بەرێزان ئەندامانى پەڕِلەمان
من کەلە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان وئەنفالکراوەکانى حکومەتى
هەرێمى کوردستان ئەم نامەیەتان ئاراستە دەکەم، لە وڵاتێکدا کە
نەتەوەکەى مێژوویەکى دوورودرێژى هەیە لە ماڵوێرانى و خوێنڕشتن
و بەکۆمەڵکوژى و چەوساندنەوەو دەربەردەرى، گومانیشم لەوە نیە
کەبەهۆى تەمەنێکى دوورودرێژ لە هاوژیانى و هاوسێیەتى
میللەتەکەتان لەگەڵ نەتەوەى کورد کەسانێکى خودان مۆڕال و
بەویژدان لەناوتان دەست دەکەوێت کەلەو ڕاستییە مێژووییە بە
ئاگان و گشت ئەو مەینەتیانەى بەسەر نەتەوەکەمدا هاتووە ویژدانى
زیندویان ئازار بدات .
ئەوەى لێرەدا جێگاى پرسیارو سەر سورمان و نائومیدیە ئەو
هەڵوێستەى چەند رۆژى رابردووى ئێوەیە ،کەبەزۆرینەى دەنگ پەسندى
ئەوەتان کرد سوپاى تورکیا بەمەبەستى سەرکوتکردنى (pkk)
سنورى سیادەى وڵاتێک ببەزێنێت و ئەم ئەم ناوچەیە جارێکى تر
بکاتەوەبە مەیدانى شەڕو کوشت و کوشتار ، ئەم هەڵوێستەى ئێوە
نواندتان وەکو ئەندامێکى پەڕِلەمان
زۆر پێچەوانەى ئەو ئەرکە پیرۆزەیە کە پێتان سپێردراوە.
مەرجە کەسێکى پەڕِلەمانتار
کەلەلایەن گەلێک متمانەى پێ دەبەخشرێت وهەڵدەبژدرێت هەڵگرى گشت
بنەما ئەخلاقى و مرۆڤایەتیەکان بێت و لە پێناو چارەسەرکردنى
گرفت و هێنانە کایەى خۆشبەختى میللەتەکەى بە تایبەتى و جیهان
بەگشتى تێبکۆشێت . کەچى ئێوەى بەرێز بە پێچەوانەى ئەمە بەبێ
ڕەچاو کردنى ئەرکە مرۆڤایەتیەکانتان زۆر بە خێرایى و بەسانایى
شەرعیەتتان دا بەهەڵگیرسانى شەر، ِکەشەڕیش
جگە لەماڵوێرانى و خوێنرشتن و ئاوارەیى وبرسیەتى ئەنجامێکى تر
بەدەستەوە نادات .
ئێوە بەو هەڵوێستەتان پێتان وایە ئەرکى نیشتیمانى و دڵسۆزى
خۆتان بۆ گەلى تورکیا بەجێ گەیاندوە، بەو ئومێدەى پارێزگارى لە
ئاسایش و ماف و خۆشبەختى گەلەکەتان بکەن، بەڵام ئەو راِستیەتان
فەرامۆش کردووە کە خۆشبەختى و بەرقەراربوونى ئارامى لە وڵاتى
ئێوە نایەتەدى کاتێک خۆشبەختى و مافى ژیانى میللەتى کورد کە
هاوڵاتى و هاوسَیى
دەوڵەتەکەى ئێوەیە بکەوێتە مەترسیەوە.
ئەوە بنەمایەکى جێگیرە کە خۆشبەختى و ئاسایشى هیچ لایەنێک
لەسەر حیسابى نەهامەتى لایەنەکەى تر بەدى نایەت، مەگەر لە
کۆمەڵگایەکى هەمەجى و بێ قەیدو بەندى دوور لە بەهاو رێساى
مرۆڤایەتى، کەمێژووش ئەو راستیەى سەلماندووە .
بەرێزان ئەگەر بۆ چەند چرکە ساتێکیش بێت ئاورێک لە مێژووى
سەدان ساڵەى ئەو ناوچەیە بدەنەوە ئەوەتان دێتەوە یاد کە لەژێر
سایەى دەسەڵاتدارەکانى ئیمپراتۆرى فارس و عوسمانى و بەرلەوان
ئەمەوى و عەباسى ئەو ناوچەیە زۆربەى کات لە دۆخێکى پڕ لەشەڕ و
نا ئارامیدا ژیانى بەسەر بردووە ،کە زۆربەى نەتەوەکانى ناوچەکە
تیادا بوونەتە قوربانى هەوەسى دەسەڵاتداریەتى و بەهێزکردنى تاج
و تەختى فەِرمانِرەواکانى
ئەو کاتە، لەئاکامدا بەسەدان و بگرە هەزاران کەس لەناوچووەو
شارو گوندەکانیش بەرشاڵاوى تاڵان و وێرانکردن هاتوون، کە
بەداخەوە لەو پێودانگە میللەتى کورد گەورەترین بەشى بەرکەوتووە
.
ئێمەش وەکو ئێوەو میللەتانى ترى ناوچەکە زوڵم و زۆردارى زاڵمان
و حوکمڕانانى ئەو کات تەنگیان پێ هەڵچنیوین، ئەوە بوو هاوکات
لەگەڵ برەوسەندنى خەباتى ئازادیخوازى و دروستکردنى دەوڵەتى
نەتەوەیى دیموکراتخواز خەباتى خۆمان دەستپێکرد، بەیەکەوە
دەستمان کرد بە پێکهێنانى کۆمەڵەو رێکخراوى رۆشنبیرى و سیاسى
بۆ ئەوەى لەو دۆخە ڕزگارمان بێت کۆمەڵەى (ئیتیحاد و تەرەقى)
مان دامەزراند ،ئەگەرچى زۆرى نەبرد ئێوەبە ئامانجى خۆتان
گەیشتن و خیانەتان لە ئێمە کرد .
لەو ساتەوە ئێمە لە پێناو بەدەستهێنانى مافى نەتەوەیى و
کیانێکى سەربەخۆ خەبات دەکەین و لەو رێگەیەدا بەهەزاران منداڵ
و ئافرەت و پیرو لاوى کورد بوونەتە قوربانى، زۆرى ژمارەى
قوربانیان و ئازارەکانیان بووە هۆى ئەوەى کە پێکهێنانى
دامەزراوەیەکى تایبەت بە کەسوکارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان
ببێتە پێوستى تاوەکو بەرێگاى ئەو کەناڵەوە بتوانین خزمەتى
خانەوادە قوربانیدەرەکانى کوردستان بکەین، هەر لە سەرەتاى
دامەزراندنى ئەم وەزراەتە هیواى ئەوەمان خواست کە بۆماوەیەکى
دیاریکراو و کورت پێویستمان بە هەبوونى ئەو دامەزراوەیە بێت،
بەو مانایەى کە ئاشتى و ئارامى لەسەرتاسەرى وڵات بەرقەرار بێت
و جارێکى تر کەس نەبێتە قوربانى شەڕى ماڵوێرانکەر .
کەچى هەڵوێستى نامرۆڤایەتى توندوتیژانەى ئێوە ئەو مەسەلەیە
پێچەوانە دەکاتەوە، لەبەرئەوەى بەم کارەتان ئێوە جارێکى تر
ڕێگا خۆش دەکەن بۆ کوشتن و دەربەدەرکردنى خەڵکى گوندو شارو
شارۆچکەکانى وڵاتى ئێمە.
ئەوەى لە هەموو ئەوانەى گوتران جەرگبڕو نائومێدکەرترە ئەوەیە
کە لەسەدەى بانگەشەکردن بۆ پاراستن و ڕێزگرتن لە مافەکانى مرۆڤ
و هزرى مەدەنیەت ، هەر بەرێگاى دامەزراوەیەکى کۆمەڵگاى مەدەنى
و پێشکەوتوو پیرۆز شەرعیەت دەدرێت بە کوشتنى مرۆڤ و
سەرکوتکردنى خەباتى ئازادیخوازى .
لەکۆتاییدا بەناوى کەسێک کە لەگەڵ ئازارو مەینەتیەکانى
نەتەوەکەم گەورەبووم و ئەمرۆکە ئەرکى پیرۆزى خزمەتکردنى
قوربانیانى شەڕو ماڵوێرانى میللەتەکەم پێ سپێردراوە داواکارم :
1. بە هەڵوێستە توندوتیژو دژە ئەرکە پیرۆزەکەى خۆتان دا بچنەوە
و ببنە نوێنەرى پەیامى ئاشتى و میللەتێکى ئاشتى خواز نەک
شەڕانگێز و دڕندە .
2. شەڕو ماڵوێرانى و باروت زەمانێکى دوورو درێژە بەرۆکى
گرتوین و ئازیزانمان لەناو دەبات ،لێ گەرێن با ئێمەش وەکو ئێوە
کەمێک هەواى ئازادى و شادى و ئارامى هەڵمژین .دڵنیابن ئەو
بەهەشتەى هەوڵى بۆ دەدەن دروست ناکرێت ئەگەر ئێمەى میللەتانى
هاوسێتان لە دۆزەخ دا بژین .
3. هاوکارى و پاڵپشتى لە میللەتانى ناوچەکە بکەن بۆ ئەوەى
ئاشتى و ئارامى سەرتاسەرى ئەم ناوچەیە بگرێتەوە و ئێمەش و هیچ
وڵاتێکى تر نە لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و نەلەجیهان پێوستى بە
دامەزراوەیەکى تایبەت بەناوى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان نەبێت .
چنار سعد عبداللە
وەزیرى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوەکان
لەحکومەتى هەرێمى کوردستان
24/ 10/2007
|