زه‌مزه‌مه‌ی ڕه‌نگه‌کان

فرمێسک مسته‌فا  

 

تۆڕه‌نگێکی

له‌نێوان هه‌ڵاڵه‌ی لاله‌زاره‌کاندا به‌دیت ده‌که‌م

له‌وه‌رزه‌کانداده‌تدۆزمه‌وه‌

له‌گه‌ڵ باران دا داده‌بارێی

چه‌شنی باڵنده‌کان له‌شه‌قه‌ی باڵ ئه‌ده‌ی

له‌ئاسمانی تابلۆی سۆزوهزرمدا

ده‌نه‌خشێنرێت

تۆڕه‌نگێکی

گشتی ڕه‌نگه‌کانت له‌خۆگرتوه‌ و

له‌هیچ ڕه‌نگێکی دیکه‌

ناکه‌یت ......

 

سه‌ردان

په‌توی تونه‌کی شه‌وگارله‌خه‌مه‌کانم ده‌پێچمه‌وه‌

پێکه‌وه‌ سه‌رله‌سه‌ریه‌ک بالیف ده‌که‌ین

وه‌لێ ساتێ سه‌ردانی خه‌ونێکم ده‌که‌یت

په‌توی ڕه‌ش داگه‌راوی له‌خه‌م ئاڵاومه‌وه

ئاڵاوواڵا ده‌بێت

ئه‌ستیره‌کانیش به‌خه‌نده‌وگه‌مانه‌وه‌

له‌په‌نجه‌ره‌ی خۆشبه‌ختیمه‌وه‌

ڕه‌نگێ له‌وسه‌ردانه‌ده‌فڕێنێ

ده‌یکه‌نه‌تریفه‌

گوێسوانه‌ی ژوره‌ته‌نهاکانی

پێ ڕۆشنده‌که‌نه‌وه

 

سێبه‌ر

ته‌نهاڕه‌نگه‌ بێ سێبه‌ره‌

ئه‌ی بۆله‌سێبه‌ری ڕه‌نگی تۆدا

په‌لکه‌زێڕێنه‌م به‌دی ده‌کرد؟

سێبه‌رت ده‌بووه‌ چه‌پکه‌نازێک

وه‌ک ڕێحانه‌

ده‌تهاویشته‌ بسک و ئه‌گریجه‌ی

خۆشه‌ویستیمه‌وه‌

 

ژوان

له‌هه‌ر ڕه‌نگێکدا نهێنیه‌کی شاره‌وه‌هه‌یه‌

وه‌ک ژیان

له‌هه‌رژوانێکی تۆشدا

ڕه‌نگێ هه‌بوو

له‌م ژیانه‌دابه‌دی

ناکرێته‌وه‌ .....

 

په‌پووله‌

 

که‌باوه‌شت بۆ واڵاده‌کردم

بێ ترس وڕاڕا

خۆم ده‌هاویشته‌ ده‌ریای

ڕۆحته‌وه‌

ده‌بووینه‌ شه‌پۆلێک له‌دووڕه‌نگ

ده‌چوینه‌ که‌ناری په‌ڕه‌ی ده‌ستی مناڵێکه‌وه‌

به‌مه‌یل وچه‌تونی خۆی

تێکه‌ڵی ده‌کردین

هاواری ده‌کرد به‌خۆشیه‌وه‌

دایه‌ وه‌ره‌ سه‌یرکه‌

په‌پووله‌یه‌کم بۆ نه‌خشاندی !!!!

بیره‌وه‌ری

 

ڕه‌هێڵه‌ی بیره‌وه‌ریه‌کان به‌سه‌رمدا

داده‌که‌ن

گشتی ڕه‌نگه‌کان تنۆک، تنۆک

ده‌بنه‌ ئه‌سرین

ڕۆده‌چنه‌ خاکێکی بێ ڕه‌نگه‌وه‌

چرۆده‌که‌ن

به‌په‌رژینی یادگاریاکاندا

هه‌ڵده‌چنه‌وه‌

به‌رۆکم ده‌گرن

ڕه‌نگی ته‌لیسمی نیگاکانت

له‌دڵمدا ئاواده‌بێت پاش ئه‌وه‌ی په‌یمانم ئه‌داتێ

له‌به‌ری به‌یاندا چاوه‌ڕوانی بم

هه‌ڵدێته‌وه‌........

 

حه‌سره‌ت

 

خۆزگه‌

ده‌بوومه‌ ڕه‌نگێ

له‌سه‌رخامێکی بلووری بێ گه‌رد

ده‌تنه‌خشاندمه‌وه‌

ده‌تکردمه‌ تابلۆیه‌ک

ناونیشانێک و نیشتمانێکت

بۆهه‌تا هه‌تایه ‌ده‌دۆزیمه‌وه

له‌سه‌ردیواری دڵت

بۆ گشت دونیا

نمایشت ده‌کردمه‌وه‌....

 

         شتوتگارت2006

 

 

           

 

08/10/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca