به‌ له‌شکرێ له گه‌نده‌ڵان
 شه‌ڕ ناکرێت له‌گه‌ڵ داگیرکه‌ران
ئاسۆ بیاره‌یی
assobyari@yahoo.com

9-4-2007               سوێد

هه‌ڵوێسته‌که‌ی مه‌سعود بارزانی به‌رامبه‌ر تۆرانیه‌کان، ڕون و ئاشکرایه و جێگه‌ی پشتیوانی هه‌موو کوردێکی نیشتمانپه‌روه‌ره و ده‌بێت به‌رده‌وام بێت، ئه‌گه‌‌ر بخوازێت ماڵی کوردی، یه‌کڕیز و هاوده‌نگ بێت. به‌ڵام کێشه‌که‌ له‌وه‌دایه که ئه‌م جۆره هه‌ڵوێستانه تا چه‌ند له سه‌رخاک جێبه‌جێ ده‌کرێن، تا چه‌ند ئه‌و هه‌ڵوێستانه ده‌بنه کردار و ووزه‌یه‌کی پڕ له ‌ووره له گیانی هاووڵاتی کورددا دروست ده‌که‌ن و سه‌رچاوه‌یان له کام شوێنه!!!!!!

 

داگیرکه‌رانی کوردستان، له خۆمان باشترمان ده‌مانناسن و له‌سه‌ر بنچینه‌ی ئه‌و ئێمه‌ ناسینه ڕه‌فتارمان له گه‌ڵ ده‌که‌ن. کورد به‌ هۆی تاکڕه‌وی و دووبه‌ره‌کی سه‌رکرده‌کانیه‌وه گۆڵی زۆری لێکرا، به‌تایبه‌تی دوای ڕوخاندی به‌عسی فاشست. زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد، هه‌ر کاتێک هه‌ستیان کردبێت که له به‌ره‌ی ناوخۆدا میلله‌ت لێیان بێزاره‌ و چیتر به‌رگه‌ی هه‌ڵه‌کانیان ناگرێت، گه‌نده‌ڵیه‌کانیان ناتوانن بشارنه‌وه، ئه‌جنده‌ی کۆن و نوێیان خوڵقاندووه بۆ له بیربردنه‌وه‌ی ئه‌و کێشه‌گه‌له‌ی که گه‌ل داوای چاره‌سه‌ریان ده‌کات، ئه‌گینا خودی که‌سایه‌تی مه‌سعود بارزانیش باش ده‌زانێت، که به له‌شکرێکی گه‌نده‌ڵ و چلێس، بێ هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری،  شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا ناکرێت. ئاخر له نێوان سه‌رکرده‌کانی ئێستادا و جه‌ماوه‌ردا نامۆیی دروست بووه، گه‌نده‌ڵان و هه‌ژارانی کورد، ئه‌مڕۆ دوو چینی جیاوازن، یه‌که‌میان سه‌رده‌سته و دووه‌میان بن ده‌سته. دوور نیه ئه‌گه‌ر تورکیا یان هه‌ر داگیرکه‌رێکی تر هێرش بکاته سه‌ر کوردستان، شانۆگه‌ریه‌کی ڕوخاندنی سه‌ددام هه‌زار باره‌ نه‌بێته‌وه، لێ سه‌ددامیش سه‌رکرده‌یه‌ک بوو که ئاڵای نه‌ته‌وایه‌تی هه‌ڵگرتبوو، به‌ڵام هه‌ژارانی عه‌ره‌بی ده‌چه‌وسانده‌وه، که هاوپه‌یمانان به ماوه‌یه‌کی کورت عێراقیان له ڕۆژێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا، به زیانێکی که‌م داگیرکرد.

 

ئاگادار کردنه‌وه‌‌ی داگیرکه‌ران کارێکی بوێرانه‌یه، مه‌سعود به‌رزانی و سه‌رکرده‌کانی تری کورد، باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، وه‌کو گه‌لێکی ڕۆژهه‌ڵات، کورد گه‌لێکه که بنه‌ماڵه‌ گه‌ری و هێزی هه‌ستی سۆز به‌ سه‌ریدا زاڵه، ئه‌وانیش به ئاسانی ده‌توانن کاریگه‌ریان هه‌بێت به‌سه‌ریدا. پرسیاره‌کان ئه‌مانه‌ن، ئایا:  

 

ئێوه‌ پێش ئه‌وه‌ی ده‌ستبخه‌نه ناو تورکیا، که‌رکوک وناوچه‌ داگیرکراوه‌کان هێناوه‌ته ژێر ڕکیڤی خۆتان؟ ڕێگه‌تان له ته‌عریب کردنی کوردستان گروتووه؟ توانیوتانه ناسنامه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی بده‌ن به میدیا و که‌ناڵه ئاسمانیه‌کانتان، که بۆ پارتیه‌کانی خۆتان ته‌رخانتان کردووه‎؟ خزمه‌تگوزاریه ساده‌کانی هاووڵاتیانتان ئاسان کردووه له ئاو، کاره‌با، مووچه، خوێندن..‌هتد؟، بره‌و‌تان داوه به فه‌رهه‌نگ و زمانی کوردی که کردووتانه به دوو که‌رته‌وه؟  به‌رنامه‌ی ئێوه‌ چیه بۆ داهاتووی کوردستان؟ کامه‌یه تاکتیک و ستراتیژتان؟ ئێوه که به‌ره‌ی ناوخۆتان به ‌هێزکرد ئه‌وسا نه‌ک باشوور، هه‌موو کوردستان له گه‌ڵه.. دیسان هه‌موو ده‌ڵێین ده‌مت خۆش مه‌سعود بارزانی، که‌وا تۆرانیه‌کان ده‌ترسێنیت..به‌ڵام ڕزگار کردنی که‌رکوک له دیاربه‌کره‌وه ده‌ست پێ ناکات، له خودی که‌رکوکه‌وه ده‌ست پێ ده‌کات، که‌وا خه‌ریکه ده‌بێته شارێکی عه‌ربی. ئێوه به ڕزگارکردنی دهۆک، سلێمانی و هه‌ولێر له ته‌عریبکردن کردن و سڕینه‌وه‌ی کاریگه‌ری زمانی عه‌ره‌بی له‌سه‌رتان، ده‌توانن دژایه‌تی تۆرانیه‌کان بکه‌ن.

 

دیسانه‌وه‌ ده‌مت خۆش بێت بارزانی، که‌وا هه‌ڵوێستت هه‌یه به‌رامبه‌ر تۆرانیه فاشسته‌کان، که چاویان به‌رایی ناێت ئاڵای کوردستان ببینن، هیوادارم تا سه‌ر بێت و کرده‌وه‌شی له گه‌ڵدا بێت!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!!

 

سه‌رچاوه‌

http://www.awene.com/new2389/content.asp?ContentId=2713

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca