له‌ که‌تمانکردنی ڕاستی ئیختیفابوونی مه‌سعود به‌رزانی‌یه‌وه‌
تا دان‌پیانانه‌کانی مه‌لابه‌ختیار!

  حه‌مه‌غه‌فور

hamaxafoer@yahoo.com

پێش چه‌ند ڕۆژێک له‌پڕ هه‌واڵی دیارنه‌مان‌و ئیختیفابوونی به‌ڕێز مه‌سعود به‌رزانی بڵاوبۆوه‌و له‌گه‌ڵ خۆشی‌دا فه‌زاو سفیرێکی نادیارو نیگه‌رانی‌ئامێزو ته‌نانه‌ت سه‌ره‌گێژه‌هێنه‌ریشی بۆ بڕێک لایه‌ن‌و ناوه‌ندی سیاسی‌و هه‌روه‌ها بۆ هه‌ندێ ئاستی کانوونی ژورنالیستی‌و ڕووناکبیران‌و ته‌نانه‌ت چاودێرانی سیاسیش له‌ئاستی کوردستان‌و عێراق‌و ناوچه‌که‌ش‌‌دا به‌شوێن خۆی‌دا هێنا! ڕاگه‌یاندنی ڕه‌سمی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم‌و پارتی دیموکراتی کوردستانیش، سه‌باره‌ت به‌ گه‌شتی تایبه‌تی به‌رزانی بۆ ده‌ره‌وه‌ی کوردستان، دۆخه‌که‌ی لێڵ‌تر کردو ده‌رگای خسته‌سه‌ر پشت بۆ لێکدانه‌وه‌ی جۆراوجۆرو خوێندنه‌وه‌ی جیاواز له‌په‌یوه‌ند به‌ ئه‌گه‌رو نه‌گه‌ری شێوه‌و چۆنێتی که‌وتنه‌وه‌ی هاوکێشه‌ی سیاسی وه‌ک ده‌ڵێن؛ "هه‌رێمی کورستانی بێ سه‌رۆک"ی دوای ئه‌م ڕووداوه‌!

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌ش‌دا که‌ باسم‌کرد یه‌ک شت یه‌قین‌و ئاشکرایه‌، ئه‌ویش وونبوونی مه‌سعود به‌رزانییه‌ له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تی ئاڵۆزکاوی کوردستان‌و عێراق‌و ته‌نانه‌ت خۆره‌ڵاتی ناوینیش‌دا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌یرو ناڕۆشن که‌ نیشانه‌ی پرسیارێکی گه‌وره‌ی بێ‌وه‌ڵامی فڕێ‌داوه‌ته‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی سیاسی کوردستانی عێراق‌ به‌گشتی‌و سه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی‌و هه‌ردوو حیزبی پارتی‌و یه‌کێتی به‌تایبه‌تی. هه‌ر ئه‌مه‌ش بنه‌ماو زه‌مینه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی بێ‌متمانه‌یی‌و نیگه‌رانییه‌کی گشتی زیاتر به‌شوێن خۆی‌دا دێنێ له‌ناو جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان‌دا سه‌باره‌ت به‌ هه‌موو ئه‌و ئیدیعاو به‌ڵێنانه‌ی دوو حیزبی سه‌ره‌کی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی به‌درێژایی شازده‌ ساڵی ڕابردوو ده‌رباره‌ی هه‌رێمی کوردستان‌و ئارامی‌و سه‌قامگیری‌و دیموکراسی‌و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ‌و..تد داویانه‌ به‌خه‌ڵکی کوردستان. به‌تایبه‌ت سه‌رجه‌می ئه‌و ئیدیعایانه‌ی له‌په‌یوه‌ند به‌ مه‌سه‌له‌ی فیدرڵییه‌ت‌و لکاندنه‌وه‌ی کوردستان به‌ عێراقه‌وه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و فیدرلیزمه‌ی که‌ هیچ بنه‌مایه‌کی شه‌رعی‌و نێوده‌وڵه‌تی نییه‌و هه‌میشه‌ش ئه‌م فیدراڵییه‌ته‌ کۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو حیزبه‌وه‌ به‌ باشترو عه‌قڵانی‌تر نیشانیان‌دراوه له‌ به‌رامبه‌ر مه‌سه‌له‌ی جیابوونه‌وه‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌ت‌و کیانێکی سه‌ربه‌خۆدا‌!

 

من وه‌کو کۆمۆنیستێکی کرێکاری شانبه‌شانی زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری خه‌ڵکی کوردستان، ڕووناکبیران، نووسه‌ران، ئازادیخوازان‌و تێکۆشه‌رانی ڕێگای ئازادی‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و سه‌رفرازی کوردستان، هه‌میشه‌ له‌دژی سیاسه‌تی ژێربه‌ژێرو پیلان‌گێڕی‌و بیرۆکراتی‌و ئیتیفاق‌و سات‌وسه‌ودای سه‌رووخه‌ڵکی‌و پشتی په‌رده‌و دوور له‌ به‌شداری‌و مداخه‌له‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری فراوانی خه‌ڵک ڕاوه‌ستاوم‌و خه‌باتم‌کردووه‌. پێشم‌وایه‌ هه‌ر ئه‌مه‌ ته‌نها ڕێگای شه‌رافه‌تمه‌ندانه‌یه‌ بۆ دانیشتووانی سه‌رزه‌مینێک، میلله‌تێک، خه‌ڵکێک‌و کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ به‌ هه‌ق خوازیاری ڕزگاری‌و سه‌ربه‌خۆیی‌و ژیانێکی هاوچه‌رخ‌و سه‌ربه‌رزانه‌و ئاشتیخوازانه‌ بن له‌گه‌ڵ دراوسێکانیان‌دا. حیزب‌و بزووتنه‌وه‌ی کرێکاری‌و کۆمۆنیستی هه‌میشه‌و دایم موده‌عی‌و لایه‌نگری شه‌فافییه‌ت‌و سیاسه‌تی ڕوون‌و ڕه‌وان‌ بووه‌ سه‌باره‌ت به‌ چاره‌نووسی کوردستان‌و خه‌ڵکه‌که‌ی. ئێمه‌ بڕوامان ساغ‌و پته‌وه‌ که‌ ته‌نها به‌ به‌شداری ڕاسته‌وخۆی خه‌ڵکی‌و جه‌ماوه‌ری سته‌مدیده‌ی کوردستان له‌تواناداهه‌یه‌ بزووتنه‌وه‌یه‌کی سه‌رڕاست‌و جددی‌و په‌یگیر به‌رپابکرێت له‌پێناوی کۆتایی‌هێنان به‌ مه‌سه‌له‌ی میللی‌و دامه‌زراندنی ووڵاتێکی سه‌ربه‌خۆ که‌ ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو غه‌یره‌ قه‌ومی تیایدا ببێته‌ ئه‌مری واقع‌و به‌کرده‌وه‌ سه‌قامگیری‌و ئه‌من‌و ئارامی باڵ‌بکێشێ به‌سه‌ری‌دا. ته‌رحی به‌رپاکردنی ڕاپرسییه‌کی ئازاد بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی کوردستان له‌یه‌ن حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراقه‌وه‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌م قسه‌یه‌و په‌یگیریمان بووه‌ له‌سه‌ر ژیرانه‌ترین‌و کورتترین ڕێگاچاره‌ی کۆتایی‌هێنان به‌ زوڵمی قه‌ومی له‌ کوردستان‌دا. به‌رده‌وامیش ڕۆشنگه‌ریمان داوه‌ته‌ جه‌ماوه‌ر ده‌رباره‌ی ئاراسته‌ی سیاسی جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌‌و خه‌ڵکمان له‌ مه‌ترسی ئه‌و هه‌ڵبه‌زودابه‌زانه‌ ئاگادارکردۆته‌وه‌ که‌ ڕابه‌رایه‌تی ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌ له‌ پێناوی سوارکردنی داشی گه‌مه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی‌دا کردوویه‌تی‌و ده‌یکا به‌سه‌ر موقه‌ده‌راتی خه‌ڵكی کوردستانه‌وه‌. 

بێگومان من سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زۆر نیگه‌رانی ئه‌وه‌م که‌ سیاسه‌تی پشتی په‌رده‌و ژێربه‌ژێری هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندی‌و ده‌سه‌ڵاتی خۆیان‌دا که‌ هه‌میشه‌ له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکی کوردستان‌دا په‌یڕه‌ویان لێکردووه‌ شۆڕبووبێته‌وه‌ بۆ ناو ئه‌و قووڵاییه‌ی که‌ بووبێته‌ فه‌وزایه‌کی دیکتاتۆری‌و بیرۆکراسی وا له‌ناو ئه‌م دوو حیزبه‌داو ته‌نانه‌ت خێزان‌و خزم‌و که‌س‌وکارو ده‌وروبه‌ریشیانی گرتبێته‌وه‌و گۆڕابێت بۆ سفیرو فه‌وزایه‌کی مافیایی‌و تاقمچێتی‌و پیلانگێڕان له‌ یه‌کتری‌و کێشه‌و بێنه‌وبه‌رده‌‌ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و سه‌روه‌ت‌و سامان، به‌ جۆرێک که‌ مه‌سعود به‌رزانی خۆی یه‌که‌م قوربانیی بێت تیای‌دا! له‌حاڵه‌تێکی وادا ئیتر هه‌رچی به‌هاو مۆڕاڵی ئینسانی هه‌یه‌ له‌بارده‌چێ‌و هه‌موو شتێک له‌گرێژه‌نه‌ده‌چێ‌و کوردستان له‌ژێر سایه‌ی وه‌ها ده‌سه‌ڵاتێک‌دا به‌ره‌وڕووی کاره‌سات‌و تراژیدیای ناوخۆیی ترسناکتر له‌ چه‌شنی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌کاته‌وه‌و هه‌موو شتێک هه‌ره‌سدێنێ ئه‌گه‌ر به‌دیلێکی کۆمۆنیستی‌و ڕادیکاڵ ئاماده‌نه‌بێت! چ بگات به‌ هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی ده‌ره‌کیش.

 

بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی به‌درێژایی مێژووی تائێستای، به‌تایبه‌تی هه‌ردوو حیزبی حاکمی ئه‌مڕۆ، یه‌کێک له‌ کاراکته‌رو خاسییه‌ته‌ هه‌ره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کانیان ترسیان بووه‌ له‌ هاتنه‌مه‌یدانی ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ر له‌پێناوی ده‌خاله‌ت‌و به‌شداریان له‌ ئایینده‌ی سیاسی خۆیان‌و ووڵاته‌که‌یان‌دا. بۆیه‌ به‌رده‌وام مۆراڵێکی سیاسی، نه‌ریتێکی فریوده‌رانه‌ که‌ خه‌ڵکیان پێ گێژکردووه‌، ئه‌وه‌ بووه‌ که‌ خۆیان وه‌کو نوێنه‌رو ده‌مڕاست‌و قسه‌که‌ری جه‌ماوه‌ری کوردستان نیشانداوه‌و ڕاستییه‌کانیان لێ که‌تمان کردوون. هه‌وڵیان ئه‌وه‌ بووه‌ هاوکات خه‌ڵکی ناڕازی‌و ئازادی‌خوازو په‌یگیری لایه‌نگری ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری له‌ مه‌یدانی سیاسه‌ت دوورخه‌نه‌وه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک. ته‌نانه‌ت سڕینه‌وه‌ی فیزیکی ئینسان له‌ نه‌ریتی سیاسی ئه‌م جووڵانه‌وه‌دا جێگایه‌کی گه‌وره‌ی داگیرکردووه‌. له‌مباره‌وه‌ ئیغتیالی موخالیفانی یه‌کترو هی هه‌ردووکیشیان، گه‌واهی ئه‌م حوکمانه‌ ده‌ده‌ن. هه‌روه‌ها له‌کاتێکدا ئاواره‌یی ملیۆنی خه‌ڵکی کوردستان هه‌موو سنووره‌کانی بڕیبوو وه‌ دڕنده‌یی ڕژێمی به‌عسی به‌وپه‌ڕی خۆی گه‌یاندبوو، ئه‌م حیزبانه‌ که‌وتنه‌ سازان‌و گفتوگۆ له‌گه‌ڵی. ئه‌مانه‌و کێوێک ته‌جروبه‌ی تاڵی ئه‌م خه‌ڵک‌و کۆمه‌ڵگایه‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م جووڵانه‌وه‌یه‌و حیزبه‌کانی هه‌یانه‌، ئه‌وه‌ نیشانده‌ده‌ن که‌ شاردنه‌وه‌ی زانیاری ده‌رباره‌ی ئیختیفابوونی به‌رزانی به‌شێک‌و پایه‌یه‌کی نه‌ریتی سیاسی‌و کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وانه‌و ناتوانن لێی‌داببڕێن! ئه‌م جووڵانه‌وه‌ قه‌ومییه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و سازشه‌ی کردووه‌ که‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سکی حیزبایه‌تی‌دا بووه‌ نه‌ک خه‌ڵکی. ئه‌و په‌یمانه‌ی مۆرکردووه‌ که‌ له‌دژی خه‌ڵکی کوردستان بووه‌و کۆسپێکی گه‌وره‌ی به‌رده‌م گه‌یشتنی ئه‌م خه‌ڵکه‌ بووه‌ به‌ ئامانجه‌کانیان. به‌رده‌وامیش‌ ئامانجی سیاسی تایبه‌تی خۆیان‌و حیزبه‌کانیان وه‌کو ئامانجی خه‌ڵکی کوردستان خه‌مڵاندووه‌. دوایین ده‌سکه‌وتی ئه‌م حیزبانه‌ بۆ خه‌ڵکی کوردستان بریتی‌بوو له‌ گێڕانه‌وه‌ی کوردستان بۆ ناو عێراقی عروبی-ئیسلامی به‌ناوی فیدرالیزمێکی پووچه‌وه‌ بێ گوێ‌دان  به‌ ویست‌و ئیراده‌ی ملیۆنی ئه‌م جه‌ماوه‌ره‌ که‌ یه‌کپارچه‌ خوازیاری جیابوونه‌وه‌و سه‌ربه‌خۆیین.

 

که‌وایه‌ ده‌کرێ له‌پشتی که‌تمان‌کردنی حه‌قیقه‌تی ئیختیفابوونی به‌رزانییه‌وه‌ مناوه‌ره‌یه‌کی خه‌ته‌ری سیاسی دیکه‌ له‌مه‌ڵاسدابێت له‌ دژی خه‌ڵکی کوردستان. تازه‌ قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ ئه‌م دوو حیزبه‌ هه‌ر درۆ له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ری کوردستان ده‌که‌ن. ئه‌وان ناچارن هه‌موو شتێک له‌ خه‌ڵکی بشارنه‌وه‌. چونکه‌ فه‌زیعه‌ی گه‌نده‌ڵی‌و دزی‌و فزی چۆته‌ ئاستێکه‌وه‌ که‌ که‌سانی ده‌ره‌جه‌ یه‌کی ناو حیزبه‌کان که‌وتوونه‌ته‌ هه‌ڵدانه‌وه‌ی په‌روه‌نده‌ی چه‌په‌ڵی یه‌کتر. شه‌ڕه‌ لێدوانه‌کانی (سالار عه‌زیز و مه‌لابه‌ختیار وه‌ک نموونه‌). ئه‌وان ئیتر ته‌نانه‌ت خۆشیان به‌و بڕوایه‌ گه‌یشتوون که‌ که‌وتوونه‌ته‌ به‌ره‌ی دژی جه‌ماوه‌رو خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌. وه‌کو مه‌لابه‌ختیار له‌ سه‌رووتاری بڵاوکراوه‌ی (چاودێر) ژماره‌ 152 19/11/07دا له‌به‌رامبه‌ر به‌ لێدووانه‌کانی سالار عه‌زیزدا ده‌ڵێ؛ "ئاشکرایه‌ ئه‌و کێشه‌و ئاژاوه‌گێڕییه‌ی ماوه‌یه‌که‌ سکرتێرو مه‌کته‌ب سیاسی یه‌کێتی ته‌حه‌مولی ده‌که‌ن، هه‌رگیز هه‌ندێک له‌و خه‌ڵکانه‌ی که‌ له‌ به‌رپرسیارێتی یه‌کێتی دوورکه‌وتوونه‌ته‌وه‌ له‌به‌رامبه‌ر کێشه‌و ڕه‌خنه‌و ناڕه‌زایه‌تی زۆر بچووکتر له‌م کێشانه‌ی ئێستا، نه‌ک له‌ڕابردوودا ته‌حه‌مولی کێشه‌کانیان نه‌کردووه‌، به‌ڵکو چ له‌ شارو چ له‌ شاخ‌دا، بڕیاری ئه‌وتۆیان سه‌پاندووه‌و دیموکراسییان به‌ چه‌شنێک پێشێل‌کردووه‌، ته‌نانه‌ت بیرلێکردنه‌وه‌شیان مووچڕک به‌له‌ش‌دا دێنێ.....به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا نه‌مویستووه‌و ناشمه‌وێ بچووکترین قه‌تماغه‌ی گیروگرفت‌و تاوانه‌کانی ڕابردوو هه‌ڵبده‌مه‌وه‌ به‌ڵکو ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵیشم‌داوه‌ کێشه‌و گرفته‌کان خاوبکرێنه‌وه‌و ڕێگای دیالۆگ بگیرێته‌به‌ر.... به‌ڵام پێ‌ده‌چێ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌مان نه‌ک ته‌قدیرنه‌کرێ، به‌ڵکو واده‌زانرێ ڕاستییه‌کانمان بیرچۆته‌وه‌و ئاگامان له‌ یه‌که‌یه‌که‌ی ڕووداوه‌کان، گرفته‌کان، ناکۆکییه‌کان، تاوان‌و پیلانه‌کان نه‌ماوه‌.... به‌شی زۆری ڕاستییه‌کانیشمان نه‌ک بیرنه‌چۆته‌وه‌، به‌ڵکو له‌ناو نانێکی گه‌رمدا بۆ ئه‌و ڕۆژه‌مان هه‌ڵگرتووه‌ که‌ ناچارمانده‌که‌ن هه‌رهه‌موویان بدرکێنین"(خه‌ت هی منه‌). به‌مپێیه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ک ڕوونه‌ که‌ په‌روه‌نده‌ی پشتی په‌رده‌ی یه‌که‌یه‌که‌ی سه‌رانی ئه‌م دوو حیزبه‌ پڕه‌ له‌ حه‌قیقه‌تی که‌تمانکراوی وا که‌ وه‌ک له‌ زمانی خۆیانه‌وه‌ ده‌رده‌که‌وێ که-ته‌نانه‌ت بیرلێکردنه‌وه‌شیان‌ موچڕک به‌له‌شدا دێنێ- . حه‌قیقه‌تی شاردنه‌وه‌ی بزربوونی به‌رزانیش ئه‌گه‌ر له‌ چه‌شنی ئه‌وانه‌ نه‌بێ که‌ مه‌لابه‌ختیار دانیان پێداده‌نێ، که‌متر نابێ! بۆیه‌ په‌روه‌نده‌ی ئه‌ستووری ئه‌م دوو حیزبه‌ له‌دژی خه‌ڵکی کوردساتن ئه‌و هه‌قه‌ ده‌داته‌ هه‌موومان که‌ به‌یه‌ک ده‌نگ‌و به‌یه‌ک ئاراسته‌ ئامانج‌و چاره‌نووسی خۆمان له‌م حیزبانه‌و جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تیش جیابکه‌ینه‌وه‌. له‌ده‌وری به‌دیلی ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان خۆمان ڕێکخراوو یه‌کگرتووبکه‌ین‌و به‌ دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئازادو سه‌ربه‌خۆ، غه‌یره‌ قه‌ومی‌و غه‌یره‌ ئیسلامی بۆ هه‌میشه‌ په‌روه‌نده‌ی که‌تمانکردنی ڕاستییه‌کان له‌ خه‌ڵکی ببه‌ستین.

2/دیسه‌مبه‌ر2007

 


 

           

 

02/12/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca