نامه‌یه‌کی کراوه

بۆئه‌ندامانی حزبی دیمکراتی کوردستان

ئه‌شره‌ف شه‌یدای هاشمی

 

‌ بۆ به‌ڕێزان مامۆستا عبدوڵای حه‌سه‌ن زاده‌, به‌رپرسان و ئه‌ندامانی حزبی دیموکراتی کوردستانی له‌ گه‌ڵ سڵاو ڕێزو خۆشه‌ویستیم بۆتان ده‌مه‌وێ له ‌ڕێگای ئه‌م نامه‌یه‌وه‌ چه‌ند پێشنیارێک و بۆچونی خۆمتان پێشکه‌ش بکه‌م، که‌ هیوادارم لێم وه‌رگرنو هه‌ڵوێسته‌یه‌کی له‌سه‌ر بکه‌ن، من که‌ شاعیرو شعره‌کانم ساڵانێکه‌ له‌خزمه‌ت کێشه ‌ڕه‌واکه‌ماندا به‌چۆکدا هێناوه‌و به ‌بنه‌ماڵه‌ش له‌ هه‌ره‌ بنه‌ماڵه‌ کۆنه‌کانین که‌ له ‌ڕیزی ئه‌م پارته‌دا خه‌باتمان کر‌دبێ له‌ ژێر سێبه‌‌ری ئاڵای ئه‌م پارته‌دا خۆمان بینیوه‌ته‌وه ‌بۆیه‌ به ‌مافی خۆمی ده‌زانم سه‌رنجتان بۆ ئه‌م ڕونکردنه‌وانه‌ ڕابکێشم. به‌ڕاستی به‌دابه‌ش بونی حزبی دیموکراتی کوردستان تاسام، غه‌مبار بووم، به‌ڵام بێهیوا نه‌بووم ساڵانێکه‌ ده‌زانم ده‌بێ چاکسازی بنه‌ڕه‌تی له‌ حزبدا بکرێ،گه‌رچی پێم خۆش نیه‌ هیچ پارتێکی کوردی که‌رتی تێ بێ،دیاره‌ هێز له‌ یه‌ک گرتنو یه‌ک پارچه‌ییدایه‌ ، به‌ڵام له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌ر سکرتێرو ئه‌ندامانی سه‌ره‌وه‌ی پارتێ پارته‌که‌یان خسته ‌خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌نی تاکه ‌که‌سیی خۆیانه‌وه ‌په‌یره‌وپرۆگرامه‌کانی حزب وه‌لاوه‌نرا، دوای ئه‌وه‌ی هه‌وڵی چاکسازی دراو شکستی هێنا، باشتره‌ ئه‌وانه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌خه‌نه‌ سه‌روی هه‌موشتێکه‌وه‌ گه‌ر نه‌یان توانی به ‌ڕێگایه‌کی دیموکراتی کاروباری حزب بگرنه ‌ده‌ست  ئه‌وه‌ باشتره‌ ئه‌و حزبه‌ به‌جێ بهێڵن و نه‌که‌ونه‌ خزمه‌ت دیکتاتۆره‌ بچکۆلانه‌کانه‌وه‌ له‌ کاتێکدا ئه‌م بنه‌مایانه‌ دروستن، گه‌ر ئه‌وانه‌ی حزب پارچه‌ ده‌که‌ن له‌سه‌ر چه‌ند ناکۆکییه‌کی تاکه‌ که‌سیی نه‌بێ، ته‌نها نه‌گونجانیان پێکه‌وه‌ نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناکۆکی تاکه ‌که‌سیی، حزبێک به‌ هه‌مان په‌یڕه‌و پرۆگرامی پێشوو دروست که‌ن که‌ خوازیارم وه‌ها نه‌بێ. هیوادارم ڕه‌چاوی ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌ن.

1- ئێوه‌ که‌ له‌ حزبی دیمکراتی کوردستان جیابونه‌توه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گوڕێکی تازه‌ به ‌خه‌باتی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا بده‌ن باشتره‌ گۆڕانی بنه‌ڕه‌تی له‌ په‌یڕه‌و پرۆگرامی حزبدا بکه‌ن یا هیچ نه‌بی پیا بچنه‌وه.‌

2- ناوی پارته‌که‌ بگۆڕن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رلێشێوان دروست نه‌که‌ن. هه‌تا ناوێکیش ئه‌وه‌ ناهێنێ شه‌ڕو مه‌رافه‌ی له‌ سه‌ر دروستکه‌ن، هیچ شتێکی پیرۆزنیه‌ که‌ ئێوه‌ پێوه‌ی پابه‌ندبن سه‌باره‌ت به‌ ناوی پارته‌که،‌ بۆ خۆی له‌ دنیادا هیچ شتێکی پیرۆز نیه‌، مرۆڤایه‌تی تا به‌ ئێستا گه‌شتوه‌ سه‌دان خوای گۆڕیوه ‌سه‌دان په‌یکه‌ری وانی شکاندوه‌، هه‌موشمان ده‌زانین که‌ حزبی دیموکرات له‌ مێژویدا زۆر ڕۆژی ڕون هه‌بوه‌و له‌ هه‌مان کاتدا به‌رانبه‌ر به‌ هه‌موو ڕۆژێ شه‌وانی ئه‌نگوسته‌ چاویش هه‌بوون،‌ وه ‌گه‌ر پێشتان وایه‌ گه‌ل ته‌نها دوای ناوه‌ کۆنه‌که‌ ده‌که‌وێ، من ئه‌مه‌م پێ راست نیه‌ نموونه‌ش بۆ ئه‌وه‌ دروست بونی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان و هه‌ر نمونه‌ی زیندوی دووساڵ له‌مه‌وپێشی جیابونه‌وه‌ی ئارێل شارۆن له‌ حزبی لیکودو دروست کردنی حزبێ به‌ناوی که‌یماو  هه‌روه‌هاش بینیمان چۆن که‌ئما سه‌رکه‌و‌تنی به‌ده‌ست هێنا. بۆیه‌ ناوێ پێشنیار ده‌که‌م خوازیارم نیشانه‌م پێکابێ ئه‌ویش پارتی کۆماری کوردستانه‌ باشترین ناوه‌ گه‌ر ئێوه‌ خۆتان به‌ درێژه‌ پێده‌ری کۆماری کوردستان ‌بزانن وڵاته‌که‌شمان هیچ شاو مه‌لیکێکی نیه‌ وارس گری بێو له‌ داهاتودا کۆماریی قبوڵ نه‌بێ.

3 -  دروشمی ڕه‌سمی سه‌ربه‌خۆی کوردستان بێ،چونکه‌ نه‌ فیدراڵیو نه‌ مافی چاره‌نوسیش ‌ به‌هیج شێوه‌یه‌ک بۆ وڵاتێک ده‌ست نادات که‌ هێنده‌ی خوێن دابێ، هه‌موو په‌تی سیقه‌یه‌کیش له‌ نیوان گه‌له‌کاندا پسابێ، هه‌تا ئیستاش به‌رهه‌ڵستکارانی ئێران که‌ پێ ده‌چێ دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بێنه‌ سه‌ر حوکم نه‌ فیدراڵیان قبوڵه‌و نه‌ مافی چاره‌نوس و ئه‌مان له‌ کۆماری ئیسلامی زیاتری پێوه‌ ده‌نێنو خه‌و به‌ سه‌رده‌می حاخامه‌نشین وساسانیه‌وه‌ ده‌بیننو گه‌ر بۆیان بکرێ داوای عیراق و هیندو ئه‌فغانستانو نیوه‌ی وڵاته‌ سه‌ربه‌خۆکانی یه‌کیه‌تیی شه‌وره‌وی ده‌که‌ن، هه‌تا گه‌ر فیدراڵیش چه‌سپا ئه‌وا فیدراڵیه‌کی  زۆر ناجێگیرو ناعه‌داله‌تانه‌یه‌و هه‌موو هێزێ له‌ ده‌ستی خۆیانا ده‌هێڵنه‌وه‌و ‌ده‌بینه‌ پاشکۆیه‌کی زۆر لاواز ،‌ وه‌ک خۆمان ده‌زانین وتیا ژیاوین له‌م ناوچه‌یه‌ له‌ دنیادا هیچ ده‌ستورێکی جێگیر نیه،‌ دور نیه‌ له‌ هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌کی سه‌ربازیدا له‌ پایته‌خت ئه‌وانه‌ی دینه‌سه‌ر حوکم ده‌ستور به ‌به‌ر چاومانه‌وه‌ بدڕن و به‌ وه‌ره‌قه‌ی فیدراڵی قۆنه‌ره‌ سه‌ربازیه‌کانیان بسڕن ، وه‌ک نمونه‌یه‌کی هه‌نوکه‌یی زیندوو هه‌رچه‌نده‌ له‌ عیراقدا کورده‌کان گه‌لێک به‌هێزو ناوچه‌که‌شیان سه‌قامگیره ‌که‌چی تا ئێستا که‌س به‌ ڕه‌سمی دانی به‌فیدراڵیدا نه‌ناوه‌و جگه‌ له‌ کورده‌کان خۆیان که‌س  ناوی عیراقی فیدراڵی ناهێنی و گه‌ر بۆیان بکرێ ئه‌و ده‌ستوره‌ی باسی فیدراڵی تیا کراوه‌و ڕۆژ نیه‌ باسی گۆڕینی نه‌کرێ له‌ بیابانی عروبه‌دا ده‌نێژرن. وه‌ من پێم واشه‌ دوای ڕوخانی کۆماری ئیسلامی زۆر ئاسته‌مه ‌هیچ ڕێکخراو حزب وکه‌سێک بتوانێ هه‌موو گه‌ل ومه‌زهه‌به ‌جیاوازه‌کان له‌ نێو نه‌خشه‌ی ئێرانی ئێستادا له‌ ژێر سایه‌ی خۆیدا کۆ بکاته‌وه‌ و ‌ ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی ئێران ئێستا هه‌یه‌تی به‌بێ ده‌ست کاریو وردو خاش بون بمێنێ، گه‌ر بکرێتیش ئه‌وا خوێنی سه‌دان هه‌زاری ده‌وێ که‌ ئاسته‌مه ‌له‌ ئه‌مڕۆدا مرۆڤایه‌تی چاو له‌ کوشتارو زوڵمێکی وا بنوقێنێ ، وه‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ هه‌موو که‌مه‌نه‌ته‌وه‌یه‌کانی تری ئێران که‌ له‌ سه‌دا ده‌ی کورد شه‌هیدیان نه‌داوه‌و ڕێکخراو پایه‌ی خه‌باتێکی جێگیریان نیه‌ جگه‌ له‌ سه‌ر به‌خۆی به‌هیچ شتێکی تر ڕازی نین.

 

4 - له‌‌مه‌ودوا پێویسته‌ باش ئامانجه‌کانمان دیاری بکه‌ین باشیش ئه‌وه‌ی داوای ده‌که‌ین هه‌ڵێ بسه‌نگێنین و بزانین تا چه‌ند له‌ ڕاستیه‌وه‌ نزیکه‌و تاچه‌ند ده‌توانرێ جێبه‌جێ بکرێ.

 

5-  خۆمان خۆمان فریو نه‌ده‌ینو دوژمنه‌کانمان و ئاستی ڕۆشنبیریان باش هه‌ڵسه‌نگێنین و نه‌یان چوێنین به‌گه‌لانی پێش که‌وتوو ناتوانین گه‌لی فارس وه‌ک گه‌لی ئه‌مریکی یاکه‌نه‌دی یا ئاڵمانی چاولێبکه‌ینو چاوه‌ڕێ بین ئه‌و فیدراڵییه‌ی له‌وێ هه‌یه ‌بتوانری له‌ ئێرانیشدا چاوی لێ بکرێ.

 

6 - گه‌ر مافی چاره‌نوس یا فیدراڵی به‌ هه‌نگاوی یه‌که‌م بۆ گه‌شتن به‌ سه‌ربه‌خۆیی ده‌زانن فارسه‌کانیش ئه‌وه ‌باش ده‌زانن  جا باشتره‌ هه‌ر به‌سه‌ربه‌خۆی ده‌ست پێبکه‌ین، ناو هێنانی سه‌ربه‌خۆی نه‌ تاوانه‌و نه‌ کارێکی دور له‌ یاسا و مایه‌ی شه‌رمه‌زاریش نیه‌ هه‌موو گه‌لانی دنیا خاوه‌نی ئه‌و مافه‌ن یا خه‌باتی بۆ ده‌که‌ن، ئێمه‌ بۆ ده‌بێ له‌ داواکردنی ئه‌وه‌ی مافی خۆمانه‌ شه‌رم بکه‌ین، دوژمنانی کوردستان له‌ به‌کرێ گیراوانی ڕوسن و له‌وانیش گه‌وره‌تر نین بینیمان له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چیچه‌نه‌کان له‌ فیدراڵێشیان زیاتر هه‌بوو پێی ڕازی نه‌بوون.

 

7-  لابردنی هه‌ر جۆره‌ بڕگه‌یه‌ک له‌ پرۆگرامدا که‌ پشت به‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌به‌ستێ گه‌ر ته‌نها ئیشاره‌یه‌ک به‌ شه‌ریعه‌ت هه‌بێ ئه‌وا ناتوانێ ئه‌و پارته‌ پارتێکی علمانی بێ وه‌ دیاره‌ له‌ ناو کوردا هه‌ڵگرانی ئاینی دی هه‌ن بۆیه‌ ناکرێ وڵات له‌ ژێر سایه‌ی هیچ دینێکدا کۆبکرێته‌وه.

8 - هه‌ر بونی ماده‌یه‌ک که‌ باس له‌ یه‌کسانی ژن وپیاو  یا مافی ژنان بکا بۆ خۆی سوکایه‌تی کردنه‌ به ‌ژن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک نابێ هیچ بڕگه‌یه‌ک باس له‌ مافه‌کانی وان بکا ژن وپیاو ته‌نها وه‌ک دوو ڕه‌گه‌ز ته‌ماشا بکرێ هه‌تا زۆر ناعه‌داله‌ تی به‌ژن کراوه‌ بۆ یه‌ هه‌تا ناوه‌که‌شی  باس له‌و زوڵمانه‌ ده‌کا بۆیه‌ پێم باشتره‌ ئه‌و وشه‌یه‌ ده‌ربهێنرێته‌ده‌ره‌وه  وشه‌ی مێی له‌ باتی دانرێ.

 

9 - ده‌ست نیشان کردنی سنوری وڵات.

 

10- به‌ته‌واوی ڕون کردنه‌وه‌و ناساندنی ئه‌و زاراوانه‌ی که‌ کوردینو به‌زۆر په‌لکێش نه‌کردنی ئه‌وانه‌ی که ‌بۆ خۆیان زمانن بۆ ناو زمانی کوردی.

 

11- ده‌ست نیشان کردنی ئاڵاو سرودی نیشتمانی وڵات به‌بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی‌ که‌ پێمان بڵێن ئێمه‌ ده‌مانه‌وێ وڵات پارچه‌ بکه‌ین ،وڵاتێک که‌ به‌زۆرو زوڵمو دزینو داگیر کردنی نیشتمانی گه‌لانی دی دروست کرابێ  به‌ که‌له‌ سه‌ری مرۆڤه‌کان ئه‌م سنوره‌ چنرابێ، هه‌ر ده‌بێ ڕۆژێ ئه‌و پارچانه‌ لێک بترازێ،

12-  نه‌‌به‌ستنی په‌یمان له‌ گه‌ڵ هیچ حزبو لایه‌نێکدا که‌ سه‌ربه‌خۆی وڵاته‌که‌مان به‌ڕه‌سمی نه‌ناسێ.

 

13-  پله‌ی خوێندنو ڕۆشنبیری گشتی یه‌کێک بێت له‌ هۆکانی به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌ی ئه‌ندامانی حزب.

 

14 -  ئاماده‌کردنی کادیران بۆ به‌ڕیوه‌بردنی وڵات، پێگه‌یاندنی مامۆستایانی زمانی کوردی ئاشناکردنی هه‌موو ئه‌ندامانی حزب به‌ مێژوو دابو نه‌ریتو زمانی کوردی و جوگرافیای کوردستان.

 

 15 - ئاشنا کردنی کادێرانی حزبی به‌بنده‌کانی مافی مرۆڤ و بنه‌ماکانی دیموکراتی.

 

16- دروست کردنی دادگایه‌کی دادپه‌روه‌رانه‌ بۆ دادگای کردنو گۆڕینی سیسته‌می دادی له‌ شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه‌وه‌ بۆ دادگایه‌کی مۆدێڕن.

 

17 -  کارکردن به‌ هه‌موو ئه‌و به‌ندانه‌ی له‌ پرۆگرامدا هاتوه‌و خۆپاراستن له‌ ڕۆتێنو ڕۆتێن کاری.

 

18 - کارنه‌کردن به‌ پێچه‌وانه‌ی په‌یڕه‌و پرۆگرامی پارته‌که‌وه‌ که‌ له‌ مێژوودا دیمان هه‌ریه‌کێک له‌ پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق و ئێران و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستانیش پێی هه‌ستاون به‌رچاوترینیان دانوسانیان بوه‌ له‌ گه‌ڵ داگیرکه‌رانی کوردستانو دیکتاتۆره‌ به‌ناو بانگه‌کانیان که‌ دروشمی ئه‌وان دیموکراتی بۆ ئێران یا عراق ومافی چاره‌نوس یا خود موختاری یا ئۆتۆنۆمی بووه‌ بۆ کوردستان، به‌ڵام ده‌ستیان له‌ نێو ده‌ستی سه‌دام حسه‌ین ده‌ناو له‌ ڤییه‌نیش به‌ نهێنی له‌ گه‌ڵ ئه‌ندامانی ئیتڵاعاتدا دانوسانیان ده‌کرد. که‌ ئه‌وان نه‌ نه‌بوبون به‌دیموکراتی به‌ڵکو ناوبانگی دیکتاتۆریشیان ڕۆێشتبوو  له‌ ڕیزی پێشه‌وه‌ لای ستالینو هیتله‌ره‌وه‌ جێیان گرتبوو، دیاره‌ له‌ نه‌بونی دیموکراتیدا هیچ مافێک ده‌سته‌به‌ر نابێ، به‌ڵام نازانم ئه‌مان به‌ چ هێوایه‌ک ئه‌م دانوسانانه‌یان ئه‌نجام دابێ ،وه‌ک مار به‌ په‌یڕه‌و پرۆگرامی خۆیانه‌وه‌ دابێ، یا خۆشیان ته‌نها بۆ جوانی ده‌سته‌واژه‌که‌ ئه‌و وشه‌یان  له‌ دروشمدا هێنابێ.

 

19- هه‌ر چه‌ند ساڵ جارێک یا گه‌ر بارێکی نا ئاسایی هاته‌ پێشه‌وه ‌به‌ په‌یڕه‌و پڕۆگرامی پارته‌که‌دا بچینه‌وه‌و بتوانین گۆڕانی تێدا بکه‌ین.

 

 20- هیچ که‌سێک بۆی نه‌بێ له‌ جارێک زیاتر له‌ پۆستێکدا بمێنێته‌وه‌و دروست کردنی ئه‌نجومه‌نێکی پیران بۆ ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی ‌به‌ساڵاچوون

 

21- خۆنه‌خستنه‌ خزمه‌تی هیچ داگیرکه‌رێکی کوردستان له‌ هه‌ر پارچه‌یه‌کدا بێ.

 

22- دژایه‌تی نه‌کردن له‌ گه‌ڵ هیچ پارتێکی کوردستانیدا ته‌نها له‌ ڕێگای سنوقی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ نه‌بێ.

 

23 په‌نا نه‌بردن بۆ کاری تیرۆریستی.

 

24- دژایه‌تی نه‌کردنی هیج ده‌وڵه‌تیکی زل هێز یا هه‌ر‌ ده‌وله‌تیکی تر ، ڕه‌چاوکردنی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری ئه‌وان له‌ گه‌ل ده‌وڵه‌ته‌ داگیرکه‌ره‌کانی کوردستاندا.‌

 

-25‌ به‌ درێژای مێژوو ئه‌و هه‌ڵانه‌ی ئه‌و حزبه‌ کردونی یا ئه‌و شکستانه‌ی خواردونی له‌وانه‌یه‌ خه‌ڵکی توڕه‌و تۆراندبێ له‌ خۆی بۆیه‌ بونی حزبێکی ناسێۆنالستی به‌ گیانێکی تازه‌و گوڕێکی زیاتره‌وه‌ له‌ ئێستادا زۆر پێویسته‌.

 

له‌ گه‌ڵ ڕێزمدا بۆتان ده‌ستان ده‌گوشم

ئه‌شره‌ف شه‌یدای هاشمی

Hashemi705@hotmail.com