وه‌سیه‌تنامه‌و فریودان 

ئیبراهیم ئیسماعیل عه‌باس

hiwaabas@yahoo.com

 

   له‌مێژه‌ ده‌وترێت... هیچ شتێک نییه‌ زه‌مه‌ن ئاڵوگۆڕو ئاوه‌ژووی نه‌کاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌بناغه‌وه‌ له‌سه‌ر پنتێکی ڕاسته‌قینه‌ی توکمه‌وه‌‌‌ دانه‌ڕێژرابێت. ئه‌م پێوانه‌یه‌‌ هه‌ربۆ تاکه‌که‌س نییه‌ به‌ته‌نها، به‌ڵکو بۆ سه‌راپای کۆمه‌ڵگا و هه‌موو دیارده‌کانی ناوی وایه‌. به‌ڵام پرسیارلێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئێمه‌ی کورد به‌چاوێکی ئاوا دوور بۆ ئاینده‌ی خۆمان ده‌ڕوانین؟ ئایا ترسمان نییه ‌به‌هۆی ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ی بۆ حوکم و فه‌رمانڕوایی گراوه‌ته‌ به‌ر، هێنده‌ دووره‌ له‌داخوازی نه‌ته‌وه‌یه‌کی قوربانی به‌خش؛ ڕۆژێک بێت له‌ئاڵوزی بارودۆخه‌کان به‌هۆی له‌ده‌ستدانی دڵی خه‌ڵکی و‌، سڕینه‌وه‌و سه‌رکوتکردنی هه‌میشه‌یی ده‌نگه‌ جیاوازه‌کان و ناڕه‌زاییه‌کان، سه‌ره‌نجام که‌شتی ئاسا هه‌موومان له‌ناو ئاوێکی مه‌ترسیداردا نقوم ببین؟!.

به‌و پێیه‌ی ئێمه‌ی کورد زه‌مه‌نێکی زۆرمان له‌هه‌ڵکاشان و داکشان بۆ پارێزگاری و بوونی نه‌ته‌وه‌یمان چێشت، ڕووبارێکی درێژی خوێن و خه‌باتێکی نه‌پساوه‌و به‌رده‌وامان کرد، تا خۆری ئازادیمان بینی. حه‌تمه‌ن ئه‌و ڕۆژگاره‌ تاڵانه‌ش  به‌قۆناغگه‌لێک ئاشانایان کردین که‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆیان، ئه‌گه‌ر به‌دیدی فریودانی خه‌ڵک و خۆڵکردنه‌ چاویانه‌وه‌ نه‌بێت به‌هۆی گه‌مه‌کردن به‌سۆزیی نه‌ته‌وه‌ییان!! به‌دڵنیاییه‌وه‌ دیدێکی نوێ هه‌ر هیچ نه‌بێت به‌نه‌وه‌ی نوێ ئاشنا ده‌کات. یان له‌ڕاستییدا خوێندنه‌وه‌ی ئێستای دیارده‌کانمان بۆ ئاسان ده‌که‌ن‌. وه‌لێ‌ زۆر جێگای داخه‌ دوای بڕینی قۆناغه‌ هه‌ره‌ سه‌خته‌کان به‌ ڕه‌نج و خوێن و قوربانی ساده‌ترین خه‌ڵکی کوردستان، له‌و بڕوایه‌دام سیاسییه‌کان له‌جیاتی پاداشتدانه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو ڕه‌نج و خوێن و خه‌باته‌ی خه‌ڵکی کوردستان‌، به‌ وه‌سیه‌تنامه‌ئاساو، گه‌مه‌ کردن به‌سۆزی نه‌ته‌وه‌یی و به‌قسه‌ی بێی به‌ڵێن، پاداشتی فیداکارییه‌کانی ڕۆژه‌ سه‌خته‌کانی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌ده‌نه‌‌وه‌!!. ‌ئه‌وه‌ی ڕاستی بێت ماده‌م ئێستا کاتێکه‌  هه‌موو شته‌کان تێکه‌ڵاو کراون، ئه‌رکی ئێمه‌ی نووسه‌رو توێژه‌رو ڕۆژنامه‌نووسانه‌‌ له‌م نێوه‌نده‌دا دیارده‌کان وه‌کو خۆیان پێناسه‌ بکه‌ینه‌وه‌.  چونکه‌ ئه‌گه‌رچی زه‌مه‌ن و ڕۆژگار گۆڕان به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌رکی پێده‌که‌ین هێشتا وه‌کو جاری جاران، وه‌کو ئه‌و کاته‌ی وڵات داگیرکرابوو و ئاسۆی ڕزگاری و تیشکی خۆری ئازادیمان نه‌بینی بوو، له‌م ڕۆژگاره‌ باڵا ده‌ست و زێڕینییه‌ی کورددا، سیاسیی و سه‌رکرده‌کانمان له‌وتاره‌کانیاندا په‌نا بۆ ڕیزکردنی وشه‌ی هاوشێوه‌ی وه‌سیه‌تنامه‌ی تێکۆشه‌ران و شۆڕشگێڕانی دوێنێ ده‌به‌ن.

ئه‌گه‌ر قسه‌له‌سه‌ر ناساندنی وه‌سیه‌تنامه‌ بێت، پێویسته‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ قۆناغی باڵاده‌ستی عه‌ره‌ب به‌تایبه‌ت بۆ ‌قۆناغی باڵاده‌ستی به‌عس، ئه‌و کاته‌ به‌ندیخانه‌کان توژیبوون له‌تێکۆشه‌رانی کورد، وه‌سیتانامه‌ بۆ ئێمه‌ی کورد له‌باشووری کوردستان له‌وه‌وه‌هات ئه‌و شۆڕشگێڕانه‌ی ملیان له‌بن په‌تی قه‌ناره‌بوو و چاوه‌ڕوانی مه‌رگیان ده‌کرد، به‌چه‌ند ساتێکی که‌م به‌ر له‌م مه‌رگه‌ چاوه‌ڕوانکراوه‌، له‌ژووری نه‌گریسی تاکه‌ که‌سی به‌ندیخانه، به‌زگی برسی و سه‌روگوێی شکاوه‌وه‌ به‌قات و جلێکی پیس، چڵکن، دڕاو و شه‌قبوو پینه‌ کراوه‌وه‌، به‌گیرفانێکی خاڵی له‌هه‌موو شتێک، له‌ناله‌بارترین خاتر خواستن له‌دوا ساته‌کانی ژیاندا، له‌ئه‌و په‌ڕی بێده‌سه‌ڵاتی جه‌سته‌یی له‌ئاست چه‌قۆو فیشه‌ک و قه‌ناره‌ ئاماده‌ کراوه‌کان، به‌ڵام له‌په‌نای وره‌یه‌کی به‌رزو پۆڵایین، په‌نا بۆ نووسینی چه‌ند دێڕێک له‌قوڵی زامه‌کانی گه‌ل و نه‌ته‌وه‌و ڕۆحیه‌تی پڕ له‌به‌ره‌نگاری شێرئاسای خۆیان ده‌برا... هه‌ر ئه‌و کات وشه‌ نووسراوه‌کان‌ ده‌بوونه‌ وه‌سیه‌تنامه‌،‌ بۆ پاش مه‌رگی خۆیان و، واتا زانراوه‌کانیشی له‌م پێزانینانه‌‌ به‌ده‌رنه‌بوو که‌؛ یادگارییه‌کی ماددی و مه‌عنه‌وی نه‌مریان له‌دوای خۆیان بۆ هاوسه‌نگه‌رو گه‌ل و که‌س و کارو هاوڕێیانیان به‌جێی ده‌هێشت، تا له‌م ڕێگایه‌وه‌ وه‌سیه‌ت له‌هاوبیرو هاوڕێبازو هاوسه‌نگه‌رو تێکڕای گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ بکه‌ن، ڕێگای ئه‌وان به‌سانایی به‌رنه‌ده‌ن و درێژه‌ پێده‌ری ڕێبازو بیروباوه‌ڕو ئامانجه‌کانییان بن. له‌ڕاستیشدا ناوه‌رۆکی ئه‌و چه‌ند وشه‌ نووسراوانه‌ سه‌رمایه‌یه‌کی ڕه‌مزی ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌ی هه‌بوو، که‌م نه‌بوون ئه‌و که‌سانه‌ی به‌خوێن و ‌گیان و تێکۆشان ئاماده‌ی جێگره‌وه‌ی خه‌باتی نه‌پساوه‌ی گیان به‌ختکه‌ران بن.

یان به‌واتایه‌کی تر زیاده‌ڕۆیی نییه‌ گه‌ربڵێم: وه‌سیه‌تنامه‌ی شه‌هیده‌ زیندووه‌کان، زه‌نگێک بوو هه‌ر وشه‌یه‌کی ماڕشێک بوو بۆ ڕاچڵه‌کاندنی بیری ڕزگاریخوازان. که‌جگه‌ له‌کاریگه‌رییه‌ ده‌موده‌ست و خێراکانی، له‌کۆنه‌ستی کۆمه‌ڵگاشدا کاریگه‌ری درێژ خایه‌نی ده‌یان ساڵه‌ی هه‌بوو.

مانه‌وه‌ی زه‌بروزه‌نگی دوژمن و شه‌هیدکردنی تێکۆشه‌ران و وه‌سیه‌تنامه‌کانیان، ئه‌گه‌ر له‌سه‌رده‌می داگیرکاری جۆشی خه‌باتی پێده‌درا، ئه‌و له‌ئێستای ئازادیدا، جێگای داخبارییه‌ وتاره‌ ئا‌گرینه‌کانی سیاسییه‌کانی ئه‌مڕۆ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووو خه‌باتی دێریینی نه‌ته‌وه‌که‌مان‌، خه‌ڵکی پێی سه‌رگه‌رم و فریوده‌درێت. ئه‌مه‌ش هه‌موو له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت که‌ ئاسته‌مه‌ سیاسیی و به‌رپرسه‌کان له‌ئاست هاووڵاتیاندا؛ له‌لایه‌ک دان به‌بڕینی قۆناغه‌ سه‌خته‌کان له‌به‌ره‌نگارییه‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ڕزگارێکی ته‌مه‌ن شازده‌ ساڵه‌ بنێن، له‌لایه‌کی تریش دان به‌و ‌ڕوانگه‌ نوێیه‌ی کۆمه‌ڵناسییدا بنێن که‌ له‌دونیای ئه‌مڕۆدا ئه‌رکی حکوومه‌ته‌کانیش گۆڕاوه‌. که‌ له‌تازه‌ترین پێناسه؛‌ حکومه‌ت به‌خزمه‌تکاری خه‌ڵک دێته‌ ناسین و زۆریش ئاسییه‌ فه‌رمانبه‌ران دوای هه‌موو مافه‌کانی خۆیان له‌حکوومه‌ت بکه‌ن. جا به‌و پێیه‌ی خه‌ڵکی کوردستان نیوه‌ی زیاتری دانیشتووانه‌کانی  فه‌رمانبه‌ره‌، ئه‌وه‌ هه‌ر زۆر ئاسییه‌ خه‌ڵک داوای ئه‌رکه‌کانی ده‌سته‌به‌ر کردنی ژیان له‌حکومه‌تی کوردستان بکات. ئه‌وا ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌ی خه‌ڵکیشمان له‌ئاست بێی دادی و نزمی بژێوی و نه‌بوونی ئاسایشێکی ئابوورییمان به‌ته‌واوی له‌به‌ر چاو بێت.

من ناخوازم ئه‌رکی حکوومه‌ت له‌به‌رامبه‌ر هاووڵاتیاندا دیاری بکه‌م ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت که؛‌ زۆربه‌مان ده‌رک به‌و ڕاستییه‌ ده‌که‌ین، دابڕانه‌کان له‌نێوان لێپرسراوان و هاووڵاتیاندا ساڵانێکه‌ ده‌ستییان پێکردووه‌، له‌مێژه‌ خه‌ڵک گه‌یشتۆته‌ بڕوایه‌ک له‌نیوان تێکۆشه‌ره‌ هه‌ژاره‌ بێی ماڵه‌کانی دوێنێ و به‌رپرسه‌ بازرگانه‌کانه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندو خاوه‌ن کۆشک و ڤێلاکانی ئه‌مڕۆ، جیاوازییه‌کی گه‌وره هاتۆته‌ ئاراوه‌. ئه‌وه‌ به‌رپرسه‌کانن به‌گرفانی پڕیان و به‌ده‌سته‌به‌ربوونی خۆشترین ژیان بۆیان، له‌هه‌موو ڕۆژه‌‌کانی ساڵدا خۆیان له‌خه‌ڵک جودا کردۆته‌وه‌، ته‌نانه‌ت ئێستا وه‌کو جاران له‌بۆنه‌و بیره‌وه‌رییه‌کانیشدا، له‌ڕیزی پێشی پێشه‌وه‌ به‌دی ناکرێن.

 جاکه‌وابێت به‌بڕوای خۆم هه‌ق نییه‌ به‌رپرسانی حکومه‌ت و سیاسییه‌ باڵاکان کاتێک ‌دێنه‌ په‌یڤین... به‌ڵێنی گه‌وره‌ی وابده‌ن که‌پێیان نه‌کرێت، هه‌قه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی ده‌کرێت و له‌توانای خۆیانه‌ به‌ڵێن بده‌ن. تاچیتر به‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌وه‌سیه‌تنامه‌ی تێکۆشه‌رانی دوێنێ بۆ فریودان و سه‌رگه‌رم کردنی خه‌ڵکی وشه‌کانیان ده‌کار‌نه‌خه‌ن‌!؟‌ چونکه‌ فیرودان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی خه‌ڵکی به‌وته‌ی بێی به‌ڵێن و وروژاندنی هه‌میشه‌یی سۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کان، هێنده‌ دووباره‌و ده‌باره‌ بۆته‌وه‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستێک ڕه‌نگه‌ ناڕه‌زاییه‌کانی ئه‌مڕۆ له‌تاو نزمی ئاستی بژێویی ژیان و ده‌سته‌به‌ر نه‌بوونی که‌مترین پێداویستی. ببنه‌ فاکته‌رێکی سه‌ره‌کی له‌ئاینده‌یه‌کی نزیکدا هوشیاری خه‌ڵکی بۆ ناڕه‌زایی ڕاسته‌قینه‌ی سیاسیی و به‌لاوه‌نانی ئه‌و سیاسییانه‌ی ئه‌مڕۆ ببه‌ن.

 

09/02/2007

                    

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca