هه‌ژار له لاپه‌ڕه 292-293 ی چێشتی مجێو‌ر سه‌باره‌ت به
ئیزگه‌ی کوردیی به‌غا له سه‌روبه‌ند‌ی حوکمڕانیی
عه‌بدولکه‌ریم قاسمدا ده‌نووسێت "هیج شتێک له ڕادیۆ کوردیی
به‌غا تڕکه‌نتر نییه. گۆرانیبێژ ئاهه‌نگ و شیعریش له
خۆیه‌تی، جا با که‌ری گێژيش بێ، هه‌مووی هه‌ر پارتیبازی و خزم
خزمێنه‌و ئه‌وی قه‌دری نه‌بێ فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده بی کورده"
ئێسته‌ش پاش پتر له چل ساڵ، حاڵ و باڵی مێدیای کوردی به گشتی
و ڕادێو ته‌له‌فیزێۆنه‌کان به‌تایبه‌تی، له ڕادیۆ
کوردییه‌که‌ی ئه‌و ده‌مه‌ی به‌غا ئه‌گه‌ر خراپتر نه‌بێ، باشتر
نییه.
له سه‌رده‌می به‌عس دا، به ئاشکرا سیاسه‌تی تێکدان و
وێرانکردنی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی به پێی به‌رنامه‌یه‌کی
داڕێژارو پیاده ده‌کرا. به‌رنامه‌ی بێفه‌ڕ و زمانی لاواز و
تێکشکاو سیمای به‌رچاو و دیاری که‌ناڵه مێدیاییه‌کانی ئه‌و
ڕۆژگاره بوون. ئه‌و ده‌مانه، خه‌ومان به ڕۆژگارێکه‌وه
ده‌بێنی کورد تێیدا ببێته خاوه‌ن مێدیای ئازاد و بتوانێ به
شێوه‌یه‌کی ژیارییانه‌ی گونجاو خزمه‌تی زمان و ئه‌ده‌بی
نه‌ته‌وه‌که‌مانی پێ بکرێت.
پاش 15 ساڵ له نه‌مانی ده‌سه‌ڵاتی به‌عس له کوردستاندا،
مێدیای کوردی، نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانیوه شوێن ده‌ستی خۆی له
ژیانی فه‌رهه‌نگیی گه‌له‌که‌ماندا دیاری بکات، به‌ڵکو به
پێچه‌وانه‌وه، له سه‌رده‌می به‌عس خراپتر بووه به
هۆکارێکی وێرانکردن و داوه‌شاندنی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی.
دیاره نامه‌وێ هه‌موو ئه‌و که‌ناڵه مێدیاییه کوردیانه
تاوانبار بکه‌م، چونکه مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی من له‌م نووسینه،
که‌ناڵه ته‌له‌فیزۆنییه‌کانه. ئه‌وانن له‌به‌ر کاراکته‌ری
بیستن و بینینان به هاسانی ده‌گه‌نه به‌رچاو و گوێی هه‌موو
ته‌ماشاکه‌رێک و به‌م هۆیه‌وه ڕۆڵێکی مه‌زنتر له گۆڤار و
ڕۆژنامه و ته‌نانه‌ت ڕادیۆش له گه‌یاندنی په‌یام و هزر و
بابه‌تی دیکه ده‌بینن.
ئێسته جگه له سێ که‌ناڵی ئاسمانیی کوردیی سه‌ر به
حزبه‌کانی کوردستانی باشوور، چه‌ند که‌ناڵێکی ته‌له‌فزیۆنی
ناوخۆییش چالاکن. ئه‌و که‌ناڵانه بۆ پانتاییه‌کی جوگرافی
وه‌ک کوردستانی باشوور و ژماره‌ی دانیشتوانه‌که‌ی، زۆرن و
ده‌یانتوانی له هۆشیار کردنه‌وه‌ی خه‌ڵک و نوێکردنه‌وه و
گه‌شه پێدانی زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌ری کوردی‌دا رۆڵی به‌رچاو
و دیار ببینن.
پێداچوونه‌وه‌یه‌کی ڕه‌خنه‌گرانه:
به‌شی زۆری به‌رنامه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه کوردییه‌کان به
په‌خشکردنی گۆرانی و میوزیک پڕ ده‌کرێته‌وه. زۆر جاران،
ئاگه‌یان له ڕووداوه گرنگه‌کانی جیهان و ده‌وربه‌ر و
ته‌نانه‌ت ناوخۆی کوردستانیش نییه. کورد واته‌نی، خورماڵ ئاو
بیبا ئه‌وان له ساز‌و ئاوازی خۆیان ناکه‌ون. ئه‌و گۆرانی و
ئاوازانه‌ش زۆربه‌یان هێنده بێتام و ناکوردانه و نا
هونه‌رییانه‌ن که مرۆ زۆر جاران، له ئاوازی ڕه‌سه‌نی کوردیش
ده‌تۆرێنن. نه‌خاسمه پاش سه‌رهه‌ڵدانی دیارده‌ی ڤیدیۆ کلیب،
ئیدی قوڕه‌که هه‌ر به جارێ خه‌ست بووه. ئیتر ئه‌وه -
ئه‌نکه‌رول ئه‌سواته- لێمان ڕاست ده‌بێته‌وه و به به‌کرێ
گرتنی دوو سنگ و لاق ڕووتی ئه‌وروپایی یان تورکی و زیق و زاقی
سایزه‌ره شڕێک خۆیمان لێده‌کاته گۆرانیبێژ و هونه‌رمه‌ند!
زۆریشی پێناچێ له لایه‌ن براگه‌وره‌یه‌که‌وه خه‌ڵات ده‌کرێ و
بۆ هه‌تایه پارووی ده ڕۆنی زه‌نگ ده‌که‌وێ!
به‌ره‌نجامی
ئه‌و
بێپێوه‌رییه‌ش
سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌کردنی دیارده‌ی "زڕه هونه‌ره" .
دیارده‌یه‌ک، که له‌هه‌موو پێناسه‌یه‌کی هونه‌ری بێبه‌شه.
جگه له به‌رژه‌وه‌ندی گیرفان به‌ولاوه هیچی دی له‌به‌رچاو
ناگرێ. له‌هه‌رچی تام و بۆ و به‌رامه‌ی کوردانه‌یه بێبه‌رییه.
مڵه ئاسا ره‌گوڕیشه‌ی هونه‌ری ڕه‌سه‌نی کوردی هه‌ڵده‌که‌نێ.
فه‌ریکه گۆرانیبێژ و زڕه شایه‌ر، له‌سایه‌ی ئه‌و
بێسه‌روبه‌رییه‌دا، بوون به ده‌مڕاستی هونه‌ری کوردی. هه‌ویری
ئه‌م باسه زۆر ئاوده‌کێشێت، لێره‌دا هه‌ر ئه‌وه‌نده ده‌ڵێم
ئه‌وه‌ی که ئه‌و ته‌رزه "هونه‌رمه‌ندانه" گوێی ناده‌نێ و
لێی نازانن و ڕێزی لێناگرن، زمانی کوردییه. ئاخر ئه‌وان بۆ
ڕێکخستنی وه‌زن و ئاهه‌نگی گۆرانییه‌کانیان له‌سه‌ر و گوێلاک
شکاندنی وشه و ڕسته‌ی کوردی‌دا وه‌ستای وه‌ستایانن!
کارێکی بێویژدانانه‌یه ئه‌گه‌ر ئۆباڵی هه‌موو گۆڵمه‌زه‌که
وه ئه‌ستۆی گۆرانیبێژان خه‌ین، چونکه به‌رنامه‌کانی دیکه‌ی
ته‌له‌فیزیۆنه‌کان ماشه‌ڵلایان لێبێ، ئه‌گه‌ر له گۆرانیبێژان
پتریان نه‌کردبێ، که‌متریان نه‌کردووه. جارێ له کاتی
خوێندنه‌وه‌ی ده‌نگوباسه‌کاندا، شتی وا سه‌یرو سه‌مه‌ره
ده‌گوترێ له قوتوی هیچ عه‌تارێکدا ده‌ستناکه‌وێ و دوور و نزیک
فڕی به کوردییه‌وه نییه. زۆر له هه‌واڵه‌کان ڕاسته‌وخۆ له
عاره‌بییه‌وه ته‌رجومه‌ی کوردی کراون. به‌ڵام چۆن
ته‌رجومه‌یه‌ک؟ مه‌گه‌ر هه‌ر بۆخۆیان لێی تێبگه‌ن!
جارێ لای ئه‌و بێژره ئازیزانه ئه‌وی پێی ده‌گوترێ ڕسته‌سازی
و ئه‌کسێنت و گرامه‌ر، بوونیان بۆ نییه‌و که‌س نازانێ به‌ری چ
دارێکن!
زۆربه‌یان ته‌نها شاره‌زای دیالێکتی شاره‌که‌ی خۆیانن و
ئه‌گه‌ر دوو هه‌نگاو له زێدی خۆیان دوورکه‌ونه‌وه، ده‌بی
خێرومه‌ندێک ته‌رجومه‌یان بۆ بکات ئه‌گینا که‌س له‌و زمانه
عه‌نتیکه‌یه‌ی ئه‌وان تێناگات!
له یه‌کێ له‌و که‌ناڵه ته‌له‌فیزیۆنانه‌وه به‌رنامه‌یه‌کی
سه‌مه‌ره‌ی عاجباتی بیسمیللا لێنه‌کراو به‌ناوی بێ‌کۆنترۆڵ بڵاو
ده‌کرێته‌وه، ئۆباڵ به‌ملم ته‌نها ناوه‌که‌ی به قه‌ولی
عاره‌بان "أسم علی مسمی"یه ئه‌گینا شتی وا بێتام و بێفه‌ڕ و بێ
هه‌موو شتێک هه‌ر نه‌بووه‌ته‌وه. نازانم به‌رپرسانی ئه‌و
که‌ناڵه چۆن شه‌رم له بڵاوکردنه‌وه‌ی ئاوا به‌رنامه‌یه‌ک
ناکه‌ن؟ ئایا که‌سی دیکه‌یان ده‌ستنه‌که‌وت ئه‌و کچه
به‌سته‌زمانه، کوردی نه‌زانه، له بێخه‌به‌ران که‌شکه‌ک
سه‌ڵاواته نه‌بێ، به‌رنامه‌ی پێسازبکه‌ن؟
بێ‌کۆنترۆڵ مشتێک له نموونه‌ی خه‌روارێکه، ئه‌گینا
به‌رنامه‌کانی دیکه‌ش که‌م سه‌مه‌ره نین!
ئه‌دی ژێرنووسی کورته‌په‌یامی ته‌له‌فۆنیی به پیتی لاتینی له
که‌ناڵی زاگرۆس، سه‌مه‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی مێدیای کوردی نییه؟
جارێکیان به‌چاوی خۆم دیتم که‌سێک له ڕێگه‌ی ئه‌و
ژێرنووسه‌وه سڵاوی بۆ گاوگۆتاڵی گونده‌که‌ی خۆیان ده‌نارد!
ئه‌مه جگه له‌وه‌ی ئه‌و په‌یامانه به کوردییه‌کی هێنده
شه‌قوشڕ ده‌نووسرێن، مرۆ بێز له هه‌رچی ته‌کنۆلۆژیاو زانست
ده‌کاته‌وه.
پیتی لاتینی به‌ڵایه‌کی مه‌ترسیدار و په‌تایه‌کی کوشنده‌یه
وه‌ک ماره‌که‌ی شێخ هۆمه‌ر له گه‌ردنی زمانه‌که‌مان ئاڵاوه.
به‌کار هێنانی ئه‌وه پیته له مێدیای کوردی‌دا، تاوانێکی
گه‌وره‌یه دژ به پاشخانی زمانه‌وانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌نجام
ده‌درێت. سه‌یر له‌وه‌دایه بۆ بای بێوڵه‌تی، لایه‌نگرانی
لاتیناندنی ڕێنووسی کوردی، له به‌کار هێنانی ئه‌و پیتانه‌شدا
کۆڵه‌وارن. به‌ڕاستی په‌ککو له‌وی حه‌لاماته‌ی!
به‌ڵام كێ به‌رپرسیاره؟ گۆرانیبێژان، بێژه‌ران،
به‌رنامه‌سازان، به‌رپرسانی ته‌له‌فیزیۆنه‌کان یان ده‌سه‌ڵات؟
بێگومان به‌رپرسیاری یه‌که‌م ده‌سه‌ڵاته، چونکه تا ئه‌م
ساته‌ش ئه‌وه‌ی پێی ده‌گوترێ "سیاسه‌تی فه‌رهه‌نگیی" له
کوردستاندا بوونی بۆ نییه‌و تا نهاش بیری لێنه‌کراوه‌ته‌وه.
وه‌زاره‌تی ڕووناکبیریی جگه له
بڕێ
کاروباری ئیداری، هیچ ده‌سه‌ڵاتێکی دیکه‌ی نییه. ده‌زگا
فه‌رهه‌نگییه‌کان هه‌ریه‌که‌و به ئاره‌زووی خۆی سیاسه‌تی
فه‌رهه‌نگیی خۆی دیاری ده‌کات. له‌وه‌ش بترازێ، له ناو ئه‌و
هه‌موو کاربه‌ده‌ست و براگه‌ورانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێمدا، تاکه
که‌سێک نییه زمانی کوردی به پاراوی یان ته‌نانه‌ت به
ئاستێکی گونجاو بزانێت. واته، بۆ خۆیان له کاروباری
ڕۆژانه‌یاندا به کوردییه‌کی کۆڵه‌وار ده‌په‌یڤن. ئه‌م
قسه‌یه‌م ده‌رخستنی ڕاستییه‌کی تاڵ و به ئازاره، ئه‌و
ڕاستییه‌ی که زمان، شاده‌ماری نه‌ته‌وه، لای ده‌سه‌ڵاتی
کوردی، بێ‌نرخ و ڕێز لێنه‌گیراوه.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاتی کوردی تۆزقاڵیک نرخ و ڕیزی بۆ زمان
دانابایه، لێنه‌ده‌گه‌ڕا ئه‌و که‌ناڵه زۆر و بۆرانه وه‌ک
کارگی پاش بارانی به‌هار، له هه‌موو لایه‌که‌وه سه‌ر‌هه‌ڵێنن
و به ئاره‌زووی خۆیان شه‌لم کوێرم ناپارێزم، زمانی کوردی
وێران بکه‌ن.
ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات دڵسۆزی زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی بێت، بۆچی
تا ئێسته‌ش تاکه یه‌ک دانه ڕۆژنامه‌وانی پرۆفیسیۆناڵ له
کوردستاندا ده‌ستناکه‌وێ؟
بۆچی کارمه‌ند و به‌رپرس و بێژه‌رانی که‌ناڵه
ته‌له‌فیزیۆنییه‌کان ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ته‌زکییه‌ی حزبیی
و خزم خزمێنه داده‌مه‌زرێنرێن؟ ئایا ناکرێت ئه‌و بێژه‌ره
ئازیزانه ئه‌وه‌نده‌ی به ته‌نگ جلوبه‌رگ و ماکیاژ و ڕه‌نگی
کراواته‌کانیانه‌وه‌ن، ده‌یه‌کی ئه‌وه له هۆڵی فێربوونی
کوردییه‌کی "ماقوڵ"دا بن؟
ئایا له‌و کوردستانه‌دا، زمانه‌وانێکی شاره‌زا چنگ ناکه‌ویت
به‌رپرسیارییه‌تی لایه‌نی زمانه‌وانی مێدیاکانی وه ئه‌ستۆ
بخرێت؟
تاکه‌ی ده‌بێ دیارده‌ی مێدیای حزبی له‌گوێن هه‌شتپێی زه‌ریا
کۆنترۆڵی هزر و ڕاو بۆچۆنی جه‌ماوه‌ر بکات؟
ئه‌دی که‌ی ئینشائه‌ڵلا! ده‌سه‌ڵاتی کوردی له گرنگیی زمان و
فه‌رهه‌نگ تێده‌گات؟!
چاره‌یه‌ک به‌م نزیکانه به‌رچاو ناکه‌وێ، مه‌گه‌ر ئه‌نفالێکی
دیکه له خه‌وی غه‌فڵه‌تیان ڕاستکاته‌وه، ئیلاهی ئامین!
|