ئالوگۆره‌ سیاسیه‌کانی عێراق پاش هێنانه‌ خواره‌وه‌ی په‌یکه‌ری دیکتاتۆر سه‌دام حسێن

 

به‌ختیار سامی

پاش چوار سال تێپه‌ربوون به‌سه‌ر په‌یامه‌که‌ی جۆرج بۆش له‌ رۆژی 9/4/2003 بۆ جیهان و خه‌لکی عێراق ده‌رباره‌ی شه‌ری دژ به‌تیرۆر و روخاندنی رژێمی به‌عس وکۆتای هێنان به‌ رژێمێکی دیکتاتۆری ودامه‌زراندنی حکومه‌تێکی دیموکراسی نوێ.

به‌پێ په‌یامه‌که‌ی جۆرج بۆش بۆ خه‌لکی عێراق و سه‌رکه‌وتنی سه‌ربازه‌کانی له‌شه‌ری دژ به‌تیرۆر و دامه‌زراندنی حکومه‌تێکی دیموکراسی، یان نه‌وتی عێراق بۆ خه‌لکی عێراق!!! ده‌بوو ئێستا باری ژیانی سیاسی و ئابووری و کۆمه‌لایه‌تی گه‌لی عێراق ئالووگۆری زۆر پێشکه‌وتنی به‌خۆیه‌وه‌ دیبا. جۆرج بۆش له‌په‌یامه‌که‌یدا ئێران و سوریایشی ده‌خسته‌ لیستی دوژمنه‌کانی خۆی و هه‌ره‌شه‌ی شه‌رکردنی له‌دژیان راده‌گه‌یاند.پێی وابوو به‌زوترین کات له‌شه‌ری عێراق سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت و مه‌یدانی شه‌ر ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ ئێران.

به‌لام له‌گه‌ل هێنانه‌خواره‌وه‌ی په‌یکه‌ری دکتاتۆر سه‌دام حسێن له‌مه‌یدانی (فیردوس) ناوچه‌که‌ به‌گشتی و عێراق به‌تایبه‌تی پێی نایه‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێکردنی قۆناغێکی سیاسی زۆر ئالۆزه‌وه‌و ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانیش تووسشی قه‌یرانێکی گه‌وره‌بوون،ئه‌مریکا نه‌ک هه‌ر نه‌یتوانی دیموکراسی له‌عێراق دا‌مه‌زرێنن به‌لکو شیرازه‌ی کۆمه‌لگای عێراقیان له‌به‌ریه‌ک هه‌لواشنده‌وه‌و شه‌رێکی خوێناوی ناوخۆیان به‌ناوی شیعه‌و سنه‌و کوردو عه‌رب ده‌ستپێکرد.عێراق بوو به‌ قوتابخانه‌یه‌ک بۆ گه‌شه‌پێدانی هه‌موو هێزه‌ سیاسیه‌ ئیسلامی و قه‌ومیه‌کان،ئه‌م هێزانه‌ش نه‌ک باوه‌ریان به هیچ‌ سیسته‌مێکی دیموکراسی نیه‌، هه‌تا ئاماده‌نین ‌سه‌ره‌تایترین مافه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌لایه‌تییه‌کانی خه‌لکی عێراق وه‌کو ئازادی بیروباوه‌ر،جیای دین له‌ده‌وله‌ت،به‌رابه‌ری ژن و پیاو، بیمه‌ کۆمه‌لایه‌تییه‌کان چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی کورد....هتد به‌ره‌سمی بناسن.

نه‌وتی عێراق بۆ خه‌لکی عێراق!!!

به‌پێ قسه‌کانی جۆرج بۆش ده‌بوو ‌نه‌وتی عێراق که‌سه‌رچاوه‌یکی سورشتی ئابووری گه‌وره‌ی حکومه‌تی عێراقه بگه‌رێته‌وه‌ بۆ دابین کردنی پێداویستیه‌کانی خه‌لکی عێراق. به‌لام‌ نه‌ک سه‌روه‌توو سامانی نه‌وه‌تی عێراق نه‌بوو به‌ نسیبی خه‌لکی عێراق،هه‌تا له‌ سه‌ره‌تای ترین پێداویستی یه‌کانی وه‌ک ئاو کاره‌باش. بێبه‌شکران.له‌ولاشه‌وه‌ کۆمپانیا نه‌وتیه‌کانی ئه‌مریکاو فه‌ره‌نساو به‌ریتانیا به‌ئاره‌زووی خۆیان نه‌وتی عێراق ده‌فرۆشن به‌وولاتانی دونیا.یان به‌شێکی نه‌وتی عێراق بۆ خه‌رجی شه‌ر به‌کاری ده‌هێنن.

به‌هۆی شکستی سیاسه‌ته‌کانی ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی له‌عێراق ده‌وله‌تانی تری ناوچه‌که‌ش به‌تایبه‌تی ئێران ده‌رگای ده‌خاله‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌ی بۆ کرایه‌وه‌ که‌ده‌خاله‌ت بکات له‌کاروو باری ناوخۆی عێراق و یارمه‌تی سیاسی و مادی هه‌موو گروپه‌ دینیه‌ کۆنه‌په‌رسته‌کان بکات بۆ ئه‌وه‌ی جێگاورێگای سیاسی خۆی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مریکا له‌ناوچه‌که‌ به‌هێزتر بکات و مه‌ترسی هه‌ره‌شه‌کانی ئه‌مریکای له‌سه‌ر که‌م بێتوه‌و له‌ئاستی نێوده‌وله‌تیشه‌وه‌ ئێران له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌لاتی ناوه‌راستی وه‌ک ته‌نها هێزێک حسابی بۆ بکرێت.هه‌ر بۆیه‌ ئێران به‌ئاشکرا هه‌ره‌شه‌ له‌ئیسرائیل ده‌کات و یارمه‌تی حیزبلله‌له‌ لوبنان ده‌دات و ده‌خاله‌ت له‌کاروباری ناو خۆی عێراق ده‌کات و نایه‌وێت ئه‌من و ئاسایش له‌عێراق پێک بێت.

 ‌ ئه‌مریکا به‌هۆی شه‌ر له‌دژی‌ ‌ئه‌فغانستان و عێراق له‌ئاستی دونیا رووبه‌روی ناره‌زایه‌تیه‌کی زۆر بۆتوه‌،له‌ناوه‌خۆی ئه‌مریکاش ناره‌زایه‌تی دژ به‌سیاسه‌ته‌کانی جۆرج بۆش رۆژ به‌رۆژ له‌زیادبووندایه‌. ناکۆکیه‌کانی نێوان حیزبی جمهوری و دیموکراتیخوازه‌کان سه‌باره‌ت به‌مانه‌وه‌ی هێزه‌کانیان له‌عێراق قولتر بۆته‌وه‌. هه‌روه‌ها به‌هۆی خه‌رج کردنی ئیمکانیاتێکی مادی زۆر  بۆشه‌ری ئه‌فغانستان و عێراق، ئه‌مریکا له‌رووی ئابووریه‌ تووشی قیران هاتووه‌،چیتر ناتوانێ به‌ته‌نها درێژه‌ به‌و شه‌ره‌ بدات.

بۆیه‌ ئه‌مریکا  به‌هه‌رشێوه‌یه‌ک هه‌یه‌ ده‌یه‌وێت به‌زووترین کات هێزه‌کانی خۆی له‌عێراق بباته‌ده‌ره‌وه‌و ‌رێگای دبلۆماسی خۆش بکات له‌گه‌ل ئێران و هێزه‌ ئیسلامیه‌کانی ناو عێراق و به‌عسیه‌کانیش رێک بکه‌وێت. بۆئه‌وه‌ی له‌و قه‌یرانه‌ی له‌عێراق رووبوروی بۆته‌وه‌ رزگاری ببێت، کۆمه‌لانی خه‌لکی عێراق هیچ باوه‌رێکیان به‌ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانی نه‌ماوه‌ که‌ بتوانن چاره‌سه‌ری ئه‌و قه‌یرانه‌ سیاسی و ئابووری و کۆمه‌لایه‌تیه‌ی عێراق بکات.گه‌لی عێراق پێیان وایه‌ نه ‌ئه‌مریکا و نه‌ ئه‌وهێزانه‌ی که‌به‌شدارن له‌پێکهێنانی حکومه‌تی داهاتووی عێراق ناتوانن دیموکراسی له‌عێراق دامه‌زرێنن و‌ سه‌روه‌توو سامانی نه‌وه‌تی عێراقیش بگێرنه‌وه‌ بۆ خه‌لکی عێراق، به‌لکو ئه‌وه‌ خودی ئه‌مریکاو ئه‌و هێزه‌ کۆنه‌په‌رستانه‌ن سه‌به‌بی گرانی و هه‌ژاری و تیرۆرو گه‌شه‌سه‌ندنی هێزه‌ دینی و قه‌ومی و تیرۆریسته‌کانن.ئه‌وه‌ ئه‌مریکاو هاوپه‌یمانه‌کانن مانه‌وه‌ی عێراق به‌م جۆره‌ به‌قازانجی خۆیان ده‌زانن و ده‌یانه‌وێ درێژه‌ی پێ بده‌ن.

 

 

 

                                                 13/4/2007