خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ئاگاداربن

هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی 

 

 

یادی نۆزده‌‌ ساڵه‌ی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ نزیک بۆته‌وه‌ هه‌مان کات چڕبوونه‌وه‌ی  سه‌ردانی به‌رپرسانیش دووباره‌ ئه‌بێته‌وه بۆ چاو به‌ست و فریودانی خه‌ڵکی به‌شخوراوی هه‌ڵه‌بجه‌ .         

 بۆ به‌ڕێکردنی یادی نۆزده‌ ساڵه‌ی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و په‌رده‌دان به‌سه‌ر ئه‌و هه‌موو بێمافی ونه‌هامه‌تیه‌ی خه‌ڵکی ئه‌و شاری تێدایه، ده‌سه‌ڵاتدارانی  کوردوستان  ئه‌مساڵ له‌ هه‌موو ساڵه‌کانی تر سه‌ر گه‌رمی ئه‌وه‌ن چاوبه‌ستی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ن له‌ئاست خواست و داواکارییه‌  سه‌ره‌تایی و ئینسانیه‌کانیان ، ئه‌مساڵ ده‌سه‌ڵاتداران زۆر باش هه‌ست ده‌که‌ن که‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ تێگه‌شتوون و ده‌زانن ئه‌وان وه‌ڵام به‌خواسته‌ رۆژانه‌کانیان ناده‌نه‌وه‌ ، هه‌روه‌ها داسه‌ڵاتدارانیش ئه‌و ڕاستیه‌یان له‌به‌ر چاوه‌ که‌ خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ساڵی پار چۆن هاتنه‌ مه‌یدان و پیشانیاندا ئیتر توانایان نه‌ماوه‌ ئه‌م دۆزه‌خه‌‌ که‌ناوی ژیانه‌ قبوڵی بکه‌ن ، بۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتداران بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌مساڵیش وه‌ک ساڵانی تر خۆڵ بکه‌نه‌ چاوی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕیزێک وه‌عده‌ و به‌ڵێنی تر بۆ ناو فایل و ئه‌رشیفه‌کانی له‌بیرچونه‌وه‌ زیاد بکه‌ن ،ماوه‌یه‌که‌ نوێنه‌ر و به‌رپرس و وه‌فد و چه‌ندین جۆری تر له‌وه‌سیله‌ی فریودانی هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کان به‌ڕێوه‌ن و سه‌ردانی ئه‌و شاره‌ برین قوڵه‌ ده‌که‌ن ، هه‌ر وه‌ک ساڵان خه‌ڵکی کۆده‌که‌نه‌وه‌و سوێندیان بۆ ده‌خۆن که‌ هه‌ڵه‌بجه‌یان بۆ ده‌که‌ن به‌ هۆنگ کۆنگ ، به‌ڵام خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر باش ده‌زانن که‌ ئه‌م به‌ڵێنانه‌ تائه‌و کاته‌بڕ ده‌کات که‌ به‌رپرسان پشتی پێیان هه‌ڵده‌که‌ن و ئیتر ده‌چنه‌ خانه‌ی له‌بیرچونه‌وه‌ تا ساڵی داهاتو هه‌روه‌ها تا یادیک و زیاد کردنی ساڵێکیتر بۆ سه‌ر ته‌مه‌نی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و نه‌هامه‌تیه‌کی زیاتری ژیانی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ، ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ر به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستن ، ماوه‌یه‌که‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌یان خستۆته‌ ناو شار که‌ گوایه‌ وه‌فدێک له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ ده‌نێرنه‌ په‌رله‌مان بۆ گه‌یاندنی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌و جێبه‌جێ کردنی داخوازیه‌کانیان ، ئه‌م هه‌وڵانه‌ی که‌ ده‌سه‌ڵاتداران خه‌ریکن کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ن و هاتووچۆی بۆ ده‌که‌ن هیچ نین بێجگه‌ چاو به‌ست و ڕێگه‌گرتن له‌ هاتنه‌ مه‌یدان و یه‌کڕیزی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌ده‌ست هێنانی خواسته‌کانیان به‌ئیراده‌و توانی خۆیان،قیرتاوکردنی چه‌ند مه‌تریک شه‌قام و ڕواندنی چه‌ند دار سنه‌وبه‌ریک ناتوانێت وه‌ڵام بێت به‌پێداویستی ژیانی خه‌ڵکێک که‌ به‌ چه‌کی کۆکوژی لێیاندرابێت ، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌بێت زۆر به‌ئاگابن ، ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌یانه‌وێت به‌هه‌ر شێوه‌و نرخێک بێت  به‌ر بگرێت به‌ ، به‌ڕێخستنی ناڕه‌زایه‌تی و هاتنه‌ مه‌یدانی واقیعی خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ گه‌یاندن و به‌ده‌ستهێنانی مافه‌ئینسانی و سه‌ره‌تاییه‌کانی خۆیان ، خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ ته‌نها خۆیان ئه‌توانن نوێنه‌ری خۆیانبن و ته‌نها به‌هێزو یه‌کڕیزی خۆیان ده‌توانن ئه‌وه‌ی ده‌یاناوێت به‌ده‌ستی بهێنن.                                              ‌‌

        

7 . 2 .2007

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca