محه‌مه‌د ئوزون
دلێ پر بره‌ جه‌م خودێ

   دیدار مه‌سیفی

dmasifi289@yahoo.ca

 

   ‌گرانه له‌ سه‌ر نوسه‌رێک بنوسیت که‌ پێشتر کتێبێکی ئه‌وت نه‌خوێندبێته‌وه‌، به‌ڵآم ئه‌گه‌ر ئه‌و که‌سه‌ نزیکتر له‌ تۆ بێت له‌م ئێش و ئازاره‌ رۆحییانه‌ی که‌ ئه‌مرۆ پرۆسه‌ی نوسینت پێده‌که‌ن، ئه‌و نزیکتر له‌ تۆ بێت له‌ ته‌واوی ئه‌و نوسه‌ره‌ بیانیانه‌ی که‌ به‌ نوسین و کتێبه‌کانیان مێشکیان جه‌نجاڵ کردوویت و جار به‌ جار ده‌ته‌وێت به‌ چه‌ند ووشه‌یه‌ک باسیان بکه‌یت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دووریدا تێنوویه‌تیت بۆ ناسنامه‌ بۆ تاوێک بشکێنێت و له‌ ژێر په‌رده‌یه‌کی ئارامدا که‌مێک خۆت نیشانده‌یت. به‌ڵآم ئێستا ئه‌سته‌مه بۆت ‌له‌م ساته‌ غه‌مگینه‌دا ئه‌و له‌ بیر بکه‌یت و شتێکی له‌سه‌ر نه‌نوسیت. ئه‌و! که‌سێک که‌ به‌ر له‌ هه‌موو که‌س له‌‌ گه‌ران به دوای ناسنامه‌ دا بوو.      

به‌ڵێ، ناسنامه‌! ئه‌و شته‌ پر نرخه‌ی که‌ ئه‌و به‌ هۆیه‌وه‌ یه‌که‌م رۆژی له‌ مه‌حزه‌ری فێربوون دا لێ تاڵ بوو، کاتێک منداڵێکی حه‌وت ساڵان بوو هه‌م یه‌که‌م شه‌قی زوڵم به‌ر روومه‌تی فه‌ریکی که‌وت، هه‌م به‌ قه‌ده‌ری پر گرانی خۆی زانی!  ئه‌مڕۆکه که‌‌ ئه‌و وونه‌، پایز شه‌رمن و خه‌مناک و په‌شۆکاو هاتۆته‌ به‌ر قاپیت و ئه‌ویش به‌ گوێچکه‌دا ده‌چرپێنێت "برایێ هه‌م، ئه‌و که‌سه‌ که‌سه‌ که له‌ سه‌ری بنوسرێت!"  به‌ڵآم ئه‌فسووس ئه‌وه‌ی گوێ له‌م هاواره‌ ناوه‌خته‌ی پایز ده‌گرێت، تازه‌ بۆی دره‌نگه‌ ده‌ستی بگات به‌ {تو1985} یان جودایی نێوان {مرنا که‌له‌کی رند1987} و{مرنا عه‌گیده‌کی1993} وه‌ک تو بزانیت، یان له‌ دلێک بگات که‌ پڕاو پڕ بوو، لێوا و لێو بوو به‌ {سییا ئه‌ڤینێ1989} به‌ڵی، زۆر دره‌نگه‌  له ‌ که‌سێک بگات که‌‌ به‌ر له‌ کۆچباری گازی و هاواری به‌رده‌وامی ئینسانی ئه‌و به‌ قه‌ده‌ر {هاوارا دیجله‌یێ2003} بوو.          

 دوو ساڵ به‌ر له‌وه‌ی ئه‌و بۆ دوا جار به‌ ناچاری بگه‌ڕێته‌وه‌ وه‌لات و بیست و هه‌شت ساڵی دووری و غه‌ریبی به‌ کۆتا بێنێت، ژانێک له‌ گه‌ده‌ی سه‌ر هه‌ڵده‌دات و بیر و ئه‌ندێشه‌ی پڕ له‌ سۆز و برینی ئه‌و به‌ جارێک ئاڵۆزکاو ده‌کات، تا وای لێدێت چیتر نه‌توانێت بۆنی دار خۆخ و هه‌ناره‌کانی باخچه‌ی منداڵی له‌ دووره‌وه‌ بکات، چیتر نه‌توانێت به‌ خه‌یاڵیش سه‌ر بخاته‌ سه‌ر رانه‌کانی داپیره‌ی به‌ژن درێژی تا ئه‌مجاره‌‌ په‌نجه‌ درێژه‌کانی ئه‌و له‌ نێو قژی برنج و ماشیدا ببینێته‌وه‌.                             

 ئه‌و له‌ گه‌نجیدا دوایی ئه‌وه‌ی له‌ زیندانی ئه‌نکه‌را ئازاد ده‌کرێت، له‌ دیمه‌شقدا به‌ دیار گۆڕی سه‌لاحه‌ددین و مه‌ولانا خالید و به‌درخان پاشا و نه‌وه‌کانی، به‌ دیار گۆڕی قه‌دری جان هێستر دوای هێستر ده‌ڕێژێت و پاڵه‌وانانی حیکایه‌ته‌ درێژه‌کانی داپیره‌ی به‌ژن درێژی دێته‌وه‌ یاد و له‌ داهاتوی خۆیدا راده‌مێنێت. ده‌ترسێت وه‌ک ئه‌و گۆرانه‌ی به‌ر ده‌می و پاڵه‌وانه‌ نه‌گه‌راوه‌کانی حیکایه‌ته‌کانی داپیره‌ی ئه‌ویش رۆژێک گۆر غه‌ریب بمرێت!؟                                                                

به‌ڵام ئه‌و چۆن ده‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه‌ و ئه‌و رۆژگاره‌ دژوارانه‌ له‌ یاد بکات که‌ پاله‌وانان په‌راگه‌نده‌ی وه‌لاتی غه‌ریبی ده‌کات، چۆن ده‌یتوانی ئه‌و سپێده‌یه‌ زووه‌ی ساڵی 1960 له‌ یاد بکات که‌ شه‌قی مامۆستاکه‌ی بنا گوێی ئه‌وی گه‌رم کرد کاتێک نه‌ڕاندی به‌  نێو گوێچکه‌ بچووک و حه‌فت ساڵیه‌که‌ی ئه‌و {کوردی ئاخافتن یاساغه‌!} یان چۆن رووی خیانه‌تکار و درۆزنانه‌ی ئه‌و دادوه‌ره‌ کورده‌ی خه‌ڵکی ئاگری له‌ یاد ده‌رکات که‌ له‌ هاوینی ساڵی 1976 به‌ هه‌شت مانگ حوکمی دا و دوای ئه‌وه‌ی ئه‌ویش نه‌ڕاندی به‌ گوێیدا که‌وا {کوردی نوسین یاساغه‌!} ئه‌و هه‌رگیز نه‌یتوانی بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو باغی منداڵی، نێو دار خؤخ و هه‌ناره‌کانی داپیره‌ی به‌ژن درێژی که‌ به‌ر له‌ بوونی ئه‌و وه‌ک یه‌که‌م نه‌وه، له‌گه‌ڵ باغی خۆخ و هه‌نار دا حه‌فت کوڕ و کیژێکی به‌ خودان کردبوون. كیژه‌که‌ له‌ هه‌ر حه‌فت برا مه‌زنتر، دار هه‌نار و دار خۆخ و دایکی میهره‌بانی محه‌مه‌د بوو.            

محه‌مه‌د ئوزون له‌ دیمه‌شقدا به‌ سه‌ر گۆر غه‌ریباندا به‌ره‌و دوور فڕی، دوورتر له‌م خاکانه‌ی که‌ پاڵه‌وانانی حیکایه‌ته‌کانی داپیره‌ی درێژی پێیداچوو بوون و نه‌گه‌ڕابوونه‌وه‌، دوورتر له‌ قه‌فقاس، له‌ یۆنان، له‌ مه‌غریب و سه‌حرای یه‌مه‌ن. ئه‌و وه‌ک نه‌وره‌سێکی زیز له‌ سته‌م به‌ دوایی زه‌ردی خۆر و شینی ده‌ریاکان دا ره‌وی کرد، به‌ڵکو دورگه‌یه‌ک به‌دی ده‌کات که‌ ناسنامه‌ی وون بووی ئه‌وی له‌سه‌ر نوسرابێت.        

 دورگه‌که‌یه‌ک که‌ ته‌نها ئارامی و خۆشی بێنێت بۆ ئه‌و، نه‌خاسمه‌ {رونی مینا ئه‌ڤینێ، تاری مینا مرنێ1998}                     

 به‌ڵام بۆ باڵه‌ شه‌که‌ت و ماندووه‌کانی ئه‌و کریت، شوێن پێی به‌درخان و سه‌مای زۆربا، ده‌رکه‌وت و دورگه‌ی ئه‌و نه‌بوو!      

  مالتا، زیندانی شۆرشگێران ده‌رکه‌وت و دورگه‌ی ئه‌و نه‌ بوو!              

 که‌ناری، به‌هه‌شتی جوان ده‌رکه‌وت و دورگه‌ی ئه‌و نه‌بوو!                                 

 که‌ نه‌گه‌یشت! گه‌یشت به‌ دورگه‌یه‌ک که‌ وه‌ک تایتلی رۆمانه‌که‌ی له‌ سه‌روو رۆژه‌کانی کورت و سپی بوون وه‌ک ئه‌ڤین و شه‌وه‌کانیشی درێژ و تاریک وه‌ک مردن! له‌م شوێنه‌دا ئه‌و بیست و هه‌شت ساڵ باڵه‌کانی واڵا بوون بۆ فڕین، زار و په‌نجه‌کانی بۆ په‌یڤین! به‌ڵام هه‌ر دین و وێل بۆ جارێکی تر بۆنکردنه‌وه‌ی دار خۆخ و هه‌ناره‌کانی با‌خچه‌ی وه‌لات و داپیره‌ی به‌ژن درێژی. تا ئه‌و رۆژه‌ی گوێ که‌ڕ له‌ ئاست ئێش و گازانده‌ی دلی ئه‌و، فه‌له‌ک له‌ هه‌موو جارێک خائینتر تۆی پیسی خۆی له‌ گه‌ده‌ی محه‌مه‌دا ده‌چێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر به‌ خه‌یاڵیش به‌ کن باغه‌ سووتاوه‌که‌ی داپیره‌ی دابچێت نه‌توانێت هه‌نارێک، خۆخێک، بگره‌ ده‌نکه‌ زه‌یتونێکی لێ بخوات.          بۆیه‌ ئه‌و که‌ بۆ مردن پاش بیست و هه‌شت ساڵ دووری ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ به‌ گه‌ده‌ی نه‌خۆشه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌کات ناتوانێت وه‌ک جاران بیر له‌ دار خۆخ و هه‌ناره‌کانی باغی داپیره‌ی به‌ژن درێژی بکاته‌وه‌ و بچێته‌وه‌ ئورفه‌ی منداڵی، له‌ جیاتیدا ئه‌و روو ده‌کاته‌ ئامه‌د و له‌ پاڵ شووره‌ی ره‌شپۆش و غه‌مگینی ئه‌م شاره‌دا سازێکی زه‌رد ده‌گرێته‌ ده‌ست و چاوه‌ڕوانی ده‌نگبێژێک ده‌کات که‌ له‌ دووره‌وه‌ قه‌تاره‌یه‌کی پڕ له‌ خۆخ و هه‌ناری باغی داپیره‌ی ئه‌وی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێنابێت. هه‌روه‌ها له‌ دووره‌وه‌ هه‌ر که‌ ده‌گات به‌ لاوکێک خه‌ڵک گاز بکات و بڵێت "فه‌له‌کێ خائین، چما بسالا هاتنێت محه‌مه‌د ئوزون بۆ جه‌م ته‌، عومر دژمێری!"                      

محه‌مه‌د ئوزون له‌ سالی 1953 هاته‌ دونیا و به‌ر له‌ هه‌فته‌یه‌ک له‌ ته‌مه‌نی 54 ساڵیدا له‌ دیاربه‌کر به‌ شێرپه‌نجه‌ی گه‌ده‌ کۆچی دوایی کرد.                                

گه‌لێک مخابن کاتێک نوسه‌ر و رۆشنفکر له‌ زاڵم که‌متر ته‌مه‌ن ده‌کات.      

--------------------------------------------

* ئه‌وانه‌ی ناو که‌وانه‌ ناو و ساڵی له‌ چاپ دانی رۆمان و دیوانه‌کانی محه‌مه‌د ئوزونی نوسه‌ر و شاعیرن.                                   

     * وه‌لاتێ غه‌ریبیێ وه‌سفێکی سه‌ر زاری داپیره‌ی محه‌مه‌د ئوزون بوو له‌ کاتی گێرانه‌وه‌ی حیکایه‌تدا.                                


 

           

 

23/10/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca