کامیل مواسه‌فات؛ ڕاوه‌ستانی فڕۆکه‌یه‌ک به‌ ئاسمانی هه‌ولێره‌وه‌ و وه‌ده‌رنانی بێوه‌ژنه‌که‌ی چه‌مچه‌ماڵ!

 ئامانج شاکه‌لی

 

 

   مرۆ که‌ نووسینی زۆربه‌ی سایت و بڵاوکراوه‌ کوردییه‌کان ده‌خوێنێته‌وه‌ تووشی بابه‌تی وا دێت له‌ سه‌یروسه‌مه‌ره‌ییدا شان له‌ شانی ئاوێنه‌ی ئه‌سکه‌نده‌ر و ڕیوییه‌که‌ی قه‌مچووغه‌ ده‌ده‌ن. با لێم نه‌که‌ن به‌ هه‌ڵلاو نه‌ڵێن کابرا کینه‌ له‌ زگ و داخ له‌دڵه ‌و چاوی به گه‌شه‌کردنی وڵات و خزمه‌تگوزارییه بێسه‌روبنه‌کانی حکومه‌ته‌ ساواکه‌ماندا هه‌ڵنایه‌ت، با پێکه‌وه‌ ئه‌م دوو هه‌واڵه‌ تازه‌ و نرت و نوێیه‌ی که‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌ دوو سایتی ناودارو حیزبیی وه‌ وه‌رمگرتوون، بخوێنینه‌وه‌، ئه‌وجا بۆ خۆتان بڕیار بده‌ن ئایا هه‌ق به‌ سه‌ی یاقوو یان وه‌ زاهیده‌ن!!

  هه‌واڵی یه‌که‌م: فڕۆکه‌یه‌کی بارهه‌ڵگر بۆ ماوه‌ی چاره‌که‌ سه‌عاتێک به‌ ئاسمانی هه‌ولێره‌وه‌ ڕاوه‌ستا!!!

بڕوا فه‌رموون ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌واڵه‌ وشه‌ی ئاسمانی تێدا نه‌بووایه‌ ئه‌وا بڕوام پێده‌هێنا که‌ نه‌ک فڕۆکه، به‌ڵکو‌ که‌شتی، فیل، دارستانی ئه‌مازۆن و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی شتومه‌کیش ڕابووه‌ستن. به‌ڵام ئاخر خه‌ڵکینه‌ کێ دیووییه‌ و کێ بیستوویه‌ فڕۆکه‌یه‌کی زل و زه‌لام به‌و ئاسمانه‌وه‌ وه‌ک پرۆژه‌که‌ی فڵانی له‌ جێی خۆی ڕاوستێ؟

  جارێ با بڕوانینه‌ کتێب و بزانین کرداری وه‌ستان ده‌ لوغه‌تدا چ مانایه‌ک ده‌به‌خشێ و ئێمه‌ومانان چلۆنی لێتێده‌گه‌ین؟ ڕاوه‌ستان؛ یانی بیجووڵه‌ و نه‌جمانی ته‌نێک، گیاندار بێت یان بێگیان له‌ جیگایه‌کی دیاری کراودا. بۆ نموونه‌ ئۆتۆمبیله‌که‌ له‌ سه‌ر شه‌قامه‌که‌ ڕاوه‌ستاوه. منداڵه‌که‌ له‌به‌ر ده‌رگا ڕاوه‌ستاوه. مامه‌ شێخ ڕه‌زاشم له‌ وه‌سفی ڕیشه‌که‌ی حه‌مه‌ی وه‌ستا فه‌تاح دا ده‌فه‌رمێ:

به‌ بای سه‌رسه‌ر له‌جێی خۆی ناجمێ ڕیشی، ئه‌مه‌نده‌ سه‌خته‌

به‌بێ عیلله‌ت نییه‌، که‌ جاربه‌جار له‌رزانه‌ ئه‌م ڕیشه‌

که‌واته‌ شتیک که‌ ڕاوه‌ستا، نابێ بجووڵێ. ده‌ی به‌ چل قورعان ئه‌وه‌نده‌ی من ئه‌قڵم بڕ کا، فڕۆکه نه‌ک بۆ ماوه‌ی چاره‌که‌ سه‌عاتێک به‌ڵکو،‌ ئه‌گه‌ر بۆ چاره‌که‌ ده‌قیقه‌یه‌کیش به‌ ئاسمانه‌وه‌ بووه‌ستێ، به‌رده‌بێته‌وه‌ و هه‌پروون به‌ هه‌پروون ده‌بێ!

ئیدی نازانم به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و سایته‌ ڕیشه‌که‌ی حه‌مه‌ی وه‌ستافه‌تاح یان له‌گه‌ڵ فڕۆکه‌یه‌کی بارییدا لێگۆڕابێ، دیاره‌ ئه‌و کاته‌ من قسه‌یه‌کم نامێنێ!

   هه‌واڵی دووه‌م: له‌ چه‌مچه‌ماڵ بێوه‌ژنێک که‌لوپه‌له‌که‌ی فڕێ ده‌رێته‌ سه‌ر شه‌قام!

با له‌ سه‌ره‌تاوه‌ بڵێم که‌ به‌نده‌ هیچ به‌رپرسی خواروخێچی و ناڕێکوپێکی لایه‌نی زمانه‌وانی ئه‌م هه‌واڵه ‌و هه‌واڵی یه‌که‌م نیم. ئه‌مجا ده‌بێ به‌م چله‌ی زستانه‌ به‌رپرسانی چه‌مچه‌ماڵ له‌ سۆنگه‌ی چی میزیان که‌فی کردبێ و ئه‌و بێوه‌ژنه‌ هه‌ژ به‌سه‌ریان ماڵ به‌ده‌ر کردبێ؟  به‌پێی هه‌واڵه‌که‌، بێوه‌ژنی له‌ماڵ ده‌رکراو دوو منداڵی هه‌یه‌و پازده‌ ساڵی ڕه‌به‌قیشه‌ کارمه‌نده‌. که‌وایه‌ ئه‌رکی به‌سه‌ر که‌سه‌وه‌ نییه‌و به‌ری ڕه‌نجی خۆی ده‌خوات و منداڵه‌کانی به‌خێو ده‌کات، چ باسی قه‌رزارییش نه‌کراوه‌. ئێ ده‌بێ چ گوریسێک له‌نێو ئه‌وماسته‌دا هه‌بێت؟ له‌ درێژه‌ی هه‌واڵه‌که‌دا و له‌زاری نه‌ناسراوانه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ که‌ گوایه به‌ نیازن‌ ئه‌و خانووه‌ بکه‌ن به‌ دایه‌نگه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌و بێوه‌ژنه‌ به‌ دوو منداڵه‌وه‌ لانه‌واز ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌م قسه‌یه‌ به‌ ئه‌قڵدا ناچێت، چونکه‌ خانووه‌که‌ بچووکه‌و به‌که‌ڵکی دایه‌نگه‌ نایه‌ت!!  ده‌نگۆی ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ ئه‌و خانووه‌ ده‌ده‌ن به‌ یه‌کێکی تر {ئه‌م یه‌که‌ کێیه‌؟}  ئه‌ڵلاهو ئه‌عله‌م...

 

   قسه‌ دێ قسه‌ ده‌بڕێ له‌ ڕۆژنامه‌یه‌کی دیکه‌دا ڕیکلام بۆ کۆمپانیایه‌کی ئێرانی کراوه‌ که‌ خانووی ئاماده‌ی هه‌مه‌ جۆره‌ به‌ { کامیل ئه‌وساف} به‌ نرخیکی هه‌رزان درووست ده‌کات. پێشنیار ده‌که‌م براده‌رانی دڵسۆز دانه‌یه‌ک له‌و خانووه‌ کامیلولئه‌وسافیانه‌ به‌ کلکی فڕۆکه‌ ڕاوه‌ستاوه‌که‌ی ئاسمانی هه‌ولێره‌وه‌ ببه‌ستنه‌وه‌ و که‌ی به‌خێر! فڕۆکه‌که‌ جووڵه‌ی کرد، به خێری مردووانی کاپتنه‌که‌ی، زه‌حمه‌ت بکێشێ و خانووه‌که‌مان بۆ بگه‌یه‌نێته‌ فریای ئه‌و بێوه‌ژنه‌ داماوه‌ی چه‌مچه‌ماڵ!‌

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca