چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا

ئاماده‌کردنی : ئاسۆ عه‌لی

 
 

 

ئاسۆ عه‌لی: له‌م قۆناغه‌ی ئێستای کوردستان ماف و ئه‌رکی گه‌نج چیه‌؟

 

ئه‌نوه‌ر: بۆ ئه‌وه‌ی له‌ به‌راییه‌وه‌ وشه‌ی قۆناغ نه‌بێته‌ کۆت و به‌ندێک..، ده‌بێ وریابین  یه‌کێک له‌ مافه سه‌ره‌تاییه‌کان‌ ئه‌وه‌یه  قۆناغبه‌ندییه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌سه‌ر حیسابی خواسته‌کانی گه‌نج نه‌بێت، بگره‌ بارگاوی و ئاوێزان بێت به‌  فره‌ ڕه‌نگی و فره‌پرسیاری و فره‌ گومانی ئه‌و ، که‌ له‌ جه‌وهه‌ر و خه‌سڵه‌ته‌ دیاره‌کانی گه‌نج خۆیه‌تی.                  

 له‌ به‌رامبه‌ر تاکڕه‌نگی و بێ پرسیاری و گوماننه‌کردنی دوگماکاندا که‌ چه‌قبه‌ستووه‌ له‌سه‌ر یه‌قینه‌کانی خۆی و ئاماده‌ نیه‌ ده‌ستکاری ئه‌و چوارچێوه‌ و پێناسانه‌ بکات که‌ بۆ دیارده‌کان هه‌یه‌تی و پێیوایه‌ خۆی مه‌رجه‌عی یه‌که‌م و ئاخیره‌ بۆ ڕاستی و دروستی پێشبینیه‌کان، بۆیه‌ هه‌میشه‌ قسه‌که‌ره‌ و بڕیار ده‌دات و فه‌رمان ده‌رده‌کا و گوێ ناگرێ، وه‌ هه‌ر شتێکیش له‌گه‌ڵ    بڕیاره‌کانیدا نه‌بێت و یه‌کنه‌یه‌ته‌وه‌، به‌ نازانستی و ناکامڵ و زیاده‌ڕۆیی  هه‌رزه‌کارانه‌ و فه‌نتازیای شاعیرانی دوور له‌ واقیع     ده‌زانێ! که‌ نازانێ واقیع خۆی زاده‌ی کارلێک و هاوکێشه‌ی مه‌یله‌ جودا و پێکبه‌ستراوه‌کانی هه‌ناوی کۆمه‌ڵگا خۆین که‌ مۆڵه‌ت  به‌ بوونی یه‌کتری ده‌ده‌ن به‌ شێوه‌یه‌کی سروشتی بێنه‌ ئاراوه‌ و هۆشیارانه‌ گوزارشت له‌ بنه‌ماکانی خۆیان و هاوکارییه‌کانیان و یه‌کیه‌کبوونیان له‌به‌رابه‌ر یاساکاندا بکه‌ن.‌              

ئه‌مه‌ش پێمانده‌ڵێت:  پێشنیار و ڕێگه‌ چاره‌کان و ناولێنانه‌کانیش له‌ ڕێگه‌ی پاراستنی ئۆتۆنۆمیه‌تی بیر و تێڕوانینه‌ جیاوازه‌کان ئه‌کتیڤ ده‌بێته‌وه‌ و ماناش په‌یدا ده‌کات. تا هه‌ر گروپه‌ و ورده‌کلتوره‌ به‌ ئیراده‌وه له‌  ‌    ‌  ‌ کایه‌کانی خۆیدا کاربکات وشوناسی خۆی پێدروست بکات ( نمایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئه‌تۆمه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان- ج.مۆرێنۆ) به‌ هه‌ند وه‌ربگیرێن، تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ گرفت و کێشه‌ و دژایه‌تیه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ن.

  گه‌نج په‌رتی و نائۆرگانیزه‌ بوونه‌که‌یه‌تی بڕستی لێبڕیوه‌، و به‌ سانایی سه‌ربه‌خۆییه‌که‌ی ده‌ستی تێوه‌رده‌درێت ، چونکه‌ تا ئێستاش هۆشمه‌ندانه‌ خۆنه‌ناسه‌ و شوناسه‌ پینه‌کراوه‌کانی له‌ پێکهاته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی قه‌رزکردووه‌ و ده‌کات‌ ، داخوازی و زمانی ئه‌و داوایانه‌ش به‌کاریهێناوه‌ و ده‌هێنێ بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کانی  هی خۆی نه‌بوون و نین، یاخود به‌ ده‌یان فیلته‌ری ئایدۆلۆژی و حیزبی و ئاسایشی کۆمه‌ڵایه‌تی و نه‌ته‌وه‌ییدا تێده‌په‌ڕێنرێ، وه‌ک ئه‌وه‌ی گه‌نج هه‌ر ده‌بێت ئاماده‌ باش بێت بۆ به‌جێگه‌یاندنی ئه‌رکه‌کان و هه‌ر کاتێکش بێته‌ سه‌ر مافه‌کان به‌ زیاده‌ڕه‌ و قۆناغ نه‌ناس ده‌مکوت بکرێت، و  پێی ڕابگه‌ێنرێ:( ئه‌ی گه‌نج؛ وه‌ختی ئه‌م داوایانه‌ نیه‌)!

 بۆیه‌ له‌ ئێستادا لایه‌نیکه‌م ئه‌رکی گه‌نج ئه‌وه‌یه‌ له‌ خۆی بپرسێ* من کێم،و فۆرم و ناوه‌ڕۆکم به‌نده‌ به‌ چیه‌وه‌؟

* له‌ نێو ئه‌و پێکهاته‌ ئاڵۆز و تێکقرنجاوانه‌ی کۆمه‌ڵدا له‌ کوێدام ، وکێیه‌ بڕیار ده‌دات، جێگه‌ و ڕێگه‌ی خۆم و پراکتیکه‌کانم چی بێت؟ * ده‌سه‌ڵاتم ده‌رئه‌نجامی قورسایی ئاماده‌ییه‌کانی خۆمه‌ یا ڕه‌هه‌ندێکی تر؟

  تا له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م پرسیارانه‌وه‌ مه‌یله‌کانی ناو خۆی کۆنکرێتر بناسێ و پۆڵێنیان بکات و له‌ بوون و هێز و ئیراده‌یان دڵنیا بێت، ئه‌گه‌ر نا، نازانێ  چۆن و به‌چی  خۆی جودا بکاته‌وه‌ له‌و حه‌ز و نیازانه‌ی به‌ دنیاکه‌ی ئه‌و نامۆن . هه‌ر ئه‌وه‌شه‌ ده‌بێته‌ باعیسی ئه‌وه‌ی ببێته‌ پاشکۆی هێزه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی، که‌ گوزارشتی ڕاسته‌قینه‌ له‌ پێگه‌ی ئه‌و ناکه‌ن ، به‌ڵکه‌ وه‌کو ئامڕازێک  و هێزێکی یه‌ده‌ک له‌ ته‌نگانه‌کاندا به‌کاری ده‌به‌ن.

 ئه‌گه‌ر گه‌نج ده‌ربه‌ستی ئه‌م ڕاستیه‌ ساده‌یه‌ نه‌یه‌ت، هه‌میشه‌ له‌ که‌سێکی بارمته‌ کراو ده‌چێت، که‌ ئیراده‌ی زه‌وتکراوه‌ و بۆشایی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانیتر پڕ ده‌کاته‌وه‌. جا بۆ ئه‌وه‌ی چیتر مافه‌کانی وه‌کو شه‌فه‌قه‌ و ده‌ستکه‌وتی شۆڕش پێ نه‌فرۆشرێ.. ناچاره‌ له‌ ساته‌ چاره‌نوسسازه‌کاندا له‌ هێزی خۆی به‌هره‌مه‌ند بێ، و هه‌ر به‌و هێزه‌ش داکۆکی له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆی بکات، که‌ دابڕاو و ناکۆک نیه‌ به‌ به‌رژه‌وه‌ندی و زه‌ینیه‌تی گشتی، که‌ خۆی به‌شێکی ئه‌سڵیه‌تی .

ئه‌زمونه‌کان پیشانیداوه‌ گه‌نجی ئێمه گرفتی ئه‌سڵی ئه‌وه‌یه‌، تا هه‌نوکه‌ش‌ ئیلهامی له‌ ژێرخانی هه‌ بوونایه‌تی خۆی وه‌رنه‌گرتوه‌ و به‌ چه‌ک و تفاقه‌کانی مه‌عریفه‌ی خۆیشی بۆ ویسته‌کانی نه‌جه‌نگاوه‌، ئه‌مه‌ش باجێکی کاڵفامانه‌ی وه‌های پێداوه‌، هێنده‌ی شه‌ڕی هه‌یبه‌تی باوکه‌کانی کردووه‌..، نیو ئه‌وه‌نده‌ به‌ ته‌نگ هه‌یبه‌تی خۆیه‌وه‌ و کرانه‌وه‌کانی نه‌بووه‌، و ته‌نها خۆی به‌ ڕه‌نگده‌ره‌وه‌ و سێبه‌ری باڵای باوکه‌کانی زانیوه‌ ! باوکه‌کانیش له‌بری ئه‌وان بیریان کردۆته‌وه‌ و به‌ناوی به‌رژه‌وه‌ندی گشتیه‌وه‌ له‌ مه‌نگه‌نه‌ی ئه‌مرونه‌هیه‌کانیان داون و ڕاڤه‌کار و یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ی مه‌ترسی و ئاڵۆزییه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و مۆڕاڵی و په‌روه‌رده‌ییه‌کان بوون   .

 بۆیه‌ تا ئێستا گه‌نج جورئه‌تی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه‌ بڵێت: من چیتر  ته‌نها غوڵام و خزمه‌تکارنیم، و ده‌بێ به‌ قه‌د  قوربانی و تواناییه‌کانم ڕێزم لێبگیرێ و گوێم لێبگیرێ ومافی هاوڵاتیانه‌ی خۆمه‌ له‌ هه‌موو کاروبارێکدا به‌ ڕێکه‌وتن بێمه‌ پێشێ له‌گه‌ڵ پێکهاته‌کانی تردا ، ئه‌مه‌ش ناکات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بێ شوناسیه‌که‌ی زاره‌تره‌کی ده‌کا و ده‌یترسێنێ که‌ به‌ زۆڵ و ده‌مدرێژکردوو ئاژاوه‌چی و یاخیبوو ناوی ببه‌ن.

 له‌کاتێکدا هیچ شتێک بێ ڕۆڵی ئه‌و نه‌ فۆرم وه‌رده‌گرێت، نه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت، نه‌ ده‌چێته‌ پێش، نه‌ ئه‌نجامێکیشی ده‌بێت. گه‌نج له‌و کرمی ئاوریشمه‌ ده‌چێت که‌ دروستکه‌ری ئاوریشمه‌که‌یه‌ و که‌چی خۆی لێیبێبه‌رییه‌.

 ده‌شێ گه‌نج کاڵفامی و بێئیراده‌یی خۆیبێت به‌قه‌د قوربانیه‌کانی ده‌ستکه‌وتی مادیی و مه‌عنه‌وی نه‌بوه‌ و نیه‌. ئه‌م گرفته‌ موزمین بوانه‌شه‌ کارێکی وه‌های کردووه‌ که‌ گه‌نجی ئێمه‌ ده‌ڕوانێ و ئاوڕ ده‌داته‌وه‌ هیچی وای بۆ نه‌کراوه‌، به‌مه‌ش  توڕه‌ ده‌بێ و خوته‌و و بۆڵه‌ی دێ به‌ڵام ڕه‌خنه‌ ناگرێ چونگه‌ گوتاری ڕۆشنی خۆی نیه‌ و به‌ چه‌ندین میتۆدی جیاواز خۆی نه‌پشکنیوه‌ و دیالۆگی له‌گه‌ڵ ئیقاعه‌کانی خۆیدا دانه‌مه‌زراندووه‌، و گه‌ر جوڵه‌یه‌کیشی پیشانبدابێت له‌ ئایدۆلۆژییه‌تێکی تایبه‌ته‌وه‌ بووه‌ که‌ پێی گۆش و گوێڕایه‌ڵ کراوه‌ یان شه‌رمنۆک و بێده‌نگی کردووه‌ . بۆیه‌ گه‌نج تا له‌ مانا قوڵه‌کانی گه‌نجێتی خۆی حاڵی نه‌بێت ،و دیده‌وانی به‌ها و نۆرم و ڕه‌مزه‌کانی خۆی نه‌بێ و نه‌ناسێ، ئه‌وه‌ هه‌ر به‌سه‌ر چه‌ندین ناوی تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵدا دا دابه‌ش ده‌کرێ و شه‌ڕیشیان له‌سه‌ر ده‌کات، که‌ ئه‌و ناوانه‌ له‌ دوجاردا شتێک نین و نابن جگه‌ له‌ ململانێ و ناکۆکیه‌کانی ده‌سه‌ڵاته‌کانی ده‌ره‌وه‌ی خۆی زیاتر، که‌ هه‌مویان له‌ گۆتکردن و نابوتکردنیدا ده‌ستیان هه‌بوه‌ و هه‌یه‌!

 گه‌نج مافی خۆیه‌تی گشت دامه‌زراوه‌کان بخاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ و گومان له‌ نوێنه‌رایه‌تیان بکات و به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگ و ئارگۆمێنت به‌ خۆی و ئه‌وانیش بسه‌لمێنێ ته‌نها ئه‌م ڕێگه‌یه‌ له‌ ده‌ست قه‌یرانه‌کان ڕزگارمان ده‌کات، و زه‌مانه‌تی ئالیه‌ت و میکانیزمه‌کانی ماف وئه‌رکه‌کانیشمان ده‌کات که‌هه‌ژمونگه‌ری ته‌ڵاقده‌دات و نابێته‌ پاوانخواز و باوکی گشت ماناکان. جگه‌ له‌مه‌ په‌کخستنی هه‌موو هه‌وڵێکه‌ که‌ متمانه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه‌ که‌ به‌ ئاسایش به‌یه‌که‌وه‌ په‌یوه‌ست بین و له‌ ڕێی تۆڕی نۆرمگه‌لێکه‌وه‌ که‌ هی ئیراده‌ی هه‌مووانه‌ و به‌ یه‌کسان ده‌مانگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتردابین ،ئه‌م ماڵه‌ش که‌ ناوی نیشتمانه‌ بۆ سه‌قامگیرکردنی ژیانی سیاسی  و کلتوری و وجودی هه‌مووان بێت . ده‌نا هه‌ر قسه‌ کردنێک له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م ڕاستیه‌ سادانه‌ ته‌نها و ته‌نها باوه‌خولێ و پێچه‌ به‌ ده‌وره‌یه‌ و به‌س!

 

        ئه‌نوه‌ری ڕه‌شی عه‌وڵا- فینلاند

 

ژێرنووس:

ئه‌م پرسیاره‌ بۆ ئاماده‌ کردنی مه‌له‌فێک بوو له‌ لایه‌ن ئاسۆ عه‌لیه‌وه‌، که‌ به‌ ئێمایڵ په‌یوه‌ندی پێوه‌ کردم. منیش له‌به‌ر گرنگی باسه‌که‌ وه‌ڵامم دایه‌وه‌ و تکام لێکرد.. بێ مقه‌ست به‌کارهێنان بڵاوبکرێته‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ تا هه‌نوکه‌ش بێده‌نگ مایه‌وه‌، بۆیه‌ به‌ پێویستم زانی له‌ سایتی ئازیزی ده‌نگه‌کاندا، دایبه‌زێنمه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سوپاس

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca