ئۆپێکی گاز

 ئاسۆ حامدی

 

 

ئاڵوگۆڕه‌ ئابووریه‌کان له‌ دونیا هه‌رموو مه‌سایله‌کانی ئینفۆرماتیکا و کۆمینیکه‌یشن  و گه‌شه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و گه‌شه‌ی بازاڕی فینانشیل و گه‌شه‌کانی سه‌رخان وه‌کو فه‌رهه‌نگ و ئه‌ده‌بیات و هونه‌ر و  گشت مه‌سه‌له‌کان به‌ دوای خۆی کێش ده‌کات.

بارستاییه‌ ئابووریه‌کان له‌ جیهاندا له‌ نێوان ده‌روونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داریدا له‌ کێشمه‌کێشکی نادوژمنانه‌دا زۆر به‌ دوورای جیاواز دا کارده‌که‌ن.

له‌م دواییانه و پێشتریش سه‌رۆکی ئێستای ڕووسیه‌ گازی سروشتی وه‌کو چه‌کێکی سیاسی به‌کاردێنێت بۆ فشار خستنه‌ سه‌ر ده‌وله‌تانی وه‌کو به‌لا روسیا و ئۆکرانیا، گازی سروشتی وه‌کو سه‌رچاوه‌یه‌کی ئینێرژی بۆ گه‌رمایی و بۆ وه‌گه‌ڕ هێنانی کارگه‌ و کارخانه‌کان به‌کاردێت. ئه‌وروپا پشت به‌ گازی سروشتی ڕووسییه‌ و جه‌زایر و تورکمانستان ده‌به‌ستێ. ئه‌مباری زۆری ئه‌م گازه‌ سروشته‌ له‌ ئێران و ڕووسیادا ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌ جیهان پێکدێنن.

له‌م ڕۆژانه‌ سه‌رۆکی رووسیه‌ بانگه‌وازی پێکهینانی ئۆپێکی گازی کرد نه‌ له‌چه‌شنی ئۆپێکی نه‌وت به‌لکو به‌ قه‌واره‌یه‌کی بچوکتر. له‌هه‌مان کاتدا ره‌دی دایه‌وه‌ که‌ ڕووسیا ئه‌م سه‌رچاوه‌ ئینێرژیه‌ بۆ مه‌رامه‌ سیاسیه‌کانی به‌کاردێنێ.

سه‌ردانی ئه‌م دواییانه‌ی ئه‌حمه‌دی نه‌ژاد بۆ ڤه‌نزویللا و کۆبوونه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵ شاڤیز دژی ئه‌مریکا جۆرێ له‌ سه‌ره‌تای ئه‌م پرۆتۆکۆله‌ ئابووریانه‌ دژ و ناوخۆییه‌ی سیسته‌مه‌کان به‌یان ده‌که‌ن.

هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیه‌کانی ئیسرائیل له‌ ڕیگای تورکیا بۆ کڕینی گازی سروشتی ئێرانی هاوکێشه‌یه‌کی ئالۆز له‌ مێژووی ڕۆژهه‌لاتی ناوه‌ند دروست ده‌که‌ن. فشاره‌کانی حکومه‌تی تورکی و کۆبوونه‌وه‌کانی سه‌رانی ئه‌مریکا و ئه‌نکارا دژی هیزه‌کانی کوردی تورکیا به‌شێ له‌سه‌ره‌تاکانی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ نیشان ده‌ده‌ن.

ده‌ستبه‌رداری ئێران له‌ لوبنان و فه‌له‌ستین به‌ کاتی و دژایه‌تی حماس و فه‌تح له‌گه‌ڵ یه‌ک و ئیسرائیل تۆزێ ده‌ست واڵاده‌کات له‌ ناوچه‌که‌دا. هه‌موو ئه‌م ئاڵوگۆڕانه‌ زۆر خێرا دێن و ده‌ڕۆن. ئاڵۆزیه‌کانی ناو هێزه‌کانی حوکم و ده‌سه‌لات له‌ عێراق و تیرۆریزم شه‌ری تایفی لا یه‌کی تری ئه‌م هاوکێشه‌ ئالۆزه‌ن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌وڵه‌مه‌ند به‌که‌رسته‌ خاوه‌کان نیشان ده‌ده‌ن. ئه‌مڕۆ دونیا یه‌کپارچه‌ گه‌مه‌ی سیاسیه‌ وه‌کو یاریه‌کانی شه‌تره‌نج. هه‌مووی هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌رده‌م له‌ لای به‌هێزدا بن.

له‌م نێوه‌داکۆمپانیای نه‌و‌تی شێل و ته‌کساکۆ هه‌ر وه‌کو پیشه‌ی هه‌رکاته‌یان ڕوو له‌ بازاری گازی سروشتی ده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش ڕوویان کردۆته‌ تاران له‌ کاتیکا سیاسیه‌کانی ئه‌مریکا له‌ هه‌لێ ده‌گه‌ڕین بۆ تاوانبارکردنی ئێران له‌ ڕێکخراوه‌ نێوده‌وله‌تیه‌کاندا تابتوانن هه‌رچی زیاتر له‌م نێوه‌دا و له‌ ئاڵوگۆره‌کانی ئابووری و ئه‌لته‌رناتیڤه‌کانی ئینێرژیدا باڵاده‌ست بێنه‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌رمایه‌ که‌ناڵه‌ سیاسیه‌کانی خۆی ئاسان ده‌کاته‌وه‌، نفوس و نقود کلیلی هه‌موو ده‌رگایه‌که‌ له‌ دونیای حوکمی مادده‌دا.

ڕه‌نگه‌ رووسیه‌ ماوه‌یه‌کی تری ده‌وێ تا بتوانێ ئه‌م بیره‌ به‌ پراکتیک بکاته‌وه‌، به‌ڵام جه‌زایر و ئێران و وولاتانی تری دونیا که‌ گازی سروشتیان هه‌یه‌ ئه‌وه‌ ئه‌م هه‌له‌ له‌ ده‌ست خۆیان ناده‌ن.

ئه‌گه‌ر ده‌ورانێکیتر بڕوا ئه‌وا ئۆپێکی ئاو و کێشه‌کانی ئا‌ویش په‌یدا ده‌بن، دوایی کیشه‌ ژینگه‌یییه‌کان و پاشه‌ڕۆکانی ئه‌تۆم و نه‌وت و گازو هتد ده‌بێته‌ مه‌سه‌له‌ی سه‌ره‌کی. خه‌لکی ساحل الحاج و نێجیریا هه‌روا ره‌زاله‌ته‌کانی پاشه‌ڕۆکانی نه‌وت و ئه‌تۆمیه‌کان ده‌جێژن، چۆن کرێکارانی هیند ڕه‌زاله‌تی تێکدانی که‌شتیه‌ کۆنه‌کانی وولاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکای ده‌چێژن. ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی لوقمه‌ی ژیانیان ده‌ستکه‌وێ.

 

کاریگه‌ریه‌کانی ئابووری له‌ سه‌راسه‌ری جیهاندا هه‌روا پشدێن له‌ پشتی گه‌لی کرێکار و هه‌ژار توندتر ده‌کات. له‌لایه‌کیتر لوکس لوکس ژیانی که‌مایه‌تیه‌کی که‌م له‌ دونیا په‌ره‌ ده‌سه‌نێ.  ئه‌م کوتله‌ ئابووریانه‌ مه‌یدانێکی کارو ژیان له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێ. سه‌ره‌ڕای ڕه‌زاله‌تیه‌کانی بۆ به‌شێکی زۆری خه‌لک له‌ خودی ئه‌م وولاتانه‌دا. ڕووسیه‌ به‌م کارانه‌ی ده‌یه‌وێ جێگا و ڕیگه‌ی خۆی له‌ دونیای سه‌رمایه‌دا زیاتر بکاته‌وه‌ و له‌ ئاڵوگۆڕه‌سیاسه‌کاندا وه‌کو هیزێکی مه‌تین خۆی نیشان بدات. ره‌نگه‌ مامه‌ڵه‌ی رووسه‌کان و مۆدێلی ئه‌وروپایی زیاتر له‌گه‌ڵ رۆژهه‌لاتی ناوه‌نددا بێته‌وه‌ زیاتر له‌ مۆدێلی ئه‌مریکایی و ڕامبۆیی. نه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لانی ناوچه‌که‌دا به‌ڵکو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان.

ئه‌م هه‌لسانه‌وه‌ی ڕووسیه‌ له‌ دونیا و کوتله‌ی ئابووریدا زه‌نگێکه‌ بۆ ئه‌وروپا ی ڕۆژئاوا و ئه‌مریکا..

له‌ په‌راوێز و دوا مه‌نزله‌کانیشی حه‌تمه‌ن  خه‌لکی کوردستانیش ڕه‌زاله‌ته‌کانی ئه‌م که‌ره‌سته‌ خاوه‌ش ده‌ده‌نه‌وه‌،

گازی سروشتی  له‌ کوردستان  به‌نموونه‌ له‌ که‌رکوك و سه‌ربه‌شاخ و ناوچه‌کانی تر ژینگه‌ی کوردستان پیس ده‌که‌ن له‌ جیاتی سوودی لێوه‌ربگیرێت و وه‌ک ووزه‌ به‌کاربێت جا چ جای به‌شێ له‌ کوتله‌ی ئابووری ئۆپێکی گازی سروشتی بێ، که‌ له‌واقع چۆن ده‌ورو نه‌قشی له‌ ئۆپێکی نه‌وتدایه‌ هه‌رئاواش له‌ گازی سروشتی ده‌بێ.

تا خه‌ڵکی کوردستان قه‌واره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ئازادی ئیعتراف پێکراوی ده‌ولی نه‌بێ به‌داخه‌وه‌ ئه‌وا هه‌ر له‌ په‌راوێزی ڕووداوه‌کاندا ده‌خوێندرێته‌وه‌.

 

 

هۆله‌ند 2007

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca