دادگای
باڵای تاوانی ئێراقی، دادگایه‌کی ئێراقی و عاره‌بییه و دۆزی
کاره‌ساتی ئه‌نفالی خراوه‌ته به‌رده‌ست. به‌مجۆره ئه‌و
گه‌لکوژییه‌ی که خه‌ڵکی سه‌ربه نه‌ته‌وه‌ی چه‌وسێنه‌ری
عاره‌ب دژی گه‌لی کوردی ژێرده‌ست ئه‌نجامیان دا، ئێستا
خراوه‌ته ده‌ست ویژدانی خه‌ڵکی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی
باڵاده‌ستی عاره‌ب خۆیان. به‌کورتی عاره‌ب پاکتاو و گه‌لکوژیان
کردین و ئێستاش هه‌ر خۆیان دادوه‌رمانن. جگه له‌و
ناڕه‌وایه‌تیه زۆر گه‌وره‌یه که به‌رامبه‌ر به گه‌لی کورد
کراوه، که‌موکوڕیه هه‌مه‌جۆره‌کانی دادگاکه درێژه‌یان
هه‌یه. له‌و وتاره‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م سه‌رنج بخه‌مه‌سه‌ر کورد
و دادگاگه، بێئاگایی شاره‌زایان له لایه‌نێکی گرنگی
پرۆسه‌که، هه‌روه‌ها کێشه و که‌موکوڕیه‌کانی دادگاکه.
له 19ی سێپته‌مبه‌ردا دادوه‌ری عاره‌ب عه‌بدوڵڵا عامری
له‌سه‌ر لایه‌نگیری بۆ سه‌دامی دیکتاتۆر لادرا، ئه‌وه‌ش
سکه‌نداڵێکی دیکه‌ی ئاشکرایه بۆ قورسایی و سه‌نگی ئه‌و دادگا
ئێراقیه لاواز و پڕکێشه‌یه. دیاره ئه‌وه چاره‌ی ده‌ردی
گه‌لی کورد ناکات، به‌داخه‌وه. چونکه ناتوانرێ بێلایه‌نی
عاره‌ب و ئێراق بسه‌ڵمێندرێت. ته‌نها دادگایه‌کی
نێونه‌ته‌وه‌یی بێلایه‌نی دوور له‌ده‌ستی ئێراق و عاره‌ب
ده‌کرا بۆ کاره‌ساته‌کانی گه‌لکوژی ئه‌نفال، پاکتاو و
به‌عاره‌بکردن ڕه‌وابێت.
سه‌ره‌تا خه‌ڵکی ئاسایی به‌گشتی هێنده گله‌یی له پرۆسه‌ی
دادگاییه‌که نه‌بوو، خه‌ڵک به دادگایی‌کردنی سه‌دام و
تاوانباران ئه‌گه‌ر له دادگایه‌کی ئێراقی و عه‌ره‌بیشدا بێت،
دڵخۆش بوون. دیاره ئێستا خه‌ریکه هه‌ست به‌که‌موکوڕیه‌کانی
هه‌ندێ لایه‌نی دادگاکه ده‌که‌ن و ورده ورده گله‌یی
ده‌که‌ن. پشتگیری خه‌ڵک بۆ پرۆسه‌ی دادگاییه‌که ساده و
سروشتیانه‌یه، دیاره ئه‌گه‌ر دادگاییه‌که نێونه‌ته‌وه‌ییش
بایه، چاوه‌ڕوانی کاردانه‌وه‌یه‌کی له‌و شێوه‌یه له خه‌ڵک
ده‌کرا. خه‌ڵک به‌گشتی زانیاری سه‌باره‌ت به دادگا و واتاکانی
جۆری دادگا یا زۆر که‌مه یا هه‌ر نییه. هه‌روه‌ها
تاوانبارکردنی سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی به گه‌لکوژی یا تاوان
دژ به مرۆڤایه‌تی لای ئه‌وان جیاوازیه‌کی ئه‌وتۆی نییه،
له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌وان شتێکی ئه‌وتۆ له‌مباره‌یه‌وه نازانن.
لای خه‌ڵک گرنگه سه‌دام و تاوانباران له ته‌لبه‌ندی دادگا
به نابووتی ببینن و پاشان به سزای ڕه‌وای خۆیان بگه‌ن.
ئه‌گه‌ر سه‌دام و تاوانباران به‌بێ دادگاش هه‌رزوو گولله‌باران
کرابان، به‌ئه‌گه‌ری زۆر زۆرینه‌ی ڕه‌های خه‌ڵک پێی دڵخۆش
ده‌بوون. لای خه‌ڵک گرنگه ئه‌وانه سزا بدرێن، ئه‌وه‌ش
ئاواتێکی زۆر ڕه‌وایه. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی خه‌ڵک، به‌رامبه‌ر
به دیکتاتۆران و گه‌لکوژان، کاردانه‌وه‌یه‌کی ساده‌ی
سروشتیانه‌یه.
دیاره ئه‌گه‌ر ڕوونکردنه‌وه‌ی پێویست له‌سه‌ر گرنگی گه‌لکوژی
ئه‌نفال و گه‌وره‌یی و واتای ئه‌و کاره‌ساته به‌رامبه‌ر به
ناسیۆنی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌کی خاک داگیرکراوی خاوه‌ن مافی
سه‌ربه‌خۆیی بدرابایه خه‌ڵک، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر خه‌ڵک له
هه‌ڵوێستی گه‌لانی دیکه‌ی گه‌لکوژکراو به‌رامبه‌ر به
نه‌ته‌وه‌ی گه‌لکوژکه‌ر ئاگادار کرابانه‌وه، ئه‌گه‌ر خه‌ڵک
له نرخ و به‌های نه‌ته‌وایه‌تی و سه‌روه‌ری خۆیان هوشیار
بکرابانه‌وه، ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به پرسه چاره‌نوسسازه‌کان
ئازاد بان، ئه‌وه بێگومان ئێستا خه‌ڵک بوونی دادگایه‌کی
عاره‌بی و ئێراقی په‌سند نه‌ده‌کرد. بێگومان گه‌لی کورد وه‌کو
گه‌لانی جوو و ئه‌رمه‌ن یا هه‌ر گه‌لێکی دیکه‌ی خاوه‌ن
که‌سایه‌تی له نرخی خۆی ده‌گه‌یشت و نرخی خۆی که‌م
نه‌ده‌کرده‌وه، به‌ڵام دیاره خه‌ڵک و پێداویستیه‌کان
به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گیراون، له‌و پرۆسه‌یه بێ‌ئاگان و پرسیان
پێنه‌کراوه و گوێیان لێنه‌گیراوه.
زۆرینه‌ی ڕه‌های خه‌ڵکی کوردستان وه‌کو دانیشتوانی
کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی جیهانی سێیه‌م له زۆر بوار و لایه‌ندا
شاره‌زاییان زۆر که‌مه یا هه‌ر نییه، زانین و زانیاریه
گشتیه‌کانیان زۆر که‌م و هه‌ژارن، لێکدانه‌وه و که‌لتوری
نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ری باڵاده‌ست به‌سه‌ریاندا زاڵه،
کۆنه‌په‌رستی و ئایینپارێزی توانای لێکدانه‌وه‌ی گرێداون و
سه‌دان سنوری بۆداناون، خاوه‌نی که‌سایه‌تیه‌کی گونجاوی
سه‌ربه‌خۆ نیین، که‌وتوونه‌ته ژێر کاریگه‌ری به‌رژه‌وه‌ندی
ته‌سکی پارت و خێل و تووشی پارچه‌یی کراون. بۆیه ناکرێ
هه‌روا ئاسان چاوه‌ڕوانی هه‌ڵوێستی گونجاو و ژیرانه بکه‌ین
له کاتێکدا گه‌ل گرفتار و گیرۆده‌ی ئه‌و کێشانه و زۆری دیکه
بووه.
به‌ڵام کاتێ ئێ‌لیتی ده‌سه‌ڵاتدار و ڕامیار‌کاران ساویلکه بن و
تێنه‌گه‌ن یا کێشه‌ی هه‌ژاری زانینیان هه‌بێت، یا که‌وتبنه
ژێر کاریگه‌ری کۆنه‌په‌رستی و ئایینپارێزی، یا که‌وتبنه ژێر
کاریگه‌ری ڕه‌وتی به‌رزه‌فڕی، یا که‌وتبنه ژێرکاریگه‌ری
به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی تایبه‌ت و ناڕاشیونالانه و به‌جۆرێ
له‌پێناویدا سڵ له کاری چه‌وت و خراپ نه‌که‌نه‌وه هتد. ئه‌وه
کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه، که بێگومان دواجار گه‌ل باجه‌که‌ی
ده‌دات. بوونی دادگایه‌کی ئێراقی و عاره‌بی بۆ گه‌لکوژی و
پاکتاوی گه‌لی کورد ته‌نها نمونه‌یه‌که.
دادگای تایبه‌تی ئێراقی یا دادگای باڵای تاوانه‌کان، هه‌ر
له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنیه‌وه ڕه‌خنه‌ی زۆری له لایه‌نی توانا،
ڕه‌وایه‌تی یاسایی، نه‌بوونی ئه‌زموون و نه‌بوونی بێلایه‌نی
لێگیراوه. دیاره زۆربه‌ی ئه‌و ڕه‌خنانه‌ی شاره‌زایانی جیهان
له ڕوانگه‌ی یاساییه‌وه یا له‌ڕوانگه‌ی ستانداردی یاسایی
نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه بووه. به‌داخه‌وه شاره‌زایان زۆر
سه‌رنجیان نه‌داوه‌ته ئه‌وه‌ی، داخوا ئه‌و دادگا ئێراقییه
که عاره‌ب زاڵن به‌سه‌ریدا چه‌نده بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی
ژێرده‌سته‌ی گینۆسایدکراوی وه‌کو کورد ڕه‌وایه. هۆکارێکی
گرنگ له‌و هۆکارانه‌ی وایکردووه، ئه‌وان زۆر خۆیان له‌و
لایه‌نه نه‌ده‌ن، هه‌ڵوێستی ده‌سه‌ڵاتی کوردی بووه.
ده‌سه‌ڵاتی کوردی بێئه‌وه‌ی تێگه‌یشتنی ته‌واوی بۆ ئه‌و
بابه‌ته گرنگه هه‌بێت، هه‌میشه پشتگیریه‌کی دڵسۆزانه و
بێگله‌یی خۆی بۆ ئه‌و دادگا ئێراقیه پیشان داوه. دیاره
ئه‌وان له‌پێناو پرۆسه‌یه‌کی ڕامیاریدا که له‌چوارچێوه‌یدا
به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان له‌به‌رچاو ده‌گیرا، گرنگیان به‌و
دادگایه نه‌دا، یا هه‌ر تێینه‌گه‌یشتن و هه‌ستیان به گرنگیی
نه‌کرد، ده‌ست له‌سه‌ر سینگ بۆ هه‌نگاوه‌کانی ئه‌مه‌ریکا
وه‌ستان. ئه‌وه هه‌وڵێکی دیکه‌ی به‌رزکردنه‌وه‌ی بانگاشه‌ی
برایه‌تی و یه‌کسانی گه‌لانی ئێراق به‌سه‌ر فاکته‌ر و ڕاستیه
مێژوویه‌کاندا بوو. ئه‌و هه‌نگاوه ڕه‌نگاوی و ڕامیاریه
سه‌ری له‌گه‌ڵێ شاره‌زای جیهانی شێواند یا وایکرد ئه‌و
شاره‌زایانه خۆیان به ئه‌گه‌ری بوونی کێشه‌ی مافی کوردان له
دادگایه‌کی عاره‌بی و ئێراقیدا هێنده خه‌ریک نه‌که‌ن.
هه‌رچۆنی بێت، ئه‌وان له لایه‌نێکی گرنگی پرۆسه‌یه‌کی ئه‌وها
هه‌ستیاردا وریا نه‌بوون یا ده‌کرێ بگوترێ به‌لاڕیدا بردران.
دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌گه‌ڵ ڕۆیشتنی کاتدا و له‌گه‌ڵ
زیادبوونی دانیشتنه‌کاندا، کێشه‌کانی زیاتر و زیاتر
ده‌که‌ونه‌ڕوو، ناڕه‌وایه‌تیه‌کانی به‌رامبه‌ر به نه‌ته‌وه‌ی
قوربانی کورد زیاتر ده‌که‌ونه‌ڕوو، به‌شێوه‌یه‌ک که سنوری
دادپه‌روه‌ری و یاسایی دادگا ده‌به‌زێندرێت و دادگاکه ناوه
ناوه سکه‌نداڵ تۆمار ده‌کات. له‌هه‌مان کاتدا ده‌سه‌ڵاتی
کوردی خۆیشی به‌شداری به‌رده‌وامی چه‌وتیه‌کان و
ناڕه‌وایه‌تیه‌کان ده‌کات. ده‌سه‌ڵاتی کوردی جگه‌له‌وه‌ی
کاره‌ساتی گه‌لی کوردی داوه‌ته ده‌ست نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ستی
دوێنێ گینۆسایدکه‌ر، دووپاتی به‌رزڕاگرتنی به‌رژه‌وه‌ندی پارت
به‌سه‌ر گه‌ل و به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌ل ده‌کاته‌وه. بۆیه
لێره‌دا کێشه‌ی گه‌لی کوردی قوربانی ته‌نها ئه‌وه نییه
چاره‌نوسی کاره‌ساته‌کانی دراوه‌ته ده‌ست نه‌ته‌وه‌ی
چه‌وسێنه‌ری عاره‌ب، به‌ڵکو ئێستا سه‌یر ده‌کات، ده‌سه‌ڵاتی
کوردی جگه‌له‌وه‌ی به‌ئه‌رکی نیشتیمانی خۆی هه‌ڵنه‌ستاوه، له
پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ڕامیاری خۆی ڕاستیه‌کان ده‌شێوێنێت و
ده‌شارێته‌وه، پارتی ده‌سه‌ڵاتدار لای گرنگه له‌و ڕێگایه‌وه
قاره‌مانیه‌تی خۆی بانگاشه بکات، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه ده‌کرێ
به‌زیان بۆ ئه‌گه‌ری به‌گینۆسایدناسینی تاوانی ئه‌نفال
بشکێته‌وه.
دادگاکه له دانیشتنه‌کانی 11 تا 19ی مانگی سێپته‌مبه‌ردا،
جگه‌له که‌موکوڕیه‌کان و زیادبوونی کێشه‌کانی پێشووی له
بواره‌کانی بێتوانایی، بێئه‌زموونی و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه، ئه‌و
جاره‌یان لایه‌نگیری دادوه‌ر و که‌شی دوژمندارانه‌ی ناو دادگا
زۆر به زه‌قی دیار بوون.
هه‌ندێ له کێشه دیاره‌کانی دادگا ئه‌وانه‌ن:
یه‌که‌م: دادگا کێشه‌ی ته‌کنیکی و به‌ڕێوه‌بردنی به‌زه‌قی
پێوه‌دیاره، گه‌لێ کێشه‌ی ئاماده‌کاری هاتوونه‌ته ناو هۆڵی
دادگا و کاتێکی زۆری دادگاییه‌که‌ی بۆخۆیان ده‌به‌ن. کێشه‌ی
ده‌کومێنته‌کان که لای هه‌ندێ هه‌ن لای ئه‌وانی دیکه نین،
پرسیاری ڕه‌شکردنه‌وه له ده‌کومێنته‌کاندا، چۆن و له کوێ
وه‌رگێڕان کراوه، پارێزه‌ر ناوی چییه هتد. ئه‌و کێشانه
ده‌بێ پێشی دادگاییه‌که و له‌ده‌ره‌وه‌ی هۆڵی دادگا
ببڕێندرێنه‌وه.
دووه‌م: بڵاوکردنه‌وه‌ی ڕووداوه‌کانی ناو دادگاییه‌که
ڕاسته‌وخۆ نییه، پێشتر فلیمه‌که ده‌گیرێت، پاشان سه‌یری
ده‌کرێت، که‌نترۆڵ ده‌کرێت، کلیپ ده‌کرێت و ده‌نگ له‌هه‌ندێ
شوێن ناهێڵدرێت، پاشان بڵاوده‌کرێته‌وه.
سێیه‌م: زمان کێشه‌یه‌کی به‌رده‌وامی دادگاییه‌که‌یه.
وه‌رگێڕانه‌کان له ئاستی پێویستدا نین و هه‌موو ئه‌و
گوتنانه‌ی سکاڵاکه‌ران به گونجاوی وه‌کوخۆی وه‌رناگێردرێن.
سکاڵاکه‌ره‌کان که دیته‌ری کاره‌ساته‌کانن زمانی عاره‌بی
به‌خراپی ده‌زانن یا هه‌ر نازانن و نازانن له دادگا چی
ده‌گوترێت، بۆیه مافیان پێشێلکراوه. له‌به‌ر وه‌رگێڕانی
گێڕانه‌وه‌کان، سکاڵاکه‌ران ناتوانن وه‌کو پێویست سه‌رنج
بده‌نه گێڕانه‌وه‌ی ڕووداوه‌کان، هه‌ندێجار کاکی دادوه‌ر
ده‌یانوه‌ستێنێ و ده‌ڵێ ئه‌وه دووباره‌یه. تێکنه‌گه‌یشتن
له نێوان دیته‌ر و وه‌رگێڕ، وه‌رگێڕ و دادوه‌ر، به‌رگریکه‌ران
و دیته‌ران هتد. هه‌یه. دادوه‌ر له زمانی کوردی ناگات و
کێشه‌ی له تێگه‌یشتنی وشه و ناوی کوردی هه‌یه.
چواره‌م: پارێزه‌ره کورده عاره‌بزمانه‌کان له‌وه‌ڵامی یا
پرۆتستۆی گوته‌ی ڕامیاری، پرسیاره نایاسایی و ناڕه‌واکانی
پارێزه‌رانی سه‌دام، سستن و که‌مجار به‌وه‌رام دێن. پێویسته
به دادوه‌ر و به‌رگریکه‌رانی پیشان بده‌ن، که ئه‌وان
که‌نتڕۆڵیان هه‌یه و له‌توانادا هیچیان له‌و عاره‌بانه
که‌متر نییه. عاره‌ب به‌سه‌ر که‌شی دادگایه‌که‌دا زاڵن،
پارێزه‌ره کورده‌کان کزن و زیاد له‌پێویست به‌ڕێزن.
پێنجه‌م: که‌شیکی هێرشبه‌رانه‌ی دوژمندارانه که هێمای بۆ
کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی نێوان کورد و عاره‌ب، نێوان ڕژێمی ڕووخاو
و براوه‌کانی شه‌ڕی ئێراق ده‌کرد، به‌سه‌ر دادگاکه‌دا زاڵه.
کاکی دادوه‌رش له‌و ناوه‌دا بێهه‌ڵوێست نه‌بوو و ورده‌ورده
دایه‌پاڵ لایه‌نی تاوانباران و سه‌دام. به‌کورتی پرۆسه‌ی
دادگاییه‌که هێما بۆ دادگایه‌کی بێسه‌روبه‌ر و بێ‌توانا ده‌کا
و له‌هه‌ندێ باردا بێلایه‌نی له ناو هۆڵی دادگادا واتایه‌کی
نه‌ده‌ما.
شه‌شه‌م: پارێزه‌رانی سه‌دام، به‌رده‌وام هه‌وڵی شێواندنی
ڕاستی تاوانکاریه‌کان ده‌ده‌ن، دیاره ئه‌وان بۆ ئه‌و کاره
به‌کرێگیراون و ده‌کرێ له چوارچێوه‌یه‌کی یاساییدا
پرۆفیشناڵانه ئه‌و هه‌وڵه بده‌ن، به‌ڵام ئه‌وان هێنده ئاست
نزمن، زۆر ناشیرنانه و دوور له ڕه‌وشتی یاسایی، به‌رده‌وامن
له پرسیاری نابه‌جێی نایاسایی و به‌کارهێنانی چه‌مکی سوک و
ناشیرن یا ڕامیاری. سه‌یر له‌وه‌دایه ئه‌وانه نازانن، له
چوارچێوه‌ی بابه‌تدا پرسیار بکه‌ن و گه‌لێجار به‌دڵی خۆیان
ئه‌نجامێک بۆ وه‌لامی سکاڵاکار ده‌سه‌پێنن، به‌بێ بوونی هیچ
به‌ڵگه‌یه‌ک. دادوه‌ریش گه‌لێجار ئه‌وانه‌ی به‌سه‌ردا ڕه‌ت
ده‌بێت. ئه‌و پارێزه‌رانه، زۆر له دۆڕاوی پێشکات ده‌چن، له
جیاتی ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر کرۆکی بابه‌ت بکه‌نه‌وه، خۆیان
به پرسیاری ئه‌ملاو ئه‌ولا خه‌ریک ده‌که‌ن. بێگومان ئه‌و
ناشاره‌زایی و ئاست نزمیه‌ی ئه‌وان له قازانجی گه‌لی قوربانی
کورد دایه. جگه‌له‌وه‌ی وه‌کو بڵێی ئه‌وان له به‌رامبه‌ر به
گه‌وره‌یی تاوانه‌کان و فاکته‌ره‌کان، بێده‌سه‌ڵاتیان
گه‌یشتۆته ئاستێک ئیتر بێزاربووین، کات ده‌کوژن و په‌نا بۆ
خه‌وتنیش ده‌به‌ن. له 19ی مانگدا، یه‌کێکیان خه‌وی
لێکه‌وتبوو!
حه‌فته‌م: سکاڵاکه‌ران و هه‌ڵبژاردنیان. به‌پێی ئه‌و
هه‌واڵانه‌ی هه‌ن، دادوه‌ر خۆی ئه‌و خه‌ڵکه هه‌ڵده‌بژێرێت.
دیاره دادوه‌ر ئه‌وه هه‌ڵده‌بژێرێت که به‌دڵیه‌تی، ئه‌وه‌ش
ده‌که‌وێته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، دادوه‌ر چۆن له دۆسیه‌که ده‌گات و
چی لای ئه‌و گونجاوه؟ ئه‌و چی به‌باش ده‌زانێت؟ وه‌کو
ده‌رکه‌وت دادوه‌ر به‌لای سه‌دامدا لاربوو و له هه‌ڵوێستی
ڕامیاریدا بێلایه‌ن نه‌بوو، بۆیه هه‌ڵبژاردنی سکاڵاکه‌ران له
لایه‌ن که‌سێکی ئه‌وها زۆرخراپه، چونکه دادوه‌ر جێگای بڕوا
نییه. دادوه‌ر ده‌توانێ ئه‌و بواره بۆ مه‌به‌ستی تایبه‌تی
خۆی به‌کاربهێنێت. شایانی گوتنه ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردنی دیته‌ران
یا سکاڵاکه‌ران به تیروپشک بێت، ئه‌وه شتێکی تره. دیاره
سکاڵاکه‌ران هه‌ندێکیان باشترین که‌س نین بۆ گه‌واهیدان،
به‌تایبه‌تی که که‌سه‌که که‌سی یه‌که‌می ناو ڕووداوه‌که
نه‌بێت، یا ئه‌و که‌سه سڤیل نه‌بێت و لایه‌نی به‌شداری جه‌نگ
بێت. سکاڵاکه‌رێک که خۆی له‌ناو ڕوداوه‌کاندا نه‌بووه،
گۆتنه‌کانی ناو سکاڵاکه‌ی وه‌کو به‌ڵگه و فاکت قورساییه‌کی
ئه‌وتۆی به ئه‌گه‌ری زۆر نابێت.
هه‌شته‌م: سکاڵاکه‌ری پێشمه‌رگه و سوود و زیانه‌کانی.
پێشمه‌رگه لایه‌نێکی به‌شداری جه‌نگه و گه‌واهیدان له‌لایه‌ن
پێشمه‌رگه‌وه ته‌نها له ڕوانگه‌ی هه‌وڵی سه‌ڵماندنی
به‌کارهێنانی ژار و چه‌کی کیمیاوی ده‌توانێ سوودی هه‌بێت.
سووده‌که‌ش ئه‌وه‌یه سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی به تاوانبار
له تاوانی جه‌نگ تاوانبار ده‌کرێن. دیاره به‌بێ بوونی
سکاڵاکه‌ری پێشمه‌رگه‌ش ده‌کرا به‌کارهێنانی چه‌کی کیمیاوی
بسه‌ڵمێندرێت. سکاڵاکه‌ری وه‌کو پێشمه‌رگه پشتگیری سه‌ڵماندنی
بوونی شه‌ڕ له نێوان سوپای ئێراق و هێزی پێشمه‌رگه‌دا ده‌کات
و ده‌کرێ به زیان بۆ کورد بگه‌ڕێته‌وه. پارێزه‌رانی سه‌دام
هه‌وڵ ده‌ده‌ن، هێرشی سوپای ئێراق بۆ سه‌ر کوردستان له‌و
ڕوانگه‌یه‌وه ڕه‌وا بکه‌ن، بۆیه ئه‌وان ئه‌وه بۆخۆیان وه‌کو
به‌ڵگه بۆ سه‌ڵماندنی بوونی شه‌ڕ دژی نه‌یارانی وڵات
به‌کارده‌هێنن. له‌و باره‌دا بانگاشه‌ی بوونی گه‌لکوژی زیانی
پێده‌گات و تاوانی گه‌لکوژی کێشه‌ی سه‌ڵماندنی بۆ دروست
ده‌بێت. له ئه‌نجامدا مه‌ترسی ده‌کرێ سه‌دام و
داروده‌سته‌که‌ی به تاوانی دژ به مرۆڤایه‌تی و تاوانی جه‌نگ
تاوانبار بکرێن به‌ڵام به تاوانی گه‌لکوژی تاوانبار نه‌کرێن،
دیاره له‌و باره‌شدا سزای کوشتنیان هه‌ر بۆ ده‌بڕدرێته‌وه،
به‌ڵام ئه‌وه که‌متره له‌وه‌ی تاوانی ئه‌نفال شایانیه‌تی.
ئه‌گه‌ر ئه‌وان به تاوانی گه‌لکوژی تاوانبار نه‌کرێن، ئه‌وه
کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه بۆ کورد و براوه‌ش سه‌دام و نه‌ته‌وه‌ی
باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب ده‌بن. به‌داخه‌وه له چه‌ندین دانیشتن‌دا،
کاره‌ساتی ئه‌نفال بچوککراوه‌ته‌وه بۆ شه‌ڕی نێوان ڕژێم و
پێشمه‌رگه له چه‌ند گوندێکی سنورداردا، ئه‌وه‌ش خراپه.
پاشان پێشمه‌رگه‌ی سکاڵاکه‌ر ده‌بێ ئه‌وه بزانێ، پێداهه‌ڵدانی
خۆی و خه‌باته‌که‌ی، جگه‌له‌وه‌ی ته‌نها ڕۆڵی ریکلامه
ده‌بینێت، زیاتر بوونی شه‌ڕ له نێوان خۆی و سوپای ئێراقدا
ده‌سه‌ڵمێنێت و به‌مجۆره جۆره ڕه‌وایه‌تیه‌ک ده‌داته بوونی
هێرشی سوپای ئێراقی، ئه‌وه‌ش بۆ هه‌وڵی سه‌ڵماندنی گه‌لکوژی
یارمه‌تیده‌ر نییه و زیانی هه‌یه.
نۆیه‌م: شاردنه‌وه‌ی تاوانی جاشه‌کان و خۆپاراستن له
ناوهێنانی جاشه‌کان له گه‌لکوژی ئه‌نفالدا. ئه‌گه‌ر سه‌یری
ئه‌و جاوپێکه‌وتنانه‌ی که له‌گه‌ڵ قوربانیانی ئه‌نفال کراون
بکه‌ین، سه‌یرده‌که‌ین له زۆربه‌یاندا ئاماژه به بوونی
به‌شداریی خه‌ستی جاشه‌کان له تاوانی گه‌لکوژی ئه‌نفالدا
ده‌کرێت. جاشه‌کان وه‌کو دارده‌ستی سوپا و ڕژێم له قۆناغی
یه‌که‌می پرۆسه‌ی گرتن و تاڵانه‌کاندا به‌کارهاتوون. له
زۆربه‌ی شوێنه‌کاندا جاش پێشی سوپا که‌وتوون گوندیان
تاڵانکردووه و یارمه‌تی سوپایان له گرتنی گوندنشینه‌کاندا
داوه.
ئێستا سکاڵاکه‌ران وه‌کو بڵێی وا ئارسته‌کراون و پێیانگوتراوه
که ناوی جاش نه‌هێنن، (من ئه‌و تێبینیه‌م لادروست بووه،
ده‌کرێ هه‌ڵه‌بم)، یا که ناویان دێت ده‌نگ ده‌پچڕێت. به‌گوتنی
ئه‌وانه‌ی تا ئێستا سکاڵایان داوه، جاش ڕۆڵێکی ئه‌وتۆی
نه‌بووه و واپێده‌چی زۆر که‌م له تاوانه‌که‌دا به‌شدار
بووین. ئه‌وه‌ش ناته‌بایه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که له
چاوپێکه‌وتنه‌کاندا ساڵانی پێشتر ئه‌نجام دراون. دیاره ئه‌وه
تاڕاده‌یه‌کی زۆر شاردنه‌وه‌ی ڕاستیه‌کی مێژووییه، که هه‌وڵ
ده‌دات که‌لێنێک بخاته ده‌رئه‌نجامی چیرۆکی کاره‌ساتی
ئه‌نفال. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه له‌لایه‌ن پارتی
ده‌سه‌ڵاتداره‌وه بێت، ده‌کرێ دوو لێکدانه‌وه‌ی بۆ بکرێت،
یه‌که‌م: پاراستنی جاشه‌کان له دادگایی‌کردن و سزادان، چونکه
ئه‌و جاشانه ئێستا له‌گه‌ڵ خۆیانن، بۆیه
له‌به‌رژه‌وه‌ندیاندا نییه ئه‌و جاشانه زیانیان پێبگات.
دووه‌م: ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی و یاساناسانی سه‌ر به
ده‌سه‌ڵات وای بۆبچن که ئه‌گه‌ر ناوی جاش بهێندرێت و
بسه‌ڵمێندرێت جاش له هێرشه‌کاندا به‌شدار بووین، ئه‌وا زیان
به بوونی تاوانی گینۆساید ده‌گه‌یه‌نێت، به‌و به‌ڵگه‌یه‌ی که
ئه‌وانیش کوردن و خۆیان کوردیان کوشتووه، یا ئه‌ندامانی سوپای
ئێراقی هه‌ر عه‌ره‌ب نه‌بوون، به‌ڵکو کوردیشیان له‌گه‌ڵ
بووه، که‌واته رژێم دژی کورد وه‌کو نه‌ته‌وه نه‌بووه،
به‌ڵکو دژی کورده شه‌ڕکه‌ره‌کانی دژ به ستات بووه. دیاره
سه‌ڵماندنی نه‌بوونی جاش له هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا زۆر
سه‌خته، چونکه ئه‌وه له به‌ڵگه‌نامه‌کاندا ده‌یان و
سه‌دانجار دووباره کراوه‌ته‌وه. گومان له‌وه‌دا نییه
ئه‌گه‌ر جاش هه‌ر نه‌بوونایه زۆر باشتر بوو و ده‌کرا ئاسانتر
تاوانی گه‌لکوژی بسه‌ڵمێندرێت، هه‌روه‌ها بوونی جاشی کورد
مۆری ناپاکی له به‌شێکی خه‌ڵکی کوردستان ده‌دات و ئاماژه به
نا‌یه‌کگرتوویی کورد ده‌کات. به‌ڵام ئه‌وه ڕاستیه‌کی
مێژووییه و ده‌بێ دان به بوونی دابنێین، خۆگێلکردن له‌و
ڕاستیه زیانی هه‌یه نه‌ک قازانج.
پێویسته بگوترێت بوونی جاشی کورد له هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا
بوونی تاوانی گه‌لکوژی لاواز ناکات، چونکه ئه‌وانه و بوونیان
له لایه‌ن شاره‌زایان و جیهانه‌وه چیتر شاراوه نییه،
ئه‌وانه به‌شێکی هێزه‌کانی ڕژێمی ئێراق بوون و وه‌کو هێزێکی
رژێمی ئێراقی له تاوانه‌که‌دا به‌شدار بوون، هه‌روه‌ها
ئه‌وانه هێزی سه‌ره‌کی نه‌بوون و دارده‌ستی سوپا و هێزه
تایبه‌ته‌کانی ڕژێم بوون، ئه‌وانه له ته‌واوی پرۆسه
گه‌لکوژیه‌که‌دا نه خاوه‌ن بڕیار بوون، نه ده‌سه‌ڵاتیان له
ئاست سوپا و هێزه تایبه‌ته‌کاندا هه‌بووه، هه‌میشه‌ش له‌ژێر
فه‌رمان و ده‌ستی سوپا و هێزه تایبه‌تیه‌کاندا بوون.
ئاشکرایه ڕێکخراوی جیهانی مافه‌کانی مرۆڤ و دادگای های له
هۆڵاند هێرشه‌کانی ئه‌نفالیان به تاوانی گه‌لکوژی دانا،
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ڕاستی بوونی جاشه‌کان له هێرشه‌کاندا لای
ئه‌وان زۆر به چاکی ڕوون بوو. ئه‌وه به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌یه که
بوونی جاشی کورد و ڕۆڵی دارده‌ستیان، ناتوانێ بوونی تاوانی
گه‌لکوژی له هێرشه‌کانی ئه‌نفالدا ڕه‌تکاته‌وه.
ده‌یه‌م: دادوه‌ر عه‌بدولڵا عامری و گومانی لایه‌نگیری. دیاره
دادوه‌ر له‌سه‌ر لایه‌نگیریه‌که‌ی لادرا، به‌ڵام پێویسته
لێره‌دا لایه‌نگیریه‌که‌ی سه‌باره‌ت به هه‌ندێ بار و بوار
ده‌ستی له‌سه‌ر دابندرێت. عه‌بدولڵا عامری گومانی خسته‌سه‌ر
بێلایه‌نی خۆی و هه‌روه‌ها لایه‌نگیری خۆی له هه‌ڵوێستی
ڕامیاریدا خسته‌ڕوو. عه‌بدولڵا عامری ڕێگای ده‌دایه سه‌دام و
تاوانبارانی دیکه سنوری پرسیاری ڕێگاپێدراو ببه‌زێنن و
دادگاکه بۆ مه‌به‌ستی خۆیان به‌کاربهێنن. سه‌دام له‌ماوه‌ی
دانیشتنه‌کاندا چه‌ندینجار ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆستۆته‌وه و
په‌یامی ڕامیاری خۆی به لایه‌نگرانی ده‌گه‌یه‌نێت. له‌گه‌ڵ
ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌دام ڕوونه، که‌چی دادوه‌ر ڕێگای ئه‌وی
ده‌دا. دادوه‌ر نێوانی له‌گه‌ڵ سه‌دامدا وادیاربوو زۆرخۆش بوو
و ڕێزی زۆری ئه‌و دیکتاتۆره ڕووخاوه‌ی ده‌گرت.
له‌به‌رامبه‌ردا سنوری تووندی بۆ سکاڵاکه‌ره کورده‌کان
دانابوو و له وه‌ڵامی پرسیار زیاتر ڕێگایانی نه‌ده‌دا هه‌ستی
خۆیان ده‌رببڕن.
دادوه‌ر لایه‌نگیری خۆی بۆ سه‌دام و ئێراقی یه‌کگرتوو و
بۆچوونی عاره‌بیانه پیشاندا که هه‌ڵوێستی له هه‌ڕه‌شه‌که‌ی
سه‌دام دژی کوردان که گوتی "سه‌رتان پان ده‌که‌ینه‌وه"،
وه‌رنه‌گرت. ڕۆژی دواتر به سه‌دامی گوت، "تۆ دیکتاتۆر نی، تۆ
دیکتاتۆر نه‌بوویت". له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی سه‌دام ڕۆژی پێشتر
هه‌ره‌شه‌ی کوشتنی له کوردان کردبوو، هه‌روه‌ها بوونی
دادگایه‌که و گیرانی سه‌دام و داروده‌سته‌که‌ی خۆی له‌خۆیدا
له‌به‌ر دیکتاتۆربوونی سه‌دام و ڕژێمێکی گه‌لکوژ بووه.
هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به دابه‌شبوون یا نه‌بوونی ئێراق، که
سه‌دام گوتی، "ئێراق دابه‌ش ناکرێت، ته‌مه‌نی ئێراق بیست ساڵ و
سێسه‌دساڵ نییه، به‌ڵکو ته‌مه‌نی نۆ هه‌زار ساڵه". دادوه‌ر
له وه‌ڵامدا گوتی، "ئێراق دابه‌ش نابێت". لێره‌شدا لایه‌نگیری
خۆی ده‌رخست. ئێراق دابه‌ش ده‌بێت یا نابێت، کاری دادوه‌ر
نییه و ئه‌و نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خۆی تێکه‌ڵی هیچ لایه‌ک و
ئاراسته‌یه‌ک بکات. هه‌مان نمونه له‌سه‌ر ئاڵا دووباره
بۆوه، که گوتی، "که‌س ده‌ست له ئاڵای ئێراق نادات".
مه‌ترسیدارترین ئاماژه‌ی ئه‌وه‌بوو که گوتی، "کێ ده‌ڵێ
ئه‌نفال گه‌لکوژییه". لێره‌دا جۆره ڕه‌تکردنه‌وه‌یه‌کی بوونی
تاوانی گه‌لکوژی سه‌باره‌ت به هێرشه‌کانی ئه‌نفال خرایه‌ڕوو.
دیاره دادوه‌ر به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ به‌ر له ئه‌نجامی
کۆتایی گۆتنی وا بکات. ئه‌وانه هه‌مووی زه‌نگی مه‌ترسین و
به‌ڵگه‌بوون بۆ لایه‌نگیری دادوه‌ری عاره‌ب عه‌بدولڵا عامری.
دیاره پێی هه‌ندێ هه‌واڵ، ئه‌و دادوه‌ره، په‌یوه‌ندی به
پارێزه‌رانی سه‌دامه‌وه هه‌بووه، هه‌روه‌ها کۆنه به‌عسییه،
ئه‌و گۆتانه چه‌ندی ڕاستن، دیار و ڕوون نییه. به‌ئه‌گه‌ری
زۆر دادوه‌رانی سه‌رده‌می سه‌دام هه‌مووی ده‌بوایه به‌عسی بن.
ڕه‌نگه له کوردستانی سه‌رده‌می ژێرده‌سته‌یی به‌عس زۆر
ئه‌وها نه‌بووبێ، به‌ڵام به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه له شاره
عاره‌بیه‌کاندا وابووه. چۆن ده‌کرێ بڕوا به دادوه‌رێک
بکرێت که له‌سه‌رده‌می به‌عسدا دادوه‌ر بووه؟ گومانی زۆر له
پاکی و بێلایه‌نی دادوه‌ره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌دا هه‌یه.
ناکرێ هه‌روا ئاسان بڕوا به پارێزه‌ران و دادوه‌رانی
سه‌رده‌می به‌عس بکرێت. ئه‌وه جگه‌له‌وه‌ی بێلایه‌نی دادوه‌ری
عاره‌ب به‌رامبه‌ر به دۆزی کوردان زۆر سه‌خته بسه‌ڵمێندرێت.
که دادوه‌ر عه‌بدولڵا عامری دیسان له 18ی سێپته‌مبه‌ر
ده‌رکه‌وته‌وه و له‌سه‌ر ئه‌و لادانانه و لایه‌نگیریه‌ی
لانه‌بردرابوو، ڕه‌شبینیه‌کی زۆری لای گه‌لێ که‌س دروستکرد،
به‌ڵام وادیاره گوشاری زۆری هه‌ندێ لایه‌ن، وایکرد بڕیاری
لادانی بدرێت و له ئێواره‌ی 19ی مانگ جێبه‌جێ بکرێت.
شایانی بیرخستنه‌وه‌یه، لادانی دادوه‌رێکی لایه‌نگیر، ئاماژه
به هه‌وڵی ڕیکخستنه‌وه‌ی شه‌پڕێوی دادگا ده‌کات، ئه‌وه
به‌لایه‌نی که‌م که‌مترین کاره که پێویسته بکرێت. به‌ڵام
دادگاکه کێشه‌ی دیکه‌ی وه‌کو لاوازی، بێئه‌زموونی، بێتوانایی
به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، کێشه‌ی ته‌کنیکی، کێشه‌ی به‌ڕێوه‌بردن و
لاوازی به‌ڕێوه‌بردن به‌رده‌وام هه‌ن و درێژه‌یان هه‌یه.
|