حکومه‌تی که‌مالیات و شوقه‌کانی زه‌که‌ریا

ئیبراهیم ئیسماعیل عه‌باس 

hiwaabas@yahoo.com

 

    گه‌ر به‌ڕوانگه‌و دیدی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ سه‌یری هه‌ردوو دیوی ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه‌ی کاره‌ ئه‌نجامدراوه‌کانی حکومه‌تی کوردستان بکه‌ین، له‌و ڕۆژه‌ی مه‌ترسی به‌عس به‌هۆی ڕووخانیه‌وه‌ له‌سه‌ر کوردستان نه‌ماوه‌، هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌و ڕێکه‌وته‌شدا پاره‌یه‌کی بێی شوومارو خه‌یاڵی به‌سه‌ر کوردستاندا ‌هه‌ڵڕژاوه‌، غه‌درێکی گه‌وره‌ ده‌که‌ین که‌ به‌چاوی بوژانه‌وه‌و گه‌شه‌سه‌ندنی کوردستان و بنیاتنانه‌وه‌ی سه‌رخان و ژێرخانی ئابووری وڵاتێکی وێرانکراو لێان بڕوانین! وه‌لێ به‌پێچه‌وانه‌ی خواست و داوای خه‌ڵکی له‌جیاتی کاری تۆکمه‌و جه‌وهه‌ری هه‌موو کاره کراوه‌کانی حکوومه‌ت له‌ جوانکاری(که‌مالیات) ته‌نها بۆ ناوه‌ندی شاره‌کان به‌کارهاتووه‌‌!.

 به‌هه‌ده‌ردانی هه‌موو توانا هه‌مه‌جۆره‌کانی حکومه‌ت بۆ چه‌ند بازرگان و سه‌رمایه‌دارێکی هاوپشک و برابه‌شی خۆیان بۆ دروستکردنی کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌کاربه‌ر به‌هۆی ئه‌و هه‌موو هوتێل، موتێل، بازاڕی هاوچه‌رخ، سۆپه‌ڕمارکێت، چێشتخانه‌و ڕیستۆرانت، باڵه‌خانه‌ی چه‌ند نهۆمی، هێنانی ئه‌وهه‌موو کۆمپانیایه‌ فرۆشتنی ئوتۆمبیل و هه‌موو جۆره‌ کاڵا ته‌کنه‌لۆژییه‌کان، و ده‌یان شتی تری لاوه‌کی. ته‌نها حکومه‌تێکی که‌مالیاتیمان پێی ده‌ناسێنن. له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌ نه‌ک هه‌ر کاری سه‌ره‌کی حکوومه‌ت نین، به‌ڵکو له‌و هه‌لومه‌رجه‌ی ئێستادا که‌ به‌قه‌د وێران بوونی ژێرخانی ئابووری ده‌روونی مرۆڤه‌کان وێران کراوه‌، قسه‌یه‌کی زیاده‌ نییه‌ گه‌ر بڵێم هه‌ر کاری حکومه‌تیش نین!؟.

ئاخر بێی ویژدانێکی گه‌وره‌یه‌‌ کاره‌ جوانکارییه‌کانییه‌کانی حکوومه‌ت که‌ خۆی له‌ کردنه‌وه‌ی بازاڕو سۆپه‌ڕمارکێت و ئوتێله‌کان ده‌بینێته‌وه‌و ‌ته‌نها چینێکی که‌م له‌کۆمه‌ڵگادا که‌ئه‌وانیش خواپێداوانن!! تیایدا به‌هره‌مه‌ند ده‌بن، به‌گه‌شه‌سه‌ندن و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی وڵات ناوزدی بکه‌ین. ئێمه‌ ئه‌وه‌نده‌ی پێویستیمان به‌دامه‌زراندنی کارگه‌‌و بوژاندنه‌وه‌ی که‌رتی کشتوکاڵ و هه‌موو بواره‌کانی تری بوژانه‌وه‌ی توانا ئابوورییه‌ خۆماڵییه‌کان هه‌یه‌، له‌هه‌مووشی گرنگ تر کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی پیشه‌یی بۆ فێرکردنی کار به‌شێوازێکی سه‌رده‌میانه‌ هه‌یه‌، نیو هێنده‌ پێویستیمان به‌و بۆ ئاسمان چوونه‌ی بازاره‌ هاوچه‌رخ و ڕیستۆرانت و ئوتێله‌ شه‌ش ئه‌ستێره‌‌ به‌کاربه‌ره‌کان نییه!. منیش ده‌رک به‌و ڕاستییه‌ ده‌که‌م که‌ بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی هاوچه‌رخ وه‌کو زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری وڵاتانی دونیا، پێویستیمان به‌ بونیاتی ئه‌و ئاڕاسته‌یه‌ش هه‌یه،‌ به‌ڵام ... ئه‌گه‌ر ئه‌و کارانه‌ سه‌رمایه‌داره‌کان خۆیان پێی هه‌ستن نه‌ک حکومه‌ت زه‌وی و پاره‌ی به‌تاڵان براوی خه‌ڵکی کوردستانیان به‌قورگ دابکات!؟؟. به‌ش به‌حاڵی خۆم هه‌رگیز باوه‌ڕم به‌وه‌ نییه‌ جگه‌ له‌شه‌راکه‌ت و هاوپشکی و برابه‌شی، هیچ مه‌رام و هۆکارێکی دی ... سه‌رۆکی حکوومه‌ت  به‌خۆی و جێگرو وه‌زیره‌ به‌ڕێزه‌کان هاوشان له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌یان ماشینه‌ ڕاگه‌یاندنه‌ ده‌هۆڵییه‌ بینراوو بیستراوو خۆێنراوانه‌ بۆ کردنه‌وه‌ی بازاڕێک، ئوتێلێک، سوپه‌ڕمارکێتێک،دوای سه‌دان ئاسنکاری حکومه‌ت، بۆ جێگایه‌کی له‌م جۆره‌ به‌رێت!! ته‌رخانکردنی کاتی زێڕینی سه‌رۆکی حکومه‌ت جگه‌له‌ ده‌یان و سه‌دان ئاسنکاری دارایی و ئیداری و ته‌شریف بردنی له‌کاتی کردنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ به‌رخۆری و به‌کاربه‌ره‌ ئێکسپایه‌رانه‌دا، ڕیکڵامێکه بێی ئه‌وه‌ی هاووڵاتی ده‌رکی پێی بکات، زۆر به‌هه‌رزان ده‌رخواردی مێشک و ده‌روونی ده‌درێت، به‌ڵام ده‌بێت به‌گران نرخ و باجه‌که‌ی بدات.

ئه‌وه‌ی له‌م نێوه‌نده‌دا له‌هه‌مووی سه‌یرتره‌! سیاسییه‌کان بۆ په‌یدا کردنی هه‌ڵسوڕێنه‌رێک بۆ کاره‌ ئابووره‌ییه‌کانی خۆیان، شێوازێکی ناوازه‌یان داهێناوه‌! هه‌ر له‌خوا ده‌خوازن که‌سێک تۆزه‌ ناوێک یان سه‌رماییه‌کی ڕه‌مزی له‌کۆمه‌ڵگا هه‌بێت، ئه‌وا بێی سێ و دوو هه‌موو ده‌سه‌ڵات و پاره‌یه‌کی ده‌قه‌به‌ڵ ده‌که‌ن، تا له‌پڕۆژه‌ خێراکانییان، پاره‌یه‌کی زۆرتریان پێی په‌یدا بکه‌ن.

هونه‌رمه‌ند زه‌که‌ریا عه‌بدوڵا یه‌کێک بوو له‌و که‌سانه‌ی له‌به‌رزتری ئاستی سیاسیی و حکومی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست به‌کار برا. ده‌سه‌ڵات هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی بۆی ده‌رکه‌وت سامانه‌ ڕه‌مزییه‌که‌ی زه‌که‌ریا به‌هۆی خۆشه‌ویستی له‌ناو خه‌ڵکدا، بۆ مه‌به‌ستی بازرگانی ( ڕووتاندنه‌وه‌ی خه‌ڵکی ) ده‌ست ده‌دا‌ت، یه‌کسه‌ر پڕۆژه‌ی گه‌وه‌ره‌ی له‌بابه‌تی شوقه‌ی نیشته‌جێ بوونی له‌شاره‌ گه‌وره‌کانی کوردستان به‌ناوه‌وه‌ درووستکرا. خه‌ڵک ئێستاش به‌ته‌واوی بۆی لێک نادرێته‌وه‌، ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌و فاکته‌ره‌ چی بوو له‌پڕێک زه‌که‌ریا عه‌بدوڵای له‌هونه‌رمه‌ندێکی ده‌نگ خۆشه‌وه‌ به‌بازگان و قۆنته‌راتچیه‌کی  گه‌وه‌ره‌ وا به‌خه‌ڵک ناسێنرایه‌وه‌‌؟! با ئه‌و واقیعه‌ له‌لایه‌ک دانێن. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌جێگای پرسیاره‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌و هه‌موو ڕێکڵامه‌ زۆره‌ی نزیکه‌ی دووساڵه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی که‌ناڵه‌ ئاسمانییه‌کانی کوردستان بۆ فرۆشتنی شوقه‌کانی ناز سیتی (شوقه‌کانی به‌ڕێز زه‌که‌ریا) به‌دی ده‌که‌ین، به‌ڵام ده‌ڵێ ئه‌و شوقانه‌ نافرۆشێن! ئاخر له‌جیاتی کۆتایی هاتنی ڕیکڵامه‌کان، ڕۆژ به‌ڕۆژ ڕیکڵامه‌کان خێرا تر ده‌کرێن! زانیمان شوقه‌کانی(ناز سیتی) له‌خۆشترین شوێنی شارو به‌هه‌موو خزمه‌تگوزارییه‌که‌وه‌‌ ئاماده‌ن‌، به‌ڵام ئه‌ی بۆ هێشتا خه‌ڵک ئاماده‌نییه‌ بیانکڕێت، هه‌ربۆیه‌ له‌داهێنانێکی بێی وێنه‌دا به‌چاو قایمێکی زۆره‌وه‌، ته‌نها له‌پێناو فرۆشتنی ئه‌و (700) شوقه‌یه‌دا، ماوه‌یه‌که‌ له‌ڕیکڵامه‌کاندا داوای پێدانی کاره‌بای(24) کاتژمێر له‌شه‌وو ڕۆژێکدا به‌فرۆشێار ده‌درێت!؟.

وه‌نه‌بێت ئه‌و سه‌رنجه‌ له‌پێشینه‌یه‌کی مێژوویی به‌ده‌ربێت. چونکه‌ زیاد له‌ساڵێکه‌ ڕیکڵام بۆ شاری خه‌ونه‌کانی هاوسێ و ده‌سته‌ خوشکی ناز سیتی ناکرێت! که‌پێی ده‌چێت ئه‌و شاره‌ فرۆشتنی کۆتایی هاتبێت و شوقه‌کان بێی خاوه‌ن و بێی کڕیار مابنه‌وه!!.

له‌ڕاستی جه‌ساڕه‌تێکی گه‌وره‌یه‌ له‌و بێی کاره‌بایه‌ی ساڵانێکه‌ خه‌ڵکی به‌ده‌ستییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، له‌ڕیکڵامدا بۆ فرۆشتنی شوقه‌ موژده‌ی کاره‌بای (24) ده‌مژمێری به‌کڕیار بدرێت!!! ئه‌وه‌ له‌خزمه‌تگوزارییه‌کانی تر هه‌ر گه‌ڕێ. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ مایه‌ی شکستی کارو ستراتیژی حکوومه‌ته‌ که‌مالیاته‌که‌مان نه‌بێت، ئه‌وا مایه‌ی گاڵته‌ جاڕییه‌ که‌ که‌متر له‌ (700) شوقه‌ له‌ خۆشترین شوێنی شاری هه‌ولێر له‌ شارێکی نیوه‌ کرێچی وه‌کو هه‌لێر به‌دووساڵ ڕیکڵامی چڕو پڕ نه‌فرۆشرێن!؟.

پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌:  خه‌ڵک به‌چی شوقه‌یه‌کی پتر له‌ (100) هه‌زار دۆلاری له‌کاکه‌ زه‌که‌ریا بکڕێت؟!! مه‌گه‌ر به‌و که‌سانه‌ بکڕێن، که‌ساڵانه‌و مانگانه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران زه‌وی باران ده‌کرێن.

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca