گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان له‌ ژورناڵی سه‌ره‌کی هۆله‌ند دا
ئاسۆ حامدی
 

 

له‌م ڕۆژانه‌ به‌ زنجیره‌ هه‌واڵ له‌ که‌ناڵی یه‌کی ته‌له‌فزیۆنی هۆله‌ندی دا چه‌ند ڕاپۆرتێ پێشکه‌ش کران ، په‌یامنێر نیکۆله‌ که‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌نددا چاڵاکه چه‌ندین ڕاپۆرتی له‌ هه‌ولێر بۆ ژورنال ئاماده‌کردبوو‌، له‌ دواین ڕاپۆرتی دا باسی له‌ سڕه‌ی به‌نزین و نه‌بوونی کاره‌با و نیشاندانی پرۆژه‌کانی شاری خه‌ونه‌کان و بازاڕی هه‌ولێر به‌ به‌راورد کردنی به‌ گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژار نشینه‌کان نیشان دا.

له‌م نێوه‌دا چاوپێکه‌وتنی زۆرێک له‌ هاووڵاتیانیان کرد که‌ به‌ ئاشکرا که‌سێ ده‌یگوت له‌ لێپرسراوه‌کان بپرسه‌ وه‌زعه‌که‌ بۆ ئاوایه‌. له‌ لایه‌کی تر ئه‌ندازیارێ باسی پرۆژه‌که‌ی بازاڕی هه‌ولێری ده‌کرد.

ئیتر نیکۆله‌ گووتی  وا خه‌ریکه‌ هه‌ولێر ڕێچکه‌ی دوبه‌ی ده‌گرێ، له‌ لایه‌ک پرۆژه‌ی ئاوا دروست ده‌کرێ و له‌لایه‌کی تر گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژار نشینه‌کان له‌ هه‌موو خزمه‌تگوزاریه‌کان بێ به‌شن.

گه‌نده‌ڵی له‌ کوردستان له‌ ناوه‌خۆ ئیتر پێ ویست به‌ باسکردن ناکات و هه‌مووان هه‌ر له‌ سه‌رۆک و گزیر و وه‌زیر و تا فه‌رمانبه‌ری ده‌ره‌جه‌ 19 ئه‌گه‌ر هه‌بێ ئه‌وا ئیعترافی پێ ده‌کات و هیچ چاره‌شی بۆ ناکه‌ن.

له‌ هه‌موو گرنگتر دزه‌ بچوکه‌کان له زیندانه‌کان دان و له‌ ده‌یان پرۆسه‌ی دادگایی دا ڕه‌ت ده‌بن ( ئه‌گه‌رچی ئه‌مه‌ پێ ویسته‌ بۆ پاراستنی سامانی کۆمه‌ڵگا هه‌ر ده‌بێ هه‌بێ)  به‌ڵام دزه‌ گه‌وره‌کان به‌ ئازادی ده‌سوڕێنه‌وه‌ و هه‌روا خۆیان له‌ کۆمه‌ڵگا جیا ده‌که‌نه‌وه‌ و خۆیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاوه‌ ده‌بینن.

پرۆژه‌کانی شاره‌کانی کوردستان چونکه‌ له‌ پرۆسه‌کانی دا هیچ کاریگه‌ریه‌کی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی له‌سه‌ر نیه‌ ( جا نازانم کاری ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی و پارێزگاکان و په‌رله‌مان  چیه‌ ) هه‌ر  زۆر سه‌یره‌، له‌ شارێ پرۆژه‌ی ئاوا ڕیکلامی بۆ ده‌کرێ که‌ به‌نموونه‌ 24 کاتژمێر کاره‌با و ئاوی گه‌رم و سوپه‌رمارکت و ئه‌سانسۆر وهتد هتد. له‌لایه‌کی تردا شارێ که‌ ملیۆن مرۆڤ تیایدا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، ئه‌وا ئاو ئاوی خواردنه‌وه‌ به‌پێ پێویست نیه‌ و هه‌مووی ئه‌لته‌رناتیڤی کاره‌بای هه‌یه‌، هه‌ر له‌ موه‌لیده‌ تا باوه‌شینه‌ و لامپا و فانۆس. له‌ سالی 2007 دا فانۆس هیزی ڕووناکیه‌! له‌ دراوسێی شاری خه‌ونه‌کاندا ( شاری خۆ ...سه‌دان ناوی تر).

ئه‌م ڕووه‌ ناشیرینه‌ی ده‌سه‌لات کاریگه‌ری زۆری له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک مه‌سه‌له‌یه‌کی ڕه‌وا و ئازادی میلله‌تێک هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر وابڕوا به‌ره‌ی چه‌پ و ئازادی خواز ناتوانێ یارمه‌تیده‌رو لایه‌نگری میلله‌تێ بێ که‌ سه‌رکرده‌کانیان ئه‌مانه‌ هه‌لوێستیان بێ له‌ به‌رامبه‌ر خودی گه‌له‌که‌ی خۆیاندا.

ئه‌م دیارده‌یه‌ کاریگه‌رێکی زۆر خراپی له‌ سه‌ر چاره‌نووسی مه‌سه‌له‌ی کورد وه‌ک ستراتیژی بزوتنه‌وه‌ و ئاینده‌ی داده‌نێ، ده‌سه‌لات له‌ ناوه‌خۆ وه‌زنی خۆی له‌ له‌نگه‌ردایه‌ ته‌نها ئه‌وانه‌ی که‌ لێ ی ده‌خۆن ئه‌وا ووشه‌ی جوانی بۆ هه‌لده‌ده‌ن و شاباشی دۆلاریان دێ. نووسه‌ره‌ ووشه‌ فرۆشه‌کان به‌تایبه‌تی کۆنه‌ شوعیه‌کان که‌ کاسه‌ لێسه‌کان زۆر له‌مه‌ ڕوو زه‌ردانه‌ له‌ نیو ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری دوو حزبی ده‌سه‌لاتدا وه‌کو تۆپی گۆلڤ هه‌لده‌به‌زن وداده‌به‌زنه‌وه‌.

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وانه‌ی باسی شه‌فافیه‌تی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌ن له‌ هه‌موو مه‌سوله‌کان ڕشوه‌ خۆر ترن. ئه‌م وه‌زعه‌ی دووباره‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی ده‌وله‌تی عێراق هێنده‌یتر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ی بۆ گه‌ن کرد.

ده‌وڵه‌تی ڕه‌شوه‌ و گه‌نده‌ڵی تازه‌ له‌ نێوان دابه‌ش و پارچه‌ پارچه‌بوون دا له‌ میزانیه‌ دا زۆرباش ره‌نگ ده‌داته‌وه‌. قه‌ت ناکرێ وه‌زیری به‌رگری حازم شه‌علان دز بێ و ئه‌فسه‌ره‌کانی دوای ئه‌و هیچ گه‌نده‌ڵ نه‌بووبن. یان خودی برێمه‌ر که‌ حاکمی مه‌ده‌نی عێراق بوو. خۆ ئه‌مه‌ له‌ هه‌موو وولاتاندا ئێستا بۆته‌ مۆده‌ به‌ڵام قانوون و یاسایایێ هه‌ر هه‌ندێ مه‌حدودیه‌تیان بۆ داده‌نێ و ڕسوایان هه‌ر ده‌که‌ن.

به‌ڵام له‌ کوردستان ئه‌وه‌ی حسابی بۆ ناکرێ سامانی نه‌ته‌وه‌یی و جاره‌نوسی کۆمه‌ڵگایه‌‌ له‌ باری ئابووری و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیدا.

ئه‌مه‌ تازه‌ نیه‌ که‌ ڕۆژنامه‌ نووسه‌ بیانیه‌کان باس له‌ گه‌نده‌ڵی ئیداره‌ی فه‌له‌ستین و ژنی ماندیللا و ئیداره‌ی کوردستان و هه‌ندی له‌ کاربه‌ده‌ستانی وولاتانی جیاجیا ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ کوردستان ئاوا بڕوا وه‌زنی خۆی هێنده‌ی تر له‌ ده‌ست ده‌دات. ئه‌مه‌ش بۆ چاره‌نووسی میلله‌تی کورد ڕه‌نگدانه‌وه‌ی خراپی ده‌بێ. له‌ لایه‌کی تر ده‌بێ کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان وه‌کو چاودێرێ ڕسوای هه‌موو گه‌نده‌ڵیه‌ک بکه‌ن جا له‌ هه‌ر ئاستێ دابێ. ڕه‌نگه‌ ئه‌و کات سه‌رکوت و کوشتن و زیندانی لێ بکه‌وێته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌زمه‌که‌یان زیاتر قوول ده‌بێته‌وه‌. جا ئه‌وکات هێنده‌ی تر له‌ میدیای جیهاندا ڕووی ڕاشکاویان ئاشکرا ده‌بێ.

به‌ خۆشحالیه‌وه‌ ئازادی به‌یان و نوسین و عه‌قیده‌ له‌ کوردستان هه‌مووان بانگه‌وازی بۆ ده‌که‌ن به‌ ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ ئه‌مه‌ش مانای دڵخۆشیه‌ و ناتوانن لێ پاشگه‌ز ببنه‌وه‌. ڕۆژنامه‌کان و سایته‌کان له‌م نیوه‌دا ئه‌رکیکی قورسیان له‌ سه‌ر شانه‌.

پرسیارێکی ساده‌ که‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ی ئاماره‌ و هیچی تر. به‌راوردی سامانی مه‌سوله‌کان به‌ به‌راورد به‌ ڕاتبی ساڵانه‌یان. یان پێش بوونه‌ وه‌زیر و دوای بوون به‌وه‌زیر.

گه‌نده‌ڵی بۆته‌ ڕۆتین له‌ کوردستان و هه‌مووان ده‌زانن که‌ یان به‌ پاره‌ یان به‌ پیاوه‌تی هه‌موو کارێ مه‌یسه‌ر ده‌بێ.

کۆمه‌ڵێ ڕێککه‌وتوون له‌ سه‌ر ئیداره‌و مالیه‌ و ده‌سه‌لات و حوکم و هتد هتد. تا بۆ سه‌ره‌وه‌ بڕۆی ئه‌م ڕێککه‌وتنه‌ له‌ یه‌ک نزیک ده‌بێته‌وه‌ و تا بۆ خواره‌وه‌ بچی زیاتر دوور ده‌که‌ونه‌وه‌. بۆیه‌ش هه‌ر یه‌کناگرن له‌ سه‌ر ڕسوایی ئه‌وانی سه‌ره‌وه‌.

گه‌نده‌ڵی په‌له‌یه‌کی ڕه‌شه‌ به‌ نێو چاوانی مه‌سوولان له‌ کوردستان ، له‌ هۆله‌ند و ئه‌مریکا ئه‌مه‌ بڵاو بۆته‌وه‌.  بۆ زانیاری هه‌مووان میدیاکان به‌‌ هه‌موو سوود له‌ یه‌ک وه‌رده‌گرن و هه‌واڵه‌کان به‌ هه‌موو زمانێک وه‌رده‌گێردرێن و بلاو ده‌کرێنه‌وه‌ ئه‌گه‌ر مه‌سوله‌کان باکیان به‌ ناوه‌خۆ نیه‌، به‌ڵام له‌ ده‌ره‌وه‌ ئه‌وا‌ مه‌سه‌له‌یه‌کی تره‌.

 

2007 هۆله‌ند

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca