سوێندی ته‌ڕه‌تۆڵه‌که‌!
ئه‌حه‌ مڵۆزم
 

 

-          حه‌مه‌ فه‌ره‌ج تکایه‌کی برایانه‌ت لێده‌که‌م ئیتر واز له‌م بۆڵه‌ بۆڵ و گله‌یی و بناشته‌ بێنه‌، یان هه‌ر نه‌بێ ئه‌وه‌نده‌ مه‌بۆڵينه‌ به‌ سه‌روپۆته‌ڵاکی مندا. ئاخر کوڕی باوکم تۆی توونچی و منی حه‌مامچی هه‌قمان چییه‌ به‌سه‌ر ئه‌م هه‌موو سه‌رگا و قنگی که‌ره‌وه‌؟ ! خوا په‌نایه‌ک و دوو عانه‌ی داوینه‌تێ بێقڕه‌ و بڕه‌ ده‌یخۆین  ئیلله‌ڵا و بڕایه‌وه‌

+   ئاخر نابێ کاکه‌حمه‌د، پیاو قسه‌یش نه‌کا دڵی شه‌ق ده‌با.  کوڕه‌ خۆ نا‌هه‌قیی و گه‌نده‌ڵییه‌که‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆره‌...

-          ئۆ هۆو ! ناشوکری نه‌بێ خه‌ریکه‌ تۆشم لێده‌بیته‌ ڕووناکبیر. ئه‌گه‌ر گه‌نده‌ڵی وه‌ک ئه‌وه‌ی تۆ ده‌ڵێی وا بێ، ئه‌ی بۆ بۆگه‌نی نایه‌ت؟

+  چۆن بۆگه‌نی نایه‌ت ئه‌حه‌ گیان؟ ئه‌وه‌ تۆ سه‌رمات بووه‌و لووتت گیراوه‌، ئه‌گینا نیوه‌ی شاره‌که‌ ‌ بۆگه‌ن کاسی کردوون. به‌ڵام نه‌مزانی گه‌نده‌ڵی و ڕووناکبیر چیان داوه‌ به‌سه‌ری یه‌که‌وه‌؟

-          هه‌ی بێقه‌زابی یاخوا، جا خۆ ڕووناکبیر به‌بێ گه‌نده‌ڵی فلسه‌ سووره‌یه‌ک ناهێنێ!

+   چۆن بۆ خاتری خوا؟

-          براکه‌م، پیاو بۆ ئه‌وه‌ی ناوی له‌ ناوانا بێ و له‌ کۆڕو کۆمه‌ڵه‌ ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌کاندا وه‌ک قوته‌ی مل نێرکه‌ کاردو و کۆشکی به‌رپرسه‌کان، له‌ دووره‌وه‌ دیار بێ، ده‌بی لای که‌می بیستوچوار ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک گه‌نده‌ڵی، شه‌فافییه‌ت، موعانات، وه‌هم و بڕێ جڕوجانه‌وه‌ی تری له‌به‌ر بێ. ئه‌گینا که‌س سه‌ربه‌کڵاوی ناپێوێ

+   لاحه‌وله‌ وه‌لا قووه‌ته‌، ئه‌ی دوایی؟

-          ئه‌مجا له‌ولاشه‌وه‌ ده‌بێ له‌ خزمه‌ت براگه‌وره‌کاندا دایمه‌ی خوایی ده‌ست به‌سنگه‌وه‌ بێ

+  ده‌ به‌خوا ئه‌م شه‌مه‌نته‌گێته‌ به‌ من ناکرێ، ئه‌وا له‌سه‌ر ده‌ستی تۆ، به‌قورعان سوێند ده‌خوم، له‌مه‌ولا له‌ باسی توونی حه‌مام و شامپۆی فه‌ره‌نسی به‌ولاوه هیچ نه‌ڵێم

*   سه‌لامون عه‌له‌یکوم

-          وه‌ عه‌له‌یکه‌ سه‌لامو سه‌رچاوه‌که‌م ده‌روێش ناميق، یاخوا وه‌خیرهاتی. ده‌فه‌رموو ته‌شریف بێنه‌ سه‌رۆ، ئا حه‌مه‌ فه‌ره‌ج خێراکه‌ چایه‌ک بۆ ده‌روێش بێنه‌

*   خوا بمکا وه‌ سیاقه‌ت ئه‌حه‌ گیان، وه‌ که‌لامی خوا فره‌ بیرم ئه‌کردی. وه‌و سه‌یساقه‌ قه‌سه‌م له‌وساوه‌ تۆ جێمانت ‌هێڵاگه‌، دیوه‌خانه‌که‌مان بووگه‌ وه‌ ئاشی ئاو لێبڕیاگ. ده‌سه‌کانو خۆش وێ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج، خۆ شوکر تۆيچ سڵامه‌تی؟

+  ئه‌لحه‌مدولیلا ده‌روێش گیان

*   ئه‌حه‌ گیان تا زووه ئه‌و هه‌گبه‌‌ بشارۆ نه‌وه‌کا جه‌ماعه‌ت پێی بزانن

-          بۆ ده‌روێش خۆ تیئێنتی و دینامێتی تیا نییه‌؟

*    کوڕه‌ ناوه‌ڵلا، ئه‌وه‌ بڕێ ماس و په‌نیر و که‌رێس، میمکه‌ ته‌مه‌ و دایه‌ فاته‌ بۆیان ناردگی

-          ده‌ی ماڵیان ئاوا بێ یاخوا له‌گه‌ڵ تۆدا، به‌ڵام نه‌تفه‌رموو بۆ بیانشارمه‌وه‌؟

*    چونکێکم قاچاخن باوانه‌که‌م!

-          شتی چۆن ده‌بێ ده‌روێش؟

*    ئه‌وێ براخاسه‌که‌م،  ئه‌وه‌تا له‌ ترسی گومرک له‌ لاڕێوه‌ هاتگم، ئه‌ی ناوینی گژ گیانم قوڕاوی بووگه‌؟

-          ئاخر بۆ؟

*    باوانه‌کم له‌مه‌ودوا هه‌رچی شتێ خۆمانه‌ وێ و له‌ تورکیا و ئێرانۆ نه‌هاتووێ، قاچاخه و پیاگی له‌سه‌ر حوکم ئه‌درێ

-          سوبحانه‌ڵلا!

*    عه‌رزوێ له‌ خزمه‌تتا قه‌راره‌ سووه‌ دوو سووه‌یچ گومرگ بخه‌نه‌ سه‌ر که‌نگر و ته‌ڕه‌ تۆڵه‌که‌ و وێنجه‌و سێپه‌ریچ

-          ئه‌وانه‌ بۆ؟

*    بێژم چی؟ وه‌قسه‌ی کوڕه‌که‌ی سمه‌ خه‌سار، گوایه‌ له‌مه‌ولا که‌نگرو تۆڵه‌که‌ی ناو قوتوو و پاکه‌تمان له‌ تورکیاوه‌ بۆ تێرن و وێنجه‌و سێپه‌ریچمان له‌ مه‌رزی باشماخ و حاجی هۆمه‌رانۆ بۆ  ئه‌که‌ن وه‌م دیوا

+    ئه‌ی باوکه‌ڕۆ، کاکه‌حمه‌د تا مزگه‌وت ئه‌چم هه‌ر ئێسته‌ دێمه‌وه‌

-          خێره‌ حه‌مه‌ فه‌ره‌ج؟

+    خێری چی کاکه‌حمه‌د؟ ئه‌چم که‌فاره‌تی سوێنده‌که‌م ئه‌ده‌م، ئاخر ناهه‌قمه‌ بڵێم گه‌نده‌ڵی کاسی کردین؟

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca