پاشه‌کشه‌ به‌ ڕۆژنامه‌ی (ده‌روازه‌یه‌کی تر ) له‌سه‌ر بابه‌تی (نێربازی) ڕیگه‌ ئاوه‌ڵاکردنه‌ بۆ ئیسلامی سیاسی

   حه‌مه‌ که‌ریم

 

 

ده‌ست له‌ ملانێی ناسیونالیزم و ئیسلامی سیاسی  به‌رامبه‌ر به‌ مه‌سه‌له‌ دیموکراتیه‌کان و یه‌ک گرتنه‌وه‌یان  له‌ سه‌ر یه‌ک ڕێچکه‌ به‌رامبه‌ر  به‌ ئازادی ئینسانه‌کان شتێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ ، یه‌ک هاتنه‌وه‌یان له‌به‌رامبه‌ر به‌ وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نه‌توانێت ڕۆشنبیری ئه‌وروپی و هاورده‌ مو‌ماره‌سه‌ بکه‌ن ، هه‌میشه‌ له‌یه‌ک سه‌نگه‌ردا بوون ، حکومه‌تی به‌ ناو هه‌رێمی کوردستان هه‌میشه‌ له‌به‌مبه‌ر به‌ خۆپیشاندان و ڕیزی ناڕازی خه‌ڵکی کوردستان له‌ موماره‌سه‌کردنی داواکان وزه‌وت کردنی مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کان و فه‌رز کردنی بیروباوه‌ڕێکی نامۆ به‌کۆمه‌ڵگه‌ ، له‌ سه‌نگه‌ردا بوون ،  وه‌کردنی به‌ سه‌رچاوه‌ی ده‌ستوور و دانانی یاسایه‌ک بۆ سزا دانی سه‌رپێچیکه‌رانی ئه‌و یاسایه‌ که‌ له‌ قورئانه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ، ئه‌مه‌ به‌ زه‌روره‌ت ده‌بێته‌ سه‌نگه‌رگیری له‌به‌رامبه‌ر به‌ دیموکراسیه‌ت ، به‌وه‌ی که‌ له‌ چوارچێوه‌ی دین و ڕێنماییه‌ ئایینیه‌کاندا دیموکراسیه‌ت هیچ به‌هایه‌کی کۆمه‌لایه‌تی نامێنێت . وه‌ له‌ جێگایه‌کداکه‌ دین باڵاده‌ست بێت ، ئینسان ناتوانێت ئازاد بێت ، وه‌ بوونی به‌ پراکتیک کردنی خواست وئاره‌زوه‌کان به‌ر له‌وه‌ی له‌دایک ببن ده‌مرن ، له‌به‌رئه‌وه‌ی له‌ هه‌موو تێزه‌ مه‌زهه‌بیه‌کاندا مرۆڤ ده‌سته‌وه‌ستان له‌به‌رامبه‌ر قه‌ده‌ردا مل که‌چ ده‌بێت و ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان مرۆڤ ڕاپێچ ده‌که‌ن نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ،  به‌م شێوه‌یه‌ کۆمه‌ڵێک تێز چه‌سپاون و مرۆڤ ناتوانێت هیچ ده‌ستکاریه‌کیان بکات ، مرۆڤ ‌له‌ناو تێزه‌ مه‌زهه‌بیه‌کاندا په‌یوه‌سته‌ به‌ کۆمه‌ڵێک قه‌یدو به‌نده‌وه‌ ، ناتوانێت ئه‌و سنووره‌ ببه‌زێنێت و ته‌جاوه‌زی سنووری دانراو بکات و ناشتوانێت و بۆی نیه‌ به‌دوای کۆمه‌ڵێک ڕاستی هه‌یه‌ بکه‌وێت چونکه‌ ئه‌و تێزانه‌ چه‌سپاون و  مرۆڤ ناتوانێت بیانگۆڕێت و به‌ڵام له‌ زانستی مه‌عریفه‌دا هه‌موو شتێک قابیلی شیکردنه‌وه‌و گه‌شه‌پێدان وگۆڕینه‌ هیچ شتێک چه‌سپاو نیه‌ هیچ یاسایه‌کیش  موتڵه‌ق نیه‌ .

پشتیوانی کردنی سه‌رانی ناسیونالیست له‌ هێزه‌ئیسلامیه‌کان و به‌پراکتیک کردنی نه‌زه‌رو بۆچوونه‌کانیان وه‌ گوێ گرتن له‌ بیروبۆچوونه‌کانیان وه‌ ژێرپێ خستنی  بیروبۆچوونی  خه‌ڵکانی پێشکه‌وتوخواز و سه‌رکوتکردنی داواکانی خه‌ڵکی ئازادیخوازو پێشێلکردنی مافه‌سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و ره‌واج پێدانی بیری مه‌زهه‌بی و کۆنه‌په‌ره‌ستی ئیسلامی به‌مانای هێشتنه‌وه‌ی سه‌رانی ناسیونالیزم و درێژه‌پێدانی ته‌مه‌نی نه‌گریسی کۆنه‌په‌ره‌ستی و به‌ پیرۆز ڕاگرتنی سه‌رمایه‌و ده‌مکوت کردنی ده‌نگ و سه‌دای ئازادیخوازانه‌یه‌ و هێشتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستانه‌ له‌و به‌ش مه‌ینه‌تیه‌دا .

 

پێش چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌و به‌ر له‌ سایتی  ( ده‌روازه‌یه‌کی تر ) دا چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ چه‌ند که‌سێک  ، له‌و که‌سانه‌ی که‌ موماره‌سه‌ی هۆمۆسێکسۆئیل ده‌که‌ن کرا ، یه‌کێک له‌وکه‌سانه‌ وه‌کو مافی شه‌رعی خۆی داوای پێک هێنانی ڕێکخراوه‌یه‌ک بۆ ئه‌وکه‌سانه‌ ده‌کات که‌ ئه‌وان ئازاد بن له‌وه‌ی که‌ حه‌زوئاره‌زووه‌کانی خۆیان موماره‌سه‌ بکه‌ن ، ئازاد بن له‌وه‌ی که‌ چیتر نه‌که‌ونه‌ به‌ر شاڵاوی پۆلیس و نه‌گیرێن ، چیتر ئه‌و یاسایه‌ی ئه‌وان دادگایی ده‌کات به‌وه‌ی که‌ کاری نێربازی ده‌که‌ن ، هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌و ئیتر نه‌که‌ونه‌ به‌ شاڵاوی ڕاوه‌دونانی پۆلیس ، بۆیه‌ ئه‌و ڕۆژنامه‌یه‌ش داخوازیه‌که‌ی خستۆته‌ سه‌ر ڕووپه‌ری ڕۆژنامه‌که‌ی ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ مه‌لا ئیسلامیه‌ سیاسیه‌کان ، له‌ بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه که‌وتنه‌ هێرشی ناپاکانه‌ دژ به‌ ڕۆژنامه‌که‌ ، وه‌ سه‌رانی پارتی و یه‌کیه‌تیش بۆ پاڵپشت کردنی مه‌لاکان و ڕیزی ئیسلامی سیاسی که‌وتنه‌ ئیدانه‌ کردنی ڕۆژنامه‌که‌و بڕیاری داخستنی ئه‌و ڕۆژنامه‌ ئازاده‌ درا ، ئه‌وه‌ی که‌ لێره‌دا جێگه‌ی قسه‌وباسه‌ ئه‌وه‌یه‌ ڕێکخراوه‌ مۆدێرنه‌که‌ی تاڵه‌بانی و بارزانی له‌ ژێر فشاری ئیسلامی سیاسی ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌ پاشه‌کشه‌دان ، ئه‌وه‌نده‌  ده‌لاقه‌ی نێوان سه‌رانی ناسیونالیست و خه‌ڵکی به‌ش مه‌ینه‌ت ڕوو له‌ زیاد بوونه‌ وای له‌ ئیسلامی سیاسی کردووه‌ که‌ ببێته‌ ئالته‌رناتیڤی ناسیونالیسته‌کان ، کامه‌یه‌ ئه‌و دیموکراتیه‌ که‌ تاڵه‌بانی و بارزانی په‌رچه‌میان بۆ هه‌ڵکردوه‌ ، به‌ڕاستی دیموکراتی ته‌نها بۆ ڕیزی گه‌نده‌ڵیه‌و کوشت و بڕینیش چاره‌نوسی هه‌ر ڕۆژه‌ی به‌ش مه‌ینه‌تانه‌ . ‌      

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca