پێکهێنانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان دیموکراسی مردار ده‌کاته‌وه‌

 رێکار ئه‌حمه‌د

 

گه‌لی باشووری کوردستان ئومێده‌واربوو که‌ ده‌سته‌ڵاتداران سۆز و به‌ڵێنی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن و به‌ره‌و دیموکراتیزه‌کردن هه‌نگاو هه‌ڵبگرنه‌وه‌!

جه‌ماوه‌ر پێیوابوو که‌ 15 ساڵ فه‌رمانڕه‌وایه‌تی ئه‌زموونێکی مه‌زن بووه‌و وانه‌یه‌کی به‌سوودی پێشکه‌ش به‌ حزبه‌کان کردووه‌و ئیدی حزب و حکومه‌ت لێک جیاده‌کرێنه‌وه‌!

خه‌ڵک ئاواته‌خوازبوون که‌ ئیتر سه‌رکرده‌ی حزبه‌کان ده‌ست له‌کاروباری حکومه‌ت وه‌رنه‌ده‌ن و بڕیارو راسپارده‌کانی خۆیان به‌سه‌ر په‌رله‌مان نه‌سه‌پێنن، به‌ڵام له‌ هه‌نگاوێکی چاوه‌ڕوان نه‌کراودا رۆژی 19-2-2007 له‌ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌ی هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستاندا، بڕیاری پێكهێنانی دوو ئه‌نجومه‌نی سه‌رۆكایه‌تی درا. ئه‌نجومه‌نی یه‌كه‌میان، ناوی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێ و هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم تێیدا ئه‌ندام ده‌بن، (ئه‌نجومه‌نی دووه‌م)یشیان ‌ناوی ئه‌نجومه‌نی باڵای هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان ده‌بێ، به‌چاودێری سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان سه‌ركرده‌ یا سكرتێر یا سه‌رۆك و كه‌سی یه‌كه‌می لایه‌نه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان تێیدا به‌شدار ده‌بن .

له‌ پێوه‌ندی ئه‌م باسه‌دا راشکاوانه‌ ده‌ڵێـم: پێکهێنانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان وه‌ک ئه‌نجوومه‌نێکی سه‌رۆکایه‌تی به‌هه‌ر مه‌به‌ستێکه‌وه پێشنیار کرابێ و‌ بڕیاری له‌سه‌ر درابێ، پاشگه‌زبوونه‌وه‌یه‌ له‌و هه‌نگاوانه‌ی که‌ به‌ناوی دیموکراسیه‌وه‌ بانگه‌شه‌یان بۆده‌کرا، له‌ کرده‌وه‌شدا پوکاندنه‌وه‌ی ئه‌و چرۆیانه‌یه‌ که‌ له‌ سیسته‌می به‌ناو دیموکراسی باشووری کوردستان چاوه‌ڕوان ده‌کرا.

هێشتا به‌رئه‌ندامانی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ ئاشكرا نه‌کراون، به‌ڵام گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ ئه‌و لایه‌ن و هێزانه‌ بانگ ده‌کرێن که‌ له‌خولگه‌ی ده‌سته‌ڵات ده‌سووڕێنه‌وه‌و سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وان باوه‌شێنه‌ ده‌که‌ن، چونکه‌ ده‌سته‌ڵاتی کوردستان هێشتا چه‌مکی دیموکراسیی هه‌رس نه‌کردووه‌ و ناتوانێ گوێ له‌ رامانی جیاواز بگرێ، هێشتا له‌ باوه‌ڕی قوڵی خۆیدا‌ دیارده‌ی فره‌حزبی په‌سند نه‌کردووه‌، هێشتا له‌ ئاوه‌زی سه‌رکرده‌ی بێهاوتاو حزبی فه‌رمانڕه‌وا و پێشڕه‌ودا ده‌تلێته‌وه‌‌!!، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ به‌درێژایی ته‌مه‌نی خۆیان سووکه‌ ره‌خنه‌یه‌کیان له‌ ده‌سته‌ڵات نه‌گربێ و بێپه‌روا بۆ مسۆگه‌رکردنی پشکی خۆیان له‌ ده‌سته‌ڵات هه‌وڵیان دابێ، بانگ ده‌کرێن و ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌یان پێ پڕ ده‌کرێته‌وه‌.

له‌ سیسته‌می دیموکراسی راستیندا کاتێ له‌ هه‌ڵبژاردنێکی پاک و بێگه‌ردا "گه‌ل" نوێنه‌رانی خۆی هه‌ڵده‌بژێری و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانیان ده‌کات، ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ش به‌ پارله‌مان ده‌دات که یاسا دابنێ و بڕیار بدات و چاودێری به‌سه‌ر کاره‌کانی حکومه‌ته‌وه‌ بکات، به‌ڵام کاتێ له‌ ده‌ره‌وه‌ی پارله‌مان و به‌ بڕیاری  سه‌رکردایه‌تی حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ مه‌کۆ یان ئه‌نجوومه‌نێکی بڕیارده‌ر دروست ده‌بێ هیچ واتا و سه‌روه‌ریه‌ک بۆ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگی گه‌ل و پارله‌مان و نوێنه‌ران نامێنێته‌وه‌، شێوه‌ی کۆدێتای سه‌ربازی ده‌نوێنێ و له‌ ناخی خۆشیدا ده‌سته‌ڵاتی پاوانخوازی حزبه‌کان ره‌نگ ده‌داته‌وه‌.

ئێستا که‌ سه‌رکردایه‌تی حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کان به‌سه‌ر یاسا باز ده‌ده‌ن و بڕگه‌و بنه‌ماکان له‌ژێر پێ ده‌نێن و بڕیاری پێکهێنانی دوو ئه‌نجوومه‌نی سه‌رۆکایه‌تی ده‌ده‌ن، ده‌بێ پرسه‌ بۆ ئه‌و بۆره‌ ئازادیه‌ش دابنێین که‌ له‌ مێژه‌ خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینین.

له‌وانه‌یه‌ ده‌سته‌ڵاتداران پاساو بۆ پێکهێنانی ئه‌نجوومه‌نی باڵای هێزه‌ سیاسیه‌کانی کوردستان بهێننه‌وه‌و بانگه‌شه‌ی ئه‌وه‌ بکه‌ن که‌ له‌سه‌ر داواو پێشنیاری ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ هاتووه‌ که‌ ماوه‌یه‌ک له‌مه‌وبه‌ر نیگه‌رانی خۆیان پێشاندابوو، وایان بڵاوکردبۆوه‌ که‌ حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌کان ئه‌وانیان ‌ فه‌رامۆش کردووه‌و پێبه‌ندی ئه‌و به‌ڵێنانه‌یان نابن که‌ پێش هه‌ڵبژاردن پێیان دابوون؟! له‌وانه‌یه‌ ده‌سته‌ڵاتداران پێکهێنانی ئه‌م ئه‌نجوومه‌نه‌ به‌ زێده‌مافی دیموکراسی به‌سه‌رماندا بفرۆشنه‌وه‌و وا بڵاو بکه‌نه‌وه‌ ئه‌وان سینگیان فراوانه‌ و بۆ رای حزبه‌ هاوپه‌یمانه‌کانیان!! ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌و هه‌ناسه‌ ساردیان ناکه‌ن!!

هه‌ڵبه‌ت ئه‌و پێنج لایه‌نه‌ی که‌ ماوه‌یه‌ک له‌وبه‌ر پێشنیارێکیان به‌ سه‌رکردایه‌تی هه‌ردوو حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ دابوو، ئه‌ندامیان له‌ پارله‌مانی کوردستان هه‌یه‌، له‌ حکومه‌تی هه‌رێمیشدا پێکیان کراوه‌و پۆستیان پێدراوه‌، که‌واته‌ هیچ پێویست به‌وه‌ ناکات که‌ گله‌یی بکه‌ن و داوای زێده‌مافی دیکه‌ش بکه‌ن.

هه‌رچۆنی بێ ئه‌وه‌ جارێکی دیکه‌ش به‌ره‌ی کوردستانی له‌ به‌رگێکی دیکه‌دا نۆژه‌ن ده‌کرێته‌وه‌و ده‌سته‌ڵاتی بۆ ده‌گێڕدرێته‌وه‌. ئێستاش زۆرێک له‌ لایه‌نه‌کانه‌ په‌ڕپووته‌کان خه‌ون به‌و به‌ره‌یه‌ ده‌بینن که‌ له‌ سه‌رووبه‌ندی راوه‌ستانی شه‌ڕی عێراق_ ئێران پێکهێنرابوو، ڤیتۆی تێدا به‌کار ده‌هێنراو بڕیاره‌کانی به‌ تێکڕای ده‌نگ په‌سند ده‌کران و پشکی هه‌موو لایه‌نه‌کانیش مسۆگه‌رکرابوو.

وێڕای هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی که‌ باسکران، ده‌بوایه‌ پارله‌مانی کوردستان  پێداگری له‌سه‌ر یاسا و سه‌ر‌به‌خۆیی بڕیاری خۆی بکردبایه‌و به‌رگێکی یاسایی به‌ ویستی سه‌رکردایه‌تی حزبه‌کان بکات، چۆن کاتی خۆی له‌سه‌ر بڕیارو رێککه‌وتنی نێوان دوو حزبه‌ ده‌سته‌ڵاتداره‌که‌ پارله‌مانی کوردستان رۆژی 24-1-2006 له‌ دانیشتنێکی نائاساییدا مادده‌ی (یه‌كه‌م) له‌ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ژماره‌ (1) بۆ ساڵی 2005 هه‌موار کردو حزبه‌کانی رازی کرد، ئه‌مجاره‌شیان ده‌یتوانی له‌ژێر رۆشنایی بڕیاری سه‌رکردایه‌تی، ئاوارته‌ کۆبێته‌وه‌و بڕیار له‌ پێکهێنانی هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نه‌که‌ بدات.  

به‌پێی ئه‌و ئه‌زموونه‌ مێژووییه‌ی که‌ تۆماریان کردووه‌، باوه‌ر ناکرێ که‌ ده‌سته‌ڵاتداران گوێ له‌ ده‌نگی پێچه‌وانه‌ بگرن و پێوانه‌ بۆ رامانی دیتران بکه‌ن، له‌وانه‌یه‌ ویستی خۆیان سه‌ر پشک بکه‌ن و پاشگه‌زنه‌بنه‌وه‌‌، به‌ڵام ده‌بێ بزانن که‌یاسای ئه‌م وڵاته‌یان له‌ژێر پێناوه‌و به‌سه‌ر خوێن و قوربانیه‌کانی شه‌هیداندا ده‌ڕۆن  و له‌خه‌می فراوانکردنی به‌رژه‌وه‌ندی که‌سه‌کاندا هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرنه‌وه‌.

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca