تورکیا، گه‌مه‌ی هه‌ڵبژاردن و کێشه‌ی کورد

کاوه‌ ئه‌مین  

 

له‌ هه‌ر وڵاتێک که‌ کاتی هه‌ڵبژاردن نزیک ده‌بێته‌وه‌، سیاسییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ش ده‌که‌ونه‌ وه‌عد و به‌ڵێن دانی چه‌ور به‌ خه‌ڵکه‌که‌یان، به‌ تایبه‌تیش له‌ وڵاتانی دواکه‌وتوو که‌ ڕێژه‌ی خوێنده‌واری و ئاستی هۆشیاری خه‌ڵک له‌ خواره‌وه‌یه‌ ده‌نگی ده‌هۆڵی پارته‌ سیاسییه‌کان گوێی ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ستزمانه‌ که‌ڕ ده‌که‌ن. تورکیا یه‌کێک له‌و وڵاتانه‌یه‌، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی سیستمه‌ێکی فره‌ پارتی هه‌یه‌ و هه‌ر پارته‌و به‌ ڕه‌نگ و ده‌نگی خۆیه‌وه‌ ده‌توانێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بکات، به‌ڵام له‌و به‌شه‌ی کوردستان که‌ تورکیا داگیریی کردووه‌، له‌ پراکتیکدا بارێکی نائاسایی باڵی به‌سه‌ر ناوچه‌که‌دا کێشاوه‌. ڕۆژانه،‌ سیاسیی و نووسه‌ران و ڕۆشنبیران و خه‌ڵکی سڤیلی کورد ڕوو‌به‌ڕووه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ژاد په‌رستان و ده‌وڵه‌ت ده‌بنه‌وه به‌ تایبه‌تی له‌ شاره‌ تورکییه‌کاندا، نه‌ژادپه‌رستان به‌ ئاشکراو به‌ به‌رچاوی پۆلیسی ئه‌و وڵاته‌وه‌ سوکایه‌تی به‌و کوردانه‌ی که‌ به‌ناچاری کۆچیان کردووه‌ و گونده‌کانینان کاولکراوه‌،‌ ده‌که‌ن.

ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌ هه‌موو هێزیی خۆیان، به‌ هه‌موو داوده‌ستگا سڤیل و عه‌سکه‌رییه‌کانیانه‌وه‌ خۆیان بۆ دژایه‌تی کورد ئاماده ‌کردووه‌، به‌ تایبه‌تیش کێشه‌ی که‌رکووک و ناوچه‌ داگیرکراوه‌کانی تری باشووری کوردستان. ئه‌ردۆگان و عه‌بدوڵڵا گول په‌یتا په‌یتا هه‌ڕه‌شه‌ی نابه‌جێ ده‌که‌ن و ڕه‌خنه‌ له‌ ئه‌مریکا ده‌گرن که‌ بۆ تا ئێستا هیچیان به‌رانبه‌ر کۆنگره‌ی گه‌ل نه‌کردووه‌.

سیاسه‌تی ئه‌مریکا له‌ عێراق به‌ ته‌واوه‌تی شکستی هێناوه‌ و هه‌موو ئه‌و هه‌و‌ڵانه‌شی بۆ پینه‌ و په‌ڕۆکردنی شکسته‌کانی ده‌یکات ناتوانن داهاتوویه‌کی روون بۆ هێزه‌کانی ئه‌مریکا له‌ ناوچه‌که‌ دابین بکه‌ن، بۆیه‌ ئه‌مریکا له‌به‌ر خاتری تورکیا ناتوانێت په‌لاماری گریلاکان بدات و سه‌رێشه‌یه‌کی تر بۆ خۆی زیاد بکات. ته‌نها شتێک که‌ بتوانێت ئه‌مریکا له‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و سه‌ربازییه‌ ڕزگاربکات، دابه‌شکردنی عێراقه‌ بۆ سێ ده‌وڵه‌ت، کورد، شیعه‌ و سوننه‌. تورکیا‌ به‌ ئاشکرا دژایه‌تی پیلانێکی وا ده‌کات و هه‌ڕه‌شه‌ ده‌کات، به‌ڵام ئه‌و وڵاته‌ که‌وتۆته‌ ته‌نگه‌شه‌یه‌کی واوه‌ که‌ نه‌ک ناتونێت هێرش بکاته‌ سه‌ر باشووری کوردستان به‌ڵکو ناتوانێت ڕووبه‌رووی شه‌رڤانه‌کانی (پ.ک.ک)ش بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر ئه‌مریکا به‌جددی ناڕه‌زایه‌تی خۆی نیشان بدات، بۆیه‌ ده‌کرێت هه‌ڕشه‌کانی تورکیا وه‌کو پروپاگه‌نده‌یه‌کی هه‌ڵبژاردن بۆ زیاتر بزواندنی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی تورکچییه‌کان ته‌ماشا بکه‌ین. وه‌رامدانه‌وه‌ی سه‌رۆکایه‌تی "هه‌رێمی" کوردستان بۆ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا له‌ جێی خۆیدابوو، کاتێک به‌ بیر تورکیایان هێنایه‌وه‌ که‌ "سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌سه‌ر چووه‌و، تورکیا، زۆر خاڵی لاوازی هه‌یه‌ که‌ کوردیش ده‌توانێت یاری پی بکات".

له‌ کاتێکدا که‌ تورکیا خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ ده‌کات، کورده‌کانی باکوریش به‌ تایبه‌تی پارتی کۆمه‌ڵگایی دیموکراتی که‌ وه‌کو باڵێکی سیاسی (پ. ک. ک) ده‌ژمێردرێت و گه‌وره‌ترین پارتی کوردییه له‌ باکوری کوردستان، هێشتا له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌کی ڕێکوپێک ڕێکنه‌کوتوون و له‌ نێو بازنه‌یه‌کی ئایدۆلۆژیی خۆیان قه‌تیس کردووه‌ که‌ ئه‌ویش بیروباوه‌ڕی سۆسیالیستییه‌ یانیش چه‌پگه‌راییه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی پێشوودا نه‌یان توانی وه‌کو پێویست ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بهێنن، هه‌ڵبه‌ت نابێت ئه‌و کۆسپانه‌ی که‌ ده‌وڵه‌تی تورکیا خستییه‌ به‌رده‌میان، له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆوه‌‌ بگره‌ تا دزینی ده‌نگه‌کان، له‌ بیر بکه‌ین. وا بڕیاره‌ له‌ مانگی داهاتوودا ئه‌و پارته‌ کوردییه‌ کۆنگره‌یه‌کی نائاسایی بگرن و به‌ پلان و به‌رنامه‌یه‌کی نوێوه‌ خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده‌ بکه‌ن به‌ڵام هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌وڵ بده‌ن بۆ دامه‌زاردنی به‌ره‌یه‌کی چه‌پ له‌ گه‌ڵ پارته‌ چه‌پ و کۆمۆنیست و سۆسیالیسته‌کانی تورکیا که‌ نه‌ک ناتوانن بچنه‌ نێو په‌رله‌مانه‌وه‌ بگره‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانیه‌کانشدا کورسه‌یه‌ک به‌ده‌ست ناهێنن، دابمه‌زرێنن،  ئه‌مه‌ش‌ وه‌کو ئه‌وه‌ وایه‌ که‌ پارتی یانیش یه‌کیه‌تی له‌گه‌ڵ کۆمۆنیستی کرێکاری به‌ره‌‌یه‌ک بۆ به‌شداری هه‌ڵبژاردن له‌ باشووری کوردستان دابمه‌زرێنن. بۆیه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نگرانی ئه‌و ته‌یاره‌ی که‌ خۆی به‌ چه‌په‌کانی تورکیاوه‌ هه‌ڵده‌واسێت له‌ کۆنگره‌ی نائاسایی ئه‌و پارته‌دا سه‌ربکه‌ون ئه‌وا هه‌مان چاره‌نووسی هه‌ڵبژاردنی پێشوو چاوه‌ڕوانی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی ده‌کات، باشترین حه‌ل بۆ ئه‌وه‌ی کورد بتوانێت بچێته‌ په‌رله‌مانی تورکیاوه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ که‌سایه‌تییه‌کانی نێو پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی وه‌کو تاک (شه‌خس) به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌کان بکه‌ن و پارتی کرێکارانی کوردستان و به‌رێز عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان پشتیوانینان لێ بکه‌ن، چونکه‌ بێ پشتیوانی ئه‌وان سه‌رناکه‌ون و له‌ کورده‌که‌ی هه‌ردوو چه‌ژنه‌که‌ ده‌بن.

ئاخر که‌ ده‌ڵێم نا بێت کورد وه‌دوی گروپه‌ چه‌په‌کانی تورک بکه‌ون له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌، ڕاسته‌ کوردی باکوری کوردستان هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی تێیاندا خه‌مڵیوه‌ به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ له‌ بیر نه‌کرێت که‌ کۆمه‌ڵگایی کوردی هه‌ستێکی ئاینی به‌ناخیدا چۆته‌ خواره‌وه‌ و دین و کوردایه‌تی تێکهه‌ڵکێشی یه‌کتر کراون ئه‌وه‌ ڕاستییه‌که‌و ناتوانیین له‌به‌رچاوی نه‌گرین، هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ وای کردووه‌ پارتی داد و گه‌شه‌ پێدان له‌ باکووری کوردستان زۆرترین ده‌نگی هێنا له‌ هه‌ڵبژاردنی ڕابردوودا، چونکه‌ ئه‌وان دروشمی ئێمه‌ هه‌موو "موسڵمانین"یان به‌رزکردبووه‌، جا بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڕه‌یه‌ له‌ ژێر پێی ئه‌ردۆغان و ئه‌و تورکه‌شانه‌ی که‌ به‌ناوی مسڵمانێتیه‌وه‌ سه‌دان ساڵه‌ کورد له‌ خشته‌ ده‌به‌ن ده‌ربهێنرێت، باشتره‌ کورد به‌ره‌یه‌کی کوردیی که‌ هه‌موو بیروبۆچوون و دین و مه‌زهه‌بێک له‌ خۆ بگرێت، دابمه‌زرێنن و ده‌نگ بده‌ن به‌ که‌سایه‌تییه‌ نیشتیمان په‌روه‌ره‌کانی کورد، جا با ئیسلامی بن به‌ڵام‌ کوردایه‌تی بکه‌ن یانیش ئه‌و په‌ڕی کۆمۆنیست بن به‌ڵام کوردایه‌تی بکه‌ن. ئه‌گه‌ر کورد وه‌کو کورد نه‌ک وه‌ک ئه‌و ئاغا خۆفرۆشانه‌ی که خۆیان به‌ پارته‌ تورکیه‌کان فرۆشتووه‌ و‌ له‌ په‌رله‌مانی تورکیادا ده‌بنه‌ کۆیله‌ی تورکان، نوێنه‌ریان ببه‌نه‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ ئه‌وا پاڵپشتێکی گه‌وره‌ش ده‌بێت بۆ باشووری کوردستان و ده‌توانن ڕیگا له‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی تورکیا بگرن، ئه‌و کاته‌ هه‌م ئه‌وروپا و هه‌میش ئه‌مریکا ناتوانن خۆیان بێده‌نگ بکه‌ن، ره‌نگه‌ بۆ جاریکیش بێت تای ته‌رازووه‌که‌ به‌ قازانجی کورد بشکێته‌وه‌.

-----------------

 -تێبینی: ئه‌م وتاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)ی ٢٤/١/٢٠٠٧ دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca