لەو
ماڵە ژنێکی بە کامی دڵ میهرەبان ئەژی شتێک جەسارەتی پێویستە تا
بۆی بمرێ
لەم
ماڵە پیاوێکی بە ئارەزوی وەحشەت دڵ ڕەق ئەژی زەرورە بە قومێک
میهر تا بۆی بژی!
لەو شارە مرۆڤەکان تەنگە نەفەسن لەژێر باری
ژیانێکی کەم ئەندام و ناچیز ،
لەم شارە ژیان لە ژێر پێی مرۆڤی بچکۆلەو گەڕو
گولدا گیان ئەدات!
شەڕی ئێمە بۆ ئەوە بوو ناشرینی لەسەر پێیی خۆی
نەچیتە کۆڵان و بازاڕ و سەیرانگا،
ئاشتی ئێمە بۆ ئەوە بوو لە کێڵگە دورەکاندا
جوانی بدورینەوە ، بۆ ئەوە بوو لە تاریکیدا نقێمی پیرۆز لە
دەستی گورگی شەوانە بسەنینەوە
جیهادی ئێمە لەو ڕۆژگارە گەنیوانەدا بۆ ئەوە
بوو گوڵ لە شوێنی خۆیدا دانیشێت،
بۆ ئەوە بوو هەژاری لە مانای ژیان کەم
نەکاتەوە، بۆ ئەوە بوو دادوەر لەگەڵ عەدالەت جوت نەبێت
خەمی زۆرە ، ئەوەی لەم ماڵەدا ژیابێت خەمی زۆرە
دەردەدارە،ئەوەی لەو شارەدا ژیابێت دەردەدارە
نا ، گرفتارە،ئەوەی لە شەڕدا چاوی کردبێتەوە
خۆی بە دۆڕاو بزانێت گرفتارە،
نا،شەرمەزارە ، ئەوەی لە ئاشتیدا پێیگرتبێت خۆی
بە براوە بزانێت شەرمەزارە،
ئەم سەردەمە نەفرەتی کرد لە خوێنی ئێمە ، بۆ
هەمیشە دەستی ناوە بە ڕومانەوە
ڕویان لە ئێمە وەرگێڕاوە،ئەم گوڵانە بۆ ئەبەد
پشتیان کردۆتە ئێمە ،
نورێک لە قوڵای مندا بە خوێنی ئەو کتێبانە
ئەسوتێت کە تەنها من و تۆ دەربارەی ئاوەدانی ڕۆژێکی تر ئەیان
نوسین،
ئەو کتێبانەی وەک خۆمان بێ ماڵ بێ نیشتیمان بێ
هاودەم گەورە دەبن،
ڕۆژێک سەرۆک نامەیەکی بۆ ناردم تێدا نوسیبوی
:(دەربارەی برینی کۆن مەدوێ ، لەسەر خوێنی با بردە مەچۆ،
ئەوەی مرد بە تۆ نایەتەوە ژیان، ئەوەی ئەژی
لێمان مەکەرە نیشان،تۆ بزانە چەند نا ڕەوا ئەنوسیت تۆ ،
لەسەر بردنەوەی ڕۆژێک مەجەنگێ وەک ئەستێرە و
شمشێر لە سەر شانمە ،بۆ ئەو ڕۆژانە مەسوزێ ئەمڕۆیان دروست کرد
،
مەیشێوێنە بێدەنگیەک مەشێوێنە یادەوەری کوێر
ئەکاتەوە ،بڕوانە لاوی شێت ،من سێ مارە بڕ دارم ، جارێک
بۆ ئەبەد شەڕم مارە کردو نازدارە لام ، جارێک ،
نیشتیمانم مارە کردو موڵکی خۆمە ، ئاخرین جار ،بێدەنگی ئێوەم
نەزر کردو پەشیمان نیم ،
مەیشێوێنە ،باری خێزانیم مەشیێوێنە..،ئەی لاوی
شێت، ماڵی نەفرینن ئەو وشانەی باز بەسەر شکۆی مندا ئەنێن،
بەشی سێدارەن ئەو کتێبانەی بە ئاسمانی مندا
ئەفڕن و نەزەر ناکەن ، مایەی گلدانەوەن ئەو ڕۆحانەی لە ڕۆحی
مندا جێیان نابێتەوە،)
سەرۆک زۆری نوسیبو لەبەر ئەوەی باری دەرونی تۆ
خراپە هەموی نا گێڕمەوە ،
هەر لێرەوە بوو گۆشەگیری من دەستی پێکردو تفم
لە ڕۆژگاری خۆم کرد وەک موحەمەدی کوڕی عەبدوڵا لە ئەشکاوتی
حڕادا ژیام
لێتان ناشارمەوە سەر شیتی من لێرەوە وەک
خەنجەری نێو کێلانی خەیاڵات ترازا، وەک موسا لە کێوی تور بە
دوای شەهامەتدا ئەسوڕامەوە
ئاخخ، شەرمی من وەک مەسیح ترەکی لە دورگەی
ئیمتان،پرچم وەک بۆڵە ترێی ڕەش بەسەر شانما هاتبویە خوارێ
کەچی ئەوان کەهاتنەوە کتێبیان پێبوو دو گیان بە
خوێن و فیتنە
کەچی ئەوان کە گەڕانەوە شورایان بەدەوری
جوانیدا دروست کرد،
من وتم نا من هاوڕێی ئێوە نیم بەجێم بێڵن
نایەمەوە
ئەو کتێبەی لە هەناسەی من و تۆ نوسراوە تەواو
نابێت
بەڵام ڕۆژێک ژنێک کە لەو ماڵەدا پەنهانە، ئەی
دۆزێتەوەو بە ئاو و ئاگردا ئەی هێنێتەوە بۆتان،
بەڵام ڕۆژێک پیاوێک کە لەم شارەدا نیگەرانە، لە
دەستی ئاگرو تۆفانی ئەسەنێتەوەو ئەی گەیەنێتە دەستان
ئیدی چی هەیە بمان گەیەنێتەوە بە یەک نەفرین
نەبێت ؟
ئیدی چی هەبوو لێکمان دور بخاتەوە نەعلەت
نەبێت؟
|