په‌ژمورده‌یی گوناهی چییه ،
كه ئازوقه بۆ مه‌رگ ئه‌گوێزێته‌وه ...

ڕێباز مه‌حمود -هۆڵه‌ندا

 

په‌ژمورده‌یی قافڵه‌یه‌كه‌ و
كه‌سمانی بیر ناچێت سه‌ر ڕێی نه‌خات له‌گه‌ڵ خۆی
بێجگه له وێستگه ‌‌ئه‌سڵیه‌كانی خۆی كه هه‌میشه پڕن له خه‌ڵكی ‌حه‌سره‌ت
له هه‌موو گۆشه ‌و كه‌لێنه تاریكه‌كانی شه‌ویشدا
هه‌ر نه‌فه‌ری ناموراده‌ و پێوه‌ی په‌یوه‌ست ئه‌بێ ..
‌‌هه‌ر بێوه‌ژنی شادییه‌ و پیره‌ژنی دڵسوتاوه ‌و
 پیره‌مێردی باخ وه‌ریوه ‌و
لێگا لێگا سوار ئه‌بن ..
تا بڵێی سنگ فراوانه په‌ژمورده‌یی ،
جێی هه‌موو چرپه‌یه‌ك ئه‌كاته‌وه ئه‌گه‌ر به‌ر له گه‌یشتنی بۆ ماڵی دڵ
چه‌ته‌كانی دنیا له ڕێگادا ڕوتیان كردبێته‌وه ..
هێنده به‌ ڕه‌حمه ،
قه‌ت دڵی هه‌ناسه‌یه‌كی پێ ناشكێ
لاوێك خۆشه‌ویستی پیادا ڕه‌‌‌‌‌وانه كردبێ و
به‌ر له‌وه‌ی خۆی به ناو دارستانی تاسه‌ی دولبه‌ردا كردبێ
له سه‌ر سوچی كۆڵانی كاره‌ساتدا
به‌ر گوله‌ی وێڵی ‌عاده‌ت كه‌وتبێ ..
په‌ژمورده‌یی ، پیاوێكی دنیا دیده‌یه
زۆر جار به‌سه‌رو قژی ئاڵۆزكاویه‌وه
له ناو به‌ینی درزی ئاوێنه شكاوه‌كانه‌وه ئه‌گات و
له به‌رده‌م هه‌یبه‌تی باخدا ئیستێك ئه‌كات
تا دارچواله‌یه‌ك به كامی دڵی خۆی
هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه به فه‌توای به‌هار
حه‌سره‌تی پووچی زۆرێك له ده‌نكه‌كانی
به تارایه‌كی سپی داپۆشێ ..
په‌ژمورده‌یی ، دوژمنی كه‌سمان نییه
ئه‌و ته‌نها ئامانه‌ت له زینده‌گیه‌وه به ده‌ستی مردن ئه‌گه‌یه‌نێ .
‌ئه‌گه‌ر ژیان بڵێ من جارێ ئه‌م وڵاته جێ ناهێڵم ،
ئه‌و توخنی ئه‌و ناوه ناكه‌وێ ..
ئه‌گه‌ر عه‌شق بڵێ من جارێ له‌م ڕۆحه‌دا ئه‌مێنمه‌وه
ئه‌و ئه‌ڕوات و ئه‌ڵی دواتر دێمه‌وه .
ئه‌گه‌ر ئافات ناچاری نه‌كات ئه‌و په‌له‌ی نیه
به دیار گوڵێكه‌وه ڕائه‌وه‌ستێ به ئاره‌زووی خۆی
جوانیی ته‌خشان و په‌خشان بكات ..
ده‌ست ناخاته بچوكترین كارو باری په‌پوله‌یه‌كه‌وه
كه دڵی به ڕۆژه‌ كورت و كه‌مه‌كانی ،
حوكمڕانی مه‌مله‌كه‌تی سه‌ما خۆشه ..
ته‌نانه‌ت واز له مێشوله‌یه‌كیش ئه‌هێنێ ‌‌ ‌‌به ئاره‌زوی خۆی
بێده‌نگی هاوینێكی خه‌واڵوو ڕابچڵه‌كێنێ ‌و
داڵغه‌ی ئێمه‌ش له دوورترین ئاسمانه‌وه ،
بهێنێته‌وه بۆ سه‌ر زه‌وی ..
په‌ژمورده‌یی ، وه‌ها نه‌بوو
وه‌ك ئه‌وه‌ی له به‌هاره‌‌وه تانه‌مان لێ ئه‌دا ..
وه‌ك ئه‌وه‌ی له لاپه‌ڕ‌‌ه‌كانی فیراقدا ،
گله‌یی له باره‌یه‌وه ئه‌نوسینه‌وه ..
وه‌ك ئه‌وه‌ی له گه‌نجێتیه‌وه كه نوور دڵمان به‌جێ ئه‌هێڵێ و
ڕه‌نگ و ڕوومان ڕه‌ش دائه‌گه‌ڕێ .. سه‌رزه‌نشتی ئه‌كه‌ین ،
له‌وه‌ی باوه‌شمان بۆ ئه‌كاته‌وه !
وه‌ك ئه‌وه‌ی پێمان وابوو ده‌ركه‌وتنی له ناوه‌ختایه ...
وه‌ك ئه‌وه‌ی له پیریدا چاومان به‌رپێی حه‌قیقه‌ت نابینێ و
ڕقمان لێی ئه‌بێته‌وه
ئه‌و ساته‌ی پێمان له به‌ردی مه‌رگ هه‌ڵئه‌نوتێ
‌‌به‌وپه‌ڕی زه‌لیلیه‌وه ڕووی لێ وه‌ر ئه‌گێڕین ..
بوختانه ئه‌گه‌ر وا تێ بگه‌ین
ئه‌و كاته‌ی په‌ژمورده‌یی دێت
به له‌شكرێك جه‌ندرمه‌ی غه‌دره‌وه خۆی ئه‌دات
به سه‌ر باخه سه‌وزه‌كانی بێ ئاگاییماندا ..
له كاتێكدا ئه‌و ده‌مێكه به ‌‌‌ئاو ئه‌ڵێ
‌‌تا چه‌ندێك هێزی ورده هه‌نگاوت هه‌یه
تۆ له‌ هاموشۆی خزمه‌كانی خۆتا به ..
به‌ڵێن بێت منداڵی دڵۆپێكت لێ ناشارمه‌وه !
زۆر ده‌مێكه به میهره‌بانی ئه‌ڵێ
چی ئه‌بوو هێنده ڕاڕا نه‌بویتایه ،
تاوێك له دڵدا چرا داگیرسێنی و
تاوێك بێ ماڵئاوایی بڕۆیته ده‌ر ؟
له كۆتایی هه‌ر له‌حزه‌یه‌كدا كه ئه‌كه‌وینه به‌ر پێی فه‌رامۆشی
په‌ژمورده‌یی ته‌نیا ده‌ستێكه كه هه‌ڵمانئه‌گرێته‌وه ..
له ئێوارانی بێده‌ره‌تانیدا كه كزه‌بای بێ متمانه‌یی هه‌ڵئه‌كات
ته‌نیا ماڵێك ده‌رگای له‌سه‌ر پشت بێت ، په‌ژمورده‌ییه  !
كاتێك عه‌‌شق ناتوانێت به ئاشكرا بێته كۆڵان و
له‌وێوه له‌گه‌ڵ ئاشناییدا بچن بۆ بازاڕ و
به دوو قۆڵی پیاسه‌یه‌كی  ناو باخی گشتی بكه‌ن ..
ئیدی په‌ژمورده‌یی یان ئه‌بێ لۆژه‌ لۆژ جاده‌مان پێ بپێوێ
یان له به‌رده‌ركی سه‌رادا بمانكاته چه‌ند ڕیزێك داهۆڵ !
كاتێك ئیبلیسه خه‌وتووه‌كانمان خه‌به‌ر ئه‌كه‌ینه‌وه‌ و
میله‌تێك هاوسۆزی پێ ڕاده‌ستی سه‌رگه‌ردانی ئه‌كه‌ینه‌وه ..
ئیدی ئاساییه ،
له بێ كاره‌باییدا ، په‌ژمورده‌یی بێت و خۆی داگیرسێنێ ..
له بێ ئاویدا ، په‌ژمورده‌یی بێت و بیخۆینه‌وه ..
له بێ نه‌وتیدا ، به‌ چله‌ی زستان 
په‌ژمورده‌یی عه‌زێت به‌رخۆی بدات بێت و
ده‌م و چاومان دابپۆشێ ..
له چاوی دڵنیاییه‌وه ،
په‌ژمورده‌یی میراتگری ژیانه
ئه‌وه نیه گه‌ڵاكانمان كه خاڵی ئه‌بنه‌وه له هێزی نه‌شئه
پێش مردن ئه‌و ئه‌یانبات بیانلاوێنێته‌وه ..
خۆشه‌ویستی كه به‌ ڕێگا ئاسنینه‌كانی عه‌قڵ و
به‌سه‌ر شۆسته ڕه‌ق و سارده‌كانی موجامه‌له كردنا بڕ ناكات و
به بێمروه‌تیمان ناگاته‌وه
ئه‌و ئاماده‌یه و
ده‌ست به باڵیه‌وه ئه‌گرێ !
چه‌ند بێ ئینسافین ،
دڵڕه‌قی دێت و هه‌موو ڕازه‌كانمان له یه‌كتری دائه‌بڕێ و
كارێك ئه‌كات كۆڵانه‌كانی منداڵی به هه‌نگاوه‌كانی گه‌وره بوون نامۆ بن و
بزه‌یه‌كی دابڕاو كۆستی ته‌مه‌نێكی ڕه‌شتاڵه‌ی له یاد نه‌مێنێ و
شیعرێك به سواری مۆسیقاوه ،
ئاوڕ له گرمه و ناڵه‌ ی شه‌ڕ نه‌داته‌وه‌ و
كه‌چی لۆمه‌ی په‌ژمورد‌یی ئه‌كه‌ین !
سه‌ركۆنه‌ی په‌ژمورده‌یی ئه‌كه‌ین دڕ به حه‌شاماتی قه‌هر ئه‌دات و
خۆی ئه‌گه‌یه‌نێته‌ ماڵه تاریك داهاتوه‌كانی ڕۆح ..
سه‌فه‌ر دێت و به‌ ده‌نگی به‌رز هاوار ئه‌كات
كۆترێكتان بۆی نیه هێلانه له دڵخۆشی نیشتنه‌وه‌یه‌كدا چێ بكات و
هه‌موو ئێوه‌ی دڕك و گوڵ زاده‌ی ئه‌فسوونی منن ، من !
وه‌لێ ئێمه هۆن هۆن فرمێسك بۆ ئه‌و چیرۆكانه ئه‌ڕێژین
ژیان ئه‌ركی له چاپدانی گرتنه ئه‌ستۆ و
دنیا قاچاخی كردن ..
دڵمان بۆ ئه‌و ساتانه ته‌نگ ئه‌بن ،
كه فرسه‌ته هه‌ره ته‌نگه‌به‌ره‌كان
ڕه‌نگه دڵفراوانترین ڕۆژیان له مشتا بوایه !
خه‌م بۆ ئه‌و هه‌ناره پێگه‌یوانه ئه‌خۆین
له زه‌وی و زاری مه‌حاڵدا و له و به‌ر چاوی زه‌قی ئێمه‌وه
په‌ژمورده‌یی قه‌پاڵی لێدان ..
پێمان وایه ژیان دره‌نگ دره‌نگ وه‌ڵامی دڵمان ئه‌داته‌وه و
زوو زوو سفره‌ی خۆشنوودی له به‌ر ده‌ممان كۆ ئه‌كاته‌وه !
وه‌لێ له نوێژی زاهیدێكه‌وه هه‌تا كورسی فیرعه‌ونێك
مێژوویه‌ك به ئه‌وپه‌ڕی له‌ش داهێزرانه‌وه ڕێ ئه‌كات ..
له به‌رده‌م خه‌یاڵی پیاوێكی ماندوو
له گۆشه‌ی عاره‌ق ڕشتن و
كه‌لاوه‌ی چاره‌نوسێكه‌وه
هه‌تا ،
حه‌قیقه‌تی سه‌ركرده‌یه‌ك له ئینته‌لا ..
نیشتمان ده‌ست له هه‌زار ناكه‌س به‌چه
پان ئه‌كاته‌وه ،
بۆ ده‌نكێك حه‌پی زیاده‌ی ڤالیۆم !
له جیاتی ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت جارێك
غیره‌ت بده‌ینه به‌ر خۆمان و
به په‌ژمورده‌یی بڵێین :
(( براده‌ر وجودی تۆ ،
له سه‌ر ئه‌م ڕێگا درێژه‌ی سه‌فه‌ر ته‌نیا مه‌غزایه‌كه
ڕۆژ دوای ڕۆژ به غروری ئه‌و هه‌موو شاره بێ خوڵقانه‌ی
سه‌ر ڕێمان بوێرێ .. ))
که‌چی به ‌‌‌ناهه‌ق لای په‌پوله غه‌یبه‌تی ڕه‌زیلی ته‌مه‌ن ئه‌كه‌ین و
ئه‌ڵێین دنیا پێنج و دوو ڕۆژێكه ...
قه‌ت له خۆمان نه‌پرسی
باشه كه ژیان هێنده‌ی سه‌روه‌ت زۆره
ئیتر ڕه‌زیلی بۆ چییه .. 
‌‌قه‌یچێكه ئه‌گه‌ر به دزی و به ئاشکرا
په‌ژمورده‌یی ئیشی ئه‌وه بێت
ئازوقه‌ی پێویست بۆ مه‌رگ بگوێزێته‌وه !؟