بۆ هێنانی کۆیله‌ کوردستان کراوه‌ته‌ دوبه‌ی

ئیبڕاهیم ئیسماعیل عه‌باس

hiwaabas@yahoo.com

 

    زیاتر له‌ساڵێکه‌ له‌ڕووپه‌ڕی ڕۆژنامه‌کانی ناوخۆ، هه‌واڵ و ڕێپۆرتاژی جیاجیامان به‌رچاو ده‌که‌ون.  سه‌باره‌ت به‌بوونی هێزی کاری کرێکاری بیانی و له‌گه‌ڵیشیدا به‌و کۆیله‌ مۆدێڕنانه‌ که‌به‌ناوی ئیش کردنه‌وه‌ په‌لکێشی کوردستان کراون، ده‌یان هه‌واڵ و ڕیپۆرتاژمان له‌سه‌ر ئه‌و کچه‌ گه‌نج و کوڕه‌لاوه‌ فلپینی و هیندی و مالیزی و ئه‌نده‌نۆسیانه‌ خۆێنده‌وه‌ که‌ گوایه‌ هاتوون له‌شاره‌کانی کوردستان کرێکاری، یان به‌رده‌ست و خزمه‌تکاری بۆ ماڵه‌ به‌رپرس و سه‌رمایه‌داره‌کان به‌ڕۆژانه‌یه‌کی چه‌ند دۆلاری بکه‌ن!.

    له‌گه‌ڵ بوونی ده‌یان گومان له‌و هه‌موو ڕیکڵامه‌ به‌خۆڕاییه‌و هه‌روا (في سبیل لله) یه‌ی‌ بۆ بانده‌ مافیاکانی بازرگانی به‌مرۆڤه‌وه‌ کران، ڕۆژنامه‌کان هه‌ر به‌وه‌شه‌وه‌ نه‌وه‌ستان یه‌که‌سه‌ره  که‌وتنه‌ لێکدانه‌وه‌ی کاریگه‌ره‌ ئه‌رێنی و نه‌رێنییه‌کانی ڕووه‌ ئابووری وکۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌م پرسه‌‌‌، که‌له‌ڕاستیدا ئه‌و ڕوانگه‌یه‌ هێنده‌ی ساده‌ ڕوانینه‌ بۆ چۆنێیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی دیاره‌ده‌کان، هێنده‌ شیکاری نییه‌‌ بۆ چوونه‌ ناو بینینی واقیعه‌کان، ڕاسته‌ ترسی به‌بێکار مانه‌وه‌ی لاوه‌کانی خۆمان به‌هۆی هێزی کاری بیانی و له‌گه‌ڵیشیدا‌بابه‌ته‌ په‌یوه‌سته‌کانی له‌جۆری سێکسه‌وه‌ له‌هه‌ردوو ڕه‌گه‌زی به‌رده‌سته‌ بیانییه‌کان، له‌وماڵه‌ کوردانه‌ی کاریان تێدا ده‌که‌ن، ڕوانگه‌و شیکردنه‌وه‌‌یه‌کی باشن، به‌ڵام! ئه‌و کاته‌ی ئێمه‌ ته‌واو دڵنیابووبین که‌ به‌ڕاستی ‌کوردستان بۆته‌ به‌هه‌شت و خه‌ڵکی بیانی ئاماده‌ن‌ به‌هارناوێکه‌وه‌بێت ڕووی تێبکه‌ن. نه‌مانبیست ئه‌و ڕۆژنامه‌و بڵاوکراوانه‌ی له‌په‌له‌کردنی بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌واڵ وڕیپۆرتاژه‌کانیان  هێنده‌ خێرابوون، بۆ جارێکیش گومان له‌ چۆنێیه‌تی هاتنی ئه‌و کاسانه‌ بکه‌ن، که‌ له‌ڕاستیدا ئه‌و پرسیاری سه‌ره‌کی بوو، که‌س نه‌بوو گومان بکات ئاخۆ ڕاسته‌ کوردستان هێنده‌ ئارام و گه‌شه‌ی ئابووری هێنده‌ خێرایه‌ و خه‌ڵکه‌شی هێنده‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو ناسراوه‌، تا وڵاتانی ئاسیا ئاماده‌ی به‌خشینی پاساپۆرت به‌هاتنی ‌هاووڵاتییه‌کانییان بۆ کوردستان بن! له‌ڕاستییدا له‌جیاتی ساغکردنه‌وه‌ی چۆنێیه‌تی سه‌رهه‌ڵدان و ڕاستی دیارده‌که‌، نووسه‌رو ڕۆژنامه‌نووسانمان که‌وتنه‌ به‌خشینه‌وه‌ی نوقڵانه‌ی کاریگه‌رییه‌ خراپه‌کانی دیارده‌که‌.

 

    به‌ڕاستی په‌لکێشکردنی خه‌ڵکی بۆ کوردستان به‌ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندن و به‌ناوی دوبه‌یه‌وه‌، که‌وه‌کو ئێستا بۆمان ڕوون بۆته‌وه‌ ‌بازرگانیی زۆره‌ملێیه‌‌ به‌مروڤ، ئه‌و بازرگانییه‌ش بۆ کوردستان، که‌له‌شکری بێکاری نزیکه‌ سه‌راپای کۆمه‌ڵگای گرتۆته‌وه‌، هاوکاتیش مێژوو ئه‌و گه‌واهییه‌مان بۆ ده‌دات، که‌له‌پێناوی ئاماده‌نه‌بوونی به‌کۆیله‌بوون چ ڕووبارێکی خوێنمان به‌خشیووه‌، بێی هیچ خاتر گرتنێک خه‌جاڵه‌ت بارییه‌!!!‌ ئه‌وه‌ جیا له‌و ده‌یان پرسیاره‌ بێی وه‌ڵامه‌ی به‌چ لۆژیکێکی ئابووری و سیاسی و ئه‌منی، حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته‌ ڕێگاو مۆڵه‌تی یاسایی به‌و کۆمپانیا مافیایانه‌ به‌خشیووه‌‌؟! ئایا به‌ڕاست حکومه‌ت ئاگای له‌م کاره‌ی کۆمپانیاکانییه‌؟! یان به‌ڕاستی  حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵات ئاگادارن و به‌ڵام پاره‌ زۆر به‌زوویی خستونییه‌ خه‌وێکی قووڵه‌وه!‌ که‌ئازاره‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیانی له‌بیر بردنه‌ته‌‌وه‌؟! لێره‌ پرسیار ئه‌وه‌یه:‌ خۆ ئه‌گه‌ر ئازاره‌کانی ڕابرووشیان له‌هزرو ویژدان سڕرابێته‌وه‌، خۆ له‌ئێستادا به‌هۆی ‌پاوانکردنی هه‌موو شاده‌ماره‌کانی ئابووری، به‌هه‌زاره‌ها مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا له‌مه‌حرومییه‌تی ئابوورییدا ده‌ژین، به‌شی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی یان به‌تاڵه‌ن، یان مووچه‌کانیان به‌شی هیچ شتێک ناکات، له‌تاو ئه‌م باره‌ ناهه‌مواره‌ش سه‌رماو سۆڵه‌ی زستانیش جانتا پێچراوه‌کانی سه‌فه‌ری گه‌نجان خاڵی ناکاته‌وه‌و کۆچڕه‌وی گه‌نجه‌کانمان هێشتاش وه‌کو جاران درێژه‌ی هه‌یه‌. ئه‌وه‌ جیا له‌وه‌ی ئه‌م نیشتمانه‌ دابه‌شکراوه‌دا‌ هێشتا مه‌ترسی داگیرکاری دوژمنان له‌سه‌رمان که‌م نه‌بۆته‌وه‌، هێشتاش خاکه‌که‌مان به‌شێکه‌ له‌ناوچه‌یه‌کی شه‌ڕ، ئه‌ی ئه‌و هه‌زاران خه‌ڵکه‌ به‌دبه‌خته‌ی عه‌وداڵی جێگایه‌کن بۆ حه‌وانه‌وه‌، خۆ خه‌ڵکی کوردستان هه‌موویان منه‌تباری پێدانی چه‌ند گڵۆپێکی کاره‌بان بۆ ڕووناکی ، که‌میش نین ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌سته‌ودوعان‌ بۆ په‌یداکردنی چه‌ند لترێکی سوته‌مه‌نی، ئه‌مه‌و به‌ده‌یان داخوازی تری ڕه‌وای هاووڵاتییان له‌ده‌سه‌ڵات و حکومه‌ت. ئایا له‌بارێکی ئاوای کۆمه‌ڵگادا‌، به‌فێڵ په‌لکێشکردنی خه‌ڵکی وڵاتان تر به‌ناوی( دوبه‌ی)ه‌یه‌وه‌ بۆ کوردستان چ شیکارییه‌ک هه‌ڵده‌گرێت؟!. نازانم ئه‌و وڵاته‌ که‌ڕۆژگارێکی زۆر فریادڕه‌س و خۆڵقێنه‌ری شۆڕشگێڕانی بوو، چ خه‌راباتێکه‌ وا له‌ماوه‌یه‌کی که‌مدا، مافیا ئاسا ده‌ڵاڵه‌کانی بۆ ده‌ره‌ی وڵات ده‌نێرێ، بۆئه‌وه‌ی کرێکارو کاره‌که‌رو کۆیله‌یان بۆ بێنێ؟! که‌س نه‌بوو بپرسێت ئه‌و نیشتمانه‌ بۆ وای لێهات؟ له‌پای چی مرۆڤی کورد هێنده‌ له‌به‌ر چاوی سیاسییه‌ سه‌رمایه‌داره‌کان بێزرابێت، به‌کرێکارو ‌غولام و قاپشۆریش قه‌بووڵیان نه‌بێت!.‌

    به‌ڵام هه‌ره‌ک چۆن ده‌بێت دواجار هه‌موو ڕاستی و هه‌ڵه‌یه‌ک لێک هه‌ڵاوێر بکرێن، ئه‌م جاره‌شیان سه‌ره‌نجام ڕاستی هه‌ڵفرێواندنی کرێکاره‌ هیندییه‌کان بۆ کوردستانییان ئاشکرابوون.

    ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتی له‌لاپه‌ڕه‌(2)ی ‌دوا ژماره‌یدا(310 - 24/1/2007) که‌ئه‌وانیش‌ له‌ڕۆژنامه‌ی (Trouw)وه وه‌ریانگرتووه‌،‌ چیرۆکی هه‌ڵفریواندنی دوو کرێکاری هیندی بڵاوکردۆته‌وه‌و که‌چۆن به‌ناوی دوبه‌ی و وڵاتانی تری که‌نداوه‌وه‌ په‌لکێشی کوردستان کراون!! به‌دبه‌ختییه‌که‌ش له‌وه‌دایه‌ ئه‌و بۆنده‌ (18) مانگییه‌ی به‌کرێکاره‌ هیندییه‌کان ئیمزاکراوه‌، له‌وڵات و خێزان و منداڵ و ‌که‌س و کاری خۆیان دایبڕیون. پرسیاری لۆژیکی لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌: ده‌بێت که‌ی بێت چیرۆکی ئه‌و کچ و کوڕانه‌شمان بۆ ئاشکرابکرێت که‌ئێستا له‌ماڵه‌ به‌ر‌پرس و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی کوردستان کاری به‌رده‌ستی ماڵاکانیان ده‌که‌ن؟ ده‌بێی چیرۆکی په‌لکێشی ئه‌وان چ ناسۆرییه‌ک له‌گه‌ڵ خۆیان بێنێت؟!.

 

                                                27/1/2007

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca