بۆ دادگای باڵای تاوانه‌کانی ئێراق
 
 

بابه‌ت: وه‌فیق سامه‌ڕایی، نه‌زار خه‌زره‌جی، جاشه‌کان

ئێمه‌ وه‌کو ناوه‌ندی چاک یه‌کێ له‌ ئه‌رکه‌ بنچینه‌ییه‌کانمان گه‌یاندنی به‌شدارانی ژینۆسایدی ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژیه‌کانی دیکه‌یه‌ به‌ دادگا. هه‌ر له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌ یارمه‌تی که‌سوکاری قوربانیان له‌ وه‌ده‌ستهێنانی داددا ده‌که‌ین.  ژماره‌یه‌کی که‌می تاونباران له‌سه‌ر تاوانی ئه‌نفال له‌ دادگادا داگایی ده‌کرێن، به‌ڵام ئاشکرایه‌ ژماره‌ی تاوانباران زۆر له‌ 7 که‌س زیاترن. له‌سه‌ر دادگایه‌ هه‌موو به‌شداره‌ سه‌ره‌کیه‌کان چ ئه‌وانه‌ی دڕندانه‌ خه‌ڵکیان کوشتووه‌، یا ئه‌و ئه‌فسه‌رانه‌ی به‌شداریان له‌ ئاست و شوێنی جیادا له‌ تاوانه‌که‌دا کردووه‌، ده‌ستگیر بکات و دادگایی بکات.

وه‌فیق سامه‌ڕایی: ئێمه‌ وه‌کو ناوه‌ندی چاک ، له‌ ڕێکه‌وتی 6-12-2006 سکاڵامان له‌سه‌ر وه‌فیق سامه‌ڕایی تۆمارکردووه‌، به‌پێی هه‌واله‌کان هه‌ندێ پێشکه‌وتن له‌ که‌یسه‌که‌دا ڕوویان داوه‌. به‌ڵام تائێستا ناوبراو به‌ ئازادی ده‌سوڕێته‌وه‌ و هیچ هه‌نگاوێکی به‌کرده‌وه‌ نه‌ندراوه‌. هیوادارین زۆر نه‌بات ناوبراو وه‌کو تاوانبار لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌لدا بکرێت و بدرێته‌ دادگا. ئێمه‌ وه‌کو لایه‌نی سکاڵاکه‌ر داواکارین، که‌وا دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ هه‌نگاوه‌کانی خۆیدا سه‌باره‌ت به‌ که‌یسی وه‌فیق سامه‌رایی سیسته‌ماتیکیانه‌ ئاگادارمان بکاته‌وه‌ و ڕوونکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌کانی بداته‌ده‌ست.

نه‌زار خه‌زره‌جی: نه‌زار خه‌زره‌جی سه‌رۆکی ئه‌رکانی سوپا له‌ کاتی هێرشه‌ سه‌ربازیه‌کانی ئه‌نفالدا، به‌پێی به‌ڵگه‌نامه‌کان و ئه‌و دوانانه‌ی له‌ دادگادا دران، ناوبراو به‌شداری له‌ تاوانی ئه‌نفالدا کردووه‌. ئێمه‌ داواکارین دادگای باڵای تاوانه‌کان له‌ ڕێگای ئه‌و که‌ناڵه‌ قانونیانه‌ی له‌به‌رده‌ستیدایه‌‌ هه‌وڵی ده‌ستگیرکردنی ناوبراو بده‌ن و کار بۆ دادگاییکردنی بکرێت. وه‌کو ئاگادارن له‌ وڵاتی دانیمارک نه‌زار خه‌زره‌جی له‌ ساڵی 2002/2003 دا له‌سه‌ر تاوانی جه‌نگ و دژ به‌مرۆڤایه‌تی و ژینۆساید درایه‌ دادگا، به‌لام له‌ مارسی 2003 دا ڕایکرد و ئێستا خۆی شاردۆته‌وه. به‌پێی زانیاریه‌کان له‌ وڵاتی ئیماراته‌.

پێویسته‌ دادگا له‌م باره‌یه‌وه‌ بجوڵێت، ئه‌نفالچی ناوبراو ده‌ستگیر بکات، خه‌ڵک و که‌سوکاری قوربانیان له‌ هه‌نگاوه‌کانی ئاگادار بکاته‌وه‌.

جاشه‌کان: وه‌کو ئاشکرایه‌ ژماره‌یه‌کی زۆری جاش له‌ ژێرناوی هێزی به‌رگری نیشتیمانی و فه‌وجه‌ سوکه‌کان‌ له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌کانی ئێراقدا، به‌شداریان له‌ ژینۆسایدی ئه‌نفالدا کردووه‌. جگه‌له‌وه‌ی له‌ دادگادا ناوی ئه‌و جاشانه‌ ده‌شاردرێنه‌وه‌، تائێستا هیچ یه‌کێک له‌و جاشانه‌ ده‌ستگیر نه‌کراون و نه‌دراونه‌ته‌ دادگا. له‌سه‌ر دادگایه‌ بڕیاری گرتنی هه‌موو جاشه‌ به‌شداره‌کان ده‌ربکات، که‌یسی تایبه‌تیان بۆ دروست بکرێت، که‌سوکاری قوربانیان له‌ سکاڵا له‌سه‌ریان ئاگادار بکه‌نه‌وه‌، داواکاری گشتی به‌ئه‌رکی خۆی هه‌ڵسێت و به‌مجۆره‌ ئه‌وانه‌ی به‌شداریان کردووه‌ بدرێنه‌ دادگا.

داواکارین دادگا سه‌باره‌ت به‌ جاشه‌کان هه‌ڵوێستی خۆی ڕوون بکاته‌وه‌.

سوپاس

ناوه‌ندی چاک

2007/3/5

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca