هه‌میشه به‌ده‌م ڕۆیشتنه‌وه
هه‌نگاوه‌کانم ده‌ژمێرم
تا بزانم چه‌ندێک لێته‌وه دوورم
من مه‌حکومم له ڕووبه‌ری هه‌تاودا بێم و بچم
من هه‌میشه ده‌بێ له سنووری تۆ
له مه‌ودای مێخه‌ک
له بازنه‌ی باراندا بم!
هه‌میشه به ڕێگایه‌کدا
که دێته‌وه سه‌ر جاده‌ی مێخه‌ک
وه‌ک جه‌نگاوه‌رێکی ته‌ڕ به نائومێدیی
تا سه‌رئه‌ژنۆ له قوڕ و زوقم و بڵێسه‌دا،
به ئاڵایه‌کی سپیی و سه‌رێکی شۆڕه‌وه
ده‌گه‌ڕێمه‌وه لای تۆ
من به جانتایه‌که‌وه
ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه و
ئێواره‌یه‌ک
خۆم ده‌که‌مه‌وه به جاده‌ی مێخه‌کدا
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سنووری تۆ
دێمه‌وه ناو باران
هه‌میشه ده‌نگی تۆ ده‌بییه‌م
با‌نگم ده‌که‌یته‌وه
بۆ جاده‌ی مێخه‌ک
په‌تێکم بۆ رايه‌ڵ ده‌که‌یت
تا له‌وسه‌ری خه‌ره‌نده‌وه
له‌رزه له‌رز به سه‌ریدا بپه‌ڕمه‌وه
بۆ ئه‌مسه‌ری ئاگر
تۆ له جاده‌ی مێخه‌کدا
فرۆشیارێکیت ده‌سگێڕ
هه‌ر جاره و شتێک ده‌فرۆشیت
جارێک به‌خت
جارێک ... ئازادیی به شه‌رتی چه‌قۆ
جارێک کێشکه‌ی فڕیو
جارێک شه‌کرله‌مه‌ی باران
هه‌ندێ ئێواره‌ش هاوار ده‌که‌یت:
کوڕینه ... وه‌رنه‌وه بۆ ته‌نیایی مێخۆشی
شاره‌بان!
هه‌میشه ده‌ستم له‌سه‌ر دڵمه
که به‌م جاده‌یه‌ی تۆدا دێمه‌وه
له شه‌رمدا
چین چین ده‌نیشمه سه‌ر ئاره‌قه
له حه‌ژمه‌تا
کلیله‌کا‌نم لێ ده‌که‌ون
زه‌رفه‌کانم له‌ده‌ست به‌رده‌بنه‌وه
سێوه‌کانم ده‌ڕژێن
به‌ره‌و خوار خلۆر ده‌بنه‌وه
قاچ هه‌ڵده‌که‌م
به دوایا‌ندا ڕاده‌که‌م،... بۆ گوێ ڕووباره‌که
ڕاده‌که‌م
ڕاده‌که‌م
هه‌ر ڕاده‌که‌م
له‌وسه‌ری دونیا یه‌ک دوانێکیان ده‌گرمه‌وه
هه‌میشه که دێمه‌وه
له‌م جاده‌یه‌ی تۆدا
دڵم ده‌که‌وێته ته‌پوکوت
جارێک کچێکتم ده‌بێت به تووشه‌وه
به هه‌گبه‌یه‌ک نۆته و جانتایه‌ک بولبوله‌وه
ده‌ست له پاسێکی به‌تاڵ ڕاده‌گرێ،
سوار ده‌بێ و له گه‌ڕه‌کی گه‌ڵاڕێزان داده‌به‌زێت
جارێک ژنێکی دووگیانی تازه حه‌مامکردووت ده‌بینم
که زه‌میله‌یه‌ک نه‌عنای پێیه و
له مه‌رکانه‌ی به‌رده‌می مزگه‌وتی شه‌به‌نگدا
دوو جام ئاوی سارد ده‌نۆشێت
من دووایین نه‌سلم
له مناڵه مێخه‌ک فرۆشه‌کانی سه‌رده‌می
فاشییه‌ت
ئه‌وانی ترمان
ساڵانێکی زۆر له‌مه‌وبه‌ر
دوای شکست
کاتێ به‌یانییه‌ک زوو به خه‌وه‌وه
به پاسێکی ڕیم بۆ شه‌ڕیان بردین
هه‌ر هه‌موو له ڕێگا خۆیان کوشت!
ئێواره‌یه‌ک
له‌م جاده قه‌ره‌باڵخه‌ی تۆدا
ته‌نیایی ده‌مکات به ژێره‌وه
ده‌مرم و دڵم له لێدان ده‌که‌وێ
په‌پووله تێم ده‌دا
''با'' باوه‌شێنم ده‌کا
باران نێوچه‌وانم ده‌سڕێ
دایکم و ژنانی گه‌ڕه‌ک
له حه‌وشه به دیارمه‌وه ده‌گرین
تا سێ چوار رۆژ داروبه‌ردی کۆڵان
بۆنی مێخه‌ک ده‌گرێ
هه‌ندێ جار
پیاوێکی بۆنخۆشی ڕه‌نگاوڕه‌نگی مشکی به‌سه‌ری ده‌م
و له‌پز شیرین
له هه‌ڵه‌بجه‌وه دێت
یه‌ک بار سێ‌و
دوو پیکاب هه‌ڵووژه
پڕ یه‌ک قه‌تار هه‌نجیر و حه‌کایه‌ت و به‌سه‌رهات
له‌م جاده‌ی مێخه‌که
له‌ناوجه‌رگه‌ی مناڵییدا
له گه‌رمه‌ی هامشۆی ترش و شیرینیی ته‌نیاییدا
هه‌ڵده‌ڕێژێت
ئێواره‌یه‌ک
له‌م جاده‌ی مێخه‌که‌دا
دڵم ختووره ده‌کا و
دێت به سه‌رما
که باش وایه
زوو به زوو بچمه‌وه ماڵه‌وه
خێرا ... ده‌موچاوێک بشۆم
قژێک دابێنم
جانتاکه‌م بپێچمه‌وه و
به په‌له ... تا دره‌نگ نه‌بووه
به پێی پیاده بڕۆم!
هه‌میشه هه‌نگاوه‌کانم ده‌ژمێرم
تا بزانم چه‌ندێک لێته‌وه دوورم
من ئیدی به تۆ موعتادم
من تازه له تۆدام
من هه‌میشه له سنووری تۆ
له مه‌ودای مێخه‌ک
له بازنه‌ی باراندام!
نۆڤه‌مبه‌ری
2007
سوید
|