هه‌موو
ساڵێک له 8 ی مارسدا، کۆمه‌ڵانی خه‌ڵک و، به تایبه‌ت ژنان
له سه‌رانسه‌ری جیهاندا به رێگای سازکردنی چالاکی جۆر به
جۆر داخۆازی خۆیان بۆ پێکهێنانی ژیانێکی مرۆڤانه، که تێیدا
ماف و یاسای یه‌کسانی له ژیانی کومه‌ڵایه‌تی ژن و پیاو
ده‌سته به‌ر کرابێ، ده‌خه‌نه ڕوو. ئه‌م ڕۆژه له ئاستێکی
هێماییدا، په‌یامهێنه‌ری شێوازێک له کلتووره که له واقیعی
خۆیدا، ئاماژه‌یه‌که به ژیانێک یان جیهانێکی پڕ له کاره‌سات
که له‌ودا، ژنان، هه‌تا ناو خوێن و سه‌ر ئێسکان هه‌ست به
چه‌وسانه‌وه و بێبه‌شی له ئاستی مێژوو، کومه ڵگا، سیاسه‌ت،
هونه‌ر، بنه‌ماڵه، ئابوور و ژیانی رۆژانه‌دا ده‌که‌ن.
په‌یامی
سه‌مبۆلیکی رۆژی جیهانی ژن له پله‌ی دووهه‌مدا، ئه‌وه‌یه که
بۆ تێکدان و هه‌ڵوه‌شاند‌نه‌وه‌ی ئه‌و چه‌وسانه‌وه و ئه‌و
ده‌سه‌ڵاته نگریس و ناڕێکه، ژنان بێپسانه‌وه و بێ‌وچان
ده‌ست به خه‌بات و چالاکی ده‌که‌ن. میژووی نووسراو و زاره‌کی
ژیانی ژنان، نیشانده‌ری هه‌بوونی ئه‌م خه‌باته بێوچانه‌یه
که رۆژانه له شوێنه جۆر به جۆره‌کانی ئه‌م جیهانه پان و
به‌رینه‌دا به‌ڕێوه ده‌چێ. به‌ڵام شایانی ئاماژه پێکردنه
که ئه‌مڕۆ خه‌باتی هاچه‌رخی ژنان ته‌نیا له چوارچێوه‌ی
به‌شداری ژناندا سنووردار نامێنێته‌وه، به‌ڵکوو هاوکات
ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له پیاوانیش هاتونه‌ته سه‌ر ئه‌م
بڕوایه که داخوازی یاسا و مافی یه‌کسانی و وه‌ک یه‌کبوون له
نێوان ژن و پیاودا داخوازێکی ته‌واو ئینسانییه که له
چوارچێوه‌ی چه‌مکی دادوه‌ری کومه‌ڵایه‌تی، دیمۆکراسی و مافی
مرۆڤدا پێناسه ده‌کرێ.
به
هه‌مان شێوه ژنانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، له ژیانی
رۆژانه‌ی خویاندا به ده‌ست کومه‌ڵێک گیر و گرفته‌وه
ده‌ناڵێنن که جاری وایه ده‌گه‌نه ئاستێکی وه‌ها دژوار که
ته‌نانه‌ت رووناکایی و هیوا بۆ ژیان له ژن ده‌ستێنێته‌وه. بۆ
وێنه دیارده‌ی خۆسووتاندن که ئه‌مرۆ به شێوازی به‌ربڵاو له
نێو ژنانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا به‌رێوه ده‌چێ، نیشانده‌ری
ئاستی هه‌ره به‌رزی ئه‌م ئازار و مه‌ینه‌ته‌یه که ده‌کرێ
بڵێین وڵامه‌کانی خۆی ته‌نیا و ته‌نیا له بڵێسه‌کانی ئاگڕ به
سه‌ر جه‌سته‌دا ده‌دۆزێته‌وه. به شێوازێکی واقیعیتر، ئه‌مڕۆ
ژنی کورد له کوردستاندا، رووبه‌رووی سیسته‌مێکی سێ لایانه
له زه‌بر و زه‌نگ بۆته‌وه که ئاستی لێکدانه‌وه و
لێکولینه‌وه‌دا جێگای سه‌رنجه.
له
لایه‌ک، له ڕوانگه‌یه‌کی گشتییه‌وه، ژیانی ژنی کورد به هۆی
کۆمه‌ڵێک یاسای نامرۆڤانه‌ی دژ به ژن که له چوارچێوه‌ی
سیسته‌می حقووقی کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا نه‌هادینه ده‌کرێ و
رووبه‌رووی چه‌وسانه‌وه ده‌بێ و ئه‌مه‌ش له کاتێکدا که له
کومه‌ڵگای کورده‌واریشدا، ده‌که‌وێته به‌ر هێرش و زه‌بر و
زه‌نگی بێئامانی کۆمه‌ڵێک سه‌مبۆل، نۆرم و به‌های
پیاوسالارانه که ژیانی رۆژانه‌ی لێ تاڵ ده‌کا. ئینکاری
ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کوردی لایه‌نی سێهه‌می ئه‌م سیسته‌مه
چه‌وسێنه‌ره‌یه که هاوته‌ریب له گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی
زه‌بر و زه‌نگ، ئیمکانی ژیانی یه‌کسان و بوار و ده‌رفه‌تی
گه‌شه کردنی کومه‌ڵایه‌تی، سیاسی، فه‌رهه‌نگی و ئابووری له
ژنی کورد له ئێران‌دا ده‌ستێنێته‌وه.
ئه‌م
باسه که ده‌که‌وێته خانه‌ی لێکولینه‌وه‌ی فێمینیستی و
په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی هه‌یه له گه‌ڵ چه‌مکی دادوه‌ری
کۆمه‌ڵایه‌تی، دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ، پێویسته له
په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ژنانی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستاندا
بایه‌خێکی تایبه‌تی پێ بدرێ. ئه‌مرۆ ژنی کورد له رۆژهه‌ڵاتی
کوردستان و هه‌روه‌ها هه‌موو ئه‌م شوێنانه‌ی که کوردی لێ
ده‌ژین، پێویسته به ڕێگای باس و لێکۆڵینه‌وه و خۆڕێکخستن
له چوارچێوه‌ی سیاسی، له ناو جووڵانه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی
نه‌ته‌وه‌یی و هه‌روه‌ها نیهاده مه‌ده‌نییه‌کان و هه‌روه‌ها
ڕاکێشانی سرنج و هاوکاری پیاوان بۆ وه‌گه‌ڕ خستنی پڕۆسه‌یه‌کی
دێمۆکراتیک تێ‌بکۆشن، پڕۆسه‌یه‌ک که له ئاکامی خۆیدا بتوانێ
سیسته‌می ناڕێکی هه‌نووکه‌یی ده‌سه‌ڵات به قازانجی ژن بگۆرێ.
له‌م
ڕۆژه‌دا ئێمه‌ش که خه‌باتی ژنان به به‌شێکی گرینگ له ئه‌رکی
سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی خۆمان ده‌زانین، رۆژی 8ی مارس، رۆژی
جیهانی ژن، له هه‌موو ژنانی ئه‌م جیهانه به تایبه‌ت ژنانی
کورد پیرۆز ده‌که‌ین.
پلاتفۆرمی نه‌ته‌وه‌یی بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان
8ی
مارسی 2007
|