به‌ر له‌وه‌ی دهۆک له‌ باشووری کوردستان جودا بێته‌وه

موحسين جوامێر
 هه‌ولێر
 

mohsinjwamir@hotmail.com

 

له‌ 28/02/2007 و له‌ به‌رنامه‌يه‌کی تايبه‌تیی که‌ناڵی کوردستان تێڤی ـ دا، مامۆستايان موئه‌ييه‌د ته‌ییب له‌ دهۆک و موراد جوان له‌ سوێده‌وه‌ له‌باره‌ی کێشه‌ و گرفتی زمانی يه‌کگرتووی کوردی دوان.. پوخته‌ی بۆچوونه‌کانيان خۆی له‌وه‌ چڕ ده‌کرده‌وه‌ که‌ ئيتر له‌پاڵ شێوه‌زاری سۆرانيدا، ده‌بێ بادينی و ئيديکه‌يش ـ وه‌ک زمان ـ په‌يدا بن، ئه‌مه‌ش مافێکی ساده‌ی مرۆڤه‌کانه‌ و گه‌ره‌که‌ هه‌ر که‌سیک چێژی لی وه‌رگرێت.. وه‌لێ ئه‌و تێزه‌ بريقه‌داره‌ چه‌ند زيان و چ قاس قازانجی بۆ گه‌له‌که‌مان لێ ده‌که‌وێته‌وه‌، ئه‌وا مه‌سه‌له‌يه‌ک نه‌بوو له‌ لای ئه‌و دوو سه‌يدايه‌.. بگره‌ سه‌رنج و حه‌ماسه‌ت و جه‌زبه‌ی کاک موئه‌ييه‌د له‌ ميانه‌ی قسه‌کانيدا گه‌يشته‌ ڕاده‌يه‌ک که‌ بڵێ شێوه‌زاری سۆرانی ـ که‌ قوتابييانی دهۆکيش پێی ده‌خوێنن ـ زيانی فره‌هی له‌ وان داوه‌ و سه‌باره‌ت به‌و زمانه‌ له‌ ساڵێکدا هه‌زاران  قوتابیی دهۆکى ساقيت بوونه‌.. وه‌ک ئه‌وه‌ی بڵێیت عه‌ره‌بی بۆ زاڕۆکی بادينی، زۆر ئاسانتره‌ له‌ کوردیى سۆرانی.. جگه‌ له‌و ڕا و بۆچوونه‌ی له‌مه‌ڕ پيتی يان تیپی لاتينی ئاڵوگۆڕ کرا، له‌ شه‌ڕحه‌کاندا وا ده‌فامرايه‌وه‌  که‌ ئه‌و پيته‌ وه‌ک ( رحمة للعالمين ) بوو و وه‌ک په‌يامێک به‌ ولی الله‌ مسته‌فا که‌مال ئه‌تاتورکدا بۆ کوردان نێردرا، پاش ئه‌وه‌ی کوردستان و زمانه‌که‌ی به‌ خاک سپارد.!

 

هه‌ڵبه‌ت هه‌ر شێوه‌زار و ديالێکتێکی کوردی، موڵکی هه‌مووانه‌ به‌کورتی.. ئه‌گه‌ر بێتو ژيرانه‌ و له‌سه‌ر بنه‌مايه‌کی زانستی کارى له‌سه‌ر بکرێت، ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی زمانه‌که‌مان و دوور ده‌بێ له‌ عه‌یب وکرێت..من له‌و بڕوايه‌ دام که‌ ئێمه‌ زمانی ستانداردمان هه‌یه‌ و بواری ئه‌وه‌ش زۆره‌ که‌ هێشتا به‌ شێوه‌زاره‌کان بخه‌مڵێ و ژيکه‌ڵه‌تر بێت و وه‌ک هه‌ر زمانێکی دنيا خه‌ڵکی خۆی خه‌نی بکات له‌ هه‌ر کوێ بێت.

 

وه‌لێ ئه‌و جۆره‌ ده‌نگانه‌، جگه‌ له‌وه‌ی نيشانه‌ی ساده‌يی و بێئومێدی و خۆبه‌که‌مزانينيان لێوه‌ به‌رز ده‌بێته‌وه‌، سه‌ره‌تايه‌کن بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ڵێش بکه‌وێته‌ جه‌سته‌ی پێکهاته‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان و ورده‌ ورده‌ نه‌ته‌وه‌گه‌لی ديکه‌ی لێوه‌ په‌يدا بن و بتوێته‌وه‌، واته‌ بۆ ڕيش چووین سمێڵمان له‌سه‌ر دانا..ترسێ ده‌که‌م ئه‌و وته‌يه‌ی ڕه‌فيق تاريق عه‌زيز له‌باره‌ی له‌يه‌کنه‌گه‌يشتنی کوردی بادينان و سۆران و په‌نابردنيان بۆ عه‌ره‌بی، به‌ ده‌ستی کوردان ڕه‌گ دابکوتێ و تا ڕۆژی سه‌ڵايێ ببێته‌ واقیع و چارمان نه‌بێ.

 

ئه‌گه‌ر کار ئاوا بڕوا، گومان له‌وه‌دا نييه‌ دهۆک هێدی هێدی له‌ جه‌سته‌ی باشووری کوردستان جودا ده‌بێته‌وه‌ و له‌ ده‌ستمان ده‌ڕوا.. ئه‌وسا بۆی هه‌يه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌ مووسڵ نزيک ده‌بێته‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ له‌ هه‌ولێر و که‌رکوک و سلێمانی و خانه‌قين نزيک نه‌بێته‌وه‌..ياخود له‌پاڵ ئه‌وانيديکه‌دا ده‌بێته‌ قه‌ومييه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ.. يان ئه‌وه‌نده‌ سۆز و میهری بۆ ئه‌سته‌نبۆڵ و به‌غدا ده‌چێ ئه‌وه‌نده‌ بۆ هه‌ولێر ناچێت.. به‌دووريش نازانرێ ئه‌و قه‌واره‌يه‌ ببێته‌ هۆکارێک تا له‌ داهاتوودا وه‌ک ئيماڕه‌تێکی جودای لێ بێت و مێژوو خۆی دووباره‌ بکاته‌وه، به‌ڵام به‌دوور له‌ قازانجی کوردا.!

 

خۆدوورخستنه‌وه‌ی دهۆک له‌ به‌شه‌کانی ديکه‌ى باشوور، چ به‌ بيانووی ئه‌وه‌ی شێوه‌زاری بادينیمان قووڵاييه‌کی قووڵی له‌ باکووری وڵاتدا هه‌يه‌، ياخود به‌ هه‌نجه‌تی ئه‌وه‌ی ئاخێوه‌رانی کرمانجيمان زۆربه‌ن، له‌ زيان به‌ولاوه‌ هيچ که‌ڵکێک به‌ گه‌لی مه‌ له‌ دهۆک ناگه‌يه‌نێت، ئه‌ويش له‌ سۆنگه‌ی ئه‌و واقيعه‌ سياسييه‌ی ته‌نيا بۆ کوردی باشوور ڕه‌خساوه‌ که‌ له‌ وانه‌يه‌ تا ده‌يان ساڵی ديکه‌ بۆ کوردی باکوور ( له‌ تورکيا ) نه‌ڕه‌خسێت، ئه‌ويش ئه‌گه‌ر..دياره‌، ئه‌و واقيعه‌ سياسييه‌ی باشوور بوو که‌ وای کرد به‌ درێژايیی  نزيکه‌ی سه‌د ساڵ زمانێکی ستاندارد له‌ کوردستان په‌يدا بێت، ئه‌گه‌ر کوردگه‌ل ـ به‌م دواییه‌ ـ به‌ ده‌ستی خۆيان ماڵی خۆيان کاول نه‌که‌ن، که‌ بڕوا ناکه‌م.

 

جگه‌ له‌ فه‌رمووده‌ ڕاسته‌که‌ی تاريق عه‌زيز، سه‌رۆکى به‌ره‌ی تورکمانيش شه‌کرێکی هه‌قی شکاندبوو کاتێ وتبووی هاوڕێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بادينانی و سۆرانی کوردن؛ به‌ڵام له‌ يه‌کدی ناگه‌ن، که‌چی ئێمه‌ی  تورکمان له‌ تورکان ده‌گه‌ين.. ئه‌و قسانه‌يش ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ عه‌يبمان له‌ ده‌ره‌وه‌يه‌.. به‌ دووريش نازانرێ نه‌يارانمان ـ زوو يان دره‌نگ ـ کار له‌سه‌ر ئه‌م ته‌وه‌ره‌ بکه‌ن.

 

پاش ڕێککه‌وتنی 11 ی ئازاری 1970، به‌ ئاماژه‌ی سه‌رۆکی ئه‌وسای بزاڤی کورد مسته‌فا بارزانی شێوه‌باوه‌که‌ی کوردیی ئه‌و کات به‌ ( ضمني ) کرا به‌ زمانی ستاندارد و شێوه‌زاره‌کانی ديکه‌ بوون به‌ خوشک و برا و له‌کتێبه‌کاندا ڕه‌نگ و تيشکيان دايه‌وه‌ وه‌ک چرا.. وا بزانم ئه‌مڕۆيش ته‌نيا سه‌رۆکی کوردستان ده‌کارێت درێژه‌ به‌ هه‌مان رێچکه‌ بدات و ببێته‌ يه‌کلاکه‌ره‌وه‌، نه‌ک کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ و موناقه‌شه‌ و گه‌نگه‌شه‌ له‌ به‌ ديهييات.. ئه‌وسایش دهۆکی ده‌لال و خۆڕاگر ده‌بێته‌ پردی ڕاسته‌قينه‌ له‌ نيوان باکوور و باشووردا.

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca