قه‌سیده‌ی ئه‌م فه‌سڵه

 که‌ژاڵ ئیسماعیل

 

 

ئه‌م نامۆییه وه‌ک شاڵاوی سه‌فه‌ر
ئه‌سه‌ری له‌سه‌ر مه‌مله‌که‌تم جێهێشتووه
هه‌روه‌ک جه‌نگێ
هێرشی بۆ سه‌ر ته‌لاری دڵم کردبێ
شکستی پێ کردووم
به‌ڵام بێزار نه‌بووم..
ده‌تۆش بێزار مه‌به
ده‌خیلت بم .. وا خه‌زانه
نه‌با ئه‌م فه‌سڵه بۆن سارده
گه‌ڵای عومرم بوه‌رێنێ
که‌نارێکی ئه‌مان به ‌‌و
باگه‌ڵای ئه‌م وه‌رزه‌شم لای تۆ بێ
بۆ چیمه عومرێ..
ساڵه‌کانی بێهوده به‌ڕێکه‌م
ئه‌و سه‌عاته بۆ نه‌شکێنم
ڕۆژه‌کانم ئه‌کا به‌گژ فه‌نابوونا
بۆیه قه‌رارێکه‌و داومه
په‌‌نجه‌ره‌که‌م واڵا ناکه‌م له‌و شه‌وانه‌ی
دڵڕه‌قانه جه‌سته‌م ئه‌نێژێت
ده‌تۆ.. ڕۆژژمێری عه‌هده تازه‌که‌م به
چیتر نه عومر.. نه‌دونیا
به‌خه‌ساره‌ت نه‌چێ
ئه‌مه‌وێ ببمه ئه‌میره‌ی زه‌مه‌نێکی ئه‌فسووناوی
پڕ له‌ئه‌وین
وه‌ک که‌وکه‌بێکی تازه بێت
نه‌ گریان له‌وێ وجودی هه‌بێت و نه‌غه‌م
منی لاواز
وه‌ک گوڵێکی هاوین بێره‌نگ بووم و
په‌پووله‌یه‌کی ماندووی دڵ شکاو
ئاخر له‌م ته‌نهاییه‌مدا کی بێت و
بۆمن فریشته‌بێت؟
بۆیه دڵی پڕ له‌ سۆزم ئه‌نێمه سه‌ر مێزی ویژدانت
یا ژێر پێی بنێ
یا بیخه‌نێو زیندانی سنگی خۆت!
وام پێ خۆشه
له‌م عه‌هده تازه‌یه‌مدا، به‌جۆرێک خۆشم بوێی
ته‌نها ساتێک به‌رگه‌ی دووریت نه‌گرم
هه‌تا تۆ نه‌مکوژی
نه‌مرم!
من له‌ته‌نهاییمدا..
بۆنی باران و
چپه‌ی ئه‌ستێره‌و چاوی ماسییه‌ شێته‌کان
ئه‌که‌م به قه‌سیده‌یه‌کی غه‌زه‌ل
داری میلادی ئه‌م جه‌ژنه ئه‌شقه‌ی
پێ ئه‌ڕازێنمه‌وه
تۆی وه‌ک ده‌ریام نه‌رم و
وه‌ک خۆری چاوه‌کانم گه‌رم
ئه‌میرێکی دڵ ڕه‌ق نه‌بی
نه‌مدڕێنی..
نه‌مسووتێنی ..
نه‌منێیته نێو گیرفانی له‌یاد چوونه‌وه‌ت
ده‌ی ئه‌زیزم
تۆش په‌یمانێکم پێ به
نه‌بی به‌ڕووناکی وخۆت ون نه‌که‌ی
که ‌شه‌و داهات
جێم نه‌هێڵی
که هه‌ور هات
هه‌میشه وه‌ک چه‌پکێ ئیشقی په‌مه‌یی
له‌ نێو له‌پی ده‌سته‌کانما بیت
منیش..
فه‌‌سڵی داهاتوو
قه‌سیده‌یه‌کت پێشکه‌ش ده‌که‌م
تامی ماچێکی ته‌ڕ بدات!!

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca