که‌مپی مه‌خموور

کاوه‌ ئه‌مین 

 

 

ڕه‌نگه‌ هیچ شتێک له‌وه‌ ناخۆشتر نه‌بێت، مرۆڤ له‌ نێو وڵاتی خۆی و له‌سه‌ر خاکی خۆی، په‌نابه‌ر بێت، یانیش پێی بووترێت په‌نابه‌ر، ئاخر ئه‌وه‌ ١٤ ساڵه‌ به‌ ئاواره‌کانی که‌مپی مه‌خموور ده‌ڵێن په‌نابه‌ره‌کانی که‌مپی مه‌خموور، ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌ وڵاتپارێزه‌ تا ئێستا نه‌ له‌ لایه‌ن ڕێکخراوی په‌ناپه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، نه‌ حوکوومه‌تی "هه‌رێم"ی کوردستان و نه‌ حوکوومه‌تی عێراقیشه‌وه‌ هیچ ئاوڕێکی مرۆڤانه‌یان لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ و هیچ کۆمه‌کێکی وایان پێ نه‌کراوه‌ که‌ شایسته‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ ما‌ندووه‌ بێت، به‌ڵکو به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌میشه‌ ته‌گه‌ره‌یان خراوه‌ته‌ به‌رده‌م و ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ به‌ فیتی ده‌وڵه‌تی تورکی و به‌ بیناوی ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌و که‌مپه‌ جێگایه‌کی سه‌ربازی و مه‌شقپێکردنی شه‌ڕڤانانی پارتی کرێکارانی کوردستانه‌. چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر هێزه‌کانی سوپای عێراق به‌ چاودێری هێزه‌کانی سوپای ئه‌مریکا چوارده‌وری که‌مپه‌که‌یان گرت و به‌ بیانووی گه‌ڕان به‌ دوای چه‌کدا، که‌مپه‌که‌یان پشکنی، به‌ڵام ئه‌وه‌ بوو وه‌ک بینیان ئه‌و جێگایه‌ شوێنێکی مه‌ده‌نییه‌ و یه‌ک پارچه‌ چه‌کیشیان نه‌دۆزیه‌وه‌، هه‌ڵبه‌ت به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌مریکییه‌کان و تورکیا له‌ خوایان ده‌ویست له‌ که‌مپه‌کدا چه‌ک و ته‌قه‌مه‌نی بدۆزنه‌وه‌ و به‌هانه‌یه‌کیان بێته‌ ده‌ست بۆ زیاتر ئازاردانی ئه‌و خه‌ڵکه‌، هه‌ر وه‌ک چۆن له‌ سایتێکی کرمانجی گومانلێکراودا نووسیبویان ئه‌مریکیه‌کان گومانی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ که‌ له‌و که‌مپه‌وه‌ چه‌ک به‌ تیرۆریسته‌ سوننی و به‌عسیه‌کان بفرۆشرێت.

ئێستاش که‌ هه‌موو ئه‌و پروپاگه‌ندانه‌ی بۆ ئه‌و که‌مپه‌ کران و هه‌زارو یه‌ک بوختانیان بۆ هه‌ڵبه‌ستن، درۆ ده‌رچوون، کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان داوای لێبووردن له‌و خه‌ڵکه‌ بکه‌ن و، رێکخراوی په‌نابه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و حوکوومه‌تی باشوور مافی په‌نابه‌ری بده‌ن به‌و خه‌ڵکه‌و هه‌موو پێداویستیه‌کانی ژیانیان بۆ ده‌ستبه‌ر بکه‌ن، به‌تایبه‌تی ڕێگای ئه‌و خه‌ڵکه‌ بده‌ن که‌ به‌ ئازادی له‌شاره‌کانی باشووری کوردستان بگه‌ڕێن و بتوانن به‌ ئازادی به‌ دوای کاردا "ئه‌گه‌ر هه‌بێت" بگه‌ڕێن. له‌ وڵاتێکی وه‌کو سوێد په‌نابه‌ر دوای ئه‌وه‌ی مافی مانه‌وه‌ (ئیقامه‌) وه‌رده‌گرێت، ئه‌گه‌ر هیچ تاوانێکی نه‌کردبێت ده‌توانێت ببێته‌ هاووڵاتی سوێدی، کورده‌کانی دانیشتووی که‌مپی مه‌خموور که‌ ئه‌وه‌ ١٤ ساڵه‌ ئاواره‌ن و له‌ هه‌موو مافێکی ژیان و په‌نابه‌رێتی له‌سه‌ر خاکی خۆیان بێبه‌ش بوون، مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ که‌ پێناسی باشووری کوردسانیان پێ بدرێت.

کوردانی که‌مپی مه‌خموور، به‌ خۆڕاگری خۆیان سه‌لماندیان که‌ خه‌ڵکێکی خۆڕاگر و وڵاتاپارێز  و دوژمن به‌زێنن، هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌شه‌رمیشه‌وه‌ بێت ده‌بێت هاوکاریان بکرێت و چیتر له‌ سه‌ر خاکی خۆیان پێیان نه‌وترێت په‌نابه‌ر، ئاخر چۆن ده‌بوو خه‌ڵکی باشووری کوردستان و فه‌رمانڕه‌واکانی، هاوکاری و هاوپشتیوانی خه‌ڵکی باکوور و ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌ بیر بکه‌ن له‌ کاتی کۆڕه‌وه‌ گه‌وره‌که‌دا که‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو زه‌برو زه‌نگی داگیرکه‌رانیشدا، دیسان هاوکاری براو خوشکه‌کانی خۆیان له‌ باشووری کوردستان کرد، ده‌با داوده‌‌ستگاکانی باشوور به ‌ده‌نگ ئاواره‌کانی پارچه‌کانی تری کوردستانه‌وه‌ بچن و هاوکاریان بکه‌ن و بیان حه‌وێننه‌وه‌.

تێبینی: له‌ ڕۆژنامه‌ی (میدیا) ڕۆژی ٣٠ / ١ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca