کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان داوای ئازادکردن و ئاشکراکردنی چاره‌نووسی  ڕۆژنامه‌نووس محمه‌د سیاسی ده‌کات

 

 

 

ئاسایشی سلێمانی رۆژنامه‌نوسێک ده‌ستگیرداکات و بێ سه‌روشوێنه‌

لقی سلێمانی کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان له‌ دوای لێکۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوون  و په‌یوه‌ندیکردن به‌ که‌سوکاری ڕۆژنامه‌نووس محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى دڵنیابوو له‌ وه‌ی که‌ باوبراو ده‌ستگیراوه‌ و بێ سه‌روشوێنه.  (محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى) رۆژنامه‌نوسێکى چالاکه ‌و له‌ زۆربه‌ى رۆژنامه‌کانى کوردستان و هه‌ندێک له‌ سایده‌کانى ئینته‌رنێتدا نووسین و  بابه‌ت  بڵاو ده‌کاته‌وه، ‌ بۆ ماوه‌ى دوو رۆژه‌  له‌لایه‌ن ده‌زگاکانى ئاسایشى سلێمانیه‌وه‌ ده‌ستگیر کراوه‌ و تائێستاش هۆکارى ده‌زگیرکردنه‌که‌ى نه‌زانراوه‌. ‌محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌ى پێشمه‌رگه‌ یه‌کى دێرینه‌و چه‌ند ساڵێک له‌ ریزه‌کانى خه‌بات و تێکۆشاندا بووه‌ و ئێستا خانه‌نشین کراوه‌، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسێکى چالاکه‌. ته‌نیا زانیاری سه‌باره‌ت گرتنی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌وه‌یه ‌که‌  ئاسایش رایگه‌یاندووه‌ که‌ ناوبراو له‌سه‌ر نووسین ده‌ستگیر نه‌کراوه‌. خێزانى محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى ئه‌و هه‌واڵه‌ی‌ به‌ناراست له‌ قه‌ڵه‌مدا و ده‌ڵێن هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه‌ تاوه‌کو له‌سه‌ر کارى تر ده‌زگیر بکرێت. خێزانه‌که‌ى له‌لێدوانێکیدا بۆمان دوواو ووتى " محمه‌د سیاسى له‌ سه‌ر نووسین ده‌زگیر کراوه‌ و ئه‌و  ئێواره‌یه‌ ته‌له‌فۆنیان بۆ کرد له‌ ئاسایشى رانیه‌وه‌ به‌ڵام که‌ رۆشت نه‌مان بینیه‌وه‌ تائێستاش بێسه‌رو شوێنه‌ که‌س نازانىَ چیان لێکردووه‌ " . سه‌باره‌ت گرتنی محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى سه‌ندیکاى رۆژنامه‌نوسان ته‌واو بێئاگاى خۆیان ده‌رده‌برن به‌رامبه‌ر به‌و ده‌زگیر کردنه‌وه‌ و ده‌ڵێن ئه‌وان ئاگادارى ئه‌و گرتنه‌ نه‌بوون.

ئێمه‌ له‌ کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی ئاسایشی سلێمانی به‌ ده‌ستدرێژی داده‌نێین له‌ سه‌ر ئازادی تاکه‌ که‌سیی و مافی هاوڵاتیان بۆ به‌رگریکردن له‌ خۆیان و دابینکردنی پارێزه‌ر و ئاشکراکردنی هۆ و جێگای زیندانی کردنیان.  هه‌روه‌ها بۆ ئاسایشی سلێمانی نییه‌ ڕۆژنامه‌وان ده‌ستگیربکات له‌ به‌ر بیروڕای سیاسی ڕۆژنامه‌وان، له‌ کاتێکدا به‌ گوێره‌ی بڕیاره‌کانی په‌رله‌مانی عێراق یاسای (ئاماده‌باشی) هه‌رێمی کوردستان ناگرته‌وه‌ و هێچ بڕیارێکی له‌و جۆره‌ له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانی کوردستانیشه‌وه‌ ده‌رنه‌که‌وتوه‌.

کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان داوا له‌ ئاسایش و پۆلێسی شاره‌وانی سلێمانی ده‌کات ڕۆژنامه‌وان محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى ئازاد بکات و له‌ پێشێلکاری یاسایی دوور بکه‌ون و یاسا له‌ کوردستان سه‌روه‌ربێت.

کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان چاودێری ته‌وای کێشه‌ی محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى ده‌کات و به‌مافی خۆی ده‌زانێت له‌ حاڵه‌تی به‌رده‌وامبووونی پێشێلکاری ئازادیه‌کانی محمه‌د سیاسى ئه‌شکه‌نه‌یى په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکخراوه‌کانی نێونه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ بکات.

 

کۆمیته‌ی به‌رگری له‌ ڕۆژنامه‌وانانی کوردستان

Ko_b_r_ku@yahoo.se

http://www.ymek.org/journalists.htm

2007-01-27

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca