له‌باتی چه‌پکێ نێرگز‌...    
 نه‌سرین شاکه‌لی

 میوان                                          

 به‌یانییان که‌ خۆر هه‌ڵدێ، به‌ گمه‌ی کۆترێک وه‌خه‌به‌ر دێم

 ئێواران په‌رییه‌ک ده‌مخاته سه‌ر باڵه‌کانی، ده‌مباته‌ سه‌ر ڕۆخی ڕووبارێ،

 پرچم ده‌شوا...

 شه‌و تۆ دێیت و لێم ده‌بیته په‌پووله‌یه‌کی خه‌واڵو،

 ده‌خوازی ببمه گه‌ڵایه‌کی شێدار و بتخه‌وێنم له باوه‌شما...

 ناوێرم  باوه‌شمت بۆ بکه‌مه‌وه،‌

 ده‌ترسم، ئیدی سبه‌ینێ، کۆترێک هه‌ڵمنه‌سێنێ

 په‌رییه‌ک نه‌مبا بۆ گه‌شتی سه‌ر ڕۆخی ڕووباره‌کان...

 که‌چی نه‌ ده‌توانم ده‌ستبه‌رداری تۆ بم و

 نه‌ هی ئه‌وان...

 بۆیه گشت سبه‌ینانێ پێش خۆرهه‌ڵات، په‌پووله‌یه‌ک له‌ په‌نجه‌ره‌که‌مه‌وه‌

 به‌ ئه‌سپایی،

 هه‌ڵده‌فڕێ به‌ره‌و شینایی ئاسمان!

 

 

  ئیلهامبه‌خشێ

 چ خۆشه‌ چاوەڕوانی تۆ!

 چ خۆشه‌ هه‌م بوونت، هه‌م نه‌بوونت

 تۆ هه‌رده‌م گۆرانییه‌ نه‌گوتراوه‌که‌ی منی

 تۆ هه‌رده‌م تابلۆ نه‌کێشراوه‌که‌ی منی

 تۆ هه‌رده‌م ڕازه‌ ئاشکراکه‌ی منی...

 تۆ نه‌بی،

 خه‌ون نابینم ...

 تۆ ببی،

 خه‌ون به‌ کێ وه‌ ببینم...؟!

 

 

ئاوێنه

جار جار دێیت و وەک کۆترەکێویله‌یه‌ک به‌ سه‌ر داری ڕۆحمدا هه‌ڵده‌نیشێی

بێ مۆڵه‌تخواستن ده‌که‌ویته گمه،

له جامی ته‌ڕی چاوه‌کانما به‌ژنی شینکه‌ڵانه‌ی خۆت ده‌بینی

له‌ باتی بسڵه‌میته‌وه‌

داری خه‌ونه‌کانت چه‌که‌ره‌ ده‌که‌ن......

 

 

 پرسیار

 گوێم له ترپه‌ی دڵته،

 سرته‌کانت ده‌ناسمه‌وه‌

 گه‌ره‌کته ببیته میوانم

 مه‌خابن!

 داری به‌ر په‌نجه‌ره‌که‌م هێشتا بێگه‌ڵایه

 ناکرێ من ببمه‌ میوانی تۆ؟!

 

 

 

ڕێگای هات و نه‌هات

بیرته‌ وتم، ئه‌م‌ دارستانه‌ زۆر چڕه،

‌سه‌ری لێ ده‌رناکه‌ین...

ئه‌م ڕێگایه‌ زۆر درێژه ، هه‌موویمان پێ ته‌ی ناکرێ؟

دڵم وتی،

له‌ سه‌ر پانتاییه‌کی سه‌وز سه‌رده‌رده‌که‌ین...

وتم،

له‌ نێو گلينه‌ی چاومانا، ئه‌وه‌‌ ڕه‌نگی گه‌ڵای

هه‌مان دارستانه‌ !

دڵم وتی،

به‌ گمه‌ی جووتێ کۆتر به‌خه‌به‌ر دێین...

وتم،

نا ئه‌وه‌ ده‌نگی نمه‌ی بارانه!‌

 

 

پله‌کانه‌

من ده‌ڵیم با ‌ده‌وارێ هه‌ڵده‌ین،

ئێره‌ بکه‌ینه نیشتمان!

دڵم ده‌ڵێ

با لێره‌وه‌ پله‌کانه‌یه‌ سازبکه‌ین،

به‌ره‌و قوڵایی ئاسمان...

 

شنه‌ی با، ڕامانژێنه!

وه‌ره با لای ئه‌ستێره‌کان،

چێبکه‌ین سه‌رزه‌وینێ!

‌په‌لکه‌ز‌ێڕینه‌ لێکه‌ینه‌وه‌

بیکه‌ینه پۆپه‌شمینێ!

بۆ باڵشتی ژێر سه‌رمان،

سازکه‌ین، له‌مانگ،

سه‌رینێ...!

 

لایه‌لایه

 لاولاوێک ده‌که‌مه‌ په‌یژه‌

به‌ ڕێوه‌م به‌ره‌و‌ سه‌ربانێکی له‌ ڕه‌یحانه‌ چێکراو،

ئاو عه‌تری خۆی به‌ سه‌ردا ده‌پرژێنێ

چاوم تینووی دیتنی ئاسمانێکی ئه‌فسانه‌ییه‌

له‌وێ په‌پووله مامۆستایه

کۆتر دادوه‌ره‌

منداڵ هاوڵاتییه‌‌‌

. . .

به‌ڕێوه‌م، زۆر له‌مێژه...

جوتێ که‌وشم له‌ پێدایه له‌ په‌ڕه‌ی گوڵ

قه‌یتانه‌کانی لاسکی دوو تۆڵه‌که‌ی سه‌وزن،

کراسێکم له‌ به‌ردایه له‌ خه‌رمانه‌ی مانگ

دڵسارم مه‌که‌،

تۆ له‌وێ به‌!

سه‌رم له‌ سه‌رڕانت دانێ و

گۆرانییه‌کم  بۆ بێژه‌!

 

 

 

کۆڵانێکی نازهه‌ڵگر

به‌ره‌به‌یانێ بمبه‌ پیاسه‌ی کۆڵانێکی تازه‌ ئاوپرژێنکراو،

له‌وێنده‌رێ

تۆپ و بووکه‌ڵه‌ی منداڵانی دوێنێ،

له بن سێبه‌ری دارچناره‌کانیدا مابێتنه‌وه‌،

هێشتا به‌نازه‌وه‌ خه‌ویان لێکه‌وتبێ...

 

 

 

           

 

05/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca