کیژۆله‌که‌م..... دوعا ! که‌لتور به‌ندیخانه‌یه‌کی تۆقێنه‌ره‌ ........
ئازاد قه‌زاز
 (باوکی سۆز)
 


ئه‌ی ئه‌و کیژه‌ ناسکه‌ی کرایته‌ قوربانی که‌لتورێکی پیر،
ئه‌ی ئه‌و ویژدانه‌ زیندووه‌ی له‌ پێناوی که‌لتوردا دامرایته‌وه‌،
ئه‌ی ئه‌و گوله‌ سوره‌ی له‌ پێناوی درکه‌کاندا هه‌لوه‌رێنرای،
ئه‌ی ئه‌و ده‌نگه‌ی ده‌تگوت ده‌مه‌وێ له‌ به‌ندیخانه‌ی که‌لتور بێمه‌ ده‌رێ و کپکرایته‌وه‌،
ئه‌ی ئه‌و رۆحه‌ی ویستت په‌یامی خۆشه‌ویستی و ئازادی دژ به‌ که‌لتوری دڕ و توندره‌وی بگه‌یێنیت!
دوعا گیان، تۆ چویته‌ ریزی شه‌هیدانی خۆشه‌ویستی و ئازادی، تۆ چویته‌ ریزی عیسا و سوهره‌وه‌ردی و حه‌للاجه‌وه‌ ...
دوعا گیان تائێستا به‌نده‌ی عاشق چاوم له‌ میحرابی ئه‌و عاشقه‌ مه‌زنانه‌ بوو، وا تۆش چویته‌ ریزی ئه‌وانه‌وه‌،
من که‌ هه‌نوکه‌ باوکی کیژۆله‌یه‌کی نزیکه‌ی هاوته‌مه‌نی تۆم، وا بوومه‌ ده‌روێشی رێبازی تۆی جوانه‌مه‌رگ. زۆرزوو گه‌یشتیت کچه‌که‌کم.
دوعا گیان خه‌م مه‌خۆ، گه‌ر دنیا وا بروات، ئێمه‌ومانانیش به‌ دواتا دێین. مێژوو هه‌روابووه‌، یان ده‌ بیته‌ چاوچنۆک و درک و ده‌سه‌لاتدار و هه‌لپه‌رست و بێویژدان، یان ده‌بیته‌ عاشق و گول و بێده‌سه‌لات و ره‌وشت به‌رز. خۆشبه‌ختانه‌ تۆ چویته‌ ناو مێژووی چاکان و عاشقان و گوله‌وه‌.
ئاخ ئه‌و ترسه‌ی له‌ ساتی په‌لکێشانت، ساتی به‌ردبارانت، ساتی بێ ده‌سه‌لاتی و بێ ئومێدی که‌ له‌ ناخدا خولقا، ئه‌و ساته‌ی که‌ هه‌رته‌نها خۆت هه‌ستت به‌ بوونی خۆت ده‌کرد و ته‌نیایی و بێکه‌سی بالی به‌سه‌رتا کێشابوو، زۆر ئازارم ده‌دات.
ئه‌وه‌ی هێنده‌ی تر ئازارم ده‌دات مه‌ستی ئه‌و یاساول و درک و درندانه‌ی هێنده‌ به‌ بۆن و به‌رامی پیرۆزی که‌لتوره‌وه‌ مه‌ست بووبوون، هێنده‌ بێ هه‌ست و بێ ویژدان بوون، هێنده‌ دلره‌ق و که‌لله‌پوچ بوون، نه‌یانتوانی ئاهو ناله‌ و بێنه‌وایی تۆ ببیستن.
ئاخر که‌لتور ده‌بێت بۆ مرۆڤ بێت، بۆ راگرتنی کۆمه‌لگا بێت، بۆ رێکخستنی تاکه‌کان بێت، که‌ بگاته‌ ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ پێناویدا بکرێته‌ قوربانی و به‌رده‌باران بکرێت، ده‌نگی ویژدان بخنکێنێت و گولی ناسک هه‌لوه‌رێنێت، ئاخر که‌لتور! ئیتر تۆم بۆ چییه‌ که‌لتور! که‌لتوری ئێمه‌ بۆته‌ به‌ندیخانه‌یه‌ک مرۆڤی ترسناک و سامناک و دڕنده‌ به‌رهه‌مدێنێت.
به‌دوعا، ئه‌ی گچکه‌ ترینی شه‌هیدی عه‌شق! ئه‌وه‌ی تۆ به‌ په‌یامی خۆشه‌ویستی گه‌یاندت، تا ئێستا هیچ سه‌رکرده‌یه‌کی کورد به‌ جه‌نگ نه‌یگه‌یاندووه‌. بێخه‌م به‌ کیژۆله‌که‌م، تۆ به‌رکولی کاروانی شه‌هیدانی عه‌شق بوویت، گه‌ر کار وابروات زۆریتریش به‌ دواتا دێت.

 

           

 

04/07/2007

 

goran@dengekan.com

 

dangakan@yahoo.ca