شه‌هیدکردنی دوعا پلانێکی دوژمنانه‌‌ بۆ ئابڕووبردنی گه‌لی کورد
ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
 

 

شه‌هید ته‌نها ئه‌وکه‌سه‌ نییه‌ که‌له‌ گۆڕه‌پانه‌کانی جه‌نگدا گیانی خۆی بۆ ئازادی وڵاته‌که‌ی به‌خت ده‌کات، به‌ڵکه‌ گه‌ر مرۆڤ بۆ ئازادی له‌شی خۆیشی ، گیانی به‌خت بکات ، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ شه‌هیده‌ . هه‌ربۆیه‌ من داواکارم که‌هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی له‌سه‌ر (مه‌سه‌له‌ی شه‌ره‌ف ) شه‌هید ده‌کرێن ، ماڤی شه‌هیدانه‌یان پێبدرێت . وه‌ داواکارم له‌ ده‌زگای شه‌هید و حکومه‌تی کوردستان ، که‌ شه‌هیدانه‌ بۆ ئه‌و ژنانه‌ دابنێت . دیاره‌ ته‌نها مه‌به‌ست لایه‌نی ماددی نییه‌، به‌ڵکه‌ له‌ڕووی مۆراڵیشه‌وه‌  زۆر گرنگه‌ ئه‌و ژنانه‌ به‌ شه‌هید حیساب بکرێن .  شه‌هیدکردنی خانمی هێژاو قاره‌مان ( دوعا) ، قێزه‌ونترین وناشرینترین و دڕنده‌ترین  دیمه‌ن بوو ، وه‌حشترین هه‌ڵوێست بوو، نامه‌ردانه‌ترین  کاری پیاوانه‌ بوو. وه‌لێ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ چه‌ند پرسیارێکی زۆرئاڵۆزی  له‌ناو مێشکمدا ووروژاند. به‌پێی زانستی کریمیناڵی بۆمان ده‌رکه‌وتووه‌ ،که‌ پیاوکوژ کاتێک تاوانێک ده‌کات ، هه‌وڵ ده‌دات هیچ نیشانه‌یه‌ک یان شوێن ده‌ستی ده‌رنه‌که‌وێت. هه‌ربۆیه‌ بۆهه‌مووتاوانێک ، پۆلیس ماوه‌یه‌کی زۆر خه‌ریک ده‌بن تا شوێن په‌نچه‌ی تاوانباره‌که‌ بدۆزنه‌وه‌. وه‌لێ له‌کاتی شه‌هیدکردنی (دوعا) دا، تاوانباران به‌ ئاشکرا دیمه‌نی تاوانه‌که‌یان به‌ کامێرا ده‌گرن و بڵاویده‌که‌نه‌وه‌. به‌ جارێک شه‌ش حه‌وت پیاو ، به‌ مۆبایله‌کانیان وێنه‌ی به‌ردبارانکردنی دوعا ده‌گرن. هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ش به‌ته‌واوی جیهاندا بڵاویده‌که‌نه‌وه‌.  پرسیاری گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ ، بۆچی ئه‌م وێنه‌یه‌ ده‌گیرێت؟؟!! وه‌بۆچی به‌ ئینه‌ته‌رنێت و مۆبایلدا له‌ کوردستان وجیهاندا بڵاوده‌کرێته‌وه‌؟؟!! هه‌زاران ژن له‌ کوردستان و عێراقدا شه‌هیدکراون ، به‌ڵام هیچ کاتێک تاوانباران خۆیان ئاشکرانه‌کردووه‌. به‌ڵکه‌ زۆربه‌ی تاوانه‌کان به‌ دزیه‌وه‌ کراون . وه‌لێ بۆچی ئه‌م جاره‌یان ئه‌م پیاوکوژانه‌ هێنده‌ چاویان قایمه‌؟!! . گه‌ر ئه‌م شه‌هیدکردنه‌ ‌ بۆ ته‌مێ کردنی ژن وکچی یه‌زیدی بێت ، ئه‌وا هیچ پێویست ناکات به‌ ڤیدیۆ بگیریت . به‌ڵکه‌ ئه‌و هه‌واڵانه‌ زوو بڵاوده‌بێته‌وه‌. پرسیارێکی تر ئه‌وه‌یه‌ ، له‌وێنه‌که‌دا چه‌ند پۆلیسێک ده‌بینرێت ، واته‌ به‌دیار چاوی پۆلیسه‌وه‌ ئه‌م کاره‌کراوه‌. ئایا هیچ لێپرسینه‌وه‌یه‌ک‌ له‌وپۆلیسانه‌ کراوه‌؟! ئایا ئه‌و پۆلیسانه‌ کوردن یان عه‌ره‌بن؟! پرسیارێکی تر ئه‌وه‌یه‌، بۆچی جێگیری پارێزگاری موسڵ کچه‌که‌ی ته‌سلیمی بنه‌ماڵه‌که‌ی کردۆته‌وه‌؟؟!! پاشان ئه‌م کچه‌ بۆ گه‌یشۆته‌ لای ئه‌و ؟؟!! هێنده‌ی من بزانم ئه‌م پیاوه‌ پارتیه‌. ئایا پارتی هیچ لێپرسینه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م کابرایه‌دا کردووه‌‌؟! خۆئه‌میش به‌شێکه‌ له‌تاوانه‌که‌ . پرسیارێکی گرنگی تریش ئه‌وه‌یه‌ ، بۆچی ئیسلامیه‌کان خۆیان گلاندۆته‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌وه‌؟! بۆچی له‌هه‌ولێر هه‌وڵی تیرۆرکردنی کرێکاره‌ یه‌زیدیه‌کان ده‌کرێت ؟؟!! ئاخر خۆ دیارده‌ی به‌ردبارانکردنی ژنان ، له‌ئیسلامه‌وه‌  په‌یدابووه‌و ئاینه‌کانی تریشی فێرکردووه‌. ئایا که‌سێکی وه‌کو مه‌لا کرێکار ، که‌ نایه‌وێت ژن هه‌مان ماڤی قسه‌کردنی له‌سیاسه‌ت هه‌بێت ، چونکه‌ به‌بڕاوی ئه‌و ( نوقسان عه‌قڵه‌) واته‌ عاقڵ نییه‌، بۆچی ئێستا دێت بۆ دوعا ده‌گری و، دژی یه‌زیدیه‌کان قسه‌ده‌کات؟! .

یه‌زیدیه‌کان ‌ بنه‌مای سه‌ره‌کی ئایینه‌که‌یان له‌سه‌ر هزرێکی ئاشتیخوازی و مرۆڤ دۆستی‌ و، خۆ دوورگرتن له‌ شه‌ڕو خۆپارێزی له‌کاری خراپ و نابه‌جێ دروست بووه‌..ئه‌مه‌ش عه‌قیده‌ی بنه‌ره‌تی ئایینی یه‌زیدیه‌ . هه‌مووکاتێک یه‌زیدیه‌کان به‌ مرۆڤی ئاشتیخوازو مرۆڤ دۆست ناسراون . ئه‌م کاره‌ش دووره‌ له‌ ئایینی یه‌زیدیه‌وه‌. هه‌ربۆیه‌ زوو پیاوه‌ئایینه‌کان له‌پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ میر ته‌حسین دژی ئه‌م کاره‌ بوون . ماوه‌یه‌که‌ پلانێکی نه‌گریس له‌دژی کورده‌ یه‌زیدیه‌کان ده‌کرێت . حکومه‌ته‌ خه‌واڵوه‌که‌ی خۆشمان هیچ ئاگای له‌م پلانه‌ نییه‌.ئاخر ئه‌مان که‌ی لووتی ئه‌وه‌یان هه‌بووه‌ ، تاله‌دووره‌وه‌ بۆنی کاره‌ساته‌کان بکه‌ن .  دوێنێ که‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنی RTL ی ئه‌ڵمانی ریپۆرتاژێکی دوورودرێژی له‌سه‌ر شه‌هیدکردنی دوعا پیشان داو، پاشانیش وێنه‌‌ی به‌ردبارانکردنه‌که‌ی بڵاوکرده‌وه‌. دیاره‌ که‌ناڵی RTL ، رۆژانه‌ ریکلام بۆ تورکیا ده‌کات و، به‌ وڵاتێکی جوان و گه‌لێکی رووخۆش و میوان دۆست ، پیشانی ئه‌ڵمانیه‌کان ده‌دات و، هانیان ده‌دات بۆئه‌وه‌ی سه‌فه‌ری توورکیا بکه‌ن . ئه‌م که‌ناڵه‌ جگه‌ له‌ خراپه‌ ، هیچ کاتێک به‌ چاکه‌ باسی کوردی نه‌کردووه‌. رۆژانه‌ ئه‌وهه‌موو کچه‌ لاوه‌ی کورد به‌ده‌ستی له‌شكر وپۆلیسه‌ وه‌حشیه‌کانی توورک ، ده‌کوژرێن و ئه‌تکده‌کرێن ، که‌چی هیچ میدیایه‌کی ئه‌وروپی باسی ناکات . به‌ڵام بۆ شه‌هیدکردنی دوعا ، یه‌کسه‌ر بڵاویان کرده‌وه‌. ئه‌مه‌ش زیاتر بۆ ئابرووبردنی گه‌لی کورده‌. بۆئه‌وه‌ی هه‌رچی کورده‌ به‌ وه‌حشی و به‌ربه‌ری له‌قه‌ڵه‌می بدده‌ن . به‌داخه‌وه‌ ئه‌م جاره‌ش  دیسانه‌وه‌ به‌م کاره‌ دڕندانه‌یه‌ ،  ئابڕووی کوردیان برد. هه‌روه‌ک چۆن مه‌سه‌له‌ی (فاتمه) له‌سوێد گه‌وره‌یان کردوو ، ئابروی کوردیان پێ برد. ئێستاش به‌هه‌مان شێوه‌ شه‌هیدکردنی دوعا ، پلانێکه‌ بۆ ئابرووبردنی گه‌لی کورد. به‌داخه‌وه‌ کۆمه‌ڵێک که‌س هه‌ندێکیان له‌ ساویلکه‌یی و گێلیان ، هه‌ندێکی تریش له‌ جاشایه‌تی و خۆفرۆشیان ، ئه‌م کاره‌یان بۆ دوژمنانی کورد ئاسان کردووه‌.  ‌

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca