ماڵئاوا

ژیار جاف 

 

 

ماڵئاوا ئه‌ی دوورترین تروسکایی ناخم

من چیدی ناتوانم به‌ دیار ئه‌و هه‌موو

سه‌رابه‌وه‌

ده‌ست به‌ ئه‌ژنۆ رابمێنم

راوه‌ستم و پێم نه‌کرێ

رێ له‌ ئافاتی ئه‌م زه‌مه‌نه‌ ڕه‌شه‌ بگرم

نا..

 چیدی ناتوانم بێده‌نگ بم

له‌و شه‌وه‌ تاریکه‌دا

که‌ من خۆم شایه‌تحاڵی کوشتنی

چۆله‌که‌ بێ گوناهه‌کانی سه‌ر گوێسه‌بانه‌که‌مان بوم و

نه‌توانم شایه‌تی له‌ سه‌ر ئه‌و تاوانه‌ بده‌م

من ئه‌ڕۆم و

 ئه‌م مه‌مله‌که‌تی تاوانه‌

بۆ ئێوه‌ به‌ جێدێڵم

من ئه‌ڕۆم و

 ئێوه‌ به‌ تاریکی ناو ناختان ئه‌سپێرم

ئێوه‌ خۆتان ده‌ستتان له‌ خوێنی مندایه‌

که‌ چی له‌ هه‌موو که‌س به‌ کوڵتر بۆم ئه‌گرین

من ئه‌ڕۆم و

 به‌ گه‌مژه‌یی خۆتان ئه‌سپێرم

ئێوه‌ به‌رجه‌سته‌ترین تاوانباری ئه‌م خوێنه‌ن

که‌ چی به‌ دوای تاوانباراندا ئه‌گه‌ڕێن

ئێوه

له‌ تیرباراندا ده‌ست ڕاستبون

چونکه‌ ڕۆژێک نه‌بوو چاوی من نه‌که‌نه‌ نیشانه‌

بۆ پێکانی تیره‌کانتان

ئێوه‌ تفتان له‌ عه‌رد رۆنه‌ده‌کرد

چونکه‌ روخساری به‌ نه‌فره‌تبووی منتان هه‌بوو

ئای خودایه‌...

ئاخر من چیم پێ ده‌کرێت له‌وه‌ زیاتر

ئه‌م ئه‌شکه‌وتی تاریکییه‌تان بۆ به‌ جێ بێڵم

تا به‌ ئاره‌زووی گڵاوی خۆتان ڕه‌وایی به‌ تاوانه‌کانتان بده‌ن

من ئه‌ڕۆم و

خوێنی به‌ ناهه‌ق رژاوم بۆ ئێوه‌ به‌ جێ دێڵم

تا تینوێتیتانی پێ بشکێنن

من ئه‌ڕۆم و

هاواری به‌ زۆر تاسێنراوم بۆ ئێوه‌ به‌ جێ دێڵم

 

تا ئاهه‌نگتان رازاوه‌تربێت

نا...

ئیدی ناتوانم

 بکوژانی خۆزگه‌کانم

به‌ به‌رچاومه‌وه‌ شایی بۆ مه‌رگی ئاره‌زۆکانم بگێڕن و

منیش چیم پێ  نه‌کرێت

 

من ئه‌ڕۆم و

ئه‌م سه‌رزه‌مینی خوێنه‌ بۆ ئێوه‌ به‌ جێ دێڵم

تا له ‌ناو خوێندا وون ئه‌بن

من ئه‌ڕۆم و

ئێوه‌ به‌م زه‌مه‌نی شمشێره‌

به‌م قات و قڕی ئه‌وینه‌ ئه‌سپێرم

 

ماڵئاوا ئه‌ی راستگۆترین بزه‌ی ساواییم

ماڵئاوا ئه‌ی ساخته‌ترین قاقای گه‌وره‌ییم

من چیدی پێمناکرێت گه‌ردنم بخه‌مه‌ ژێر

ئه‌م هه‌موو چه‌قۆ درۆزنانه‌وه‌

نا

من ناتوانم نا

من ئه‌بێ له‌م ده‌ڤه‌ری خۆکوشتنه‌دا

خۆم قوتارکه‌م

بڕۆم و جه‌نگه‌ڵێک بدۆزمه‌وه‌

که‌ عیشق تیادا ته‌نها یاسابێت

من ئه‌ڕۆم و

ئێسک و پروسکی ووردو خاش کراوم

بۆ ئێوه‌ به‌ جێدێڵم

هه‌تا رۆحتان ئارامتربێت

نا ئیدی که‌س ناتوانێت ڕێ به‌م سه‌فه‌ره‌م بگرێت

دوا بڕیارمه‌

چیتان پێ ده‌کرێ درێخی مه‌که‌م

ئه‌وه‌ چاوه‌کانم ده‌ریبێنن

ئه‌وه‌ رومه‌تم بیشێوێنن

ئه‌وه‌ لاقه‌کانم

ئه‌وه‌ سنگم، دڵم ، هه‌ناوم

چیم پێده‌که‌ن بیکه‌م

من ئه‌م خه‌راباته‌ به‌ جێدێڵم

من ئه‌مه‌وێ رۆحی پاکم له‌م

سه‌رزه‌مینی تاوانه‌دا رزگار بکه‌م

ماڵئاوا

ماڵئا

ماڵ

ما

م

.

 

 

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca