رۆژنامه‌ى گه‌رم..!

نه‌وزاد عه‌لى ئه‌حمه‌د
 سوید
 

 

 

هه‌موو رۆژنامه‌یه‌کى حزبى له‌لایه‌ن سه‌رکردایه‌تى حزبه‌وه‌ وه‌ک هه‌ر ئۆرگانێکى‌تری حزبى ئاراسته‌ده‌کرێت، تاهه‌ندێکجار له‌هه‌ڕه‌مى هه‌ره‌ سه‌ره‌وه‌ى حزب ده‌سته‌یه‌کى کاراى بۆ پێکده‌هێنرێت تاڕاسته‌وخۆ ببێته‌ به‌شێک له‌ پێکهاته‌كه‌و زانیارى‌و ئاراسته‌کان له‌و ده‌سته‌یه‌وه‌ وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ زیاتر ئه‌و رۆژنامانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ که‌پێیان ده‌وترێت رۆژنامه‌ى ناوه‌ندى حزب، واته‌ ئۆرگان‌و زمانحاڵى حزب، له‌لاى خۆمان گه‌‌مه‌ییه‌ک به‌و زاراوه‌یه‌ کراوه‌و له‌پا‌ڵ ئۆرگان، هه‌ندێک له‌حزبه‌کانى کوردستان له‌سه‌ر رۆژنامه‌کانیان نووسیوه‌ فڵان حزب یاخود رێکخراوى سیاسیی ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ (ده‌رده‌کات) ئه‌مه‌ بۆ فراوانکردنى چوارچێوه‌و رووبه‌ڕى بڵاوکردنه‌وه‌و بوونى ده‌نگى جیاوازه‌ له‌ڕۆژنامه‌که‌دا، كه  په‌یوه‌سته یه‌که‌م: بۆ بوونى ده‌نگى جیاواز له‌واقیعى کوردستاندا. دووه‌م: بۆ باشترکردن‌و به‌هه‌ڕمێنکردنى بازاڕى فرۆشتنى رۆژنامه‌که‌‌، که‌له‌کۆى هه‌ردوو خاڵه‌که‌دا به‌رهه‌مهێنانى ئه‌نجامه‌که‌ بۆ حزب ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، له‌م وتاره‌دا گه‌ره‌کمانه‌ له‌کۆى ئه‌و چه‌ند وشه‌و ده‌سته‌واژه‌و رستانه‌ى پێشه‌وه‌دا چه‌ند پرسیارێک بکه‌ین‌ كه مه‌رج نیه وه‌ڵامیان بده‌مه‌وه خوێنه‌ر ده‌توانێت له كرۆكی مه‌به‌سته‌كه‌ بگات ،چونكه پرسیاره‌كان به‌شێكن له‌کایه‌یه‌کى گه‌رم كه چۆن رۆژنامه‌یه‌کى گه‌رم، به‌هه‌وا‌ڵ‌و وتارو لێکدانه‌وه‌ى سیاسیی خۆی گه‌رم ده‌كاته‌وه .

 ئایا شه‌ڕ یاخود ئاشتى کێرڤى بازاڕى رۆژنامه‌ به‌رزده‌کاته‌وه‌؟ ئایا حزبییه‌کان که‌ى‌و چۆن موتابه‌عه‌ی به‌رده‌وامى رۆژنامه‌کانیان ده‌که‌ن؟ ئایا خوێنه‌رانى به‌رده‌وامى رۆژنامه‌ حزبییه‌کان کێن؟ ئایا داموده‌زگا حزبییه‌کان چ بابه‌تێک زیاتر له‌ڕۆژنامه‌کانیان سه‌رنجیان راده‌کێشێت؟ ئایا حزبییه‌کانى گه‌ڕه‌کى عه‌قارى‌و تووى مه‌لیک یاخود حزبییه‌کانى گه‌ڕه‌کى ئازادی‌و زێڕینۆک كامه‌یان زیاترو وردتر موتابه‌عه‌ى رۆژنامه‌کانیان ده‌که‌ن؟ ئه‌مانه‌و ده‌یان پرسیارى له‌و جۆره‌ بریتیه له پردى نێوان رۆژنامه‌و جه‌ماوه‌ر! له‌ئه‌نجامى ئه‌زموون‌و تاقیکردنه‌وه‌دا چه‌ند راپرسێک له‌سه‌ر بنه‌ماى ئه‌و پرسیارانه‌ داده‌ڕێژرێت،  ئایارۆژنامه‌ حزبییه‌کان ئه‌گه‌ر کێرڤى خوێنه‌رو بازاڕیان خراپ بێت ده‌توانن به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌و باشتر پێگه‌که‌یان واقیعیانه‌تر دابڕێژنه‌وه‌؟ من تائێستا نه‌مبینیووه‌ له‌هه‌موو مێژووى رۆژنامه‌گه‌ریى حزبى‌ی کوردیدا رۆژنامه‌یه‌ک باس له‌شکستى خۆى بکات!؟ له‌هه‌مووی گرنگتریش رۆژنامه‌ى حزبى وه‌ک هۆکارێکى بازرگانى مامه‌ڵه‌ له‌گه‌‌ڵ هه‌وا‌ڵ‌و بابه‌ته‌کانى‌تری رۆژنامه‌گه‌ریی ناکات؟! جا مادام کێشه‌یه‌ك نییه‌ به‌ناوى قازانج‌و وه‌ده‌ستهێنانى دارایی،ئه‌ی که‌واته‌ پێویسته‌ به چ ‌جۆرێک کاربکرێت‌و چۆن‌و به‌چ شێوه‌یه‌ک کار له‌خوێنه‌ران بکرێت‌و ئامانجه‌کان بگه‌یه‌نرێت! به‌تایبه‌تى له‌ زه‌مه‌نێكدا که‌چه‌ندان بڵاوکراوه‌و رۆژنامه‌و گۆڤارىتر سه‌نگه‌ریان گرتووه‌و هه‌وڵده‌ده‌ن جه‌ماوه‌رت لێدابته‌کێنن‌و له‌زۆر رووه‌وه‌ رووتتبکه‌نه‌وه‌، لێره‌وه‌ پرسیارى هه‌ره‌ سه‌ره‌کیمان ئه‌وه‌یه‌ ئایا رۆژنامه‌ حزبییه‌کان هه‌ر ته‌نیا مه‌به‌ستیان ده‌رچوون‌و نه‌وه‌ستانه‌؟ یاخود گه‌ڕانه‌ به‌دواى ‌سبق؟ یان خۆدزینه‌وه‌یه‌ له‌هه‌واڵى گه‌رم؟ ئه‌وه‌ى باشتر رۆژنامه‌ به‌پێوه‌ ده‌وه‌ستێنێت‌و بازاڕى گه‌رمتر ده‌کات‌و خوێنه‌رى بۆ زیاتر ده‌کات له‌ده‌ستنه‌دانى هه‌واڵى سه‌عات‌و رۆژه‌! چونکه‌ ئه‌گه‌ر مرۆڤ فریاى خۆى نه‌که‌وێت ده‌بێته‌ به‌شێک له‌ته‌کنۆلۆژیاى رۆژو وه‌ک رۆبۆتێک سه‌یری كۆمپیته‌ر ده‌كات‌و رووداوه‌کانى سه‌عات‌و چرکه‌کانى ژیان که‌ له‌ڕووپه‌ڕى سایته‌کان چرکه‌ به‌چرکه‌ داده‌به‌زن، به‌رۆکى خوێندنه‌وه‌ى به‌رناده‌ن، نه‌خوازه‌ڵڵا ئه‌مڕۆ ئێمه‌ له‌ناوچه‌یه‌کى زۆر گه‌رمى دنیا ده‌ژین، گه‌رم‌و چاوه‌ڕوان به‌گۆڕان‌و گۆڕانکارى که‌له‌نێو ئه‌و پانتاییه‌دا پێش هه‌موو هۆکاره‌کان راگه‌یاندن ده‌توانێت رۆڵ ببینێت، بۆ نموونه ره‌نگه‌ بڵاوکردنه‌وه‌و له‌ده‌ستنه‌دانى هه‌واڵێکى چه‌ند دێڕى گه‌وره‌ترین بوومه‌له‌رزه‌ى راگه‌یاندن له‌هه‌موو دنیا دروست بکات‌و خوێنه‌رێکى زۆریش بۆ رۆژنامه‌که‌ى کۆبکاته‌وه‌، جا وه‌ک لینین ده‌ڵێت: (چى بکه‌ین؟)، پێش هه‌موو شتێک پێویسته‌ ئه‌و جۆره‌ رۆژنامانه‌ به رۆژنامه‌‌ حزبییه‌کانیشه‌وه به‌ خۆیاندا بچنه‌وه‌، ئایا به‌رامبه‌ر به‌کام رووداو‌و واقیع کێرڤى بازاڕو جه‌ماوه‌ریان باش ده‌بێت، دیاره‌ ئه‌مه‌ش به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌و پرسیارانه‌ ده‌بێت که‌له‌په‌ره‌گرافى دووه‌مى ئه‌م نووسینه‌دا خستوومه‌ته ‌ڕوو نه‌خوازه‌ڵڵا گه‌ڕان به‌دواى ئه‌و خاڵانه‌ى که‌شکستیان به‌ڕۆژنامه‌که‌ هێناوه‌، ئه‌گه‌ر نه‌توانرا له‌و شکسته‌ بکۆڵدرێته‌وه‌، ئه‌وه‌ خوێنه‌رانى رۆژنامه‌که‌ هه‌قى خۆیانه بۆ رۆژنامه‌یه‌کی‌تر وه‌ک ئه‌ڵته‌رناتیڤ بگه‌ڕێن؟ به‌تایبه‌تیش له‌و حاڵه‌تانه‌ى که‌ڕۆژنامه‌‌یه‌ك هه‌یه له‌موعاناته‌کانى نا‌دوێت‌و له‌ته‌لى هه‌ستى نا‌دات‌و سه‌رنجى رانا‌کێشێت! له‌و رووه‌وه‌ تاخوێندنه‌وه‌ى ده‌روونى خوێنه‌رانیش کارێکه پێویسته‌ رۆژنامه‌نووسان به‌حزبى‌و ناحزبییه‌وه‌ وه‌ک پلانێکى ئیشکردن له‌به‌رچاویان بێت!.

ئه‌مڕۆ له‌به‌رده‌م راگه‌یاندنى کوردیدا دیوارێک هه‌یه‌ بۆته‌ ناوچه‌یه‌کى موحه‌ڕڕه‌م‌و په‌ڕینه‌وه‌ بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ خه‌ته‌رناکه‌؟ له‌ولاوه‌ش تۆپێک له‌و مه‌یدانه‌دا دانراوه‌، چاوه‌ڕوان ده‌کات کێ یارى پێبکات‌و گۆڵى سه‌رکه‌وتن بۆ خۆی تۆماربکات‌و مه‌دالیاکه‌ بباته‌وه‌! دیاره‌ رۆژنامه‌یه‌ک هه‌یه گۆڵى خۆى ده‌کات، گرنگه بزانرێت کێ گۆڵه‌که‌ ده‌کات؟ من بۆچوونم وایه‌ تاکه‌ گره‌وێک که‌ چاوه‌ڕوان بکرێت له‌ڕۆژنامه‌ حزبییه‌کان له‌و گه‌مه‌یه‌ ببه‌نه‌وه‌ بوونى (رۆژانه‌)یی رۆژنامه‌کانى دوو حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌که‌یه‌، ئه‌گه‌رنا هیچ هۆكارێكی ئه‌وه‌نده‌ به‌هێزیان نییه‌ که‌ له‌و یارییه‌ى ئه‌مڕۆ گۆڵى سه‌رکه‌وتنى خۆیان تۆماربکه‌ن، چونکه‌ ئه‌گه‌ر یه‌کێک له‌و هه‌فته‌نامانه‌ى ئه‌مڕۆ بۆ نموونه‌ که‌ له‌سلێمانى ده‌رده‌چن بوونه‌ رۆژانه‌، رۆژنامه‌ حزبییه‌کان چ ده‌که‌ن؟ پێویسته‌ ئه‌وسا له‌ڕه‌گوڕیشه‌وه‌ سیاسه‌ت‌و پرانسیپى خۆیان بگۆڕن‌و به‌هه‌ناسه‌یه‌کى‌ترو به‌پلان‌و به‌رنامه‌یه‌کى‌تر ئیشبکه‌ن!

له‌کۆتایی ئه‌م کورته‌ نووسینه‌دا کۆى بۆچوونه‌کانم له‌چه‌ند دێڕێکدا چڕده‌که‌مه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، پێویسته راگه‌یاندنى کوردى باشترو کاراترو وریایانه‌تر له‌خه‌ڵک بدوێت،نه‌خوازه‌ڵڵا له‌ڕۆژگارى ئه‌مڕۆدا، هه‌ڵوه‌سته‌کردنیشم سه‌باره‌ت به‌ڕۆژنامه‌ حزبییه‌کان ته‌نیا له‌وه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ى گرتووه‌،وه‌كو له پێشه‌وه وتم که(‌ڕۆژانه)‌ ده‌رده‌چن‌و به‌شێكن له سه‌نته‌ری بڕیارو راسته‌وخۆتر وابه‌سته‌ن به‌وه‌زعى کوردستانه‌وه‌، خوێنه‌ری خۆشه‌ویست ئاساییه‌ ناونیشانى نووسینه‌که‌م به‌م شێوه‌یه‌ بگۆڕیت (رۆژنامه‌ى گه‌رمی حزبى‌و ناحزبى‌ له كوردستاندا) که‌به‌ئومێدم چه‌ندان رۆژنامه‌ى رۆژانه‌ی ناحزبى له‌کوردستان ده‌ربچن‌و بڵاوبکرێنه‌وه‌، ئه‌و چه‌ند سه‌ره‌قه‌ڵه‌مه‌ى پێشه‌وه‌ش له‌پێناوى باشترکردنى میدیای کوردییه‌ تا هه‌وڵبدات چالاکانه‌تر خزمه‌ت به‌هاووڵاتیانى بکات‌‌و،تا چیتر په‌یوه‌ندی نێوان خه‌ڵك‌و رۆژنامه لاسه‌نگتر نه‌بێت.

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca