لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌

 ‌هیدایه‌ت مه‌لا عه‌لی

  hidayat_malaali@yahoo.com

 

 

له‌نێو هاوکێشه‌ سیاسی و کێشمه‌کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی دنیای ئه‌مڕۆدا لاوان وه‌ک توێژکی چالاک و به‌رجه‌سته‌ ده‌رکه‌وتوون ، جێگاو ڕێگای لاوان له‌ بزواندنی بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌کان و ڕێکخستنی خه‌ڵک له‌ده‌وری داواکاری و خواسته‌کانیان مه‌وقعیه‌تێکی چاره‌نووسازی داوه‌ته‌ ده‌ست لاوان ، له‌زۆرێک له ‌ووڵاته‌ گه‌وره‌کانی دنیا لاوان توانیویانه‌ مۆری به‌شداری خۆیان بده‌ن له نێو چه‌وانی ‌ ئه‌و هاوکێشه سیاسیانه‌ی له‌کۆمه‌ڵگاکه‌یاندا ڕووده‌ده‌ن،ئێران و کۆریا دوونموونه‌ی زیندووی‌ ڕووبه‌ڕوبونه‌وه‌ی لاوان و ده‌سه‌ڵاتن  بۆ به‌ده‌ستهینانی ژیانێکی باشترو ئازاد و ڕیفاهی ، ئه‌وه‌ی لاوان ده‌کاته‌ سه‌نته‌رو پێشڕه‌ و ڕابه‌ری ناڕه‌زایه‌تیه‌کان دوو هۆکاری گرنگن ، یه‌که‌م : لاوان تواناو هێزێکی گه‌وره‌یان هه‌یه‌ بۆ نمایش کردنی خه‌لاقیه‌ت و داهێنانێک که‌ ده‌توانن  خزمه‌تی  کۆمه‌ڵگای      پێبکه‌ن و ئاواته‌کانی  خۆشیان بکه‌ن به‌واقیع ، دووه‌م : سه‌رکووت و مه‌حروم کردنیان له‌ ژیان و چاره‌نووسێکی ئینسانی که‌ شایسته‌ی خۆیان و کۆمه‌ڵگاکه‌یان بێت ،بۆیه‌ ئه‌م دوو هۆکاره‌ ڕاسته‌خۆ لاوان  ده‌خاته‌ به‌رده‌م به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌بنه‌ بڕبڕه‌ پشتی هه‌ر ئاڵوگۆڕێک که ‌ڕووده‌دات ، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ش به‌شێکی دانه‌بڕاوی ئه‌و بزووتنه‌وه سه‌راسه‌ری و جه‌ماوه‌ریه‌ن که ‌بۆ ژیانێکی هاوچه‌رخ و پڕاوپڕ شایسته‌ به‌خۆیان، هه‌میشه‌ به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن و  ده‌ورو نه‌خشی خۆیان له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگاکه‌یان به‌رجه‌سته‌ ده‌که‌نه‌وه‌‌ ،لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ش وه‌ک لاوانی هه‌موو دنیا حه‌زیان به‌پێشکه‌وتن و ده‌ستڕاگه‌شتنه‌ به‌ ته‌واوی ئه‌و ده‌سکه‌وتانه‌ی زانست و ته‌کنه‌لۆژیای سه‌رده‌م پێیگه‌شتووه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ حه‌زو ئاره‌زوه‌کانی لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ شتێکه‌و بێده‌ربه‌ستی ده‌سه‌ڵات و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ به‌خواسته‌ سه‌ره‌تایی و ئینسانیه‌کانیان شتێکی تر ، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ خوێندنگای پڕ له‌زانست و هۆکانی فێربوونیان

ده‌وێت ، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ کتێبخانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندو تێروته‌سه‌لیان ده‌وێت له‌ فکرو مه‌عریفه‌ی سه‌رده‌م ، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌نته‌ری لێکۆڵینه‌وه‌ ، ڕۆشنبیری ، وه‌رزشی ، هونه‌ری و داموده‌زگای خزمه‌تگوزاریان ده‌وێت ، ته‌نها به‌گوێ گرتن له‌ سکاڵاو ده‌ربڕینی خه‌مه‌کانی ناخی چه‌‌ند لاوێکی هه‌ڵه‌بجه‌ ، بۆت ده‌رده‌که‌وێت  که لاوانی ئه‌م شاره‌ چه‌نده‌ مه‌حروم و چه‌نده‌ بێبه‌ش کراون له‌حه‌زو ئاره‌زوه‌کانیان‌ ، له‌ڕیپۆرتاژێکی که‌ناڵی زاگرۆز گوێم له‌ لاوێک بوو ده‌یووت شه‌قاماکانمان بۆ قیرتاو بکه‌ن چونکه‌ ته‌نها شه‌قامه‌کان شک ده‌به‌ین بۆ به‌سه‌ر بردنی کاته‌کانمان ، لاوێکی تر ووتی ئه‌بێت به‌جلی ماڵه‌وه‌ بێینه‌ ده‌ره‌وه‌ چونکه‌ کۆڵانه‌کان ئه‌وه‌نده‌ قوڕو چڵپاوه‌ ناتوانین خۆمان بگۆڕین ، ته‌نها سه‌رنجدان له‌م دوو ڕسته‌یه‌ ئاستی نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری له‌م شاره‌و بێبه‌ش بوونی لاوه‌کانی زۆر بێپه‌رده‌ ده‌رده‌که‌وێت ، له‌هه‌موو دنیا شه‌قام و جاده‌کان بۆ به‌ستنه‌وه‌ی کۆڵان و گه‌ڕه‌ک و بازاڕو هه‌موو شاره‌ پێکه‌وه‌ ، به‌ڵام بۆ لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆته‌ جێگای به‌سه‌ر بردنی کاته‌کانیان و ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش به‌دڵی خۆیان نییه‌ ، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌هۆی دڵه‌ پڕ له‌هیواکانیان و خواسته‌ قه‌تیس کراوه‌کانیان به‌رده‌وام ڕۆڵی به‌رچاویان هه‌بووه‌ له‌ ناڕه‌زایه‌تی کردن و ڕێکخستنی جه‌ماوه‌ر بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌کانیان ، ئه‌مساڵیش وه‌ک هه‌موو ساڵه‌کانی تر له‌یادی نۆزده‌هه‌مین ساڵرۆژی کیمیابارانکردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا‌ لاوان ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئینسانیان ده‌که‌ویته‌ ئه‌ستۆ بۆ به‌رگری کردن له‌ خه‌ڵکی به‌شخوراوی هه‌ڵه‌بجه‌ ، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ نابێت به‌وه‌عده‌و به‌ڵێنی ده‌سه‌ڵاتداران چاوبه‌ستبن و داخوازیه‌کانیان بسپێرن به‌فایلێکی له‌بیرکراوی بنده‌ستی به‌رپرسان، لاوانی هه‌ڵه‌بجه‌ شایسته‌ی جوانترین و شیاو ترین ژیانن به‌خۆیان و هیچیان که‌متر نییه‌ له‌ لاوانی دنیا .                                         

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca