فه‌رهه‌نگی عاره‌بی... و... ڕۆشنبیری ساویلکه‌

بارزان شوان

سوید

زۆر جار له‌ دامو ده‌زگا گشتیه‌کان و بڵاوکراوه‌‌ ڕۆشنبیریه‌کاندا گله‌یی و گازه‌نده‌یه‌کی بێلایه‌نمان ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ڕۆشنبیر و ڕووناکبیرانه‌ به‌رگوێ ده‌که‌وێت که‌هه‌‌رده‌م خه‌ریکی هێنانه‌ کایه‌وه‌و نوێکردنه‌وه‌ی به‌رهه‌رمی تازه‌ن بۆ گونجاندنی کۆمه‌ڵگاکه‌یان له‌ گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتوه‌کاندا، جا هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و که‌سانه‌ نه‌ته‌وه‌ په‌رست بن یاخود سه‌ر به‌ لایه‌نه‌ چه‌په‌کان بن یاخود لیبرالی بن، ئه‌و خۆ به‌ ناو ڕۆشنبیرانه‌ هه‌رده‌م شکستیان هێناوه‌ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیروبۆچوونه‌کانیان و به‌ڕێوه‌بردنی ڕێگه‌چاره‌یه‌ک بۆ نوێ کردنه‌وه‌ی بیره‌‌ پێشکه‌وتوخوازه‌کانیان. شکستیه‌کانیان ڕووه‌و نه‌باوه‌ڕی میلله‌ته‌کانیان بۆ بۆچونه‌کانیان و شێوه‌کاری ڕێگه‌چاره‌کانیان و ڕزگارکردنی میلله‌ته‌کانیان له‌ زیندانی چوێرانه‌ی ژیانیان و تازه‌کردنه‌وه‌ی لاسایی که‌رانه‌ی ژیانی میلله‌تانی پێشڤه‌چوی کۆمه‌ڵگا سه‌ر به‌ ووڵاته‌ ڕۆژئاواییه‌کان، به‌ ناو لێزانه‌ بێ باکه‌کان دووباره‌ پاشقول له‌و ڕۆشنبیرانه‌ ده‌گرن که‌ ده‌یانه‌وێت ئاینی ئیسلامی پیرۆز به‌ شێوه‌یه‌کی پێشکه‌وتوانه‌ بنرخێنن و شیکارێکی زانستیانه‌شی بۆ داده‌نێن که‌ ڕوه‌ شاردراوه‌کانی ئه‌و ئاینه‌یان بۆ میلله‌تان تا ڕاده‌یه‌ک بۆ خویا ده‌کات، مخابن ئه‌و نیمچه‌ ڕۆشنبیرانه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵسوکه‌وت و لێدوان و بانگه‌وازی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ خولیای تازه‌کردنه‌وه‌ن به‌ کافر و بێ دین و دواکه‌وتو ناو ده‌به‌ن، ئه‌و جۆره‌ بۆچونانه‌ به‌ بۆچونێکی ناشیاوی زۆرده‌ملێ ده‌ژمێردرێت و ئه‌و حوکمانه‌ی که‌ ده‌یسه‌پێنن به‌ سه‌ر ئه‌و ڕووناکبیرانه‌ گه‌لێک سه‌خت و گرانن‌ و ئه‌و بایه‌خه‌ی ئه‌وان به‌ نوێ کردنه‌وه‌ی بیروهۆشی مرۆڤی‌ ده‌ده‌ن و له‌ هه‌مان کاتیشدا خه‌ڵکانێک به‌ره‌نگاریان ده‌بنه‌وه‌ به‌ چوێرانه ڕێگه‌ چاره‌کانیان‌ ده‌بنه‌‌ هۆی له‌ ناوچوونی کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نیه‌کان له‌ چوارچێوه‌ی سیاسی و ئاسایش و ئابوری و ڕۆشنبیریدا، زیاتر گوێگرتن له‌و نیمچه‌ ڕۆشنبیرانه‌ وات لێده‌کات بگه‌یته‌ باوه‌ڕێک که‌ ئه‌و که‌سانه‌ نه‌ک ته‌نها به‌ نه‌رێتی کار ده‌که‌نه‌ سه‌ر کۆمه‌ڵگاکان به‌ڵکو په‌ل و پۆش ده‌هاوێژن به‌ره‌و زه‌ریایه‌کی قوڵ و تاریکتر، زۆربه‌ی زۆریان بۆچونه‌کانیان له‌گه‌ڵ پێکهاته‌ ساکارو نه‌ریته‌ شیاوه‌کانی سه‌ر به‌ کۆمه‌ڵگاکانیان به‌رپه‌چ ده‌ده‌نه‌وه‌، له‌ گشت لایه‌نه‌کانی شیکردنه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ و هه‌وڵدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی به‌ڵگه‌ی تازه‌و وه‌رگێڕیکی لاسایی که‌رانه‌ له ناخی داب و نه‌ریتی‌ کۆمه‌ڵگا پێشکه‌وتوه‌کانی‌ گشت پارچه‌کانی جیهان و به‌ زۆرده‌ملێ کردنی نێزدیک کردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕه‌ جوداکانی دوو کۆمه‌ڵگای جیاواز و هه‌وڵدان بۆ گۆڕینی نه‌ریته‌ ڕه‌سه‌نه‌کان به‌ کارێکی بێ ئارمانج و هه‌وڵێکی به‌ فریودان ده‌توانرێت ناو ببرێت، دوابه‌دوای ئه‌وه‌ش وه‌ک پڕۆژه‌ پێشکه‌شی کۆمه‌ڵگاکه‌یان ده‌که‌ن ئه‌و‌ پێکهاتانه‌ی که هه‌ر‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ میلله‌ته‌که‌یانی پێکه‌وه‌ گرێ داوه‌ له‌ خشته‌ی ده‌به‌ن، ئه‌م تێکه‌ڵبوونه‌ ده‌بێته‌ هۆی هه‌ڵچون و دروست بوونی ناشیاوی نێوان کۆمه‌ڵگا جوداکان که‌ نه‌ ته‌واو ده‌بێت و نه‌ بنیشی دێت، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئایا ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگا ئسلامیه‌کاندا وه‌ک نمونه‌ هه‌ن پێویستی به‌ تێکه‌ڵبوونی فه‌رهه‌نگی میلله‌ته‌‌ بێگانه‌کانه‌؟ به‌ تایبه‌تی فه‌رهه‌نگی به‌ربڵاوی عاره‌بی، که‌ هه‌ر به‌ خۆی وا بنیات نراوه‌ که‌ به‌ هیچ جۆرێک نه‌شێت خۆی قابیل به‌ گۆڕانکاری بکات ، ئه‌ویش هه‌ر به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ئه‌و کولتوره‌ بیابانیه‌ به‌ هۆی بڵاوبونه‌وه‌ی ئاینی ئیسلامی پیرۆزه‌وه‌ بمانه‌وێت یان نه‌مانه‌وێت خۆی تێقورتی گه‌لێک له‌ کولتوره‌ جوداکانی کۆمه‌ڵگا به‌ ئسلام کراوه‌کان کردوه‌ و بێباکانه‌ تاکو کۆی هاوبیری خه‌ڵکانی ئه‌و کۆمه‌ڵگانه به‌ پاڵه‌په‌ستۆ‌ به‌شداری فه‌رهه‌نگی عا‌ره‌بی بوون، به‌ تایبه‌تی پێکهاته کۆمه‌ڵگا‌ غه‌یره‌ عاره‌به‌کان وه‌ک میلله‌تی کورد بۆ نموونه‌.

جا تۆ بڵێیت هۆکارێکی‌ گرنگی له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ری تر هه‌بێت که‌ ده‌ستپێشکه‌ری کردبێت ؟ که‌واته‌ کام فه‌رهه‌نگه‌ که‌ ئه‌وڕۆ خۆی به‌سه‌ر کۆمه‌ڵگا عا‌ره‌بیه‌کان سه‌پاندوه‌، بێگومان فه‌رهه‌نگی ئاینی ئیسلامه‌، که‌ خۆی داسه‌پاندوه‌ به‌ سه‌ر عاره‌بی ئیسلامی و عاره‌بی غه‌یره‌ ئیسلامی بۆ نموونه‌ خاچپه‌رسته‌ عاره‌به‌کان، که‌واته‌ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و داکۆکیانه‌ی که‌ سه‌ر به‌ هزری مرۆڤی ڕۆشنبیرن ناکرێت له‌ لایه‌ن چه‌ند که‌سانێکه‌وه‌ ببێته‌ هۆی وه‌ستانی چه‌رخی گه‌ردون و ڕۆناهی به‌ره‌و پێشه‌وه‌ چونی بیروهۆشی هاوچه‌رخان له‌ دابه‌شکردنی کاره‌ساته‌  ناخۆشه‌کان، ئه‌مانه‌ ده‌رگای چوونه‌ژوره‌وه‌ی سه‌ره‌کین بۆ کارکردن له‌ شیکردنه‌وه‌و ڕه‌خنه‌ گرتن له‌ داکۆکیه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگاکانمان سه‌باره‌ت به‌ سیاسه‌ت و باری ئابوری و پێشڤه‌چون و هتد...

که‌واته‌ فه‌رهه‌نگی ئیسلامی ڕه‌گی له‌ ناخی فیکروهۆش و ڕۆحی زۆرینه‌ی زۆری عاره‌به‌کان داکوتیوه‌، بازدان له‌ سه‌ر ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ ئاینیه‌ یاخود هه‌وڵدان بۆ خولانه‌وه‌ له‌ نێو ئه‌و بازنه‌ داخراوه‌دا بۆ تازه‌کردنه‌وه‌و پێشڤه‌چونی کۆمه‌ڵگا، ته‌نها کات کوشتنه‌و خۆ خه‌ریک کردنه‌ به‌ شتێکه‌وه‌ که‌ ئه‌نجامه‌که‌ی ڕوون و ئاشکرا دیارن‌، ئه‌ویش گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سه‌ر خاڵی یه‌که‌م.، به‌ڕای من ته‌نها ڕێچاره‌یه‌ک هه‌بێت بۆ شیکردنه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ داخراوه‌ پێویستی به‌ ڕۆشنبیری زیاتر ده‌کات له‌ نێو ده‌زگا ڕۆشنبیریه‌کان و داموده‌زگا خوێندنه‌کاندا، ده‌توانرێت ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ داخراوه‌ تێکه‌ڵ به‌ هه‌ندێک له‌و فه‌رهه‌نگه‌ به زۆره‌ملێ‌ ئیسلام بوانه‌دا بکرێت، ئه‌گه‌ر زیاتر بمانه‌وێت هۆیه‌کان زیاتر شی بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌و کاته‌ پێویست به‌ ڕه‌خنه‌وه شیکردنه‌وه‌ی بێ چاره‌ ناکات، به‌ڵکو پێویسته‌ که‌ سوود له‌و که‌سانه‌ وه‌ربگیرێت که‌ دێر زه‌مانێکه‌ مژوولن به‌ نوێکردنه‌وه‌ی فه‌رهنگه‌ داخراوه‌کان، یاخود بۆچی نه‌توانرێت‌ دووباره‌ هه‌وڵ بدرێت که‌ پێکهاته‌ جوداکانی نێو کۆمه‌ڵگا عاره‌بیه‌کان نوێ بکرێته‌وه‌، ئه‌ی بۆچی خولیای گۆڕینی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ نه‌بین که‌ به‌ زه‌بری تۆپ و ئاسن خۆیان به‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگا له‌خشته‌بردوانه‌دا سه‌پاندوه‌‌ هه‌وڵده‌ین به‌ ڕێگه‌یه‌کی دیموکراتیانه‌ ئه‌وانیش بتوانن بگه‌ن به‌ مافه‌ ڕه‌واکانیان، که‌واته‌ خودی گۆڕانکاریه‌که‌ ده‌بێت له‌ نێو خودی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌وه‌ هه‌ڵقوڵێت، ئه‌ویش فه‌رهه‌نگی دینی ئسلامی پیرۆزه‌، ئارمانجی سه‌ره‌کیمان ده‌بێت ئه‌وه‌ بێت که‌ شیکردنه‌وه‌کانی ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ کولتوریه‌ ده‌بێت هه‌ڵقوڵێت له‌ ئاستی فیکر و فه‌قێتی و خوێندنه‌وه‌ی ڕاستی ئایه‌ته‌ دابه‌زیوه‌کان و شیکردنه‌وه‌ش ده‌بێت له‌ ڕوانگه‌ی کاریگه‌ریه‌ مێژوویه‌کان و ئاماده‌بوون بۆ په‌ڕینه‌وه‌ بێت له‌و کاردانه‌وانه‌ی که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی ناڕاست و دروست سه‌پێندراون به‌ سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵگانه‌دا که‌ چه‌نده‌ها سه‌ده‌یه‌ وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه‌ ئاماده‌ش نیه‌ خۆی بداته‌ ده‌ست گۆڕانکاریه سه‌ر به‌‌ مه‌ده‌نیه‌کان و گوێڕایه‌ڵی نوێکردنه‌وه‌ هه‌ر ناکات، جا پێویسته‌ له‌ خودی ویستی نوێکردنه‌وه‌و ژیاندانه‌وه‌ی ئه‌و فه‌رهه‌نگه که‌ڵک له‌و‌ بڕگه‌ ئاینیانه‌ وه‌ربگیرێت که‌ ده‌توانرێت به‌ خۆ هه‌ڵواسینی هه‌ندێک چمکی ئه‌و نووسراوانه‌ به‌رنامه‌یه‌کی داڕێژکراوی پێشڤه‌چوی بۆ ساز بکرێت و بنیاته‌ سه‌ره‌کیه‌کان به‌ره‌و گۆڕین مل بنێن بۆ پێکهێنانی ئایدۆلۆژیایه‌کی هێژا تر که‌ له‌ هه‌مان کاتدا بگهونجێت له‌ گه‌ڵ ئه‌و فه‌رهه‌نگه‌ دێرینه‌دا که‌ کۆمه‌ڵگاکه‌ی لێ پێک هاتوه‌و هزرو هۆشی ڕوناکتر سه‌ر هه‌ڵبێنێت.

هه‌ڵسوکه‌وت ڕوبه‌ڕووی ئه‌و ئاسته‌ زانستیانه‌ خوازیاری سوود لێوه‌رگرتنی فیکرو فه‌رهه‌نگ و ڕژێمه‌ پێشکه‌وتخوازه‌کانه‌ و گرتنی به‌رهه‌مه‌ فه‌لسه‌فی و زانستیه‌کان و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان و ڕێزگرتن له‌ مافی مرۆڤ و پاراستنی ژینگه‌یه‌ و که‌ڵک وه‌رگرتنه‌ له‌  به‌کارهێنانی په‌یڕه‌وپرۆگرامه‌ زانستیه‌ تازه‌کانه‌. بێگومان جیاوازیه‌که‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ که‌ڵک وه‌رگرتنه‌ له‌ ئاسمانێکی کراوه‌ی پێشڤه‌چووو‌ و ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی ئاینی پیر‌ۆزی ئیسلامه و فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگا جوداکانه‌ و له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ڕوه‌و ئاسمانێکی پڕ له‌ ڕۆشنبیری و خه‌یاڵاتێکی نه‌بینراوه‌ یاخود به‌ تاوانکردنی هه‌ندێک کۆمه‌ڵگای بچوکی نێو فه‌رهه‌نگه‌ جوداکانی جیهانێکی به‌رینه‌. بێگومان ئه‌م بۆچونانه‌ پێویستی به هه‌ردووک‌ ڕۆشنبیر ولێزان‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌ست به‌ پێداویستی گۆڕانه‌ سه‌ره‌کیاکان ده‌که‌ن له‌ نێو کۆمه‌ڵگا جوداکاندا به‌ تایبه‌تی کۆمه‌ڵگای داخراوی عاره‌بی. به‌ مه‌رجێک مه‌نزوری ئه‌و زانایانه‌ش ته‌نها ئه‌وه‌ بێت که‌ بتوانن چمکێک له‌ گرفته ڕاده‌ به‌ده‌ر‌ زۆره‌کانمان شی بکه‌نه‌وه‌، ئه‌و ڕۆشنبیره‌ی خۆی له‌و ده‌ریا بێبنه‌ نوقوم ده‌کات ده‌بێت شاره‌زاییه‌کی ته‌واوی به‌رامبه‌ر به‌ ئاینی ئیسلام و فه‌رهه‌نگ و کۆلتوری کۆمه‌ڵگا مه‌ده‌نیه‌کانی تری جیهان هه‌بێت، جا با ئه‌و ڕۆشنبیره‌ ئیسلامی بێت یان مارکسی ، نه‌ژاد په‌رست بێت یان لیبرال بێت، یاخود بلا هه‌ر هیچیان نه‌بێت، ئه‌و که‌سه‌ به‌ڕاستی ده‌بێت هه‌ڵگری شیکه‌ره‌وه‌ی ئه‌و هاوسه‌نگیه‌ سه‌خته‌ بێت، ئه‌ویش ئه‌گه‌ر بێت و به‌ڕاستی بیه‌وێت ئه‌و ڕۆڵه‌ مێژوویه‌ ببینێت که‌ ده‌بێته‌ ڕووناک که‌ره‌وه‌ی مانا سه‌خته‌کانی ژیان، نه‌ک ته‌نها ئه‌و ڕووناکبیره‌ بێت که‌ بۆچونه‌کانی نه‌ په‌یوه‌ندی به‌ جێگاوه‌ هه‌بێت نه‌ به‌ کاتیشه‌وه‌ و نه‌ به‌ مرۆڤه‌کانیشه‌وه‌، بڕێکی زۆر که‌م له‌ ڕۆشنبیرانی عاره‌بی هه‌ن  که‌ ده‌یانه‌وێت تاریکی ژیانی کۆمه‌ڵگا عاره‌بیه‌کان ڕووناک بکه‌نه‌وه‌، بێگومان ئه‌وانیش نه‌ مه‌لان و نه‌ فه‌قێ به‌ڵکو خاوه‌نی بیرێکی هێژاو ڕووناکبیرێکی بێهاوتان، ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌یانه‌وێت کاروبارو فه‌رهه‌نگ و دابونه‌ریته‌ پاشکه‌وتوه‌کانمان بگۆڕن ده‌بێت به‌خۆیان زاناو فه‌یله‌سوف و بیرتیژێکی بلیمه‌ت بن که‌ بۆیان بلوێت گۆڕانکاری به‌ سه‌ر بنگه‌ی‌ فه‌رهه‌نگی ئیسلامی‌ بخوڵقێنن و تاوتوێکه‌ری گفتوگۆی ڕه‌سه‌ن بن بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن به‌رده‌وام بن له‌ دوانه‌کانیان سه‌باره‌ت به‌ گۆڕین ومشتومڕ کردن له‌ سه‌ر فه‌رهه‌نگی ئاینی و ته‌ڤله‌هه‌ڤکه‌ری بۆچونه‌کان بن سه‌باره‌ت به‌و ڕۆڵانه‌یان که‌ ده‌یگێڕن وه‌ک زاناو لێزانی فیکری ئاینی ئیسلامی، هه‌ر له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ میلله‌ت ده‌توانێت گوێیان لێ ڕاگرن و ده‌ستخۆشیان لێ بکه‌ن و ببنه‌ هه‌ڵگری ئاڵای بۆچوونه‌ پێشکه‌وتوخوازه‌کانیان. هه‌ر ئه‌و ده‌مه‌ش نه‌ته‌وه‌کان تێکڕا له‌ بۆچوونه‌کانیان ده‌گه‌ن و له‌ شیکردنه‌وه‌کانیان حاڵی ده‌بن.

 

0704

uvnbas@hotmail.com