بانگه‌واز

حه‌مه‌ فه‌ریق حه‌سه‌ن 

hemefarik@yahoo.dk

 

له‌ درێژایی شۆڕشی گه‌له‌که‌ماندا گه‌لێک بزاڤ و جموجووڵی ئه‌وتۆ سه‌ریانهه‌ڵداوه‌. جێی ڕامانن و شیاوی ئه‌وه‌ن هه‌ڵوێسته‌یان له‌سه‌ربکرێ و بچینه‌ بنج و بناوانیان و مێژووش به‌فه‌رمی لێیان به‌ئاگابێ.. له‌ کۆتایی حه‌فتاکان و سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا، له‌ ناوچه‌ی (قه‌ره‌داخ) بزاڤێکی جوتیارانه‌ سه‌ریهه‌ڵدا. بزاڤه‌که‌ دژ به‌چالاکییه‌کانی ئه‌و ‌ده‌مه‌ی (محه‌مه‌دی شێخ عه‌بدولکه‌ریم) بوو له‌ناوچه‌که‌دا. ئه‌وه‌نده‌ی له‌یادم مابێ جوتیارانی (قه‌راخ و گه‌رمیان) به‌و نیازه‌ی ناوبراو له‌ناوچه‌که‌ هه‌ڵبکه‌نن، له‌شکرێکیان پێکهێنا‌.. ژماره‌یه‌ک له‌کادیرانی (کۆمه‌ڵه‌ی ڕه‌نجده‌رانی کوردستان) که ئه‌وده‌مه‌ هێزی باڵاده‌ستی پێشمه‌رگه‌ بوو له ته‌واوی ‌قه‌راخ و دیوی گه‌رمیاندا، لایه‌نی جوتیارانیان گرت. وه‌لێ به ‌بڕیارێکی سه‌ره‌وه‌، کادیره‌کان ناچارکران ده‌ستبه‌رداری ئه‌و بزاڤه‌ ببن. ئه‌نجام ژماره‌یه‌کیان په‌رچه‌کرداری توندیان نواندو به‌یه‌کجاریی له‌ چالاکی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تی کشانه‌وه‌. بزاڤه‌که‌ش سه‌رینه‌گرت.‌

به‌نیازم  له‌مه‌ڕ ئه‌و چالاکییه‌و زۆری دیکه‌ی جوتیارانی کوردستان بنووسم.. تکایه‌یه‌کی برایانه‌م له‌هه‌موو ئه‌و کادیرو برا ئازایزانه‌ هه‌یه‌ که‌ له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌و بزاڤه‌ن؛ به‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌ ئالیکاریم بکه‌ن: ژماره‌ی ئه‌و سوپایه‌، سه‌رکرده‌ لۆکاله‌کانیان، کێیان له‌پشته‌وه‌ بوو، به‌ زۆری خه‌ڵکی کام گوندانه‌ بوون؟ بۆچێ (پ م) لایه‌نی ناوبراوی گرت و پشتی جووتیارانی به‌ردا؟ ئه‌و کادیرانه‌ی له ‌سۆنگه‌ی هه‌ڵوێستی حیزبه‌که‌یانه‌وه‌، کشانه‌وه‌ی خۆیان له‌ پێشمه‌رگایه‌تی ڕاگه‌یاند کێ وکێ بوون؟ ناوی ته‌واوو پله‌و نازناوی پێشمه‌رگایه‌تییان؟ ئایا سزادران؟ هه‌ڕه‌شه‌که‌ی له‌جووتیاران کرا، (کێ) ده‌یکرد؟ ئایا جوتیاران پێویستییان به‌پاڵپشتیی هێزی پیشمه‌رگه‌ی ناوچه‌که‌‌ هه‌بوو یان خۆسه‌ریی ده‌یانتاونی ئه‌م بزاڤه‌ به‌ڕێبخه‌ن؟ (ناو براو) له‌کوێ بنه‌و بارگه‌ی خستبوو؟ به‌نیازی چیبوو؟ له‌شکره‌که‌ی ئه‌و، له‌چاو هی جوتیاراندا قه‌باره‌ی چه‌ند بوو؟ خه‌ڵکی کوێ بوون؟ هه‌ر (ده‌روێش) بوون یان هێزی دیکه‌ی له‌گه‌ڵدا بوو؟ چاره‌نووسی سه‌رانی جوتیاران به‌چی گه‌یشت؟ سزا دران؟ له‌پای چی جوتیاران ده‌یانویست ناوبراو له‌ناوچه‌که‌ ده‌رپه‌ڕێنن؟ ئه‌و ده‌مه‌ (حشع) هێزی له‌وێ هه‌بوو، ئایا ڕۆڵیان چیبوو؟ ناوی مه‌سوولی یه‌که‌می سه‌ربازی و سیاسیی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئه‌وده‌م له‌وێ بوون؟ ساڵ و مانگی ڕووداوه‌کان، که‌ زۆر گرنگه‌؟

به‌هیوام ئه‌و ئازیزانه‌ی له‌نزیکه‌وه‌ ئاگاداری ئه‌م بزاڤه‌ن، هه‌ر زانیارییه‌کیان له‌لا هه‌یه‌، یان هه‌ر وێنه‌ و دیکیۆمێنتێکیان له‌لا ده‌ستده‌که‌وێ کۆمه‌کم بکه‌ن و به‌و (ئی مه‌یل‌)ه‌ی لای خواره‌وه‌ بۆم ڕه‌وانه‌ بکه‌ن. پێشده‌ستی زۆر سوپاسیان ده‌که‌م. له‌و نووسینه‌شدا، وه‌ک سه‌رچاوه‌ ناویان ده‌هێنم. (ئه‌گه‌ر خۆیان لایان په‌سه‌ند بوو). چاوه‌ڕوانم.. سه‌رکه‌توو بن.

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca