هۆنراوه‌یه‌کی ته‌واو نه‌کراو    

 شنه    

 shine_behar@yahoo.com

 

 له کوێوه ده‌ست پێبکه‌م؟

 خۆ لاپه‌ڕه‌کانی کتێبێک نییه

خۆ پلیکانه‌که ی خوارماڵمان نییه

خۆ پرته‌قاڵه‌کانی ناو باخه‌که ت نییه‌؟

له کوێوە ده‌ست پێ بکه‌م؟

* * *

نێوان دوێنێ شه‌و و ئه‌مشه‌و به درێژایی هێڵی ئاسنه‌که‌ درێژه،

به ئه‌ندازه‌ی زه‌وی و ئاسمان دووره،

به ئه‌ندازه‌ی ده‌ریا قووڵه،

* * *

من گه‌ره‌کمه‌ گرێی نێوان دوێنێ و ئه‌مشه‌و لێکبکه‌مه‌وه‌

وه‌ک ملوانکه‌یه‌کی بچڕاو دانه دانه ساته‌کان په‌رشو بڵاو ببنه‌وه

 وه‌ ک پڕشه‌ئاوی ئاوپرژێن،

 قه‌تره‌ قه‌تره‌

 نم نم

 له به‌ر تیشکی خۆر بدره‌وشێنه‌وه‌

 دیار بن!

 بتوانم بیانژمێرم

جییایان بکه‌مه‌وه‌...

 

که‌چی هه‌ر وه‌ک لاولاو

و

وەک په‌لکه‌ چه‌رمووه‌کانی دایه‌گه‌وره‌م

 

 لێکئاڵاون!

 

* * *

چ دەبوو هه‌میشه‌ وه‌ک دوێنێ شه‌و بووایه‌و

زانیبام هه‌ر وا ده‌بێ؟

ئه‌و کات هه‌رجاره‌و ئه شکه‌وتێکم ده‌کرده هه‌وار و

ڕێگای نێو ئه‌فسانه‌کانم ده‌گرته‌ به‌ر

 ئیتر تا سه‌ر نه‌فره‌تم ده‌کردن له نێشته‌جێ بوون،

 له سه‌قامگیری و

 له ماڵ!

دەبوومه کۆچه‌رو ڕێگای هات و نه‌هاتم ده‌گرت

 ده‌بوومه ته‌وارێک، ده‌فڕیم به‌ره‌و ئه‌ستێره‌کان،

 به‌ره‌و مانگ،

 به‌ره‌و خۆر و تاڵ تاڵ پرچم پێ زه‌رد ده‌کرد

 ده‌چوومه کن گه‌واڵه‌ هه‌ورێک و

 که‌زیی لوولی دانه‌هاتووم پێ ته‌ڕ ده‌کرد...

با فریشته‌یه‌ک له‌و سه‌ره‌ به‌ په‌نجه‌ی ناسکی بۆم دابێنێ!

یان،

هه‌میشه وه‌ک ئه‌مشه‌و بووایه‌

ئیتر تا سه‌ر وه‌ک ئه‌مشه‌و بووایه‌!

 

بشێ،

 ئه‌وکات کاڵای سه‌فه‌رم تووڕ نه‌دایه‌؟

 

بشێ ؟

مه‌لی خه‌یاڵم له‌ په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ ئازاد نه‌کردایه،

تا ماڵاوایی لێم کردایه؟

 

بشێ؟

خه‌ونه‌ ته‌واو نه‌بووه‌کانم نه‌خستایه‌ته‌ پیارسکه‌وه‌و

له‌ تاقێکدا

دامنه‌نایه؟

 

بشێ؟

 دانه‌نیشتایه‌م

سه‌قامگیر نه‌بووایه‌م

پڕی خۆمم نه‌کردایه له‌ دڵنیایی و جێگیربوون؟

بشێ؟!

 

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca