکێنی، وه‌ک قازی
ده‌ریاچه‌ی حیکاته‌کانی مناڵی. من هه‌ر بۆ ساتێ که‌م پیا
تێپه‌ریم. له خه‌یاڵما ده‌ڵێی له ده‌قێکی شیعریه‌وه هاتوه‌ته
ده‌رێ. ئه‌و شاره له خه‌یاڵما له وێنه‌ی پۆستکارتێ ئه‌چێ، که
که‌سێکی خۆشه‌ویست له سه‌ر زه‌مینێکی دووره‌وه بۆی
ره‌وانه‌کردبی. من خۆم بۆ خۆم له خه‌یاڵما وێنه‌کان
کۆئه‌که‌مه‌وه چونکه من که‌سم نیه، نه له‌دوور نه له نزیک تا
پۆستکارتم به پۆستا بۆ بنێرێ. پێویست به بیرلێکردنه‌وه ناکات؛
بۆ ئه‌وه‌ی من که‌سێک نامه‌یه‌ک یان پۆستکارتێکم بۆ
ره‌وانه‌بکات ده‌بێ ناونیشانێکم هه‌بێ. ده‌بێ له‌م سه‌ر
زه‌مینه‌دا شوێنێکم هه‌بێ شوێنێکی جێگیر که تیایا بگوزه‌رێم.
ئه‌و شوێنه ده‌بێ ناوی هه‌بێ، ماڵ ژماره‌ی هه‌بێ، گه‌ره‌ک
ناوی هه‌بێ، له شارێک بێت، سه‌ر به‌ووڵاتێ که هه‌مووکه‌س دانی
پیانابێت و بزانێ له کۆێیه. به‌ڵام من شوێنی وه‌هام نیه، هیچ
هیوایه‌کیش له ئاسۆدا نیه رۆژێک دێ ببمه خاوه‌ن شوێنێکی وه‌ها.
من و نیشته‌جێ بوون؛ عه‌جه‌م واته‌نی کوجا مه‌رحه‌با. من له
زێدی خۆم هه‌ڵکه‌نرام؛ ئیتر برواناکه‌م جارێکی‌تر له هیچ کوێ
بگیرسێمه‌وه. ماڵ جێگایه‌که سه‌ر به رابووردوو. ره‌نگه
بۆئه‌وه‌ی دڵنه‌وایی خۆم بده‌مه‌وه؛ قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و به
بیرخۆم بێنمه‌وه، له توێ کتێبه‌کانا به دوای به هابه‌نه‌دا
بگه‌رێم. نیتچه فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانی؛ ئه‌و پیاوه‌ی سمێڵێکی
که‌ته‌و زللی هه‌بوو، وه‌ک ئه‌ندامانی هۆزی قه‌ڵغانی له
گه‌رمیان، بێشوێن و سه‌رگه‌ردان بوو. ئه‌و ئه‌ڵێ؛ ره‌نگه له
خۆشبه‌ختیم بێت که من خاوه‌ن ماڵ نیم. ره‌نگه رسته‌یه‌کی وه‌ها
باش بێت بۆ دڵنه‌وایی دانه‌وه به‌ڵام ده‌ردی بێماڵی ئه‌وه‌نده
سه‌خته دێر و دوو دێر له‌م و له‌وه‌وه ئه‌هوه‌نی به دڵا
ناهێنێ.
من له‌وه باش دڵنیام، هه‌رچه‌نده راستیه‌کی تاڵه به‌ڵام ئه‌بێ
رۆحمی له‌سه‌ر رابێنم، که من ئه‌گه‌ر هاتوو له خاڵێکی
تایبه‌تدا له‌م گۆی زه‌ویه‌دا نیشته‌جێبووم ئه‌وه مانای ئه‌وه
نیه من ئه‌و شوێنه ئه‌بێته ماڵم. ئه‌و شوێنه نابێته ماڵ بۆ من.
ماڵ شوێنێکی تایبه‌ته. تازه ماڵ خۆمان خۆش. ماڵ شوێنێکه سه‌ر
به رابووردوو. ئیتر من ئه‌بێ به ژیانی بێماڵی رابێم. ئه‌بێ
خۆم رابێنم که به‌بێ هیچ به‌ربه‌ستێک کراوه‌بم له‌م
دونیایه‌دا. راستیتان پێ‌بڵێم که به‌و شێوه بیری لێئه‌که‌مه‌وه
ئه‌وه‌ندێ شتێکی خراپ نیه. به‌ڵام هێشتا من له‌سه‌ره‌تادام
جارێ ئه‌بێ ئه‌م به‌نده‌ره به‌جێبێڵم. چونکه له‌م به‌نده‌ره و
له‌م ووڵاته‌دا هیچ تروسکاییه‌ک به‌دی ناکه‌م بۆئه‌وه‌ی نه‌ک
ماڵ ته‌نانه‌ت ببمه خاوه‌ن ژورێکی هێنده تابوتێک. ئه‌م
به‌نده‌ره هه‌روه‌ک شاره‌که ناوی پاترایه. سێ سه‌عات به قه‌تار
له ئه‌سیناوه دووره. من له گه‌ڵ فاتحه سورا در‌ه‌نگی شه‌و پاش
چاوه‌روانیه‌کی زۆر له ویستگه‌ی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌وه بۆ ئێره
به‌رێکه‌وتین. دانیشتن له کورسیه ئه‌ستورو نه‌رمه‌کانی
شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که تا ئه‌وپه‌ری خۆش بوو. رۆژانێکی زۆره من له
جێگایه‌کی نه‌رمدا رانه‌کشاوم. ره‌نگه نه‌رمی یه‌کێک بێت له
مافه بنه‌ره‌تیه‌کانی مرۆڤ. نازانم چونکه من تا ئێستا هه‌ستم
نه‌کردوه پێویستم به خوێندنه‌وه‌ی جارنامه‌ی مافی مرۆڤه.
به‌ڵام زۆر به پێویستی ئه‌زانم که به‌ندێکی له‌و جۆره‌ی
تیابێت. به‌ندێک تیا نووسرابێت: هه‌موو مرۆڤێک به‌بێ جیاوازی
ره‌نگ و ره‌گه‌ز مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه له شوێنی نه‌رمدا
پاڵکه‌وێت.
که گه‌شتینه ئێره هێشتا دونیا به‌ته‌واوی روناک نه‌بوبوه‌وه.
به‌ڵام دیمه‌نی ژێر روناکی گڵۆپه خه‌واڵوه‌کان به‌س بوو
بۆئه‌وه‌ی پێت بڵێ ئێره جێگایه دڵگیره. ده‌ڵێن سێ هه‌زارساڵه
ئه‌م شاره به قه‌راخ ئه‌م ده‌ریایه‌وه‌یه. ئێره له مێژوودا
سه‌رزه‌مینی گه‌لێک جه‌نگ و شارستانیه‌ت و کاروانسه‌رای
جه‌نگاوه‌ر و پادشا و سه‌رکرده‌کان بووه. ئیڕه سه‌ر به به‌شێکه
له خاکی یونان که به پینۆپیل ناسراوه. ره‌نگه شه‌ری
پینۆپیله‌یسیه‌کان له سه‌ر ئه‌م خاکه
روویدابێت.
بۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که ئیره دوا ویستگه‌بوو؛ من و فاتیحه سور
خیرا دابه‌زین. که ویستگه‌که‌مان جێهێشت ئه‌مانزانی له‌لای
چه‌په‌وه پارکێک هه‌یه له‌وێدا له ژێر ئاسمانێکی پر له
ئه‌ستێره‌دا کورده‌کان شه‌وه‌کانیان به‌سه‌ر ئه‌به‌ن. ئێره
هه‌رچه‌نده جوان و دڵگیربێت من ئه‌وه‌نده هه‌ستی پێناکه‌م،
هێنده چێژی لێنابینم چونکه له راستیا من توانای هه‌ستکردن به
جوانیم له ده‌ستداوه. من له‌م سه‌فه‌ره‌دانیم بۆئه‌وه‌ی
جوانیه‌کان ببینم. من هه‌ر چاوم له که‌شتیه‌کانه که له
ده‌ریادا با ئاڵاکانیان ئه‌شه‌کێنێته‌وه و به له سه‌رخۆ
به‌ره‌و ئه‌وبه‌ر له‌نگه‌ر ئه‌ده‌ن. من هه‌مووجارێ که له سه‌ر
کورسیه ئاسنینه‌کانی به‌نده‌ره‌که دائه‌نیشتم بیرم
له‌وه‌ئه‌کرده‌وه که‌ی که‌شتیه بمبا بۆ ئه‌وبه‌ر. هه‌رچه‌نده
ئه‌وه‌نه‌بێ ئه‌و ئاره‌زوه‌م نه‌هاتبێته دی، من تا ئێستا پێنج
جار په‌ریمه‌ته‌وه. پێنج سه‌فه‌ری دووروو درێژ به ده‌ریادا.
پێنج رۆشتن و پێنج هاتنه‌وه. من ده‌مه‌وێ رۆشتنێک بێت بێ
هاتنه‌وه. له‌م سه‌فه‌ره‌دا من توانای ئه‌وه‌م نیه رووم
به‌ره‌و رۆژهه‌ڵات وه‌رگێرم. من رووم له رۆژئاوایه و پشتم له
رۆژهه‌ڵات. به‌شی زۆری سه‌فه‌ره‌کان به ده‌ریای
ئه‌دریاتیکدابوو. هه‌ر جاره‌ی بۆ به‌نده‌رێکی جیاواز. جارێک
بۆ باری له باشور، جارێک بۆ به‌ندرێ سه‌ربازی له ئه‌نگۆنا نزیک
ڤینیسیا له باکور، جاره‌کانی تر ناوی جێگاکانم له یادنه‌ماوه.
ئه‌دریاتیک ده‌ریایه‌که باریک هه‌تا ناودڵی کیشوه‌ری ئه‌وروپا
درێژئه‌بێته‌وه. ئه‌م جاره دیسانه‌وه وا مه‌زه‌نه ئه‌کرێ که
بچێ بۆ باری. سه‌فه‌ری باری باشتره. سه‌فه‌رێکی کورتتره.
جاره‌کانی پێشوو هه‌مووجارێ من سه‌رێکم له مردن دا. تا
قه‌راخه‌که‌ی رۆشتم و گه‌رامه‌وه. هه‌رچه‌نده ئه‌م سه‌فه‌ره
سه‌رتاپا گه‌شته به قه‌راخی مردنا. کاتێک له سه‌ر پشت به‌بێ
جووڵه له جێگایه‌کی تاریک و ته‌نگدا پاڵئه‌که‌وی، هه‌ر کوتومت
له گۆر ئه‌چێ. له‌وێدا ده‌رونت پرئه‌بێ، هه‌ندێ جار به باشی
هه‌ناسه‌ت بۆ نادرێت، وا هه‌ست ئه‌که‌ی هه‌ر ئێستا نا ساتێکی
تر، رۆحت له لووته‌وه ده‌رئه‌چێ و ئیتر ئه‌بێته لاشه‌یه‌کی
سارد و سرو بێ گیان. هه‌ستکردن به‌مردن بگره خودی مردن خۆی
ساته‌وه‌ختێکه ئه‌وپه‌ری دڵته‌نگ. ئه‌وه‌نده هه‌ستێکی به‌هێزه،
له هه‌ستکردنت ئه‌خات. لاشه‌ت خاوئه‌بێته‌وه و واهه‌ست
ئه‌که‌ی ئه‌حه‌سێیته‌وه. هه‌ندێ جار زه‌رده‌خه‌نه‌یه ساردیش
ئه‌که‌وێته سه‌رلێوت. ئه‌گه‌ر تۆزێک توانات تیامابێ بۆ
بیرکرنه‌وه ئه‌وا وه‌ها به‌باش ئه‌زانی
بیرنه‌که‌یته‌وه.
ته‌سلیم بوون به مردن له ره‌حه‌ت بوون ئه‌چێ؛ ره‌حه‌تبوونی
پاش پێکه‌وه‌بوون، به تایبه‌ت له گه‌ڵ که‌سێکی عاشقا. وه‌ک
ئه‌وه‌ی بیستبێتم. من هه‌ندێ جار که له پشت لۆریه‌کی
داخراوه‌وه خه‌ریک بووه هه‌ناسه‌م لێببرێ و بخنکێم، دڵم به خۆم
ئه‌سوتا. به خۆم ئه‌ڵێم کاتی ئه‌وه نه‌هاتوه بمرم. ئێره جێگای
ئه‌وه نیه بمرم. لێتان نه‌شارمه‌وه ئه‌و ساته‌وه‌ختانه که
خه‌ریکه ئه‌مرم په‌شیمانم له‌وه‌ی که له ئه‌سینا نه رۆشتم بۆ
گڵۆپ. نه رۆشتم بۆئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئافره‌تێکا بنووم. ئه‌گه‌ر
بێتوو بمرم وله باوه‌شی ئافره‌تیكا نه‌بوبم هه‌ست ئه‌که‌م
تاوانه. تاوانه بمرم و نه‌زانم ئه‌م بوونه‌وه‌ره جوان و ئیسک
سوک و دڵگیره تا چه‌ندێک توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه خۆشی به‌م
لاشه خۆشی نه‌دیوه‌م ببه‌خشێ. به‌ڵام هه‌رکه ئه‌گه‌مه‌وه
به‌نده‌ره‌که په‌شیمان نیم. چونکه هه‌رزوو خه‌یاڵه
رۆمانتیکیه‌کان به‌سه‌رما زاڵ ئه‌بنه‌وه. من حه‌زئه‌که‌م پێش
ئه‌وه‌ی لاشه‌م بده‌مه که‌سێک دڵمی بده‌مێ. به‌ڵام باش باشێ
ئه‌زانم ئه‌مه دێرێکی تا بڵێی خه‌مناکه. ره‌نگه له ژیانا
هه‌رگیز بواری ئه‌وه‌م بۆ نه‌ره‌خسێ دڵم بده‌مه که‌سێک، ئه‌م
دێره له شیعرێکی سلڤیا پلاسه‌وه فێربووم. ئه‌و ژنه رۆح سوکه
خه‌مناکه که دڵته‌نگانه خۆی کوشت.
من نازانم ئه‌م لۆریه که‌ی ئه‌که‌وێته جووڵه. به‌ڵام تازه من
ئه‌بێ چاوه‌رێکه‌م. من زۆرجاری تر چاوه‌رێم کردوه، به جۆرێک
خه‌ریکه رادێم به چاوه‌روانی. ئه‌م ساته‌و‌ختی بێده‌نگی و
ته‌نهاییه فێری زۆر شتیکردم. شتی جواروجۆر و جیاواز. بۆ نموونه
له میانه‌ی ئه‌م چاوه‌روانیه‌دا فێری زه‌یتون خواردن بووم.
زه‌یتون میوه‌یه‌کی تا بڵێی به تامه، چ ره‌ش چ سه‌وز. له‌م
ساته‌و‌ختانه‌دا رووبه‌رووی خۆم بوومه‌وه؛ بۆم ده‌رکه‌وت که
من هه‌رگیز بیرم له‌خۆم نه‌کردوه‌ته‌وه، به‌راستی من نازانم
خۆم کێم. بۆم ده‌رکه‌وت که بۆئه‌وه‌ی ئه‌م سه‌فه‌ره بگه‌ینمه
جێگایه، ده‌بێ بزانم خۆم کێم، ده‌بێ دڵنیابم له‌ئه‌وه‌ی من چۆن
چۆنیم. رووبه‌رووبونه‌وه‌یه‌کی سه‌خته. هه‌روه‌ها زۆرم بیر
له‌دایکم کرده‌وه. دایک و غه‌ریبی پێکه‌وه گرێ‌دراو تێکه‌ڵاون.
کاتێک له‌م سه‌فه‌ره‌دا له هه‌مووشتێک رووتئه‌بیته‌وه دونیا
به‌و په‌ری بێبه‌زه‌ییانه دێته به‌رده‌مت و رووبه‌رووت
ئه‌بێته‌وه وا هه‌ست ئه‌که‌ی ده‌ستی دێوێک له بینه‌قاقاتایه.
ئا له‌و ساته‌وه‌ختانه‌دا پێویستت به که‌سێکه باوه‌شت بۆ
بکاته‌وه، پێویستت به که‌سێکه خۆشه‌ویستیه‌کی بێپانی هه‌بێ
بۆت، ئا له‌و ساته‌وه‌خته‌دا جگه له‌دایکت هیچ که‌سێکی تر شک
نابه‌ی. بۆیه دایک و سه‌فه‌ر هه‌رده‌م
پێکه‌وه‌ن.
هه‌ر ئاماده‌یی دایکه ناهێڵێ بمریت. ناهێڵێ خه‌یاڵی شێتانه و
بێزاری ده‌ستت له ژیان پێبه‌ردا. له ئه‌نگۆنا؛ له شه‌وێکی پڕ
تاریک و باوبۆراندا، دوای سی و پێنج سه‌عات سه‌فه‌ر نه‌متوانی
پێبنێمه سه‌ر خاکی ئیتالیا. که له لۆریه‌که ده‌ریانهێنام له
ژورێکی بچکۆله‌دا به‌ندیانکردم. به‌ندیانکردم تا که‌شتیه‌که
به‌ره‌و یونان که‌وته‌وه رێ. که ده‌رگایان لێکردمه‌وه به‌بێ
وه‌ستان تا نهۆمی سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی که‌شتیه‌که رۆشتم. ده‌ریا
له ژێر تاریکیه‌کی وه‌ک شه‌و‌ی یه‌ڵدادا شێتانه شه‌پۆلی ئه‌دا.
دڵته‌نگ بووم بیرم له‌وه‌ئه‌کرده‌وه خۆم هه‌ڵده‌مه ده‌ریاوه.
بیرکردنه‌وه‌ک که ته‌زویه‌کی به له‌شما هێنا. بیرمکرده‌وه
ئه‌گه‌ر بمرم، دایکم هه‌رگیز لاشه‌که‌م نابینێته‌وه. چاوه
شینه‌کانی کوێرده‌بن، هه‌تا مردن جلی ره‌ش له‌خۆی
ناکاته‌وه.
سه‌فه‌ری گه‌رانه‌وه بۆ یونان، خه‌مناکه. له سه‌رفه‌ری
سه‌ربازێکی بروادار ئه‌چی که له شه‌رێکی دۆراو گه‌رابێته‌وه.
به‌ڵام گه‌رانه‌وه؛ هه‌رده‌م گه‌رانه‌وه‌یه بۆ
ده‌ستپێکردنه‌وه‌یه‌کی تر. ئه‌وه‌ی دڵته‌نگه گه‌رانه‌وه‌کان
وه‌ک یاری مار و په‌یژه هه‌رده‌م ده‌تباته‌وه بۆ خاڵی
سه‌ره‌تا. به‌ڵام هه‌موو گه‌رانه‌وه‌یه‌ک وانه‌ی خۆی هه‌یه،
حیکایه‌تی خۆی هه‌یه. تاموچێژی خۆی هه‌یه. هۆمه‌ر له ئۆدیسه‌دا
ئه‌ڵێ؛ شاری زۆری بینی و به مێشکی زۆر خه‌ڵك ئاشنابوو. ئازاری
زۆری چێشت، دڵی ره‌نجا له ده‌ریایی کراوه‌دا. ئه‌م سه‌فه‌ره
بۆخۆی ئۆدیسه‌یه‌کی تره.
له گه‌رانه‌وه‌دا، که که‌شتیه‌که ده‌گاته نێودڵی ده‌ریا، ئیتر
منیان ئازادئه‌کرد. یه‌که‌م شت له ئازادبوونما ئه‌مکرد،
ئه‌گه‌رام بۆخۆشتن. بۆ پاکبوونه‌وه. پاشان بۆ نانخواردن. پاشان
ئه‌گه‌ر رۆژبوایه له سه‌رکورسیه‌ک دائه‌نیشتم له ده‌ریام
ئه‌روانی. روانین له ده‌ریا، به تایبه‌ت ئه‌وکاتانه‌ی که له
هیچ لایه‌که‌وه وشکانی به‌دیناکرێ دڵته‌نگه. له
ساته‌وه‌ختێکا که مرۆڤ رووبه‌رووی هێزێک ده‌بێته‌وه که له
خۆی زۆر تۆکمه‌تره، ئه‌وه ساته‌وه‌ختێکه که تیایا هه‌ست به
بچوکی و لاوازی ئه‌کات. ساته‌وه‌ختێکه که ترس و دڵته‌نگی باڵت
به‌سه‌رائه‌کێشێ. به‌شه‌و له هۆڵی سینه‌ماکه‌دا له
سه‌رکورسیه‌کان ده‌نووستم.
یه‌کێک له‌و بابه‌تانه‌ی له‌وه‌ته‌ی گه‌شتوومه‌ته ئه‌م
به‌نده‌ره خه‌یاڵم جێناهێڵی، نوسینی ده‌رگا و دیواری
ئاوده‌ستخانه‌کانی به‌نده‌ره‌که‌یه. که بۆ یه‌که‌مجار
به‌یانیه‌کان بۆئه‌وێ رۆشتم حه‌په‌سام. خوێندنه‌وه‌یان وه‌ک
بریندارکردنی دڵ وابوو به گوێزان. کورده‌کان له گه‌ڵ خۆیاندا
دروشمه‌کانی شه‌ری ناوخۆیان هێناوه، لێره له سه‌ر ده‌رگاو
دیواری ئه‌م ئاوده‌ستخانه‌یه له کاتی گووکردندا ئه‌ینوسنه‌وه.
بۆ من مایه‌ی شه‌رم بوو له‌م به‌نده‌ره خه‌مبارو دڵته‌نگه،
له‌م مه‌نفایه، وه‌ها ئاور له ووڵاتبده‌یته‌وه که هێشتا
ئاره‌زووی کوشتنی هاوره‌گه‌زه‌که‌ت، هاوزمانه‌که‌ت،
هاوماڵه‌که‌ت، هاودینه‌که‌ت هه‌بێ. له مێژووی هه‌موو گه‌لاندا
شه‌ری ناوخۆ له هه‌موو شه‌رێکی تر خوێناوی بووه. وه‌ک کورد
ده‌ڵێ حیز به خالی خۆی فێره. که ئه‌یانبینی پێکه‌وه
دائه‌نیشن، به نزیک یه‌که‌وه له ژێر ئاسمانێ روتا،
د‌ه‌مانچه‌ییانه ئه‌نوون، گرانه به‌لاته‌وه بیرکه‌یته‌وه، که
ئه‌گه‌ر ئێستا له کلاوقاسم بوونایه یان له که‌پکی حه‌مه‌دئاغا،
ته‌نها ئاره‌زویان ئه‌وه‌بوو یه‌کتری خه‌ڵتانی خوێن که‌ن، بن
به‌رد و شێوو و دۆڵه‌کان له لاشه‌ی یه‌کتری پڕکه‌ن. پاشان
برۆنه‌وه بۆ بنکه و باره‌گاکانیان هه‌تا گوێ له رادیوکانیان
بگرن، چۆن چیرۆکی سه‌رکه‌وتنیان بۆ ئه‌هۆنێته‌وه. کورد
بروایه‌کی کوێرانه‌و ئاینیانه‌ی به رادیو هه‌یه. ئه‌وه‌نده
به‌سه بڵێی رادیو وه‌های ووت بۆ ئه‌وه‌ی راستی و دروستی
قسه‌یه‌ک بسه‌لمێنی.
گوێم له ترپه‌ی پێیه‌که له نزیکه‌وه دێت. پیاوێک به له سه‌رخۆ
و بێده‌نگانه هه‌نگاو ئه‌نێت. به هه‌نگاوه‌کانیا، به ترپه‌ی
پێیدا له‌وه‌ئه‌چێ قه‌ڵه‌و و به ته‌مه‌ن بێت. حه‌زم ئه‌کرد له
شوێنێکه‌وه روومه‌تیم بدیایه. شوێنێکی بچکۆله. هه‌ر هێنده‌ێ
کونی ده‌رزیه‌ک به‌سه. ره‌نگه ماڵ و مناڵی هه‌بێ، ره‌نگه وه‌ک
من ره‌به‌ن بێت، به‌ڵام ره‌به‌نیه‌که‌ی ئه‌و وه‌ک من نیه. ئه‌و
شۆفێری لۆریه؛ وه‌ک هه‌موو شۆفێرێکی تر به ئافره‌ت و شه‌راب
ئاشنایه، نه‌ک هه‌ر ئاشنا به‌ڵكو ئه‌وانه دۆستێکی نزیکی ئه‌ون.
کێشه نیه ئه‌و هه‌ر کێیه یان هه‌رچۆنێکه، ئه‌وه‌ی من ئه‌مه‌وێ؛
یه‌ک نه‌مدۆزێته‌وه دوو به سه‌لامه‌تی بمگه‌یه‌نێته سه‌رخاکی
ئیتالیا، ئیتر له‌وێ خۆم سه‌فه‌ره‌که‌ی خۆم به‌م کیشوه‌ره
سارد‌ه‌دا ده‌ستپێئه‌که‌م. پیاوه‌که به ده‌وری لۆریه‌که‌یا
خولایه‌وه، ئه‌وا سه‌رکه‌وت، ئێستا نا ساتێکی تر ئه‌که‌وێته
رێ.
|